چالاکیی ئێشکگری لە بەنداوی تشرین کۆتایی هات؛ کورد چ قازانجێکی کرد و چی لە دەست دا؟

چالاکیی ئێشکگری لە بەنداوی تشرین کۆتایی هات؛ کورد چ قازانجێکی کرد و چی لە دەست دا؟

لە تشرین هیچ سەرکەوتنێک بۆ کورد دەستەبەر نەبووە، پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد لە بەرامبەر ئەو هەڵانەدا بوێر بن و بتوانن ڕەخنەیان لێبگرن.

لە رێکەوتی 5/5/2025دا، بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئێشکگری لە بەنداوی تشرین کۆتایی هاتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی مرۆیی کە بۆ ماوەی 100 ڕۆژە بەردەوام بوو و بە چالاکیی ئێشکگری ناو دەبرا، ئیدی کۆتایی پێهاتووە و “چالاکییەکە بە ئەنجام گەیشتووە و بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێهات”.

ڕاگەیاندراقوکەی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا لە میدیاکانەوە وەک هەواڵ بڵاوکرایەوە و خەڵکی شاری قامیشلۆ لە ژێر فەرمان و چاوەدێریی سەرکردایەتی یەپەگەدا، بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ، ئاهەنگێکیان سازکرد. بەڵام دوو پرسیاری بنەڕەتی هەیە: یەکەم؛ ئایا کورد لە تشرین سەرکەوت؟ ئەو کات؛ ئایا قوربانی کردنی دەیان هاووڵاتی مەدەنی لە تشرین پێویست بوو؟

ئایا ئۆجەلان لە ڕێککەوتنی بەنداوی تشریندا هیچ ڕۆڵێکی هەبوو کە لە ڕای گشتی شاردرابێتەوە؟

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی 2024دا، هەڕەشەی میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان، گەیشتە ئاستێکی بەرز و بەنداوی تشرین چەقی هێرشی ئەو میلیشیا داگیرکەرانە بوو.

بەنداوی تشرین لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگ بوو. بەڵام لە 11ی نیساندا هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی نوێ لە دیمەشق لە بەنداوی تشرین جێگیرکران. هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بەیاننامەیەکی لە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی (AFP) بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی دیمەشق لە بەنداوی تشرین جێگیر دەبن و بەنداوەکەش لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە بەڕێوەدەبرێت. تا ئێستا نە هەسەدە و نە حکوومەتی دیمەشق لەو بارەیەوە هیچ بەیاننامەیەکی فەرمییان بڵاونەکردۆتەوە. بەڵام لە ئێستادا هیچ هێزێکی سەربازی هەسەدە لە بەنداوی تشریندا نەماوە. ئەمەش لە بنەڕەتدا بە مانای کشانەوەی هێزە کوردییەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات دێت.

لە پشت کشانەوەی بێدەنگی کورد لە بەنداوی تشرین دانوستانی نهێنی هەیە. لەسەر زەویدا بە ڕوونی دیارە کە ئەمریکا و فەرەنسا بە پێی ئەجێندای سیاسی خۆیان، بۆ پێکهێنانی هەندێک کۆبوونەوەی نێوان دەوڵەتی تورک و هێزەکانی هەسەدە هەماهەنگیان کردووە و لایەنەکان لەسەر ئاگربەستێکی راستین ڕێککەوتوون. بە پێی ئەم ڕێکەوتنە هەسەدە بە بێدەنگی هێزەکانی خۆی لە باکووری فورات کشاندۆتەوە.

بەڵام گرنگترین ڕۆڵ ئەو بەڵێنە گێڕای کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا بە دەوڵەتی تورکی دابوو. ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی دەم لە 17ی شوباتی 2025دا ڕایگەیاند کە “نامەکەی ئۆجەلان گەیشتووەتە دەسەڵاتدارانی باکور ـ ڕۆژهەڵاتی سوریا”. دوای ئەو بەروارە نە بەرێوەبەرانی پەکەکە و نە بەرپرسانی هەسەدەش، لە بارەی ناوەڕۆکی نامەکەوە هیچ لێدوانێکیان نەدا. سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە ئاشکرایان کرد کە نامەکە ئەو زانیاریەی تێدا باس کراوە کە ئۆجەلان بەڵێنی بە دەوڵەتی تورک داوە “ڕۆژئاڤا بە ڕێڕەوێکدا نەڕوات کەوا لە دژی ستراتژیەتی تورکیا بێت”.

هەڵوێستی گشتیی ئۆجەلان هیچ گومانێک لە دروستی ئەم زانیاریانە ناهێڵێتەوە. لە ڕاستیدا لە 10ی ئازاردا یەکپارچەیی خاکی سوریا بە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق، گەرەنتی کرا. کشانەوەی هەسەدە لە بەنداوی تشرین، لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەی ڕێککەوتنەدا و لە ڕێکەوتی 11ی نیساندا پێکهات.

