ئایا پارتی کریکارانی کوردستان هێشتا بە رۆحی پرۆتۆکۆلی سالی 1983ـەوە پابەندە؟
دۆران کاڵکان لە لێدوانەکەی خۆیدا لەسەر واژۆ کردنی پرۆتۆکۆلی ساڵی 1983 دەڵێت: “ئێمە هێشتا بە رۆحی ئەو پرۆتۆکۆلەوە پابەندین. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر دیسان کاڵکان لە 14ی نیسانی ساڵی 2015دا سەبارەت بە پۆرۆتۆکۆلەکە گووتوویەتی: “ئیدی کوردستانی باشوور لە هەولێرەوە بەڕیوە ناچێت و ئێمە سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوان پەکەکە و پەدەکەمان پچڕاندووە.”
لەو کاتەوە هەتا ئیستا چ شتێک گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە کەوا دۆران کاڵکان روانگەی خۆی دەگۆڕێت؟ کاتێک لە مانگی نیساندا “مستەفا قەرەسوو” بەناوی پەکەکەوە لێدوانی توند و هەڕەشەئامێزی دژ بە پارتی دیموکرات دەرکرد، چی روویدابوو کە جارێکی دیکە بیرکردنەوەکەی گۆڕا؟
بیرۆکە هەمیشەییەکەی پەکەکە لەسەر “زەینی وەرتێ” وەڵامدەر نەبوو، چوونکە ئیدی گەل دەستی پەکەکە دەخوێننەوە
حیساباتی هەڵەی پەکەکە لەسەر هەولێر، ئیدی وەڵامدەر نین. پەکەکە وەکوو هەموو جارێک کە دەستیان بەسەر شوێنێکدا دەگرت و دواتر تییدا جیگیر دەبوون بۆ مەسەلەی “زەینی وەرتێ”ش پێیوابوو ئەوەی بۆ دەچیتە سەر، بەڵام ئەمجارە وا دەرنەچوو. چونکە ئەمجارە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەپەیوەندی لەگەڵ پرسی “زەینی وەرتێ” زۆر بە هێمنی و ئارامی هەڵسوکەوتی کرد و ئەمجارە تەعویزی نەدا و پەکەکە نەیتوانیبوو ئەو شتەی کە پلانی بۆ داڕشتبوو پێی بگات، لەبەر ئەوەی گەلی کورد ئێستا لە یاریەکانی پەکەکە با باشی تێدەگەن و دەستی دەخوێننەوە.
پەکەکە بەتەنیا مایەوە
ئەو لایەنەی یەکێتی نیشتمانی کە سازانیان لەگەڵ پەکەکە کردبوو، نەیتوانی هەموو یەکێتی لەگەڵ خۆی بخات و پەکەکە بەتەنیا مایەوە. بە ئەگەرێکی زۆر گرنگیدانی ئەمەریکا بە “زەینی وەرتێ” کە بە گوێی هێندێک کەسیدا دابوو، بووە هۆکاری ئەوە کە پەکەکە شێوە ئاخاوتنی خۆی لەسەر پرسی “زەینی وەرتێ” بگۆڕێت. دیارە پەکەکە لەسەر مەسەلەی زەینی وەرتێ پاشەکشەی نەکردووەو تەنها لە رووی ناچاریەوە ئەدەبیاتەکەی گۆڕاوە. بۆ نموونە لەحاڵێکدا مستەفا قەرەسوو پێشتر دەیگوت: “ئێمە شەڕ دەکەین، تێکی دەدەین و وێرانی دەکەین”، ئێستا دۆران کاڵکان هاتووە و دەڵێت: “ئێمە دەتوانین لەگەڵ پەدەکە و حکوومەتی هەرێم بسازێین.”
