“ئۆجەلان خۆی وەک پرۆکسی و بەڵێندەرێک لە ئیمرالی جێگیر کردووە و ئەم پرۆسەیەی ئێستاش تەنها لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکدا دەڕواتەپێش”.
یادداشتەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە کۆتایی مانگی ئایار (گوڵان)دا لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی و بەرپرسانی دەوڵەتی تورکدا بەڕێوەچوو، ئاشکرا بووە. ئەم یادداشتانە، کە پەکەکە وەک هەمیشە بە یادداشتەکانی کۆبوونەوە ناوی دەبات، لە سۆشیال میدیادا بوونەتە بابەتی گفتوگۆ.
لە ڕاستیدا ئێمەی فەرمانبەرانی دارکا مازی زۆر لەمەوبەر ئەم یاداشتانەمان دەستکەوت، واتە بۆمان نێردرابوو. بەڵام بڕیارماندا زۆر لەسەریان نەنووسین تاوەکو نەبێتە بابەتێکی ترەند لە سۆشیال میدیادا. چونکە ئێمە پێمان وابوو هەوڵدان بۆ زاڵبوون هەمیشە سوودی نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ گەمەکە ببینێت و شکستی پێبهێنێت. بەڵام ئێستا کە لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە، بە پێویستمان زانی کە چەند دێڕێک لەسەر ئەم یادداشتانە بنووسین.
کێ یادداشتەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردووە؟
لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک و قەندیل و پارتی DEPدا، پەیوەندییەکی بەردەوام هەبووە و ئەم پەیوەندییە هەرگیز نەپساوە. بەڵام ئەو پەیوەندییانە هەموو کات لەسەر داخوازی لایەنەکان شاراوەتەوە. وەک دەبینین لەم دواییانەدا لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا زانیاری ئامانجدار لەسەر ئەو پەیوەندییانە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە. پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکان بەڵگەنامەیەکن کە لەلایەن ئەو لایەنانەوە ئاشکرا کراوە. هەروەها یادداشتەکانی کۆبوونەوەی 30ی گوڵانیش بەڵگەنامەیەکن کە پەکەکە بە ئەنقەست ئاشکرای کردووە و گۆڕانکاریی تێدا کردووە.
پەکەکە بۆچی ئەم یادداشتانە ئاشکرا دەکات؟
پەکەکە بەهۆی ئەو پرۆسەیەی کە ئۆجەلان دەستیپێکردووە و مشتومڕی بەرفراوان لەسەر کەسایەتی ئۆجەلان، پارچەبوونێکی گرینگی لە ناو ڕای گشتیدا دروستکردووە. بەو پێیەی کە پەکەکە ساڵانێکی بە میتۆلۆژیزەکردن و بە خوداکردنی ئۆجەلان لە سیاسەتدا بەسەر بردووە، چاککردنەوەی ناوبانگی زیانداری ئۆجەلان بە ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی خۆی دەبینێت و بە بەردەوامی “پەیامی ساختە و یادداشتهایەکی کۆبوونەوەکان کەوا ئۆجەلان بێتاوان پیشان دەدات”، بڵاو دەکاتەوە.
یادداشتەکانی کۆبوونەوەی 30ی گوڵانی ئۆجەلان بۆ پیشاندانی وێنایەکی ئەرێنی لە ئۆجەلان و سەلماندنی ئەوەی کە ئەو هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە، بڵاوکرایەوە.
ئایا کۆبوونەوەی نهێنی ئەنجام دەدرێن؟
بەر لە هەر شتێک، لە یادداشتە ئەسڵییەکەی 30 گوڵاندا هاتووە کە ئۆجەلان لە 18ی گوڵاندا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە، بەرواری دوای ئەوە 6ی تەمموز بوو، بۆیە لە 30ی گوڵاندا و ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ پێشتریشی هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نەدراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئاشکرا نەکراوە. ئەم یادداشتانەی کۆبوونەوەکەش یەکێکە لەوانە. لەسەر هێڵی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان و ئیمرالی گفتوگۆی گوماناوی هەیە. خەڵک تەنها ئەوە دەزانن کە ڕادەگەیەندرێت.
ئایا یادداشتەکانی کۆبوونەوەکە ڕاستن؟
دوای ئەوەی یاداشتەکانی کۆبوونەوەکە بە میدیاکان درا، هەردوو نووسینگەی یاسایی ئۆجەلان و شاندی ئیمرالیی “دەم پارتی”، داوایان کرد کە گرینگی بە یادداشتەکان نەدرێت و لەبەرچاو نەگیرێن. جێگای سەرنجە کە پێش ئەوەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا وەک “ئۆدا تیڤی” بڵاوبکرێتەوە، لە میدیای کوردیدا بڵاویان کرایەوە، بێ ئەوەی کە تووڕە ببن و وەڵام بدەنەوە. بۆیە مەسەلەکە ئەوەیە کە “کورد هەرچییەک دەڵێت با بیڵێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە، ئێمە ئەوەی حەزمان لێبێت دەیکەین”. ئەمە کێشەی گەلانی کۆلۆنیالە.
ئایا یادداشتەکان ڕاستەقینەن؟ بەڵێ، ڕاستەقینەن.
وەک کەسێک کە 50 ساڵە ئۆجەلان دەناسم و هەزاران لاپەڕەی کتێبەکانیم خوێندووەتەوە، دەتوانم بڵێم هەموو ڕستەیەکی ئەو یادداشتانەی کۆبوونەوەکە، هی ئۆجەلانە.
