پێوەندیەکانی نێوان پەکەکەو ئێران، ڕابردوو، ئێستاو داهاتوو ـ بەشی 21

پێوەندیەکانی نێوان پەکەکەو ئێران، ڕابردوو، ئێستاو داهاتوو ـ بەشی

باهۆز ئەرداڵ: یەپەگە رێژیمی بەشار ئەسەدی پاراست، ئەگەر یەپەگە نەبوایە ئێستا ڕێژیمی ئەسەدیش نەمابوو.

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد رێژیمی بەشار ئەسەد لەسەر بنەمای رێکەوتن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ـ لەسەر پیشنیار و بە چاودەێری کۆماری ئیسلامیی ئێران ـ بە بێ ئەوەی گوللـەیەک بتەقێت، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی هەموو رادەستی پەیەدە / پەکەکە کرد. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە بەرانبەر کۆنترۆڵ کردنی رۆژئاوای کوردستاندا چ ئیمتیازهایەکی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوریا داوە؟ لەم بەشەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین.

یەکەم ئیمتیازی پەکەکە بە تاران پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان بوو. پارتی کرێکارانی کوردستان، پژاکی وەکوو ئیمتیازێک بە کۆماری ئیسلامیی ئێران فرۆشتبوو، واتە سیاسەتەکانی خۆی لەچوارچێوەی پژاکدا بەرانبەر بە ئیران سنووردار کرد و وازی لە تاران هێنا. لەو ئاڵۆزیانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە هەر کەسەو هەرلایەنە، هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ئەوەی پشکی خۆی وەربگرێت و زیاتر خۆی پێش بخات بەڵام پژاک خۆی کڕ کرد و بە بێدەنگی و بێ رۆڵ دانیشتبوو. بەرچاوترین چالاکیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وەکوو لقی پ ک ک تایبەت بە رۆژهەڵاتی نیشتمان، تەنها ببوو بە دەرکردنی چەند بەیاننامەیەک و هیچ چالاکییەکی دیکەی جیدی و بە کردەوەی نەمابوو. کۆماری ئیسلامیی خەڵکێکی زۆرتری ئەشکەنجە دەکرد و لەسێدارەی دەدان و پژاکیش تەنها بە دەرکردنی بەیانێک ئیدانەی دەکردن و ئیدی چالاکیی دیکەی نەمابوو.

زۆر کادیری نیشتمان پەروەری پژاک لە دۆخەکە نیگەران بوون، پەکەکە بۆ بێدەنگ کردنیان رەوانەی رۆژئاوای کردن

لە نێو رێکخستنەکانی پژاکدا زۆر کادیری نیشتمان پەروەر هەبوون کە لەو دۆخە نیگەران و ناڕازی بوون. سەرکردایەتی پەکەکە بۆ بێدەنگ کردنی ئەو لاوە نیشتمانپەروەرانەو بۆ بێدەنگ کردنی دەنگی ناڕەزایەتی لەناو پژاکدا، بڕیاری دا سەرجەم ئەو کەسە نیشتمانپەروەرونە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان بکات. بە کورتی پەکەکە وازی لە رۆژهەڵات هیناو رووی چالاکییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و بە هەموو هێزەوە کەوتە جێبەجێ کردنی ئەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق و کۆماری ئیسلامیی ئیراندا واژۆی کردبوون. پاراستنی رۆژئاوای کوردستان بۆ حکوومەتی سوریا بوو بە یەکەم ئەرک و سەرەکیترین ئەرکی پارتی کرێکارانی کوردستان.

