ئەمەریکا: بێگومان تا ئەوکاتەی داعش بەتەواوی کۆتایی پێ دێت لە عێراق دەمێنینەوە، داعش بەبێ کوردەکان لەناو ناچێت.
مۆرگان ئۆرتێگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا لە لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسەکانی هەواڵی باشووری کوردستان رایگەیاندووە کە بەشداربوونی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیالۆگی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراقدا گرنگە و ئەم راستیەش لە ساڵانی رابردوودا سەلمێنراوە. هاوکات ئۆرتێگاس وێڕای دربڕینی رەزامەندیی وڵاتەکەی لە یەکەم گفتوگۆی ستراتجی نێوان وڵاتەکەی و عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا تا ئەوکاتەی کە داعش بەتەواوی کۆتایی پێ دێت لە عێراقدا دەمێننەوە.
ئۆفیسی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا شەوی پـێنجەشەممە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی وڵاتەکەی و عێراقی دربارەی ئەنجامدانی وتووێژی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە گفتوگۆکان لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیجی ساڵی 2008 ی نێوان هەردوو وڵات و لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوون.
بەپـێی ڕاگەیاندنەکە، هەردوولا وتووێژیان لەسەر کۆمەڵێک تەوەر کردووە، لەوانە ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی ئابووری و وزە، بابەتە سیاسیـیەکان و پەیوەندیـیە ڕۆشنبیریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراون.
هەردوو وڵات جارێکی دیکە جەختیان کردووەتەوە سەر ئەو پـرنسیپانەی لە ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەسەری ڕێکەوتوون وە ئەوانەشی لە یاداشتنامە دیپـلۆماسیـیەکان و نامەکانی عێراق بۆ ئەنجومەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەیان پـێکراوە لە نامەی ژمارە(S/2014/440) لە 25 ی مانگی شەشی 2014و نامەی ژمارە (S/2014/691) لە 20 ی مانگی نۆی 2014 .
سەبارەت بە بابەتە سیاسیـیەکان، ئەمەریکا لە پاڵ عێراقدا دەبێت و جگە لە هاوکاری پتەوی دووقۆڵی لە بواری ئاسایشی و سیاسیدا، پشتیوانی حکوومەتە نوییەکەی بەغداش دەکات.
هەردوو وڵات لەسەر گرنگی یارمەتیدانی عێراق لە جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازیـیەکانی حکوومەت وەکو هەوڵە مرۆیـیەکان، گەڕاندنەوەی سەقامگیری، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی وڵاتەکە و ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ئازاد و ڕەوا و بێگەرد، بە مەرجێک کە خواستەکانی خەڵکی عێراق بەدیبهێنێت، جەختیان کردۆتەوە.
هاوکات مۆرگان ئۆرتێگاس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسە کوردیەکان رایدەگەیێنێت، دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق ئەرێنییە و ئەمریکا لە ئەنجامەکانی رازییە و هاوکات دەستێوەردانی وڵاتانی جیران بە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا دەزانێت و دەڵێت: ئێمەش سیستەمی فیدراڵیمان هەیە لە ئەمریکا، ئێمە لە ویلایەت و شارەوانییە جیاوازەکانی ئەمریکاوە دێین و هەموومان لە واشنتن کۆدەبینەوە و دەکرێت ئەوە دەستەبەر بکەین، بەڵام عێراق ناتوانێت بەوە بگات، چونکە هەندێ دراوسێی هەیە کە هانی ناجێگیری لە ناوچەکەدا دەدەن و هەوڵدەدەن تائیفەگەری دروستبکەن و عێراقییەکان دژی عێراقییەکان بوەستێنن.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: سەبارەت بە هاوکاری ئەمنی، هەردوو وڵات ئەو بەرەوپـێشچوونە دەبینن کە بەدەستهاتووە لە نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش، بۆیە ئەمەریکا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە عێراق و هاوکات وتووێژەکانی سەبارەت بەشێوازی رێکخستنی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لەعێراق دەمێننەوە ، لەگەڵ حکومەتی بەغداد درێژە پیدەدات.
مۆرگان ئۆرتێگاس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەوە رایگەیاندووە بێگومان ئێمە تا ئەوکاتەی کە داعش بەتەواوی کۆتایی پێ دێت و تا ئەو کاتەی کە عێراقیەکان دەیانەوێت لەو وڵاتەدا دەمێنینەوە و جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە میلیشیا و تائیفەگەری لە عێراقدا نەمێنێت.
ئاژانسی رۆیتەرزیش ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمکردنەوەی هێزەکان وێ ناچێ ئەو هێزانە بگرێتەوە کە ئەرکی راهێنانیان لە ئەستۆیەو مەشق بە هێزە سەربازیەکان دەکەن.
هاوکات حکومەتی عێراقیش لای خۆیەوە بەڵێنی داوە سەربازانی هاوپەیمانان بپارێزێت، ئەمەش بەپـێی یاسای نێودەوڵەتیەکان و ڕێکەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێن.
هەردوولا جارێکی دیکە لەسەر گرنگی پەیوەندی ستراتیژی نێوانیان و خواستیان بۆ هەنگاوهەڵهێنانی گونجاو بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندیـیەکانی هەردوو وڵات و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپـێدانی ناوچەکە، پێداگرییان کردۆتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوتوە، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێت، “دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمریکا دەیەوێت هەموو لایەن و پێکهاتەکان لە حکومەتی عێراقدا نوێنەرایەتییان هەبێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا، بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستانە ستراتجیەکانی نیوان بەغدا و واشینگتۆن بە گرینگ وەسف کرد و جەختی کردەوە کە لەناوبردنی یەکجاریی داعش پێویستی بە ھەبوونی ھەماھەنگی باشی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە. شایانی باسە کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرەکیترین رۆڵیان لە رووخاندنی خەلافەتەکەی داعشدا هەبوو.
هەردوولا باسیان لەوە کرد کە پـێویستە عێراق چاکسازیـیەکی بنەڕەتی لە لایەنی ئابوریـیەکەیدا بکات و ئەمەریکا رەوانەکردنی ڕاوێژکارانی ئابوری بۆ عێراق تاوتوێ دەکات، تاوەکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی ئاستی پشتیوانی نێودەوڵەتی لەپێناو هەوڵە چاکسازیـیەکانی ئەو وڵاتەدا کار بکەن. بۆ ئەوەی ئەو پشتیوانیانەی لەلایەن دامودەزگا دارایـیە نێودەوڵەتیـیەکانەوە پـێشکەش دەکرێن بۆ دەستپـێکردن بە پـلانی ڕژدی چاکسازی گەورەی ئابوری، بخرێنەگەڕ.
هەردوو حکومەت چۆنیەتی ئەنجامدانی پـرۆژەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا دەرەکی و ناوخۆییەکان لە کەرتی وزە و بوارەکانی دیکەی عێراقدا تاوتوێ کرد و واشینگتۆن بەڵێنی داوە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بە مەرجی لەباربوونی بارودۆخی کارکردن تێیدا بەشداربن.
هەردوو حکومەت چاویان لە ڕێـیە بۆ ئەنجامدانی وتووێژی زیاتر سەبارەت بەو بابەتانەی ئاماژەیان پـێکرا، ئەویش لە میانەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی باڵای هەماهەنگی بۆ وتووێژی ستراتیژی کە بڕیارە لە مانگی حەوت لە واشنتنی پایتەخت ئەنجام بدرێت.