پەکەکە بڕیاری خۆی لەسەر ڕۆژئاڤا داوە: ڕۆژئاڤا وەکوو ناوچەیەکی بازرگانی بۆ پەکەکە بەکاردەهێندرێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، سەرکردەکانی پەکەکە کەوتبوونە ناو بێدەنگییەکی قووڵەوە و متقیان نەدەکرد. سیما ناسراوەکانی پەکەکە کە بەردەوام هەموو حەوتوویەک لێدوانێکیان دەدا بۆ ئەوەی کە هەستی جەماوەرەکەیان ببزوێنن، ئەمجارە جێگەی خۆیان بە بەڕێوەبەرانی ئاستی خوارەوەتر دابوو. ئەم بێدەنگییە لە بنەڕەتدا نیشانەی شۆکی پەکەکە بوو لەو شکستە گەورەیەی کە میحوەری شیعە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد تووشی هاتبوو، هەروەها نیشانەی پێڤاژۆی ڕێککەوتن لەسەر بڕیارێکی هاوبەشی پەکەکە بوو لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا.
دوران کاڵکان لە ڕێکەوتی 24ی دیسەمبەردا، بەشداریی لە پرۆگرامێکی کەناڵی تەلەفزیۆنی “میدیا خەبەر”ی پەکەکە لە ئەورووپا کرد و بێدەنگیی سەرکردایەتی پەکەکەی شکاند. بە ئەگەرێکی زۆرەوە جەمیل بایک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێدوانی ڕوونتر دەدات. بەڵام قسەکانی دوران کاڵکان ئەو سیاسەتە گشتییەی پەکەکەی دەستنیشان کرد کە ئەو حیزبە دەیهەوێ لەم قۆناخەدا ڕەچاوی بکات، قۆناخێک کە “بەرەی مقاومەی” ئێران کە لە ساڵی 2012ـەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێکیهێنابوو، بەرەو کۆتایی دەڕوات.
دوێنێ کەناڵی “ڕووداو”ی باشووری کوردستان، قسەکانی کاڵکانی لەژێر مانشێتی”پەکەکە ڕۆژئاوا جێدەهێڵێت”، بڵاوکردەوە. پێویستە بە ڕوونی ئەوە بگوترێت کە ڕاستییەکان زۆر دوورن لەو مانشێتەی کە کەناڵی ڕووداو نووسیویەتی. ئەوانەی لێدوانەکەی کاڵکان وەکوو ئەوەی کە “پەکەکە ڕۆژئاڤا جێدەهێڵێت” دەخوێننەوە، مانای ئەوەیە کە هەرگیز لە پەکەکە و ئەرکەکەی تێنەگەیشتوون. ئێمە نامانەوێت بڵێین تێگەیشتنێکی گەمژانەیە، بەڵام ئەوانەی کە بەو شێوەیە لە قسەکانی کاڵکان تێگەیشتوون، خاوەن فەهمێکی گەمژانەن. کاڵکان بە ئاشکرا گوتی: “ئێمە ڕۆژئاڤا بەجێناهێڵین”.
کاڵکان: پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژئاڤاوە نییە
هەموو هێزە کاریگەرەکان دەیانەوێت پەکەکە ڕۆژئاڤا بەجێبهێڵێت. بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بتوانێ بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، دەبێت پەکەکە بڕوات. لەسەر مژارێکی وەها گرینگ، کاڵکان وەک ئەوەی کە باسی نان و پەنیر بکات، ئەم لێدوانە سادەیەی سەبارەت بە هەبوونی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا دا و گوتی: “ئەوەی دەگوترێ بۆ ئەوەیە کە گوشار بۆ سەر بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست بکەن. هەڤاڵ جەمال (موراد قەرەیڵان) ـیش پێشتر ئاماژەی بەوەداوە کە ئێمە پەیوەندی راستەوخۆمان نییە، بەڵام ئەمە دۆخێک نییە کە ببێتە کێشە. با بڵێین وەکوو راوێژکار هەین، هەندێک کەسایەتی هەن سەربەخۆ کار دەکەن، بەڵام ئەگەر کورد هەبن کە خەڵکی سووریا نین و ئەو کەسانە گرێدراوی پەکەکە بن، ئەگەر بەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیار بدات کە ئەو کەسانە لە ناوچەکانی ئەوان بڕۆنە دەرەوە، ئەوا ناوچەکانیان بەجێدەهێڵن. بە تایبەتی بۆ پەکەکەییەکان هەرگیز کێشە نییە، چەکەکانیان هەڵدەگرن و روو لە باکووری کوردستان دەکەن”.
