پەکەکە کۆنگرەی 12ی گرتووە

پەکەکە کۆنگرەی 12ی گرتووە

پەکەکە: “لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان بڕیاری گرنگمان داوە و بەم زوانە ئەنجامی کۆنگرەکە ڕادەگەیەنین”.

ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئایاری 2025، پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ کۆنگرەی 12ـی خۆی بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی کۆنگرە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە ئاشکرای کردووە، ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، بە بەشداری نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، کۆنگرەیان لە دوو ناوچەی جیاواز هاوتەریب لەگەڵ یەکتر ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدگا و پێشنیارەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە کۆنگرە  خوێندووەتەوە و هەڵسەنگاندووە.

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە،  کۆنگرەی12ـی پەکەکە ئاماژەی بە ڕۆڵی سری سوورەیا ئۆندەر کردووە  لە ئامادەکارییەکانی کۆنگرەدا کە یەکێک بووە لەوانەی ڕەنجێکی زۆری داوە. ، دەڵێت: سرەی بۆ سەرکەوتنی ئامانجی کۆمەڵگای دیموکراسی و ئاشتی تێکۆشا و کە 12 ساڵ هاوڕێیەتی عەبدولڵا ئۆجەلانی کردووە، سەرباری ئەوەش داوای لە هەمووان دەکرد بە هاوکاریی یەکتر کاربکەن بۆ ئاشتی.

ڕۆژی 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستبووە ڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

هەر ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئایاری 2025، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەگەر هەیە پەکەکە لەهەرکاتێک ڕایبگەیەنێت کۆنگرەیان بەستووە چاوەڕێی ئەم ڕاگەیاندراوە گرنگەی پەکەکە دەکەین.

هەر لەبارەی ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە و خۆهەڵشاندنەوە و دانانی چەکییەوە، رۆژنامەی “تورکیا” کەنزیکە لە دەسەڵات، لەزاری سەرچاوەی باڵای ئاکپارتی رایگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو پەکەکە کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکیداوە، رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، پەکەکە ڕایبگەیەنێت کە کۆنگرەی ئەنجامداوە، دەشڵێت: دوای ئەم قۆنا‌غە هەنگاوی نوێی یاسایی لەبارەی پرۆسەکە دێتە ئاراوە.

پوستێن ھەمان بەش