بۆچی دەوڵەتی تورک ویستی پەکەکە لە ئێستادا چەک دابنێت؟

بۆچی دەوڵەتی تورک ویستی پەکەکە لە ئێستادا چەک دابنێت؟

چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و دوورخستنەوەی کوردە لە قەوارە و ستاتۆی تایبەت بەخۆی.

دەوڵەت باخچەلی، سیاسەتوانی هەرە ڕەگەزپەرست و تورکپەرست، لە ڕێکەوتی 22ی جووتمانگی 2024دا ڕایگەیاند، “با تەجرید لەسەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و با پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”. ئەم پرۆسەیە کە بەم وشانە دەستی پێکرد، لە ماوەی 7 مانگدا بە خێرایی پەرەی سەند. ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا بانگەوازێکی ئاراستەی حیزبەکەی خۆی کرد و گوتی خۆتان هەڵبوەشێننەوە. پەکەکەش لە 9ی ئایاردا بەستنی کۆنگرەی خۆی ئاشکرا کرد و وادیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا، ناوەڕۆکی مژاری چەکدانانی پەکەکە دەست پێدەکات.

هەموان پرسیاری ئەوە دەکەن کە بۆچی دوای 52 ساڵ، پەکەکە ئێستا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە؟ دەوڵەتی تورک بۆچی لەم کاتەدا ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد؟

دوای ئەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشی “تۆفانی ئەقسا”ی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، دۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتەئاراوە. ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی هەنگاوێکیان بەرەو گۆڕینی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەموار کردنی ڕێگا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیکردووە. گورزی کوشندە و کەمەرشکێنیان لە حەماس سرەواند و ڕژێمی ئەسەدیان ڕووخاند. دەستی ئێران لە زۆرێک لە ناوچەکان بڕدرا و هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەیهەوێت پڕۆژە مێژووییەکەی خۆی بە ناوی “کۆریدۆری داود” جێبەجێ بکات.

ڕێڕەوی داود پڕۆژەیەکە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی وشکانی کە لە بەرزاییەکانی گوڵانەوە بەرەو باشووری سووریا و هەتا ڕووباری فورات لەخۆ دەگرێت. کۆریدۆری داود، بەناو خاکی کوردستاندا تێدەپەڕێت و هاوکات ئامانجی ئەو کۆریدۆرە گۆڕینی سنوورەکانە، بۆیە هەم ئەو هێزانەی دەیانهەوێت سنوورەکان بگۆڕن و هەم ئەوانەی نایانهەوێت سنوورەکان بگۆڕدرێن، دەیانهەوێت کورد بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە هەموو لایەنەکان دەیانەوێت هاوپەیمانییەتی سەربازی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ کورد پێکبهێنن.

پەکەکە بۆ ماوەی 41 ساڵ بە دروشمی “ڕۆلی هێز، شەڕی گەریلا، بەرگریی ڕەوا” و چەندین چەمکی جیاوازی دیکە، چەکی هەڵگرتووە و بەردەوام دەیگوت من بەم چەکە کورد دەپارێزم، کەچی لەکاتێکدا کە هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەکیان هەڵگرتووە، پەکەکە باسی چەکدانان دەکات.

پڕۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پرۆژەیەکی ئیسرائیلی نەبوو، بەڵکوو پرۆژەی ئەوانە بوو کە  نایانهەوێ سنوورەکان و قەوارەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. بەڵگەی زۆر هەیە کە ئینگلتەرا بەشدارە لەم پرۆسەیەدا. ئینگلتەرا ڕێگری لەوە دەکات کە ئیسرائیل سنوورەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بگۆڕێت. دیارە بۆخۆی ئەم ڕێگرییانە بە ئاشکرا ناکات، بەڵکوو دەیهەوێت لە ڕێگەی تورکیا و عێراقەوە ڕێگری لە پرۆژەکەی ئیسرائیل بکات. هەر بۆیە وردە وردە گەڕایەوە ناو خاکی عێراق. بۆ نموونە هاوپەیمانەتیی لەگەڵ کۆمپانیای بریتانی پترۆلیۆم بۆ نەوتی کەرکوک پێکهێنا. لە ڕێکەوتی 14/1/2025دا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لەندەن ڕێککەوتنێکی گەورەیان واژۆکرد. ئینگلتەراش ویستی بگەڕێتەوە عێراق و هێزە سەربازییەکەی خۆی لە گەیارە جێگیربکات.

