یەکیەتی نەتەوەیی بە دروشمی بێ بنەما پێک نایەت، بەڵکوو پێویستە حیزبە سەرەکیەکانی کوردستان کۆ ببنەوەوباس لەو پرسە بکەن
ئاژانسی ANFی پەکەکە لە رۆژانی رابردوودا، راگەیەندراوی دامەزرێنەرانی پەکەکە “دۆران کاڵکان” و “جەمیل بایک”ی بڵاو کردەوەو لە نووسینەکەیدا زۆر بابەتی بچووک باسیان لەسەر کراوە. بەڵام لە ئەساسدا بابەتەکە جارێکی دیکە دەسووڕێتەوە سەر “زەینی وەرتێ” و یەکیەتیی نەتەوەیی. لە رێپۆرتاژەکەدا هەردووکیان جەخت لەسەر کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن و هیچ ئاماژەیەکیش بە رابردووی خۆیان ناکەن. بە روانگەیەکی ناواقیعبینانەو بە بێ لەبەرچاو گرتنی مێژوو لە بابەتەکە دەڕوانن. داواکاریی ئەوان بۆ پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی لەو سۆنگەوەیە کە رێبەرایەتی و سەرۆکایەتی کۆنگرەکە بۆ پەکەکە بێت.
یاریەکانی عەلی جەنگیس
لە تورکیادا قسەیەک هەیە دەڵێن: “یاریەکانی عەلی جەنگیس”، چیرۆکێکی دوور و درێژە، کاراکتەرێک بەناوی عەلی جەنگیس، بە تەنها لە جەوهەری خۆیدا دەکەوێتە ناو هەموو شێواز و رەنگێک و وەکوو چیرۆکێکی سیحربازی باسی لێوە دەکرێت. خۆی دەخاتە هەموو شکڵێک و بەو شیوەیە خۆی لە شکستەکان رزگار دەکات. قرالیش لە بەرانبەر ئەو کارانەی عەلی جەنگیس، هیچی بۆ ناکرێت.
مرۆڤ ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بداتەوە دەبینێت کە ئەو رێکخراوەی بتوانێت رۆڵی عەلی جەنگیس بە باشی بەڕێوە ببات، پەکەکەیە، ئێوە دەتانەوێ ئەوە وەکوو خاڵێکی بەهێز بۆ پەکەکەی ببینن یان وەکوو رەخنەیەک، سەربەستن، بەڵام حاشای لێ ناکرێت کە واقعییەتی پەکەکە ئەوەیە.
پەکەکە هەرجارەو بە کەسێکی جودا و لە ڕێگای بەڕێوەبەرێکی جوداوە، دەتوانێت لێدوانەکانی خۆی بە هەرشێوەیەک خۆی کەیفی لێبوو، بگۆڕێت. دەتوانێ لەباتی شوێنەکانی دیکەش لێدوان بدات، جارێک دەبێتە تورکیا، جارێک دەبیتە کوردستان و جاری وا هەیە تەنانەت بۆ سەرانسەری جیهان خەبات دەکات و جاری واش هەیە تەنها دەیانهەوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رزگار بکەن. پەکەکە بەردەوام بەمشێوەیە چالاکی دەکات. ئارمانجی ئەوان لەو بەردەوام خۆگۆڕینانە ئەوەیە کە رێگا بۆ سیاسەتی خۆی بکاتەوە. لە ئیستاشدا خۆی بە رەنگی کوردستانی بوون دەرخستووە. پرسیار ئەوەیە کە ئایا لە دڵەوە باس لە کوردستانی بوون دەکات یان لە رووی ناچاریەوە؟
بابەتی زەینی وەرتێ ئەوا بۆ ماوەەی 2 مانگ دەبێت کە دەستی پێکردووە. یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە بەردەوام لە میدیاکانی خۆیاندا PDKی بە خیانەت کردن تۆمەتبار دەکرد و بانگی تۆڵەسەندنەوەی دەدا. بەڵام رۆژی هەینی سەرکردەیەکی دیکەی ئەو ریکخراوە دەڵێت: “ئێمە گرێدراوی یەکێتی نەتەوەیین و هێشتاش ئێمە لە خاڵی پێشووداین.” پەکەکە لە لێدوان و نووسینەکانیدا دەڵێت: “یان پێویستە ئەوەی من دەڵێم جیبەجێ بکرێت، یان ئەمن رێگا نادەم شتێکی دیکە دروست ببێت”.
