لە ڕاستیدا نە ئەو بیرۆکە و ڕامانانە و نە لێکدانەوەی ئەو بیرۆکانەش، هی ئۆجەلان نین، بەڵکوو ئۆجەلان هەموو ئەوانەی لە کتێبخانە ڕۆژئاواییەکان وەرگرتووە و دواتر هاتووە بە زمانی تورکی هەندێ گۆڕانکاری بچووکی تێدا کردوون و بڵاوی کردوونەتەوە بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی خاوەنی ئەو بیرۆکانە کردبێت.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
ناسنامە
ئێمە لە ئاشکراکردنی دزییە فیکرییەکانی ئۆجەلان بەردەوام دەبین، ئەو دزیانەی کە ئەم زەلامە خۆی وەک خاوەنیان لەقەلەمداوە و شاگردەکانیشی لەسەر بنەمای ئەو دزییانە، مامۆستاکەیان وەکوو فەیلەسوفی ئەم سەردەمە دێننەئەژمار.
ئۆجەلان باسی لەسەر ناسنامە کردووە و پێناسەیەکی بۆ ناسنامە داناوە. بەڵام پێش ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ پێناسەکەی ئۆجالان لەسەر ناسنامە بکەین، دەبێ بڵێین سەردەمی نوێ و گۆڕانکارییە نوێیەکانی بەجیهانیبوون و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گۆڕانی تێڕوانینمان لەسەر شوناس و ناسنامە. بۆ نموونە:
“هەندێک لایەن هەوڵدەدەن شوناسێکی (نەتەوەیی، ئایینی، کولتووری، جیهانی) بۆ شوناس و ناسنامەیەکی دیکە زیاد بکەن، ئەم تێگەیشتنە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەڵوێستی دوورکەوتنەوە لە ژیانی دیکە، ئەم باڵادەستییە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شوناس وەکوو ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی و کولتووری”.
کاتێک مرۆڤ ناسنامەی خۆی دەبینێت و ناسنامەکانی دیکە لە ناو خۆیدا پشتگوێ دەخات، ئەوکات ئەوە دەبێتە هۆی دابەشبوون لە کۆمەڵگەدا.
هەروەها بەهۆی ئەم جۆرە ناسانامەیەوە، ئەویتر وەکوو دوژمن پێناسە دەکرێت یان دابڕانێکی ڕەها دروست دەکات. ئەم ڕوانگەیە دەتوانێ کەشێکی دوژمنکارانە بخوڵقێنێت، کە زۆرجار دەبێتە هۆی ململانێی توند و ناکۆکیی بێکۆتایی.
لەم نووسینەدا هەوڵدەدەین بۆچوونی ئۆجەلان و ڕوانگەی بیرمەندانی دیکە سەبارەت بە ناسنامە هەڵسەنگێنین.
ئۆجەلان دەڵێ: “خاک دایک و یادەوەرییە و هیچ نەتەوەیەک نییە کە خاکی نەبێت”.
کاتێک مرۆڤ بە سادەیی سەیری ئەم قسەیە دەکات، زۆر کەیفخۆش دەبێت، چونکە قسەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشە. بەڵام مرۆڤ دەزانێت کە ئۆجەلان لەپشت ئەم قسەیەوە، ڕوانگەیەکی شاراوەی خۆی هەیە.
فەیلەسوفی ئەڵمانی ئێرنست کاسیرر (1874-1945) دەڵێت، هەرکاتێک کە خاک دەبێت بە هێما، سیاسەت بێ مانا دەبێت.
ڕۆماننووس میرسیا ئەلییادا دەڵێت: “کاتێک گەڕانەوە بۆ خاک، وەکوو پیرۆزی ناودەبرێت، بە واتای خۆپاراستن لە دژی تێکچوون و جێگەی پڕۆژەی سیاسی ناگرێتەوە”.
بە واتایەکی تر ئۆجەلان خاکی لە جێگەی دەوڵەت داناوە، بەڵام هیچ ئاڵترناتیڤێکی نەخوڵقاند. وتارێکی پیرۆزکردنی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، خاک لە هاووڵاتیان بەنرخترە و لە چاوی یاسادا هێمایەکە.
ئۆجەلان دەڵێ: “دیموکراسی بەبێ ژینگە بوونی نییە، ژینگە بەبێ ئەخلاق بوونی نییە، ژینگە خەمڵاندن نییە، بەڵکوو ڕۆحێکی کۆمەڵایەتییە”.
لە ساڵی 1982دا بوکچین گوتی: “ناتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە بێ گونجاندنی لەگەڵ ژینگەدا خەیاڵ بکەین، چونکە ئەم هاوکێشەیە لە سیاسەت جودا نییە و مەرجێکە کە دەبێت دابین بکرێت”.
ئەگەر سەیری هەردوو سەرچاوەکە بکەین، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی ئۆجەلان وتوویەتی، کۆپییەکی 100%ی ئەو قسانەیە کە بووکچین لە ساڵی 1982دا گوتوویەتی.
کاتێک ئۆجەلان ئەم بیرۆکەیەی کۆپی کرد، ناوی خاوەنی ڕاستەقینەی ڕوانگە و ڕامانەکەی نەهێنا. بەڵام دوای ئەوەی کە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، سەرلەنوێ هات و گوتی لە بووکچین وەرمگرتووە.
گەورەترین ساختەکاریی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالیدا ئەوە بوو کە هەموو ڕوانگەکانی ئەو زەلامە، هەر لە “ڕەخنەکردنی دەسەڵاتداریەوە بگرە هەتا کۆمەڵگەی ئەخلاقی و ژینگەی سیاسی و ژنانی چینی ناوەند” وەهای پێشکەش کردبوون وەک بڵێی هەمووی فکر و ڕامانی خۆی بوون و ئەم فکر و ڕامانە وەک ئیلهامێک لە زینداندا بۆی هاتوون.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ڕاستییە بێدەنگەکە ئەوەیە کە نە فکر و ڕامان و نە لێکدانەوەی ئەو بیرۆکانە، هی ئۆجەلان نین، بەڵکوو ئۆجەلان هەموو ئەوانەی لە کتێبخانە ڕۆژئاواییەکان و لە “فۆکۆ و بووکچین و ئارێنت و دی بوڤوار و ئیلیادا” وەرگرتووە و دواتر هاتووە بە زمانی تورکی هەندێ گۆڕانکاری بچووکی تێدا کردوون و بڵاوی کردوونەتەوە بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی خاوەنی ئەو بیرۆکانە کردبێت. ئۆجەلان ئەو دزییە فیکریانەی ئەنجامداوە و بەشێوەیەکی وەها کە نابێت هیچکام لە ئەندامانی حزبەکەشی ڕەخنەی لێبگرن.