هەروەها بەریتانیا وەک ڕاوێژکارێک بۆ تورکیا سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە مامەڵەی کرد و دەزانین کە ڕیچارد مۆر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری MI6 ی بەریتانیا لە پاییزی ڕابردوودا هەندێک سەردانی نهێنی ئەنجامدان. ناوبراو چەند ستراتیژییەکی پێشنیار بە تورکەکان کرد و پێی گوتن: “ئێوە ئەگەر پەکەکە چەک نەکەن و پرسی کورد لە ناو سنوورەکانی خۆتاندا بە ئاشتیانە چارەسەر نەکەن، ناتوانن سنوورەکانتان بپارێزن”. و ئەم ستراتیژە لە ناوخۆی تورکیادا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆ ئەوەی کورد بە “پەیمانی ئەخلات” ئارام بکاتەوە، دەوڵەت باخچەلی کە یەکێک لە کەسە هەرە ڕەگەزپەرستەکانە لە تورکیادا، ئەم ئەرکەی پێدرا. بە واتایەکی تر ئەم پڕۆسەیەی نێوان باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان بەشێکە لە ستراتژییەک بۆ ئەوەی کە کورد نەتوانێ قەوارە و ستاتۆی تایبەت بە خۆی هەبێت.

ئەگەر ئەم بارودۆخە نەهاتبایە ئاراوە، دەوڵەتی تورک هەرگیز پەکەکەی هەڵنەدەوەشاندەوە. ئۆجەلان لە ساڵانی 1990دا لەگەڵ ڕاوێژکاری سەربازیی دەوڵەتی تورکدا لە دیمەشق لە یەک شوقەدا دەژیا. دەوڵەتی تورک هەرگیز ژیانی ئەوی نەکردە ئامانج. چونکە پێویستی بە ئۆجەلان هەبوو. دەوڵەتی تورک بە بیانووی هەبوونی پەکەکەوە بۆ ماوەی 50 ساڵ کۆمەڵگای خۆی بە زیندووی ڕاگرتووە و شەرعیەتی بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستهێناوە. ئەگەر بە بیانووی حزووری پەکەکەوە نەبوایە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا نەیدەتوانی بنکەی سەربازی لە باشووری کوردستان دابمەزرێنێت و نەیدەتوانی عەفرین و سەرێ کانیش داگیر بکات. هەروەها دەوڵەتی تورک لە بە تورکیکردنی مێشک و هزری کوردانی باکووری کوردستاندا، سوودێکی زۆری لە ئۆجەلان وەرگرت. دەکرێ بڵێین کە ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورک وەکوو مریشکێک بوو کە هێلکەی زێڕینی بۆ دەکرد. لەساڵی 2000 بەملاوە، پەکەکە ڕاستەوخۆ بەپێی ستراتیژی دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەبرێت. کاتێک ئاگربەست بۆ تورکیا پێویست بوو، ئاگربەستی ڕاگەیاند، کاتێک شەڕ پێویست بوو شەڕی کرد، ئێستاش بەرژەوەندی تورکیا لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدایە، بۆیە پەکەکە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیادا نییە، بەڵکوو بۆ پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و دوورخستنەوەی کوردە لە قەوارە و ستاتۆی تایبەت بەخۆی. دەوڵەتی تورک ئەمجارە ئەرکی بە پەکەکە و ئۆجەلان داوە تا کورد بێ چەک ئاراستە بکەن.

پوستێن ھەمان بەش