ئەگەر کۆریدۆرەکە بکرێتەوە، ئازەربایجان، تورکیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و چین دەتوانن سوودی ئابووری و ستراتیژی بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتدا کاریگەریی ناوچەیی ئێران و ڕووسیا کەم دەبێتەوە.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
کۆریدۆری زەنگەزوور پڕۆژەیەکی گواستنەوەی ستراتیژیکە کەوا ئامانجی ئەوەیە ئازەربایجان بە کۆماری خۆسەری نەخجەڤان و لە ڕێگەی ئەویشەوە بە تورکیاوە ببەستێتەوە.
ئەم کۆریدۆرە کە بە هەرێمی سیونیک لە ئەرمینیادا تێدەپەڕێت، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ئازەربایجان، تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی ڕێڕەوی وشکانی و شەمەندەفەرەوە بەهێز دەکات. لە دوای شەڕی قەرەباخی دووەم، ڕێککەوتنی ئاگربەستی 10ی مژداری 2020، لە مادەی 9 دا ئەم پێکەوەگرێدانە، دەستنیشان کراوە. بەڵام لەم دواییانەدا ئەو ئیدیعایانە هاتنەئاراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیهەوێ ئەو کریدۆرە بۆ ماوەی 99 ساڵ بەکرێ بگرێت و بە ناوی “پردی ترامپ” یان “ڕیگای ترامپ” بەکاربهێندرێت. ئەم ئیدیعایانە مشتومڕی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوادا هات. من هەوڵدەدەم لە خوارەوە زانیاریی دروست لەسەر ئەم بابەتە بخەمەڕوو؛ ئەو وڵاتانەی کە سوودمەند دەبن و ئەوانەی کە زیانیان پێدەگات، بە ڕوونی باس دەکەم.
لە مانگی تەمموزی 2025دا، تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لە وتارەکەیدا لە نیویۆرک پێشنیاری کرد کە بەشێک لە ڕێڕەوی زەنگەزوور کە درێژییەکەی 32-43.5 کیلۆمەترە بۆ ماوەی 100 ساڵ لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەکرێ بگیردرێت. هەندێک سەرچاوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم پێشنیازە لەلایەن تورکیاوە پێشکەش کراوە و لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی کراوە. دەوترێت پرۆژەکە بە ناوی “پردی ترامپ” یان “رێگای ترامپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی” دەبێت و ڕێگاوبانەکان، هێڵی ئاسنین، هێڵی کارەبا و ژێرخانی فایبەر ئۆپتیک لەخۆدەگرێت.
حکومەتی ئەرمەنستان بە فەرمی ئەم قسەیەی ڕەتکردووەتەوە. ئاژانسی زانیاری ئەرمەنستان ڕایگەیاندووە کە “هیچ جۆرە گواستنەوەی سەروەری یان مۆڵەتی کۆنترۆڵکردن لەلایەن لایەنێکی سێهەمەوە نادرێت.” ئەرمینیا دەڵێت، پێویستە ئەو کۆریدۆرە بە یاساکانی خۆی بەڕێوەبچێت و پرۆژەیەکی بەدیل بە ناوی “چوارچیوەی ئاشتی” پێشنیار دەکات.
ئیلهام عەلیێف، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دژایەتی ئەوە دەکەن کە کۆریدۆرەکە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وڵاتانی بیانی. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەو کۆریدۆرە بە ڕێژەی 40% بۆ تورکیا و 40% بۆ ئازەربایجان و 20%یش بۆ ئەرمینیا دابەش کراوە. بەڵام تا ئێستا ئەمە بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. عەلیێف ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەو ڕێڕەوە “بەبێ ڕووخسارێکی ئەرمەنی” کاربکات و بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا کاربکات.
پێشنیاری بەکرێدانی ئەمریکا وەک ڕێگاچارەسەرێکی دیپلۆماسی خراوەتەڕوو، بەڵام بەهۆی هەستیارییەکانی سەروەری ئازەربایجان و داواکارییەکانی ئەرمینیا بۆ یەکسانی، جێبەجێکردنەکەی لە ژێر گوماندایە. ڕەتکردنەوەی ئەو ئیدیعایانە لەلایەن ئەرمینیا و دژایەتی ئازەربایجان بۆ کۆنترۆڵی دەرەکی، وا دەکات ئەگەری جێەجێکردنی پلانەکە لاواز بێت. جگە لەوەش، ڕێککەوتنێکی درێژخایەن وەک بەکرێدانی 99 ساڵە، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە بە غەیر واقعی دەبیندرێت.