واتە کشانەوە لە تشرین، بە ستراتیژیی ئۆجەلان پێکهات و ئەمەش لە بەرژەوەندیی کورددا نیە

بۆچی ئەنجامی خۆپیشاندانی 100 ڕۆژە و ژمارەی شەهیدەکان ڕانەگەیەندرا؟

لە شەڕ و سیاسەتدا پاشەکشەکردن و کۆکردنەوەی هێز بۆ بزووتنەوەیەکی نوێ، ئاساییە. ئامانجی لێکۆڵینەوە لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە بەنداوی تشرین ئەوە نییە کە ڕەخنە بگرین “بۆچی کشاونەتەوە؟” بەڵکوو بنەمای ڕەخنەکان ئەوەیە کە چارەنووسی ڕۆژئاڤا ڕادەستی ئۆجەلان کراوە. مەسەلەی دووەمیش ئەوەیە کە بۆچی و چۆناوچۆن خەڵکی سڤیل لەو یارییەدا بەکارهێنران.

لە بەیاننامەکەی بەڕێوەبەریی خۆسەر سەبارەت بە کۆتاییهاتن بە چالاکییەکەی بەنداوی تشریندا، هیچ ئاماژەیەک بە ژمارەی شەهیدانی مەدەنیی نەکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە وەک لە میدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە 8ی چلە بەملاوە، نزیکەی 30 کەس لە بەنداوی تشرین شەهید بوون و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون. بۆ نموونە هونەرمەند “بابێ تەیار” یەکێکە لە شەهیدەکانە.

بڕیاری ڕەوانەکردنی هاوڵاتی مەدەنی بۆ تشرین، بڕیارێکی هەڵە بوو. لە 8ی ئازاردا دەرکەوت کە دەوڵەتی تورک لە تشریندا خەڵکی سڤیل گوللـەباران دەکات. بەڵام لیژنەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بەپێی ژمارەی دیاریکراو لە شارەکاندا خەلکی سڤیلیان کۆ دەکردەوە و گرووپ، گرووپ ڕەوانەی بەنداوی تشرینیان دەکردن و چالاکییان پێ ئەنجام دەدان. گرووپەکانی وەک گرووپی مامۆستایان و گرووپی خوێندکاران و گرووپی هونەرمەندانیش ناچار بوون کە لە چالاکیی قەڵغانی مرۆییدا بەشداری بکەن. هەرچەندە بۆخۆیان دەیانزانی کە لە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵام ناچار بوون کە بەشداری بکەن. بە کورتی، ئەوەی لە بەنداوی تشرین ڕوویدا، چالاکیی ئێشکگری نەبوو، بەڵکوو لە ڕاستیدا بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل وەکوو قەڵخان بوو.

ئەم شێوازە لە چالاکیی هەسەدە دەریدەخات کە پەکەکە خەڵکی سڤیل بەکاردەهێنێت. تێوەگلانی جەماوەر لە چالاکیهای لەوشێوەیە، پیرۆزکردنی ئەو شتانەی کە بە شەهیدان و خوێنڕشتن و بێدەنگکردنی خەڵک لە شێوازی شەڕی پەکەکەدا، بە ئاشکرا دیارە. شەڕ بە قوربانیدانی جەماوەری یان مردن سەرناکەوێت.

شەڕەکان بە بەرخۆدانی سەربازی و هەوڵی دیپلۆماسی سەردەکەون. سەرەڕای زانینی ئەو ڕاستییە، پەکەکە بە بەکارهێنان و قوربانیکردنی جەماوەر وەک خۆراکی تەبلیغاتی، زیانێکی زۆری بە کورد گەیاندووە. قبووڵ ناکرێت کە بەڕێوەبەریی هەسەدە هەمان شێواز لە ڕۆژئاڤا بەکاربهێنێت. چونکە گردبوونە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکانی بەنداوی تشرین، زۆر منداڵی بێ باوک کرد و زۆر خێزانی پارچە پارچە کرد و هەڵیوەشاندنەوە. کورد بەشی خۆی لە شەڕدا قوربانیی سڤیلی داوە. قوربانیدانی زیاتر بۆ هاوکێشەی “مەرگ-خوێن-پیرۆزی” هیچ واتا و سوودێکی نیە.

لە تشرین هیچ سەرکەوتنێک بۆ کورد نییە. جگە لەوەش دۆخی ئێستای تشرین کە چەکەکان بێدەنگن، بە مانۆڕی دیپلۆماسی و سیاسی و ئەو خوێنەی کە لە خەڵکی سڤیل ڕژاوە، مسۆگەر بووە. بڕیاری بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بۆ هەناردنەوەی خەڵکی سڤیل بۆ مالەکانی خۆیان لە ژێر ناوی “پیرۆزبایی سەرکەوتنی تشرین”دا، چالاکییەکە کەوا تەنیا لەسەر هاندانی جەماوەرەکەی خۆی دامەزراوە. پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد لە بەرامبەر ئەو هەڵانەدا بوێر بن و بتوانن ڕەخنەیان لێبگرن.

Share

پوستێن ھەمان بەش