پراگماتیزمی ئۆجەلان لەباتی ئەوەی شۆڕش بەرەو هێزێکی دەسەڵاتدار ببات، گۆڕیویەتی بۆ بزووتنەوەیەکی چاکسازیخواز کە داوای نەرمی نواندن لە دوژمن دەکات.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
پراگماتیزمی ئۆجەلان:
جەمیل بایک تەسلیمبوونی ئۆجەلان بە دەسپێکی پرۆسەیەکی سیاسی و ئەو پرۆسە سیاسیەش بە موعجیزە و تێپەڕاندنی لۆژیکی شۆڕش و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە جیهاندا وەسف دەکات. بەڵام کاتێک کە مرۆڤ خوێندنەوەیەکی فەلسەفی مێژوویی بۆ ئەوم پرۆسەیە دەکات، بۆی دەردەکەوێت کە پێکناکۆکییەکی بنەڕەتی لە پرۆسەکەدا بوونی هەیە. یەکێک لە پێکناکۆکییە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کە کاتێک شۆڕشێک دەست لە هێزی بنەڕەتی خۆی هەڵدەگرێت، پێش ئەوەی دڵنیا بێت کە دەسەڵاتی سیاسی یان دەستووریی بەدەستهێناوە، ئەو بزاڤە نابێتە شۆڕشێکی ڕزگاریخوازانە، بەڵکو دەبێتە پڕۆژەیەکی بێ بنەما کە چارەنووسی نەتەوەیەک دەخاتە ژێر دەستی دەوڵەتێکی ستەمکارەوە.
لە هزری سیاسی کلاسیکدا، لە سەردەمی ماکیاڤێلیەوە تا ماکس ڤێبر، جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئامرازە سیاسییەکان خۆی لەخۆیدا و بە تاقی تەنها خۆیان، نابنە ئامرازی بێلایەن، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیین بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو.
چەک هەڵگرتن لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆ جوانکاری نەبوو کە تاکی کورد لە ڕێکخراوێکی سیاسیدا بەکاری بهێنێت، بەڵکو کورد هەمیشە چەکی هەڵگرتووە بۆ ئەوەی کە مافەکانی خۆی لەهەمبەر داگیرکەرانی کوردستاندا بپارێزێت و گەرەنتییان بکات و هەمیشەش لەو ڕێگایەوە دوژمنانی کوردستانیان هێناوەتە ئەو ئاستە کە ناچار بوون دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێن. کاتێک ئەمە دەڵێم، مەبەستم ئەوە نییە پشتگیری لە هەڵگرتنی چەک بکەم، بەڵکوو من بە پێچەوانەکەی بیر دەکەمەوە. بەڵام بەو پێیەی هیچ داگیرکەرێکی کوردستان باوەڕی بە دیموکراسی و دادپەروەری نییە، هەڵگرتنی چەک کارێکی دروستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست. بۆیە هەر لە سەرەتاوە یان نابێ چەک هەڵبگیردرێت و بەکار بهێندرێت، یان ئەگەریش چەک هەڵگیرا و بەکارهێندرا، ئەوکات چەکدانان بەبێ هیچ هاوسەنگییەک یان وەرگرتن و دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکاندا، دەبێتە خۆکوشتن و تەسلیمبوون. لەو پەیوەندییەدا هێگل دەڵێت: “لەدەستدانی ئامرازە سیاسییەکان پێش گەیشتن بە ئامانجەکان، دەبێتە ئاشتییەکی ساختە لەگەڵ دەوروبەردا”.
ئاشتی ساختە، ئەو ئاشتیەیە کە ڕادەگەیەندرێت بەبێ ئەوەی کە ئازادی بەدەستبهێندرێت. لەم پەیوەندییەدا مێژووی شۆڕشگێڕەکان باشترین بەڵگەن:
ـ ڤێتنامییەکان دەستبەرداری چەکەکانیان نەبوون تا ئەوکاتەی کە شکستیان بە ئەمریکا و فەرەنسادا هێنا.
ـ جەزائیرییەکان چەکەکانی خۆیان پاراست تا ئەوکاتەی کە ڕێککەوتنی ئیفیان واژۆ کرا.
ـ ئەفریقیای باشوور تا ئەو کاتەی کە گۆڕانکارییە بنەڕەتییە دەستوورییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئاپارتاید پەسند نەکران، چەکی خۆی دانەنا.