کۆریدۆری زەنگەزوور گرنگییەکی گەورەی جیۆپۆلەتیکی و جیۆ-ئابووریی هەیە:
داڵانی زەنگەزوور، ئازەربایجان بە نەخجەڤان و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕێگەی تورکیاوە دەبەستێتەوە و دەکرێت ببێتە بەشێک لە “کۆردیدۆری ناڤین” (رێگای ئاسنی باکوو-تفلیس-قەرس). ئەمەش دەتوانێت ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی زیندوو بکاتەوە و تێچووی بازرگانی ئاسیا و ئەوروپا کەم بکاتەوە.
بەستنەوەی بێ ناوبڕی نێوان تورکیا و ئازەربایجان، یەکبوونی ئابووری و کولتووریی جیهانی تورک بەهێز دەکات.
شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین ڕێگا بازرگانییەکانی باکووری پەکخستووە و زەنگەزوور وەک ڕێگایەکی بەدیل دەردەکەوێت.
داڵانی زەنگەزوور بە پشتگیریی هێڵەکانی وزە و ژێرخانی فایبەر ئۆپتیکەوە، دەتوانێت بەشداری لە گەشەپێدانی ناوچەکەدا بکات.
ئەگەر داڵانی زەنگەزوور جێبەجێ بکرێت، ئەو ئەکتەرانەی کە دەتوانن سوودمەند بن بریتین لە:
1ـ ئازەربایجان:
دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی بە نەخجەڤان، یەکێتی ئابووری و سیاسی ئازەربایجان بەهێز دەکات.
زیادبوونی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست، ئاستی هەناردەکردنی وزە و کاریگەریی ناوچەیی ئازەربایجان زیاد دەکات.
ئەو کۆریدۆرە دەتوانێت ئازەربایجان بکاتە ناوەندێکی لۆجستیکی ستراتیژیک.
2ـ تورکیا:
گرێدانی ڕاستەوخۆی بە ئاسیای ناوەڕاست و ئازەربایجانەوە، ڕۆڵی سەرکردایەتی ناوچەیی تورکیا بەهێز دەکات. بەڵام دەشێت مەترسی لەسەر ڕۆڵی ناوچەیی تورکیا لە پرسی کوردستاندا دروست بکات و چارەسەرکردنی پرسی کوردستان قورستر بکات.
تورکیا دەتوانێت وەک بەشێک لە کۆریدۆری ناڤین، ببێتە ناوەندێکی لۆجستیکی جیهانی، کە دەتوانێت خواستە دیکتاتۆرییەکانی تورکیا بەهێز بکات و ببێتە هۆی بەهێزبوونی دەوڵەتێکی سەرکوتکەر لە ناوچەکەدا.
داهاتی وزە و بازرگانی تورکیا زیاد دەکات، کاریگەرییە جیۆ-ئابوورییەکەی زیاد دەکات، بەڵام ئەمە دەتوانێت کاریگەری نەرێنیی لەسەر پرۆسەی “سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” هەبێت و تورکیا بکاتە دەوڵەتێک کە کێشەی زیاتر دروست دەکات.
3ـ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست:
وڵاتانی وەک تورکمانستان، کازاخستان و ئۆزبەکستان لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئاسانی دەتوانن دەستیان بە بازاڕەکانی ئەوروپا ڕابگات.
ئەمەش پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ناوچەکە بەهێز دەکات، بەڵام دەتوانێت وابەستەیی ئەو وڵاتانە بە دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە چەوساندنەوەی کورد و کوردستان دەکات زیاتر بکات.
4ـ چین:
وەک بەشێک لە پڕۆژەی “یەک پشتێن، یەک ڕێگا”، کۆریدۆری زەنگەزوور، بۆ گەیشتنی چین بە ئەوروپا ئاسانکاری دەکات و تێچوونەکان کەمدەکاتەوە.
5ـ ئەوروپا:
ڕێگایەکی بازرگانی کورتتر و سەلامەتتر هاوردەکردنی ئەوروپی لە ئاسیا ئاسان دەکات.
6ـ ئەرمینیا (بە پۆتانسییەڵ):
ئەگەر ئەرمینیا داهاتی دابەشکردن و ئاڤانتاژە بازرگانییەکان لەو کۆریدۆرە وەربگرێت، دەتوانێت لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی ئابوورییەکەیدا ڕۆڵی هەبێت. بەڵام ململانێکانی ئێستا و نیگەرانییەکانی سەروەری ئەمە سنووردار دەکەن.
لە ئەگەری کردنەوەی کۆریدۆرەکەدا، هەندێک لە ئەکتەرەکان دەتوانن خۆیان لە دۆخێکی زەرەرمەندیدا ببیننەوە:
7ـ ئێران:
ئێران دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکات، چونکە داڵانی زەنگەزوور، دەتوانێ پەیوەندیی وشکانیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەرمینیادا بپچڕێنێت و هاوسەنگییە جیۆپۆلیتیەکان بگۆڕێت. ئەمەش کاریگەریی ئێران لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە.
