سەرۆک بارزانی ماوەی 13 ساڵە بەردەوام خەبات بۆ ئازادی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

دووربکەونەوە لە حزبایەتی و تا دۆخی سووریا ڕوون دەبێتەوە، سیاسەتی کوردایەتییەکی بەرفراوان ڕەچاو بکەن. هەمووان لەژێر سەیوانی کوردستانیدا سیاسەت بکەن. لە حزبایەتی و ململانێیە ناوخۆییەکان دوور بکەونەوە. هەموو شتێک بنێنە لاوە و بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک هەنگاو بنێن.

سەرۆک بارزانی 12 ساڵ لەمەوبەر و لە 28ی دیسەمبەری 2012دا ئەم لێدوانەی دا، ئەو قسانە بۆ ئەوکات و بۆ ئێستاش ڕاستن.

بزووتنەوەی سیاسی بارزانی و خەباتی ڕۆژئاڤا هەمیشە لە یەکەوە نزیک بوون و هەمیشە پاڵپشتی یەکتر بوون. سەرۆک مەسعوود بارزانی ئەم نەریتەی بزووتنەوەی بارزانیی پاراستووە و هەمیشە بەرژەوەندی ڕۆژئاڤای لەبەرچاو گرتووە. هەر بۆیەش گەلی ڕۆژئاڤا هەمیشە بزووتنەوەی بارزانی و پارتی و سەرۆک بارزانییان لە ئامێز گرتووە. هەتا ساڵی 1996 خەڵکی ڕۆژئاڤا بەم شێوەیە لە قامیشلۆ پێشوازیان لە سەرۆک بارزانی کرد.

کاتێک پێڤاژۆی بەهاری عەرەبی لە سووریا دەستی پێکرد، سەرۆک بارزانی هەموو دەرفەتە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازییەکانی خۆی پێشکەشی ڕۆژئاڤا کرد. ئەوان هەموو دەرفەتەکانیان نەک تەنها بۆ بزووتنەوە سیاسییەکانی نزیک لە پارتی، بەڵکو بۆ بزووتنەوە سیاسیەکانی نزیک لە پەکەکەش ڕەخساند. هەولێر بوو بە ناوەندێکی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ ئەو هێزانە. سەرۆک پێی گوتن: “ئێرە ماڵی خۆتانە”.

سەرۆک بارزانی سێ پێشنیاری بۆ ڕۆژئاڤا کرد: “یەکڕیزی پێکبهێنن، لەسەر ناسنامەی کوردایەتی بجووڵێنەوە، لە ڕژێمی ئەسەد دوور بکەونەوە”.

پێی گوتن: خۆتان موحتاجی حکومەتەکان مەکەن، وەرن چیتان پێویست بێت من بۆتانی دابین دەکەم. ئەگەر ئێمە سنوورێک دادەنێین، تەنها بۆ ئەوەیە کە تووشی کێشەی یاسایی نەبینەوە، دەنا ئەگەر شتێک ڕوویدا، ئێرە ماڵی خۆتانە. هەرکاتێک ویستتان وەرن، ئێوە میوان نین، خاوەن ماڵن.

لە ساڵی 2012دا ڕۆژئاڤا و پەکەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەوە، هەربۆیە لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) نزیکبوونەوە و سوودیان لە سەرجەم دەرفەتەکان وەرگرت. پەکەکە بۆ ئەوەی مەشرووعییەت بەخۆی بدات و سوود وەربگرێت، ڕۆژئاڤای کرد بە قوربانی. بەرژەوەندییەکانی خۆی بە ئەساس وەرگرت. پەکەکە هاوکاریی ڕژێمی سوریا و ئێرانی کرد. هەموو نەیارانی سووریای لە ڕۆژئاڤا دوورخستەوە و لە ڕۆژئاڤاوە دەستیان بە هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی باشوور کرد، تۆوی دووبەرەکایەتییان لە نێو خەڵکدا چاند. لەبری ئەوەی باشوور و ڕۆژئاوا یەکبگرن، ئەوان ڕۆژئاوایان وەکوو سەنگەرێک بۆ داژایەتیکردنی بارزانی و باشووری کوردستان بەکارهێنا.

ئەوان چەندەیان دوژمنایەتیش دەکرد، بەڵام سەرۆک بارزانی هەر پشتیوانی ڕۆژئاڤای کرد. سەرۆک هەنگاوی گەورەی بۆ ڕۆژئاڤا هەڵگرت:

– ڕێکەوتی 11ی تەمموزی 2012 ڕێککەوتنی هەولێر لەسەر بنەمای تەڤگەری هاوبەش لە ڕۆژئاڤا، واژۆ کرا.

