ئەلجەزیرە: ئۆجەلان و پەکەکە 50 ساڵ خەباتی کوردیان بەفیڕۆ داوە

ئەلجەزیرە: ئۆجەلان و پەکەکە 50 ساڵ خەباتی کوردیان بەفیڕۆ داوە

ئەلجەزیرە: “ئۆجالان لە ساڵی 1979دا بە دروشمی “ئێمە کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو بنیات دەنێین”، خەباتی خۆی دەستیپێکرد، بەڵام لە 27ی شوباتی 2025دا لە بانگەوازێکدا، شکستی پڕۆژە و ئایدۆلۆژیا و حیزبەکەی خۆی ڕاگەیاند. بە واتایەکی دیکە تەسلیمبوونی خۆی ڕاگەیاند”.

ماڵپەڕی جەزیرەی قەتەری لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، واقیعی ئەم ڕێکخراوە و لادانی لەو خەت و ئارمانجە ئاشکرا دەکات کە بۆی دامەزرابوو. لە ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرەدا هاتووە: “ئۆجەلان دوای نیو سەدە خەباتی سیاسی و چەکداری، دانی بە شکستی پڕۆژە و ڕێکخراوە ئایدۆلۆژییەکەی خۆی واتە پەکەکەدا ناوە و تەسلیمبوونی هەڵبژاردووە”.

ماڵپەڕی ئەلجەزیرە کە لە قەتەر بڵاو دەکرێتەوە و خاوەنی هێز و ناوبانگێکی هەرە گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، ڕۆژی دووشەممە، 4ی گوڵانی 2025، ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی لەسەر “رێکخراوی پەکەکە و ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی” بڵاوکردەوە، کە تیایدا هەموو تاوان و خیانەت و تەسفیەکردن و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی پەکەکەی لە قۆناغەکانی مێژووی ئەو حیزبە هەر لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1978 هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ باس کردوە.

ئەلجەزیرە ڕاپۆرتەکەی بەم شێوەیە دەست پێکردووە:

“پەکەکە لەو کاتەوە دامەزراوە واتە لە ساڵی 1978ـەوە، بەردەوام کۆمەڵکوژیی ئەنجامداوە و هەتا ئێستا نزیکەی 16 هەزار کارمەندی حکومەتی تورکیای لەوانە سەرباز و پۆلیس و جەندرمە و پزیشک و مامۆستا و هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلی کوشتووە کە ژن و منداڵیشیان تێدا بووە. شەڕەکە بە قەبارەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی تورکیای گەیاندووە. ئەم حیزبە لەبەرچی گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا؟”

ڕاپۆرتەکە بە درێژی باس لەو تاوان و پاکتاوکردنانە دەکات کە پەکەکە بە فەرمانی ئۆجەلان بەرامبەر بە نیشتمانپەروەرانی کورد ئەنجامی داون و هەر لە ساڵی 1979دا، “محەمەد جەلال بۆجاک”ی سەرۆکی هۆزی بۆجاک تیرۆر دەکات. دواتر ئاماژەی بە مانەوەی ئۆجەلان لە سووریا کردووە و نووسیویەتی: “ئەو زەلامە لە سووریا لە ژێر چاودێری و پاراستنی میت و دەوڵەتی تورکدا بووە و بە فەرمانی ئەوان جووڵاوەتەوە”.

لە سەربەخۆییەوە بۆ تەسلیمبوون

ئەلجەزیرە بەشێکی گرنگی ڕاپۆرتەکەی بۆ پرۆژەکەی ئۆجەلان و بیرۆکەی پشت دامەزراندنی پەکەکە تەرخان کردووە و گوتوویەتی: “ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی سەرەتا داوای سەربەخۆیی و کوردستانێکی سەربەخۆیان دەکرد، بەڵام دواتر ئۆجەلان دەستیکرد بە گۆڕینی ڕێبازی سیاسی خۆی و لە دروشمی “کوردستانی سەربەخۆ و یەکگرتوو”ـەوە دابەزی بۆ دروشمەکانی وەک “فیدرالیزم” و “ئۆتۆنۆمی ناوچەیی” و پاشان پرۆژەکەی هێندەی دیکە بچووکتر کردەوە هەتا گەیشتە خاڵی تەسلیمبوون. ئەلجەزیرە ئە باسەی بە سەردێڕی “لە سەربەخۆییەوە بۆ تەسلیمبوون”، لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بەرجەستە کردووە.

ئەلجەزیرە سەبارەت بە فکر و ئایدۆلۆژیا و پرۆژەی ئۆجەلان، دەڵێت: “ئۆجالان لە ساڵی 1979دا بە دروشمی “ئێمە کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو بنیات دەنێین”، خەباتی خۆی دەستیپێکرد، بەڵام لە 27ی شوباتی 2025دا لە بانگەوازێکدا، شکستی پڕۆژە و ئایدۆلۆژیا و حیزبەکەی خۆی ڕاگەیاند. بە واتایەکی دیکە تەسلیمبوونی خۆی ڕاگەیاند”.

بە واتایەکی تر، دوای 45 ساڵ لە شەڕی چەکدارانە، ئۆجەلان بۆخۆی دانی بەوەداناوە کە “نە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، نە فیدرالیزم و ئۆتۆنۆمی چارەسەری واقیعی دەستەبەر ناکەن”. ئەمەش جگە لە تەسلیمبوون، هیچ مانایەکی دیکەی نیە.

داڕمانی ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی

لە ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرەدا هاتووە: “بانگەوازە دەستنووسە سێ لاپەڕە و نیویەکەی ئۆجەلان، داڕمانی ئایدۆلۆژیاکەی ئەو و حیزبەکەی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کرد”.

ئەلجەزیرە سەبارەت بە خەباتی چەکدارانەی 45 ساڵەی پەکەکە نووسیویەتی: “پەکەکە لە ماوەی نزیک بە نیو سەدە خەباتی چەکدارانەیدا، جگە لە چاندنی تۆوی فیتنە و ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی لە مێشکی گرووپێکی سنوورداردا، بە هیچ کام لە ئامانجە دیاریکراوەکانی نەگەیشتووە”.

ئایا پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک دادەنێت؟

ئەلجەزیرە لە ڕاپۆرتەکەیدا بەدواداچوونی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کردووە کە “ئایا پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک دادەنێت؟” و نووسیویەتی: “بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوی پەکەکە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلانی دواخستووە و تا ئێستاش هیچ کاتێکی بۆ بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە دەستنیشان نەکردووە، دەوڵەتی تورک لە ئێستادا لە پەکەکە زۆر قەڵس و تووڕەیە”.

ئەلجەزیرە لە کۆتاییشدا گوتوویەتی: “چاودێرانی نزیک لە پەکەکە، کە بە تەواوی بۆیان دەرکەوتووە کە حیزبەکە چیتر بە هیچ شێوەیەک داوای “مافەکانی کورد” ناکات و ئەو حیزبە بووەتە ئامرازێک لە دەستی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهاندا و لەو بڕوایەدان کە ئەو حیزبە بە ئاسانی خۆی هەڵناوەشێنێتەوە و چەکەکانی خۆی ڕادەست ناکات و تەنانەت بە ئاگربەستیش پابەند نابێت”.

پوستێن ھەمان بەش