پەکەکە باکوورو رۆژهەڵاتی کوردستانی کردە فیدای رێکەوتنەکەی لەگەڵ حکوومەتی بەشار ئەسەد

“باهۆز ئەرداڵ” یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە و هەپەگە، لە لێدوانێکیدا لە لە 8/12/2019دا بە ئاشکرا باس لە رۆڵی پەکەکە لە پارستنی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەددا دەکات و دەڵێت: “یەپەگە رێژیمی ئەسەدی پاراست، ئەگەر یەپەگە نەبوایە ئێستا ڕێژیمی ئەسەدیش نەمابوو.” ئەو لێدوانەی ئەرداڵ وەکوو دانپێدانانێکی ئاشکرای سەرکردەکانی پەکەکەیە و رۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاراستنی دەسەڵاتە داگرکەرەکەی دیمەشق بەتەواوی پشتڕاست دەکاتەوە.

دیارە لە سیاسەتدا دانوستان و چاوپێکەوتن و هەروەها دروستبوونی رێکەوتن و هاوپەیمانەتی زۆر ئاساییە، زۆر جاریش پاشەکشە لە سیاسەتدا روو دەدات. بەڵام ئەوەی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان کردی لە دەرەوەی ئەو چەمکە سیاسیانەیە. رێکەوتنی پەکەکە سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئێران و سوریا، ماوەی 8 ساڵ زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە دەبێت، زیاتر لە 11 هەزار شەڕڤان و شۆشگێڕی کورد گیانی خۆیان بەخت کرد و شەهید بوون، بە دەیان هەزار لاوی دیکەی کورد بریندار کران و سەدان گوند و شاری رۆژئاوای کوردستان خاپوور کران و بە سەدان هەزار کەس ئاوارەو دەربەدەر بوون. لەوانەش زۆر ناخۆشتر زۆر ناوچەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە داگیر کراو تاوانی قێزەونی دژە مرۆیی جەنگ لە رۆژئاوا روویداو هیشتاش هەر کۆتایی نەهاتووە.

پەکەکە و خزمەت بە پرۆژەی هیلالی شیعی

هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بێدەنگییەکی ماندار بە جۆرێک پشتگیری سیاسەتە داگیرکەرانەو زاڵمانەکانی تاران بەرانبەر بە ئازادیخوازان و رزگاریخوازانی کوردستان، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو رێکەوتن و هاوپەیمانیەی نیوان پەکەکە لەگەڵ تاران و سوریادا بووە. لە بەرانبەردا جگە لە رزگارکردنی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە رووخان، هاوکاریەکانی پەکەکە بۆ تاران و دیمەشق لە راستای پێکهێنانی “هیلالی شیعی”شدا گرنگیی بەرچاوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئیران و شیعەکانی ناوچەکە هەبووە. دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامیی ئێران پەکەکەی لە راستای سەرخستنی پلانی خۆیان بۆ پێکهێنانی هیلالی شیعیدا بەکارهێناوە.

رێکەوتنی ئێران و پەکەکە لەوەش بەربڵاوتر بوو، لەساڵی 2012 پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر سیاسەتەکانی تاران بە نیسبەت باکوور و باشووری کوردستانیش دەستی پێکرد و لەهیچکام لەو پلان و رێکەوتنانەشدا بەرژەوەندیەکانی کورد نەک هیچ شوێنێکیان نەبووە، بەڵکوو ئەو هاوکاریانە لە راستیدا بە دژی کوردستان و خەباتە رزگاریخوازانە رەواکەی بەڕێوە دەچوون.

کوردستان و خەباتی رزگاریخوازانەی کورد، زەرەرمەندی یەکەم

بەم بارودۆخە رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر زەحمەت نەبێت کە لە رێکەوتنی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ تاران و دیمەشقدا، کام لایەن قازانجی کرد و کورد و خەباتە رەواکەی چیی پێ بڕا؟ ئەگەر بە بێ دەرمارگرژی حیزبی و بە هەستێکی بێگەردی نەتەوەخوازییەوە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بگەڕێن دەتوانن بە روونی بیبینین کە ئەم هاوکارییانە جگە لە مالوێرانی و کوشتار و داگیرکاریی زیاتر، هیچ دەرەنجام و دەسکەوتێکیان بۆ کوردەکان بەدواوە نەبووە.

درێژەی هەیە…

پوستێن ھەمان بەش