بۆ نموونە ئۆجەلان پرسیاری هێزەکانی پەکەکە لە شنگال و هتد… دەکات و دەپرسێت کە سەرکردە و شێوازی کارکردنەکەیان چۆنە؟ ئەم بەشە لابراوە. هەروەها زانیارییە تەکنیکییەکان سەبارەت بە یەپەگە لابراون، بەڵام شوێنەکانیان ڕوونە. جێگای سەرنجە کە هەموو ئەم پرسیارە ڕەخنەگرانە، لەبەردەم بەرپرسێکی میتی تورکیادا دەکرێت. واتە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا هیچ پرسێکی شاراوە بوونی نییە.
وە دواتر ئەو پەیامە هەیە کە ئۆجەلان لە ڕێگەی بارزانیەکانەوە بۆ هەموو کەسێکی دەنێرێت.
ئۆجەلان 21 جار باسی بارزانی کردووە
دوژمنایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرامبەر بە بارزانیەکان کۆن و قەدیمییە. ئەگەر تەقینەوەیەک لە بۆشایی ئاسمان ڕووبدات، ئۆجەلان ئەم پرسە دەبەستێتەوە بە “بارزانییەکان”. لەم یادداشتانەی کۆبوونەوەکەدا ڕێک 21 جار باسی بارزانییەکانی کردووە. بە واتایەکی تر هەژموونی بارزانیەکان گەورەترین برینی ئۆجەلانە. ئۆجەلان بارزانییەکان وەک ئەو هێزەی کە ڕێگا نادەن ئەو ببێتە “خودا”، سەیر دەکات. دوژمنایەتی ئۆجەلان بەرامبەر بە بارزانییەکان بابەتی کێبڕکێ نییە؛ بەڵکوو لەسەر بنەمای نەخۆشییە شەخسییەکان و توڕەیی و حیرسی ئۆجەلان دامەزراوە.
ئۆجەلان لووتبەرزێکی ڕاستەقینەیە. خۆی وەک هۆکاری هەبوونی جیهان و تەنانەت گەردوونیش دەبینێت. بۆیە دوژمنایەتی هەمووان گەورەتر دەکات. لە ڕاستیدا دوژمنایەتی ئۆجەلان بەرامبەر بە بارزانییەکان لە گەشە و گەورەبوونی هێڵی بارزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئۆجەلان لە یادداشتەکانی کۆبوونەوەکەدا دەپرسێت “ئایا بارزانی ئەو کەسە بوو کە بتوانێ دەوڵەت بنیات بنێت؟” لەڕاستیدا دانی بەوەدا ناوە کە بارزانی قەوارەیەکی بەهێزی دەوڵەتی دروستکردووە و سیستەمی دژە کوردی هەڵوەشاندۆتەوە.
لەو یادداشتانەیدا ئۆجەلان دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر بە بارزانی تا ڕادەیەک زیاد کردووە کە دەڵێ من ئامادەم بە تەنیا خۆشم شەڕ لەگەڵ بارزانیەکان دەکەم. ئۆجەلان ڕایگەیاند: “من خۆم سەرکردایەتی ئەم کارە دەکەم، من شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورکیا ناکەم، بەڵام لەگەڵ بارزانییەکان شەڕ دەکەم”.
بێگومان شانبەشانی بارزانییەکان جارێک یان دووجار ناوی تاڵەبانییە هەژارەکانیش دەهێنرێت.
بەڵێ ئۆجەلان دوژمنێکی سوێندخواردووی بارزانیەکانە. بەڵام لەپشت 21 جار باسکردنی بارزانییەکان لەلایەن ئۆجەلانەوە، ئەم ڕاستییەش هەیە. ئۆجەلان پەیامێکی ئاراستەی بەرەی دژە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و پێیان دەڵێت: “ئەگەر دەتانهەوێت سیستمی کوردی لە باشوور هەڵبوەشێننەوە کە بارزانی حوکمڕانی دەکات، دەتوانن سوود لە من وەربگرن و بەکارم بهێنن”.
لەبیرمان نەچێت لە ساڵی 1999دا ئۆجەلان بە “حەسەن ئاتیلا ئوغور”، یەکێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورکی گوت: “دەتوانین پێکەوە هەولێر داگیر بکەین، من بارزانی و تاڵەبانی بە ئێوەوە دەبەستمەوە. وەرن با بگەینە ڕێککەوتن و ڕێککەوتنەکە بە نهێنی بهێڵینەوە”. بۆیە پوختەی ئەم یادداشتانەی کۆبوونەوەکە وەهایە. وەک دەزانین ئۆجەلان هەرگیز لەو بەڵێنانەی پاشگەز نەبۆتەوە کە لە ساڵی 1999دا بە دەوڵەتی تورکی داون و گوتی: “من دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی خۆم [تورکیا] بکەم”. بەڕاستی پێویستە بە زوویی ئەم یادداشتانەی کۆبوونەوەکە وەربگێڕدرێت و کوردانی پارچەکانی دیکەشی لێی ئاگادار بکرێنەوە. چونکە ئەگەرچی قسەی خۆشیش بۆ بێتاوان نیشاندانی ئۆجەلان بگوترێ، چاوێکی ژیر دەتوانێ بە ڕوونی بیبینێت کە ئۆجەلان لووتبەرز و مێگالۆمانییە و هیچ نیەتێکی نییە بۆ ئەوەی کە پشتیوانی کورد و کوردستان بکات.
من وەک کوردێک، کاتێک یادداشتنامەی کۆبوونەوەکەی ئۆجەلان دەخوێنمەوە، بەم ئەنجامە دەگەم: “ئۆجەلان خۆی وەک پرۆکسی و بەڵێندەرێک لە ئیمرالی جێگیر کردووە و بۆخۆی بازرگانی دەکات؛ لەو بازرگانییەدا کورد هیچ سوودێکی پێ ناگات و ئەم پرۆسەیەش کە باسی لێوە دەکرێت، تەنها لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکدا بەرەوپێش دەچێت”.