پەکەکە هەمیشە دەوڵەتی تورکی بە حوکمڕانی سەربازی تۆمەتبار دەکرد و ئێستا خۆی تەسلیمی ئەو دەوڵەتە سەربازییە کردوە.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
لە ڕووی مێژووییەوە شۆڕشەکان بە شکستی هێزە چەکدارەکان لە بەرەکانی شەڕدا لەناو نەچوون، بەڵام کاتێک زمان ئیدی لە بەرەکانی شەڕدا نەما، وشەکان وشک بوون و بەیاننامەکان وەک خوێنڕژاندنیان لێهات، لەناوچوون بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بە هەزاران گەنج کە خوێنیان بۆ دۆزی کوردایەتی و ئازادی نەتەوەیەک و گەیشتن بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ڕژاوە، بوونەتە قوربانی ڕێککەوتنێکی تاکلایەنە و چارەنووسێکی نادیار. فیداکارییەکانیان بوو بە قوربانی بۆ ئازادییەکی ساختە.
مافی ڕەوای ئەو فیداکارانە لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا بڵاونەکرایەوە، بەڵکوو لە شێوەی شیعرێکدا، بە سۆز و خولیای مرۆڤایەتی و بە زمانە ڕەسەنەکان، ڕاگەیاندراوی پارتی کرێکاران کە لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا پەسەند کرا، وەک دوعایەکی کۆتایی بوو بەسەر جەستەیەکی ئامادەنەبوودا.
میللەتی کورد هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراوی لەگەڵ جیهان واژۆ نەکردووە و ناوی کورد لەسەر هیچ نەخشەیەکی یاسایی نەنووسراوە.
چارەنووسی کورد لە باکوور ئێستا لە بن دەریایەکی بێکۆتاییدا نوقم بووە. کوردانی باکوور لەگەڵ دوایین ڕاگەیاندراوی پارتی کرێکاران بەرەوڕوون کە ناوی داگیرکەرانی کوردستانی تێدا نییە. جگە لەوەش هیچ لایەنێکی سێیەم لەم پڕۆژەی ئاشتیدا نابیندرێت.
پەکەکە لە ماڵێکی بریندارەوە هاتۆتە دەرەوە و چەکی بەرامبەر ئەو لایەنە هەڵگرت کە کوردستانی داگیرکردووە. ئەمڕۆکەش بەبێ پەیماننامەیەکی واژۆکراو و بەبێ چاودێری دەوڵەتێکی سەربەخۆ، خۆی هەڵوەشاندەوە.
ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە، کێ مافی ئەوەی هەیە بەناوی هەزاران شەهید و بریندار و ئاوارە و دیلەوە قسە بکات؟؟ ئایا ئەو خەونانەی کە ئێمە لەسەر جووتیاران هۆنیومانەتەوە، بەرەو کوێمان دەبەن؟
چۆن بتوانین ئەو تەرمانە وەربگرینەوە کە لە ژێر تانکی دوژمندا سووتاون و لەناوچوون؟
چۆن سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکەین و چییان پێ بڵێین؟؟؟
لە فەلسەفەی سیاسیدا، بەتایبەتی لەلایەن فەیلەسوفانی جیهانی وەک کانت و هابرماسەوە، ئاگادارکراوینەوە کە ئاشتی کاتێک دەبێت بە واقیع کە هەردوولا:
1ـ یەکتر قبووڵ دەکەن.
2ـ وازهێنانەکە دەبێ هاوسەنگ بێت.
3ـ گەرەنتی یاسایی هەبن.
بەڵام ئەوەی ئێستا بینراوە ئاشتییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو بۆشاییەکی سیاسی و فیکری و ئینسانییە.
ئەم ئاشتییە دەچێتە قۆناغێکی پێچەوانەوە، چونکە هەموو پرسیارەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز وەڵام دەدرێنەوە و هەموو ناخۆشی و هاواری شەهیدەکان کاڵ بوونەتەوە و کەوتۆتە ناو دۆڵێکی بێدەنگ.
ئێمە ئێستا لەبەردەم دووفاقییەکداین: حیزبێکی وەک پەکەکە هەمیشە دەوڵەتی تورکیای بە حوکمڕانی سەربازی تۆمەتبار کردووە، ئەمڕۆکەش هەمان حزب خۆی تەسلیمی ئەو دەوڵەتە سەربازییە کردوە. بەبێ ئەوەی کە هیچ ڕێکەوتنێکی واژۆکراو یان کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەبێت کە داواکارییەکانیان دەستنیشان بکات. ئەم ڕێککەوتنە وەک ئەو وتەی کورد وایە: “کەرەکە مەمرە بەهارە، چووزەی کەما دیارە”!!
مانیفێستی پەکەکە بەڵگەنامەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی وجودییە، ئانتۆلۆژیکە و پێناسەیەکی نوێیە بۆ کورد، کە بە عەقڵی یەک کەس، عەبدوڵڵا ئۆجالان ئامادەکراوە. ئۆجەلان لە پێناسەکەیدا دەڵێت: “ڕکابەریی کورد لە باکوور چیتر ڕکابەرییەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو پڕۆژەی دیموکراتیزەکردنی گەلانە، بەبێ تێگەیشتنێکی نەتەوەیی”. واتە ساڕێژکردنی برینەکان بەناوی ئاشتی و گۆڕینی هۆشمەندی بەناوی نوێبوونەوەی سەقامگیر، پێناسە دەکات.
کێ تەرمی ئەو گەنجانە دەگەڕێنێتەوە کە ئێمە تەنانەت شوێنی گۆڕەکانیشیان نازانین؟؟
کێ فرمێسکی ئەو دایکە دەگەڕێنێتەوە کە بەناوی ئازادییەوە فریودرابوو؟
کێ گوندە سووتاوەکان و کانیاوەکانیان دەگەڕێنێتەوە؟؟
کێ منداڵێک کە لە دەربەدەریدا گەورە بووە، قەناعەت پێدەکات کە پرسی کورد پرسێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو کێشەی دیموکراتیزەکردنی گەلانە؟
لە ئەنجامدا، ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکوو هاوکات ڕاگەیاندنێکە کە کورد بە گشتی و باکوور بەتایبەتی، تەنیا لایەن نین کە خۆیان تەسلیمی ئەم پڕۆژەیە بکەن.