ـ سوپای کۆماریخوازانی ئێرلەندا، هەتا ئەوکاتەی کە ڕێککەوتنی هەینیی پیرۆز واژۆ نەکرا، چەکی خۆی دانەنا.
هێزە شۆڕشگێڕەکان هەمیشە چەکیان هەڵگرتووە بۆ فشارخستنە سەر داگیرکەران تاوەکوو ناچاریان بکەن بەپێی ڕێککەوتنێکی ڕوون و ئاشکرا دان بە مافەکانیاندا بنێن.
سەبارەت بە هەڵگرتن و دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەم ڕێکخراوە تووشی هەڵە هاتووە.
کاتێک لە ساڵانی 1980دا، بڕیاری هەڵگرتنی چەک درا و پەکەکە خۆی وەک هێزێکی سەربازی ڕاگەیاند، هەر لەو کاتەدا زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کورد هەم لەناو پەکەکە و هەمیش لەدەرەوەی پەکەکە و لە ناو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و تورکیادا، دژی هەڵگرتنی چەک بوون. بەڵام ئۆجەلان بە تاقی تەنها خۆی بڕیاری هەڵگرتنی چەکی ڕاگەیاند و گەلی کوردی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە و ڕووبەڕووی کوشتن و دەربەدەری و سەختی و دژواریی کردنەوە.
ئێستاش ئۆجەلان لەکاتێکدا بڕیاری دانانی چەک دەدات کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشکرا لەئارادانیە کە تورکیا دانی بە مافەکانی گەلی کوردستاندا نابێت. زۆربەی گەریلا و کەسوکاری شەڕڤانان دژی دانانی چەکن، بەڵام ناتوانن بە ئاشکرا بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دیکتاتۆرییەکی شۆڤێنیستی لەناو ڕێکخستنەکانی پەکەکەدا.
چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە لە ئێستادا بە بێ ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا دەستووری بنەڕەتیی گۆڕیبێت و دانی بە مافەکانی نەتەوەی کورددا نابێت، نیشانەی ئاشتی نییە، بەڵکوو وەک تورکەکان دەڵێن: “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرە”، واتە چەکهەڵگرانی کورد بوونەتە تیرۆریست نەوەک شۆڕشگێڕانی نەتەوەیی خاوەن مافی سروشتی.
ئەو بڕیارەی ئۆجەلان پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی نییە. ئۆجەلان بزاڤی چەکداریی لە باکوری کوردستان کردووە بە کۆیلەی دەوڵەتی تورک. دەکرێت ئەمە بە “پراگماتیزمی ئۆجەلان” ناوببەین.
پراگماتیزمی ئۆجەلان، دانپێدانانی پێشوەختەیە کە شۆڕشێک بەبێ گەرەنتیکردنی هیچ مافێک، واز لە ئامرازە سیاسییەکانی خۆی و بەتایبەتی ئامرازە خۆپارێزییەکانی دەهێنێت. پراگماتیزمی ئۆجەلان پرسی کورد دەخاتە ناو تەمومژ و دەیکات بە ئامرازی بەهێزکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا.
دانانی چەک پێش بەدەستهێنانی مافەکان دەکەوێتە خانەی هۆشیاریی پڕ لە سەرئێشەوە کە هێگل باسی دەکات.
هۆشیاریی پڕ لە سەرئێشە: ئەو هۆشیارییەی کە خاوەن ماف هەوڵدەدات دانپێدانان لە باڵادەستەکەی خۆی وەربگرێت بە ئەوەی کە هیچ ئامرازێکی بۆ فشارخستنەسەر باڵادەستەکەی هەبێت.
پراگماتیزمی ئۆجەلان لە باتی ئەوەی کە شۆڕش بەرەو هێزێکی دەسەڵاتدار ببات، گۆڕیویەتی بۆ بزووتنەوەیەکی چاکسازیخواز کە داوای نەرمی نواندن لە دوژمن دەکات.
دەرئەنجامی پراگماتیزمی ئۆجەلان ئەوەیە کە ڕێگای ئازادیی نیشتمانپەروەرانەی گۆڕیوە بۆ پرۆژەیەکی بێ سەروەری لەناو دەوڵەتێکدا کە سەدان ساڵە کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی خۆی لەدژی دەجەنگێت و خەبات دەکات.