“لەخۆڕا نەبوو کە بەشار ئەسەد ڕۆژئاڤای بە هەموو چەک و چۆڵەکانیەوە بە ئێوە سپارد”.
بابێ جەنگۆ
لە شانسی ئاژانسی ئانها بێت، دەڵێن ئەندامی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە و قەراسەی زەلامان، ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاندووە کە پێڤاژۆی نوێ، ئایندەی سوریا دیاری دەکات و داوای لە هەموو لایەنەکانی سووریا کردووە کەوا داخوازییەکانی دیموکراسی و یەکسانی و ئازادی لەبەرچاو بگرن و دەست بکەن بە گۆڤەند و دیلانێکی دیموکراتیک بکەن.
ئاڵدارەکەی ئێمە، باسی زۆر شتی کردووە، شۆڕش و مۆڕش، پێشەڕۆژ و پاشەڕۆژی سووریا و زۆر شتی تری کرد. بێگومان ئەو ڕۆڵەی لەبیر نەکرد کە بەڕیوەبەریی خۆسەر، ڕێژیمەکەی ئەسەدی لەسەر پێی خۆی هێشتبوویەوە و نەیهێشت سووریا دابەش ببێت.
بەپێی فیتنە و گەندەڵی شاری قامیشلۆ، ئاڵداری ئێمە بە ئاژانسی ئانهای گوتووە:
“بە سەری من و تۆ، بە شەش تەڵاق کە هیچ مەلایەک چاکی نەکاتەوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر بوو کە سوریای لە دابەشبوون پاراستووە و دەیپارێزێت. بەڕێوەبەریی خۆسەر نموونەیەکە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان سووریا. لەبەرئەوەی هیچ نیازی جیابوونەوە لە سووریای نییە و پرەنسیپی نەتەوەیی نیە (نەتەوەی سووریا)، بەڕیوەبەریی لەم ڕووەوە خۆی سەلماندووە. لەوانەیە ترس لە دابەشبوونی سووریا لە پڕۆژەکانی تردا هەبێت، بەڵام پڕۆژەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە مەترسییەکانی دابەشبوون دوورمان دەخاتەوە. ئەمەش بناغەکانی یەکێتی لە سووریا بەهێزتر دەکات” و سمێڵەکانی خۆی باداوە.
بەڵێ، یەکێک لە سەرکردەکانی سەر عەرز و بن عەرزی نەتەوەی سووریا، خاڵی ئێوە ئاڵدار خەلیل، جارێکی دیکە بە ئاژانسی ئانهای سەلماند کە ئەوان ڕێگەیان نەداوە سووریا دابەش بێت و ئەمڕۆکەش ناهێڵن و نایانهەوێت. ئاڵدارەکەی ئێمە باسی دیموکراسی و ئازادی تاکەکەسی (ئازادی شەخسی)ی کردووە، باسی نەتەوەی سووریای کردووە، بەڵام هەببوونی نەتەوەی کورد و مافەکانی نەتەوەی کوردی لە گیرفانی خۆی شاردەوە و دەرینەهێنا.
سەرتان نائێشێنم، لەخۆڕا نەبوو کە بەشار ئەسەد ڕۆژئاڤای بە هەموو چەک و چۆڵەکانیەوە بە ئێوە سپارد، برالە. ئاها بۆ ئەم ڕۆژانە ئێوە خاوەنداریتان لێکرد، ئاها لە پێناو سووریایەکی یەکپارچەدا، دژی خواستی مافە نەتەوەییەکان و بۆ مافە تاکەکەسییەکان و شەخسییەکان مامەڵە دەکەن.
خودا کەریم و ڕەحیمە برالە…
هەر بزنێک بە قاچی خۆیەوە هەڵدەواسرێت. بێگومان ڕۆژێک دێت کە دەوران بگۆڕێت و کوردیش مافە نەتەوەییەکانی خۆی دەستەبەر بکات و خەلاس…
قامشلۆ