ئەوانەی کە قسەکانی کاڵکان وەک “پەکەکە ڕۆژئاڤا جێدەهێڵێت” دەخوێننەوە، دەبێ سەرەتای ئەمە ببینن کە کاڵکان دەڵێت: “خۆیلەخۆیدا پەکەکە لە ڕۆژئاڤادا بوونی نییە”. کە واتا ئەگەر بوونی نەبێت، ئیدی چۆن بەجێی دەهێڵت؟ مانای ئەوەیە کە وا بەجێیناهێڵت، تەنها هەوڵی ئەوە دەدات کە حزووری خۆی کەمتر ئاشکرا بکات. ماوەیەک دەیانگوت ئێمە شنگالمان بەجێهێشت، بەڵام چییان کرد؟ ڕۆژانە چەند ئێزدییەک لە شنگال خۆیان پیشان دەدا و پەکەکەش سەرجەم کادیرەکانی لە شنگال هێشتنەوە و ئێستاشی لەگەلدا بێت، شنگال ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکەیە. گوتیان ئێمە مەخموورمان بەجێهێشت، بەڵام تەنیا چوونە ناو تونێلەکانی ژێر زەوی و جلی مەدەنیمان لەبەر گەریلاکان کرد.
پەکەکە ڕۆژئاڤا دەکاتە فیدای شکستەکانی خۆی
کاڵکان دەڵێ: “پەکەکە چەکەکانی خۆی هەڵدەگرێت و بەرەو باکوور دەڕوات، ئەردۆغان ئەو پێڤاژۆیە باش دەزانێت”. ئەوە کە کاڵکان دەڵێت “ئەردۆغان باش دەزانێت”، مەبەستی چیە؟ پێشتر زۆر جار گوتوومانە کە لە ساڵی 2014دا و لە کاتی بەرخۆدانی “کۆبانێ”دا، دەوڵەتی تورک و پەکەکە یەکیانگرت و گەریلاکانی پەکەکە بە پاسەکانی میت لە ئامەد و مێردنەوە هێنرانە کۆبانێ. باکوری کوردستان بۆ دەوڵەتی تورکیا بەجێهێڵدرا. بەڵێ، ئەردۆغان ئەوە باش دەزانێت. پەکەکە بە هاوکاری دەوڵەتی تورک کۆتایی بە چالاکییەکانی گەریلا لە باکووری کوردستان هێنا. با کاڵکان بیبەخشێتەوە بەڵام ئێستا لە باکووری کوردستان هیچ چیایەک نەماوەتەوە کە گەریلاکانی پەکەکە بتوانن بڕۆن و تێیدا جێگیر ببن. پەکەکە هەموو سەنگەرەکانی لەدەستداوە و ڕادەستی تورکیای کردوون. دیارە گەریلاکان دەتوانن چەکەکانیان هەڵبگرن و بچنە لای کاڵکان و بایک لە سلێمانی، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەکەکە ئەوەش ناکات.
کاڵکان دەڵێت: “ئێمە وەکوو ڕاوێژکار هەین”. بەڵام نەک ڕاوێژکار، بەڵکوو لە ڕۆژئاڤادا کۆمیتەی پەکەکە بوونی هەیە. با بەخشش نەکات، ئێمە باس دەزانین کە کاڵکان بۆخۆی لە ساڵی 2017دا چووەتە ڕۆژئاڤای کوردستان و کۆنفرانسی بەڕێوەبردووە. پەکەکە دوای شکستە سەربازییەکانی لە باکووری کوردستان و لەدەستدانی 90%ی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” لە باشوور کە بۆ ماوەی 40 ساڵ لە کۆنترۆڵیاندا بوو، ئێستا ئیدی بە دەستووری ئێران تەنها لە هێڵی سلێمانی و گەرمیان لەژێر کۆنترۆڵی یەنەکە و لە شنگال لەژێر چاودێریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا دەتوانێ بمێنێتەوە. ئەو سیستەمە ڕێکخراوەییەی کە ئێستا ماویەتی، تەنیا پاشخانی ڕۆژئاڤای هەیە. پەکەکە لە ساڵی 2012ـەوە ڕۆژئاڤای بە هەردوو وڵاتی ئێران و ئەسەد فرۆشت و لە سەر حیسابی ڕۆژئاڤا لەگەڵ تورکیاشدا مامەلە و بارگانی دەکات. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، جارێکی دیکە پەکەکە تێکچوو. ئێستاکەش دەیهەوێت دەرفەتەکانی ڕۆژئاڤا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کە ڕێگایەک بۆ شاردنەوەی شکستەکانی بدۆزێتەوە.