– ڕێکەوتی 23ی جۆتمەهی 2014 ڕێککەوتنی دھۆک واژۆ کرا.

– ئەگەر هەردوو ڕێککەوتنەکە (دهۆک-هەولێر) جێبەجێ بکرابان، ئەمڕۆکە بارودۆخی سووریا و ڕۆژئاڤا زۆر جیاواز دەبوو.

سەرۆک بارزانی هەنگاوێکی مێژوویی بۆ پاراستنی کۆبانێ هەڵگرت و پێشمەرگەی ڕەوانەی ڕۆژئاڤا کرد. نەک هەر پێشمەرگەی هەنارد، بەڵکوو هێزەکانی هاوپەیمانانیشی ڕازی کرد کە پشتیوانی ڕۆژئاڤا بکەن. واتە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە هاندان و پێشنیاری سەرۆک بارزانی چوونە ڕۆژئاڤا. سەرۆک بارزانی  خاوەندارێتی لە تێکۆشانی کۆبانێ کرد و لەبەردەم هەموو جیهاندا گوتی: “سڵاو دەنێرم بۆ شەڕڤانانی کۆبانێ”.

سەرۆک هەمووکات بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژئاڤا ئامادە بووە: ساڵی 2015 بە پێشمەرگەی گوت: “وەک چۆن خەڵکی هەرێمی کوردستان دەپارێزن، پێویستە براکانمان لە ڕۆژئاواش بپارێزن، ئەمە ئەرکێکی پیرۆزە”.

سەرۆک نەک هەر سیاسەتمەدارانی پاراست، بەڵکوو دەرفەتی ژیانی بۆ خەڵکەکەش ڕەخساند. لە مانگی تەباخی ساڵی 2012دا، دەروازەی سێمالکای کردەوە و بەسەدان هەزار کەس هاتنە باشوور. سەرۆک سەردانی گەلی ڕۆژئاڤای لە کەمپەکاندا کرد و پێی گوتن: “ئێرە ماڵی ئێوەیە، ئێوە میوان نین، ئێوە خاوەن ماڵن”.

سەرۆک بارزانی پەلامارەکانی سەر “عەفرین و سەرێکانی”ی بە هێرشی داگیرکارانە دانا و هەڵوێستی گرت. ڕاستەوخۆ داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کرد کە ڕۆژئاڤا بەجێنەهێڵن.

ئەم کورتە مێژووە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرۆک بارزانی چەندە پاڵپشتی ڕۆژئاڤای کردووە. بەڵام بەداخەوە پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ڕۆژئاڤا، هەمیشە ڕوانگەکانی سەرۆک بارزانی چەواشە دەکەن و هەرکاتیکیش کە دەکەونە تەنگانەوە، پەنا بۆ سەرۆک بارزانی دەبەن. بەڵام نەیانهێشتووە کە ڕوانگەکانی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژئاڤا ئەزموون بکرێن. بە سیاسەتەکانی کانتۆن، ژنۆلۆژی، خۆسەری، پارادایم و دەستەواژەی دیکەی لەم شیوەیە، ڕۆژئاڤایان بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار برد و کردیان بە ئامرازێکی ڕانت بۆخۆیان. بەڵام ئەمڕۆکە دەرئەنجامی ڕووداوەکان دەریخست کە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی چەندە ڕاست بوون. دەتوانین بڵێین ڕوانگەکانی سەرۆک بارزانی بۆ سووریا و ڕۆژئاڤا سەرکەوتن.

سەرۆک بارزانی لە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا شکستی بە 2 داگیرکەری کورد هێناوە: سەدام حسێن و بەشار ئەسەد. لە ڕووخانی هەر دوو داگیرکەردا، سەرۆک بارزانی خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکی بوو. ئەگەر لە ساڵی 2011 هێڵی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژئاڤا ڕەچاو کرابا، ئەمڕۆ سەرکەوتن مسۆگەر دەبوو.

ئەوانەی کە بەڕاستی نیشتمانپەروەرن و دەیانهەوێت کورد لە ڕۆژئاڤا مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات، پێویستە بزانن کە سەرۆک بارزانی ماوەی 13 ساڵ بەردەوام پاڵپشتی ڕۆژئاڤای کردووە و لەمەودواش بە ئەزموون و پێشبینی و دووربینی و ڕوانگە و پێڕەوانێکی گەورەوە دیسان پاڵپشتی لە ڕۆژئاڤا دەکات.

پوستێن ھەمان بەش