بەڕاستی بڕیارە چی دروست ببێت، پەکەکە لە بابەتی یەکیەتی نەتەوەیدا خاوەن قسەی خۆیەتی؟ ئەگەر ئێمە لێی ورد ببینەوە بۆ پرسی کوردان و هاوپەیمانەتیی یەکیەتی نەتەوەیی، کۆمەڵێک بنەما پێویستن تاوەکوو ئەو یەکیەتییە سەربگرێت.
یەکیەتیی نەتەوەیی کوردان بە لێدانی دەوڵ و سورنا پێکنایە
سەرەتا بۆ ئەوەی یەکیەتیی نەتەوەیی کوردان سەر بگرێت، پێویستی بە لێدانی دەوڵ و سورنا و گۆرانی گوتن لەناو مەیداندا و هەروەها قسەی قەبە قەبە ناکات. هاوکات یەکیەتی نەتەوەیی بابەتێک نیە بۆ پروپاگەندای رێکخراوێک بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەری خۆی پێ بەهێز بکات. لە بەرانبەر یەکیەتی نەتەوەییدا داگیرکەرانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا بوونیان هەیە و هەروەها لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵتیشدا کەس و لایەنهایەک هەن کە پێی قەڵسن. هەر بۆیە بانگەواز بۆکردنی لەناو میدیا و باس کردن لەوەی کە کێ زیاتر یەکیەتیی نەتەوەیی دەوێت و پەلەپەل و هەڵپەهەڵپ کردن بە بێ بیرکردنەوەی قووڵ و بەرنامەی تۆکمە بۆ یەکیەتی نەتەوەیی تەنها دەبیتە هۆی ئاشکرا کردنی بۆ نەیارانی کورد و لەم بارودۆخی شپرزەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەشدا ئەوە بە قازانج نیە. کورد بۆ ئەوەی یەکیەتی نەتەوەیی دابمەزرینێت پێویستە ئەم کارانە بکات:
حیزبە سەرەکیەکانی کوردستان پێویستە پێکەوە کۆ ببنەوەو بە شێوەیەکی بنەڕەتی باس لەو پرسە بکەن و پەیوەندیەکانی نیوانیان دابمەزرێننەوەو پەرەی پی بدەن. دەنا بە دروشمی بێ بنەما وەکوو ئەوە کۆنگرەیەی هەدەپە سازی کرد، یەکیەتی نەتەوەیی پێک نایەت و تەنها دروشمێکی بێ ناوەڕۆک و یەکیەتییەکی رواڵەتی دەبێت.
“جەمیل بایک” و “دۆران کالکان” ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکاو رۆژئاوادایە
جیا لەوانەش، دانیشتن لەگەڵ ئەو سەرکردانەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ناویان لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە و بۆ دەستگیر کردن یان کوژرانیان خەڵات دیاری کراوە. بۆ وێنە کەسانێک وەکوو دۆران کالکان و جەمیل بایک، کە لە لایەن ئەمەریکاوە داواکراون، بۆ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی مەشرووعییەت پێدان دروست دەکات. ناکرێ پەکەکە بڵێ من لەگەڵ پەدەکە یەنەکە پێکهاتوم و واتر بڵاوی بکاتەوە چونکە ئەوە دەبێتە هۆی سازبوونی کێشەیەکی زۆر گەورە، ئەگەر مرۆڤ کەمێک بیری لێبکاتەوە زۆر ئالۆز نیە.
بە واتایەکی دیکە مرۆڤ دەتوانێت بزانێت کە کام لایەن بەشیوەی ستراتجی خەریکە لە یەکیەتی نەتەوەیی نزیک دەبیتەوە. یەکیەتی نەتەوەیی کارتێک نیە کە هەر رێکخراوێک پێویستی بوو و با باشی زانی رایکێشیت و هەرکات بە باشی نەزانی لایبدات.
پرۆتۆکۆلی ساڵی 1983
ئایا پارتی کریکارانی کوردستان هێشتا بە رۆحی پرۆتۆکۆلی ساڵی 1983ـەوە پێبەندە؟ لە بەشی داهاتووی ئەم وتارەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارە و روونکردنەوەی زیاتری پرسی یەکیەتیی نەتەوەییدا دەگەڕێین.
دریژەی هەیە…