کاڵکان: ئەوانەی تورکیایان خۆشدەوێت بزانن ئەوەی تورکیا ڕزگار دەکات ڕێبەر ئاپۆیە
پەکەکە ڕۆژئاڤا وەک ماڵێکی خۆی دەبینێت کە بتوانرێت مامەڵەی پێوە بکات. هەربۆیە لە لایەک کاڵکان پێشنیارێکی ئاشکرا بە تورکیا دەدات و دەڵێ: “سیستەمی سەرمایەی قۆرخکاری جیهانی هەوڵی داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەدات لەسەر بنەمای وزە و بازرگانی”. بەم شێوەیە ڕێگاکە ئامادە دەکات. ئەمە هەوارکردنی ڕێگاکەیە. دۆخی سوریاش پاککردنەوەی ڕێگاکەیە. نۆرە دەگاتە قوبرس. تورکیا ناوەندی شەڕەکەیە”. سوای ئەو شرۆڤەیە، کاڵکان بەمشیوەیە درێژەی پێدەدات کە “ئەوانەی تورکیایان خۆشدەوێت بزانن ئەوەی تورکیا ڕزگار دەکات ڕێبەر ئاپۆیە”.
واتا کاڵکان بە دەولەتی تورک دەڵێ: “وەرن با یەکبگرین، ڕۆژئاڤا لە دەستی ئێمەدایە، هێزی چەکدارمان هەیە، نامانهەوێ بکەوێتە دەست ئەمریکا و ئیسرائیل و هتد… لەگەڵ ئیمرالی ڕێکبکەون، تۆزقاڵێک جێگا بە ئێمەش بدەن، لە بەرانبەردا ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت یدەیدەین بە ئێوە، ئێمە ڕێگری لە بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی ڕێبازی نەتەوە ـ دەوڵەتخوازەکانی کورد دەکەین”.
کاڵکان بۆ ئەمەش دەڵێ کە لە سووریاشدا هێشتا چارەسەری “یەکیەتیی گەلانە، مۆدێلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێتە مۆدێلێک بۆ هەموو سووریا”. بەڵام دەرکەوت قسەکانیان سەبارەت بە برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک و سیستمەکانیان لە ڕەققا و دێرەزوور تەنیا قسەیەک بوون کە خەڵکی نائاگا دەیانکات.
کاڵکان پێی وایە کورد بێ ئاگا و بێ عەقڵە
وتەیەکی نەستەق هەیە کە دەڵێ وەکوو نەعامە سەری خۆیانیان کردووە بەژێر خیزەوە و دەیانهەوێ خۆیان بشارنەوە. کاڵکانیش سەری کردووە بە ژێر خیزەوە، پەکەکەش سەری کردووە بە ژێر خیزەوە. هەمووان بە چوارچاو لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن تا بزانن چۆن دەتوانن سود لە ڕۆژئاڤا وەربگرن، تا بزانن بە چ تۆپێک یاری بکەن و لە ڕاستیدا هەوڵ دەدەن کە سەری کوردان لەناو خۆڵ و خیزدا بشارنەوە.
لێدوانەکانی کاڵکان، جگە لەوەی کە پەکەکە لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵوێستێکی کوردستانی نیشان نادات و ئامادەیە بازرگانی لەگەڵ هەموواندا بکات و هەروەها درێژە بە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان دەدات، هیچ مانایەکی دیکەیان نیە. کاڵکان نیشانی دەدات کە پەکەکە کورد دەکێشێتە ناو ئەو بازنەی “شەڕ- ململانێ- شکست” کە بە تایبەتی لە 25 ساڵی ڕابردوودا تێیدا ئاسێ بووە. پەکەکە بڕیاری خۆی لەسەر ڕۆژئاڤا داوە: ڕۆژئاڤا وەکوو ناوچەیەکی بازرگانی بۆ پەکەکە بەکاردەهێندرێت.