هەپەگە: تورکیا لە ماوەی دوو مانگی ئاگربەستدا، 20 هەزار و 982 هێرشی دژ بە “هەرێمی گەریلا” ئەنجامداوە.
سەرەڕای پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بە بیانووی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامن و ناوچەکانی گارە، مەتینا، خواکورک و ڕۆژئاوی زاپ بە بەردەوامی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان دەکرێن.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 7/5/2025 ڕایگەیاند؛ سەرەڕای ئاگربەست، پێداگریی دەوڵەتی تورک لە شەڕکردن هێشتا بەردەوامە و لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتەوە، تورکیا بە هەزاران هێرشی لە ناوچەکانی گارە، مەتینا، خواکورک و ڕۆژئاوی زاپ ئەنجام داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەو هێرشانەدا ناوچەیەکی زۆر بۆردومان کراون و گەریلاکان وەڵامی بەشێک لە هێرشەکانیان داوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری هەپەگە، لە ماوەی دوو مانگی ئاگربەستدا، 20 هەزار و 982 جار چەکی قورس و تۆپ لە دژی “هەرێمی گەریلا” بەکارهێنراوە.
سەرەڕای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان و بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە، بەڵام هێرشەکانی ئەرتەشی تورک بەردەوامن. پەکەکە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوبات، ئاگربەستی تاکلایەنەی دژ بە دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا 3 جار بە درۆن هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندەواری ئامێدی و بەو هۆیەوە 5 پێشمەرگە بریندار بوون.