بەستنەوەی ڕێگاکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە تورکیاوە دەتوانێت ئێران وابەستەی تورکیا بکات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێران نییە.
لە کاتێکدا ئەم پڕۆژەیە زیان بە دەوڵەتێکی بەربەری و داگیرکەر (ئێران) دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا چنگی دەوڵەتێکی تری بەربەری و داگیرکەر (تورکیا) لەسەر کوردستان بەهێز دەکات.
8ـ ڕووسیا:
ڕووسیا لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی 2020دا ڕۆڵی دابینکردنی ئاسایشی کۆریدۆرەکەی گرتبووە ئەستۆ، بەڵام ئەم ڕۆڵە بەهۆی شەڕی ئۆکراین و لاوازبوونی کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا، لەژێر هەڕەشەدایە.
هەوڵەکانی ئەرمینیا بۆ بە نیشتمانیکردنی هێڵی ئاسن، کاریگەرییەکانی ڕووسیا لە داڵانی زەنگەزوور زیاتر لاواز دەکات.
ئەگەر ئەو کۆریدۆرە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاواوە، ئەوا پێگەی ستراتیژی ڕووسیا لە باشووری قەفقاز لاواز دەبێت.
9ـ ئەرمینیا (بە پۆتانسییەڵ):
ئەگەر ئەرمینیا دژایەتی ئەو پڕۆژەیە بکات لەبەر ئەوەی کە سەروەری وڵاتەکەی پێشێل دەکات، ڕەنگە لە دەرفەتە ئابووری و بازرگانییەکانی بێبەش بکرێت.
لە سیاسەتی ناوخۆییدا حکومەتی نیکۆل پاشینیان لەسەر ئەم بابەتە لەژێر فشاری ئۆپۆزسیۆندایە و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی لەو وڵاتەدا.
ڕۆڵی باڵادەستی ئەمریکا لە کۆریدۆرەکەدا دەتوانێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەرمینیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و فەرەنسا لاواز بکات.
پێشنیاری بەکرێگرتنی داڵانەکە لەلایەن ئەمریکاوە، بەهۆی هەستیارییەکانی سەروەری ئازەربایجان و داواکارییەکانی ئەرمینیا بۆ یەکسانی وەک شتێکی نەپێکان دێتەبەرچاو. جگە لەوەش، ناولێنانەکەی وەک “پردی ترامپ” دەتوانێ پڕۆژەکە وەک ڤیترێنێکی سیاسی پیشان بدات.
هەر دوو وڵاتەکە دژی کۆنترۆڵکردنی کریدۆرەکەن لەلایەن بیانییەکانەوە و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی جیهانی تورک دەکەن. ئەم داواکارییە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی “دامەزراندنی بەرەیەکی تورکی” لە ناوچەکەدا و ئەمەش هەڕەشەیەکە کەەا چاوپۆشیی لێدەکرێت.
گۆڕانکارییە سنوورییەکان کە ئێران وەک “هێڵێکی سوور” دەیبینێت و دابەزینی کاریگەرییەکانی ڕووسیا، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دژوار دەکات.
ئەگەر حکومەتی پاشینیان ڕێگە بە ئەکتەرە بیانییەکان بدات کە کریدۆرەکە بەڕێوەببەن، لەوانەیە لە سیاسەتی ناوخۆییدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ببێتەوە.
داڵانی زەنگەزوور دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی ناوچەیی و جیهانی دەڕەخسێنێت، بەڵام هاوکات لە چەقی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانیشدایە. ئەو ئیدیعایە کە گۆیا ئەو کریدۆرە بۆ ماوەی 99 ساڵ لەلایەن ئەمەریکاوە بەکرێگیراوە، لەلایەن ئەرمینیاوە ڕەتکراوەتەوە و هەروەها ئازەربایجان و تورکیاش ڕەتیان کردۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کە لە ئێستادا پلانێکی ناجێگیر بێت.
ئەگەر کریدۆرەکە بکرێتەوە، ئازەربایجان، تورکیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و چین دەتوانن سوودی ئابووری و ستراتیژی بەدەست بهێنن و لە هەمان کاتدا کاریگەریی ناوچەیی ئێران و ڕووسیا کەم دەبێتەوە.
ئەرمینیا ئەگەر بەشداریی لە پرۆژەکەدا بکات، دەتوانێ قازانج بکات بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی بواری سەروەری، مەترسی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە هەیە.