پەکەکە دەیهەوێ لە نێوخۆدا سەنگی خۆی لەناو گەلدا بەهێز بکات و تێگەیشتنێکی باش لەلایەن خەڵکەوە لەسەر خۆی دروست بکات. بەڵام هاوکات رێکخراوی لاوانی پەکەکە لە ئەورووپا تایبەت بە مەسەلەی “زەینی وەرتێ” دەهێننە مەیدان و چالاکییان بۆ رێک دەخەن و لە دژی پەدەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوتی نەشیاو ئەنجام دەدەن. هاوکات لە دەزگاکانی راگەیاندن و میدیای پەکەکەش، بە ئاشکراو بە ناوی خوازراو، سوکایەتی بە پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
پەکەکە لەکاتێکدا باس لە “زەینی وەرتێ” دەکات ئایا ئامادەیە پرسی شنگال چارەسەر بکات؟
لە دوایین راگەیەندراوی جەمیل بایک و دۆران کاڵکاندا دەردەکەوێت کە “زەینی وەرتێ” مەرجێکی گرنگ و سەرەکییە لە بابەتی پێکهێنانی یەکیەتی نەتەوەییدا، و دەڵێن خەڵک و دامەزراوەکان ئەوەیان لە ئێمە دەوێت و ئێمەش لەسەر داواکاری ئەوان راوەستاین، بەڵام هێشتا کێشەکە چارەسەر نەبووە. ئێمەش دەمانەوێ ئەم پرسیارەیان لێ بکەین: بەڕێز جەمیل بایک بۆ پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی کێشەی دیکە زۆرن کە هێشتا چارەسەر نەکراون. بۆ نموونە پرسی شنگال، ئایا بەڕێزتان وەکوو بایک و وەکوو پەکەکە ئامادەن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن؟ ئێوە ئامادەن لە هەوەڵەکانی خۆتان بۆ دابڕینی شنگال لە کوردستان و خستنەوە ژێر داگیرکاریی عێراق، دەست هەڵبگرن؟ ئایا ئێوە رێگا بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە شنگال دەدەن؟ ئایا ئێوە لە شنگال ئامادەن شەریکایەتی خۆتان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تەواو بکەن و رێگا بدەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی بگەڕینەوە شنگال؟
جەمیل بایک دەڵێت: گەل دەیهەوێ پارتی دیموکرات “زەینی وەرتێ” بەجێ بهێڵێت. ئێمەش گەلین و داوا دەکەین: “بەڕێز جەمیل بایک ئێمە دەمانهەوێ لە شنگالدا ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە و ئێوە شنگال بەجێ بهێڵن و ئەو شوێنە رادەستی عێراق نەکەن و با لە بکەوێتەوە سەر هەرێمی باشووری کوردستان.
دیارە سیاسەت بەوشیوەیە نیە کە ئەو وای دەوێت و ئەوی دیکە وای دەوێت، سیاستە بەو شێوازە بەڕیوە ناچێت. تەنها پەکەکەیە کە لە کوردستانی باشوور گرووپێک لە لایەنگرەکانی خۆی دەخاتە جموجووڵ و دەیهەوێ واپیشانی بدات کە سەرجەم گەلی باشوور جووڵاوە.
پەکەکە کادیرەکانی خۆی بە رەنگی جۆراوجۆر پیشان دەدات و دەڵێت ئەوانە گەلن
بەڵام راستیەکە ئەوەیە کە ساڵانێک “فایەق گوڵپی” هاوسەرۆکی “پەچەدەکە”ی پاشکۆی پەکەکە، لەناکاو دێتە دەری و دەبێتە نوێنەری گرووپی ئاشتی. هاوکات کەسێک کە ماوەی 27 ساڵە کادیری پەکەکەیە، بە ناوی “نیلۆفەر کوچ” دەبێتە هاوسەرۆکی کەنەکە و داوا لە پارتی دەکات کە “زەینی وەرتێ” بەجێ بهێڵێت. پەکەکە کادیرەکانی خۆی بە رەنگی جۆراوجۆر پیشان دەدات و دەڵێت ئەوانە گەلن. هەرکام لە سەرکردەکانی پەکەکە لیدوانێکی جودا دەدەن، هەرکامیان جێگای گرت و بە قازانجیان بوو ئەوە دەگرنە بەر. هەربۆیە بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێین یاریەکانی عەلی جەنگیس قەد کۆتاییان نایە بەڵام یەکیەتیی نەتەوەیی بەوشێوەیەی کە پەکەکە دەیهەوێ قەد پێک نایەت.
ریوایەتێک هەیە کەدەڵێت: پرسیار لە ڤۆڵتەر دەکرێت کە بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی مرۆڤ ئێمە دەتوانی چی بکەین؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: هاوکار بن بۆ ئەوەی مرۆڤ تێبگات.