نەخشەرێگای پەکەکە و تورکیا بۆ باشووری کوردستان
پیلانێکی زۆر مەترسیدار لە 4 قۆناخدا بۆ دهۆک داڕێژراوە و 2 قۆناخیشی جیبەجی کراوە.
چەندە زیاتر کات تێدەپەڕێت ئۆجەلان ئەو بەڵێنانەی زیاتر جێبەجێ دەکات کە لەچوارچێوەی “میساقی میللی”دا بە دەوڵەتی تورکیای داون. رۆژ لەدوای رۆژ راستییەکانی پشت سیناریۆی گرتنی ئۆجەلان روونتر دەردەکەون و حاشای لێناکرێت کە ئەم پەکەکەیەی ئیستا بەهیچ شێوەیەک ئەو پەکەکەی رابردوو نیە کە دروشمی کوردستانێکی ئازادی بە دەنگێکی ئەهوورایی دەگوتەوە. دیارە قسەی ئەوەڵ و ئاخر لە ناو پەکەکەدا هەر گرووپی ئەنقەرە دەیکات و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە قسە لەسەر ئەو بڕیار و فەرمانانە بکات کە لە ئیمرالیەوە دەردەچن و لە قەندیل جێبەجێ دەکرێن. هەرچەند کات دەڕوا زیاتر روون دەبێتەوە کە گرووپی ئەنقەرە دەیهەوێ گیانی کوردستانی رزگارکراو لەسەر چ جۆرە ئاگرێکی بەتین و سووتێنەر هەڵقرچێنێت.
سیاسەتی پەکەکە بۆ رادەستکردنی خاکی باشووری کوردستان لەچوارچێوەی “میساقی میللی” تورکیادا بە ئاگاداریی دەوڵەت و ئەو گرووپەی لە ناو پەکەکەدا بە گرووپی ئەنقەرە دەناسرێت، جێبەجی دەکرێت. ئەو هەوڵانە لەم رۆژانەی دواییدا و پاش ئەوەی کە تورکەکان هێرشی گەورەی خۆیان لەژێر ناوی “حەیوانان”دا دەستپێکرد، پیلانەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا زۆری نەماوە بگاتە قۆناخی کۆتایی خۆی و بەتەواوی جێبەجێ بکرێت. بەپێی ئەم پیلانە بڕیارە بەشێکی بەرچاو لە خاکی رزگارکراوی باشووری کوردستان بەتایبەت لەناوچەی بادینان، بکەوێتە ژێر دەستی گولی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی تورکیا. لە راستیدا ئەو پیلانەی دەوڵەت و پەکەکە لە 4 قۆناخ پێک دێت کە 2 قۆناخیان جێبەجێ کراون و دوو قۆناخی پڕ لە مەترسی ماون بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن.
پێگەی “دارکا مازی” توانیویەتی دەستی بە هێندێ زانیاری زۆر گرنگ دەربارەی پیلان و نەخشەرێگای پەکەکە و تورکیا بۆ باشووری کوردستان رابگات. دوای ئەوەی هێرشەکانی تورکیا لە 15ی مانگەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنەکانی “چنگی باز و پڵینگ”ـەوە دەستیان پێکردووە، پەکەکە زاتەن هەوڵ دەدات سوپای داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر شارۆچکەکانی ناوچەی بادینان دەست پێ بکات و ئەو ناوچەیە بەتەواوی بکەت بە ناوچەیەکی سەربازی.
سنووری نێوان بادینان و باکووری کوردستان
بەرلەوەی باس لە قۆناخەکانی ئەم پیلانە هاوبەشە بکەین، پێویستە هێندێک زانیاری لەسەر هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەی بادینان بەتایبەت بە ئاراستەی دهۆکدا باس بکەین بۆ ئەوەی بزانین تورکیای فاشیەت و پەکەکە دەیانەوی لەکام ناوچە جێ بگرن.
پارێزگای دهۆک نزیکەی 140 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ باکووری کوردستاندا هەیە. پاش ئەوەی کە پەکەکە مەیدانی سەرەکیی خەباتی خۆی لە باکوور جیهێشت و هاتە ناو باشووری کوردستان، ناوچەی بادینانی وەکوو سەرەکیترین پێگەی جێگیرکردنی هێزەکانی خۆی دیاری کرد. ئێستا دەردەکەوێت کە پەکەکە پاش دەستگیر کردنی ئۆجەلان لەبەرچی دەیگوت: “ئێمە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستانمان وەلانا.” پەکەکە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان لابرد و رێگایەکی دوەلیی بۆخۆی دروست کرد تاوەکوو بتوانێت لەو رێگایەوە بە کەیفی خۆی و با ئازادانە هەر شتێکی پێخۆش بوو بیگوازێتەوە. پەکەکە ئەو رێگایەی بۆ هاتوچۆی گریلا و هەروەها بۆ گواستنەوەی چەک و چۆڵ و مادەی هۆشبەرو وەکوو مەنفەزێکی ستراتجی بەکاری دینێت.
