پەکەکە کۆنگرەی کردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە

پەکەکە کۆنگرەی کردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە

“بڕیارە هەندێک هەنگاوی نوێ بەرامبەر ئۆجەلان بگیرێتەبەر و  ئەفسەرێکی بۆ دادەنرێت کە هاوکاری بکات”.

رۆژنامەی “تورکیا” کەنزیکە لە دەسەڵات لەزاری سەرچاوەی باڵای ئاکپارتی رایگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو پەکەکە کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکیداوە، رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، پەکەکە ڕایبگەیەنێت کە کۆنگرەی ئەنجامداوە، دەشڵێت: دوای ئەم قۆنا‌غە هەنگاوی نوێی یاسایی لەبارەی پرۆسەکە دێتە ئاراوە.

رۆژنامەی “تورکیا” ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، پەکەکە بۆ ڕای گشتی بڵاوی نەکردۆتەوە کۆنگرەی ئەنجام داوە.

رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، ڕەشنووسی بەرنامەیەک لە لایەن ئاک پارتی و یەکە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە سەبارەت بەو هەنگاوە یاساییانەی کە لە ماوەی داهاتوودا بۆ پرۆسەکە دەگیرێنەبەر ئامادە کراوە، دەشڵێت  یەکە ئەمنییەکان سەبارەت بەم ئامادەکارییانە لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەکانی ئاک پارتی بەرۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەوان ماوەیەکە کار لەسەر ئەو هەنگاوانە دەکەن کە دەبێ بنرێن سەبارەت بە بابەتە یاساییەکان بۆ پرۆسەکە و ڕەشنووسێکیان ئامادە کردووە لەبارەی ئەوەی چ هەنگاوێک بنرێت بۆ پرۆسەکە.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەکان، دوای بەیاننامەی هەڵوەشاندەوەی پەپەکەکە، ئەم هەنگاوانە رادەگەیەنن کە لەقۆناغی داهاتوو وەک دەسەڵات ئەنجامی دەدەن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک هەنگاوی نوێ بەرامبەر ئۆجەلان دەگیرێتەبەر و  ئەفسەرێکی بۆ دادەنرێت کە هاوکاری بکات، هەروەها بارودۆخی کارکردنی باشتر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەی پێدەدرێت لەگەڵ ئەو کەسانە کۆببێتەوە کە دەیەوێت و ئۆجەلان کۆبوونەوەی زیاتری لەگەڵ دەم پارتی و خێزانەکەی دەبێت.

 بەپێی هەواڵەکە، خودی ئۆجەلان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کاتێک لە زیندان دێتە دەرەوە کێشەی ئەمنیی بۆ دروست دەبێت، بۆیە نایەوێت زیندانی ئیمرالی جێبهێڵێت.

رۆژی رابردوو،رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و وەزیرانی کابینەکەی کرد و رایگەیاند، هەموو ئاستەنگەکانیان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی پەکەکە چەکەکانی دادەنێت و ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش