دارکا مازی ناوی 4 گەریلای پەکەکە ئاشکرا دەکات کە هێشتا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ڕانەگەیەندراوە

دارکا مازی ناوی 4 گەریلای پەکەکە ئاشکرا دەکات کە هێشتا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ڕانەگەیەندراوە

چاودێران: “پەکەکە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستەکانی، هەواڵی گیانلەدەستدانی گەریلاکانی دەشارێتەوە”.

ڕۆژ نیە کە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، ناوی پۆلێک لە کچان و کوڕانی لاوی کورد ئاشکرا نەکات کە لە شەڕی تورکیادا بە کوشتن دراون، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پەکەکە ناسنامەی ژمارەیەکی زۆریشیان دەشارێتەوە و بە هیچ شێوەیەک هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان ڕاناگەیەنێت. ئەمەش شکستهێنانی پەکەکە لەم شەڕە ساختەیەدا دەردەخات.

پێگەی “دارکا مازی” لە سەرچاوە تایبەتەکانی خۆی لە باشووری کوردستان ناوی 4 گەریلای پەکەکە دەستکەوتووە کە لەسەرەتای ساڵی 2025دا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر چیای گارە و پیرس لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا پەکەکە ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردووە و کەسوکاری ئەو گەنجانەش لە چارەنووسیان ئاگادار نەکراونەتەوە.

ناسنامەی ئەو 4 گەریلایە کە لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە بەم شێوەیە:

1ـ ئاگر لە ڕێکەوتی 3/1/2025 لە ناوچەیەک بە ناوی “شەهید دەنیز” لە چیای گارە لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

2ـ زاگرۆس عەفرین، خەڵکی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێکەوتی 3/1/2025 لە ناوچەیەک بە ناوی “شەهید دەنیز” لە چیای گارە لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

3ـ تۆلهلدان عەفرین، تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی 3/1/2025دا لە ناوچەیەک بە ناوی “شەهید دەنیز” لە چیای گارە لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

4ـ دەلیل ڕۆژهەڵات، تەمەن 35 ساڵ، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی 26/2/2025 لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە لەسەر چیای پیرس ـ دەڤەری نهێلی، کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.

چاودێران لەو بڕوایەدان کە پەکەکە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستەکانی خۆی بەرامبەر تورکیا و بەردەوامبوون لە بەکوشتندانی ژمارەیەکی زۆرتر لە کچان و کوڕانی لاوی کورد، هەواڵی گیانلەدەستدانی گەریلاکانی دەشارێتەوە و تەنها جاروبار ناوی ژمارەیەکی کەمیان ئاشکرا دەکات و بازرگانیی سیاسیی بە خوێنی بەناحەق ڕژاویانەوە دەکات و لە میدیاکانیدا وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەکردن بۆ ئەو حزبە و عەبدوڵا ئۆجەلان بەکاریان دەهێنن.

پوستێن ھەمان بەش