رەنگە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە لەبەرچی باشووری کوردستان رێگا بە پەکەکە دەدات تا ئەو چالاکیانە ئەنجام بدات و بە کەیفی دڵی خۆی لە باشووردا هەڵسوکەوت بکات کەس لێپرسینەوەی لێ ناکات؟!
وەڵامەکەی روونە، پەکەکە بەباشی لەوە تێگەیشتووە کە “مەسعوود بارزانی” شەڕی براکوژیی حەرام کردووە و بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت کە خوێنی هیچ کوردێک بە دەستی برا کوردەکانی بڕژێت. بۆیە پەکەکە ئیستیغلالی ئەو هەڵوێستە دەکات، ئەگەر نا پەکەکە باش تێدەگات کە ئەگەر شەڕی براکوژی روو بدات چ زەربێک دەخۆن.
ئەو پیلانە بە 4 قۆناخ جێبەجێ دەکرێت
قۆناخی یەکەم:
بەپێی رێکەوتنێکی پێشووتری دەوڵەتەکانی عێراق و تورکیا، نزیکەی 30 قەرەقۆڵ و خالی سەربازیی تورکیا لە باشووری کوردستان دامەزراون. 10 لەو نوقتانە لە ناوچەی زاخۆن، 15یان لە ناوچەی بەرواری باڵا و کانی ماسی و 5 بنکەی دیکەش لە نێروە ریکان، دۆسکی ژوور لە ناوچەکانی ئامێدی و شیلادزێ دامەزراون. لەو قەرەقۆڵانەدا ئەم جۆرە چەکانە جێگیر کراون: تانک، تۆپ، درۆن، کامێرای سەربازی هەرە پێشکەوتووی تایبەت بە چاودێری کردن و چەکی سووک و نیوە سووکی دیکە. ئەم سەربازگەیانەی تورکیا لە سیگۆشەی سنووری باشوور، رۆژئاواو باکووری کوردستان هەتا دەگاتە ئاڤاشین جێگیر کراون.
هەروەک ئاماژەمان پێکرد پاش ئەوەی پەکەکە خاکی باشووری بۆ ئەنجامدانی هێندیک چالاکیی بچووک بەکارهێنا، ئەوە بوو بە هۆکار بۆ ئەوەی تورکیا ئەو قەرەقۆڵانە لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا دابمەرزێنێت. پەکەکە قۆناخی یەکەمی پیلانەکەی ئەو کاتە جیبەجێ کرد کە لە ناو خاکی باشوورەوە هێندیک هێرشی بچووکی بۆ سەر چەند نوقتەیەکی تورکیا ئەنجامداو تورکیاش وەکوو وەڵامدانەوەیەک رۆژانە پەلاماری ئەو ناوچانەی دەدا و ئەمەش ژیان کردنی لەو ناوچانە و بۆ دانیشتووانی گوندەکان دژوار کرد.
قۆناخی دووەم:
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد. پەکەکە لەم قۆناخەدا بەردەوام دەوڵەتی تورکیای بە هێندێک هێرش و شەڕی بچووک ئیستیفزاز دەکرد، کە مرۆڤ دەتوانێ ناوی یاری منداڵانی لەسەر دابنێت. وەکوو هاویشتنی دوو گوللـەی کڵاشینکۆف یان هاویشتنی گوللـە هاوەنێک، ئەمەش بووە بیانوویەک بۆ تورکیا تاوەکوو راستەوخۆ تەداخول بکات و بێتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. ئایا لەبەرانبەر چیدا ئەمە روویدا؟
وەڵام: پەکەکە بەبێ شەڕ کردن بە قووڵڵایی 15 کیلۆمەتر، لە خاکی باشووری کوردستانی رادەستی داگیرکەران کرد بەتایبەەت لەناوچەکانی “گولی و سندیان”.
قۆناخی سێهەم:
لە چیای مەتین هەتا کانی ماسی دەبێ بکەوێتە ژێر دەست داگیرکەران
مرۆڤ دەتوانێ دەستپیکردنی ئەم قۆناخە بۆ ئەوکاتە بگەڕێنێتەوە کە پەکەکە کارمەندێکی قونسولخانەی تورکیای لە هەولێری پایتەختی کوردستانی ئازادکراودا کوشت. هەروەها دواتر هێندیک هێرشی پارتیزانیی بۆ سەر خاڵە سەربازیەکانی تورکیا بەڕیوە برد.
ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارە و هێشتا بەتەواوەتی جێبەجێ نەکراوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە 15ی ئەم مانگەدا ئۆپەراسیۆنەکانی “چنگی هەڵۆ و چنگی پڵینگ”ی بە بیانووی پەکەکەوە بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەست پێکرد و لەوکاتەوە پەکەکە بەشێوەی ئامانجدار و سیستەماتیک چالاکیەکانی دەکێشێتە نزیک گوند و شارۆچکەکان.
مەترسیی ئەم قۆناخە ئەوەیە کە رۆژبەڕۆژ شەڕ لە شارۆچکەکان نزیکتر دەبێتەوە و دوور نیە لە رۆژانی داهاتوودا ناوچەکانی بەرواری باڵا هەتا دەگەیەتە چیای مەتین، هەمووی ببێتە مەیدانی شەڕ و بکەوێتە دەست تورکەکان واتە لە چیای مەتین هەتا کانی ماسی بکەوێتە دەست داگیرکەران.
قۆناخی چوارەم:
زاخۆ، ئامێدی و تەنانەت دهۆکیش ببنە ناوچەی سەربازی
لە قۆناخی چوارەمی پیلانی پەکەکە و تورکیادا، رووبەرێکی دیکەی ناوچەی بادینان دەبێتە مەیدانی بەڕێوەچوونی سیناریۆی پێکدادانەکان و سوپای داگیرکەری تورکیا تێیدا جێگیر دەبێت، واتە لە چیای کەلها شابانێ هەتا دەگاتە ناوەندی ناوچەی باتووفیا دەکەوێتە ژێر دەستی تورکەکان.
بە کورتی مرۆڤ دەتوانیت بڵێت بە جێبەجێکردنی ئەو قۆناخە: زاخۆ، ئامێدی و تەنانەت دهۆکیش ببنە ناوچەی سەربازی و بکەونە ژێر دەستی تورکان.
دەرئەنجامەکانی ئەو پیلانە چی دەبن؟
دەتوانین دەرئەنجامی پیلانە هاوبەشەکەی پەکەکە و تورکیا لە چەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
ئاوارەو دەربەدەر بوونی دانیشتووانی گوندەکانی ئەو ناوچانە بەرەو شار و شارۆچکەکان.
خراپتربوونی دۆخی ئابووری باشووری کوردستان، بەتایبەت کەرتی کشتوکاڵی باشوور زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت.
زیانی سەربازیی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
بەشێکی گەورە لە خاکی کوردستانی رزگارکراو دەکەوێتەوە بن داگیرکاریی تورکیا.
خالی سەرەکی و لە هەمووان گرنگتر و مەترسیدارتر بۆ پەکەکەیە. پەکەکە پاش داگیرکرانی ئەو ناوچانە دەیهەوێ بەرەو کوی بڕوات. ئەمجار دەیهەوێ ستەیجی شانۆی شەڕکردنەکەی لەکوێ جێگیر بکات تاوەکوو لە داهاتوود ئەو ناوچانەش تەسمیلی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکات.
پەکەکە هەروەک چۆن باکووری کوردستانی بەجێهێشت و شوێنی خۆی گواستەوە باشوور، ئیدی ناتوانێ لەو ناوچەیانش بمێنێت و خۆی دەخزێنێتە ناو شارو شارۆچکەکان، لەوکاتەشدا شەڕی گەورە روو دەدەن و ئەو شارو شارۆچکانەش دەبنە ئامانجی هێرشی تورکیا، واتە دوبارەکردنەوەی سیناریۆی رۆژئاوای کوردستان و رێخۆشکەریی پەکەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی شارەکانی کوردستان یەک بەیەک داگیر بکات.
پێگەی “دارکا مازی” لە دەسپێکی دەستبەکاربوونیەوە، بە دەیان مژار و بابەتی بەڵگەمەندی لەسەر پیلانە قێزەونە هاوبەشەکانی “پەکەکە و تورکیا”ی بۆ داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان بڵاو کردۆتەوەو روونی کردۆتەوە کە چۆناوچۆن پەکەکە ناوچەکانی باشووری کوردستانی بەرەبەرەو بە بێ هیچ بەرگرییەک رادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کردووە. بەڵام هەرجار پێگەی “دارکا مازی” پیلانێکی ئاشکرا کردووە کە بۆ هەر کوردێک جێی داخ و بۆ کوردستانیش کارەساتبارە، کەچی لایەنگرەکانی پەکەکە و پاڵپشتەکانی ئەو پیلانانە ئێمەیان بە سیخوڕ و دارەدەستی “میت”ی تورکیا تۆمەتبار کردووە و بەمچەشنە دەیانهەوێ زوومی خەڵکی کوردستان لەسەر ناوەرۆکی نووسینەکان لابدەن و بەلاڕێیدا ببەن.