ئەو بزووتنەوەیەی ژنان کە نەتوانێت تەحەکوم و ستەمکاریی پەکەکە بۆ سەر ژنان ڕەت بکاتەوە، بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینەی ژنان نییە.
لە شەوی 6 لەسەر 7ی نۆڤەمبەردا، ژنێکی لاوی تەمەن 30 ساڵان بە ناوی “لەیلا محەممەدی” لە ناوچەی فەیدی شاری دهۆک کوژرا. بکوژە بێ بەزەیی و دڵڕەقەکە بە دووری تەنها یەک مەتر و لە بەرچاوی کۆرپە تەمەن 50 ڕۆژەکەیەوە، ئەو دایکەی گوللـەباران کرد.
لەیلا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە نەکوژرا.
لەیلا لەلایەن براکەیەوە نەکوژرا.
لەیلا بە بڕیاری عەشیرەتەکەی نەکوژرا.
لەیلا بە بیانووی “شەرەف”ـەوە نەکوژرا.
لەیلا لەلایەن کێیەوە کوژرا؟ لەیلا محەممەدی لەلایەن پەکەکەوە کوژرا، پەکەکەیەک کە بە شانازییەوە ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئایدۆلۆژیاکەی لەسەر بنەمای “ئازادی ژن” دامەزراوە. پەکەکەیەک کە ئیدیعای ئەوە دەکات، لەژێرناوی “ژنۆلۆژی”دا زانستێکی بۆ ژنان ئافراندووە و دەڵێ ئەو زانستە هەموو ژنانی ئجیهان دەپارێزێت. بەڵام هەر ئەو پەکەکەیە ژنێکی گەنج و دایکێکی جەوان بەناوی لەیلا محەممەدی بەوشێوە دڕندانە و بێڕەحمانە لەبەرچاوی کۆرپە شیرەخۆرەکەیدا خەڵتانی خوێن دەکات و گیانی لێ دەستێنێت.
کوشتنی لەیلا لەلایەن پەکەکەوە، تاوانێکە دژی ژنان
کاتێک لەیلا کوژرا تەنها 18 ڕۆژ بۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان مابوو.
دوای کوشتنی لەیلا، یەکێک لە لقەکانی پەکەکە لە شاری سلێمانی بەناوی “RJAK” (ڕژاک)، بە سەرۆکایەتی مەجلیسی ژنان، هەڵمەتێکیان بە ناوی “بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی ژنان” دەستپێکرد.
دوای کوشتنی لەیلا، کەمپی پەکەکە لە مەخموور، چالاکی “تێکۆشان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان”ی بەڕێوەبرد.
ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا، ڕێکخستنەکانی لە تورکیا و دامەزراوەکانی ڕۆژئاڤای پەکەکە، هەموویان بە ڕواڵەت دژایەتی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، بەڵام کەسیان ئیدانەی کوشتنی هەڤاڵێکی پێشووی خۆیان واتە “لەیلا محەممەدی”یان نەکرد کە لەلایەن ڕێکخراوە پیرۆزەکەیانەوە لە بەر چاوی هەموویانەوە کوژرا.
هەموو ئەم دامەزراوە و دەزگایانە دووڕوون. لە ڕاستیدا هیچ کامیان نە خاوەنی ئەو هێزەن کە خاوەندارێتی لە ژنان بکەن و نە ویژدانیشیان هەیە. ئەو بزاڤانەی ژنان کە سەر بە پەکەکەن، تەنها دوو ئەرکی سەرەکییان هەیە.
1ـ پەکەکە لە کوردستان پرسی ژنان وەک ڕووداوێکی پۆپۆلیستی و شاراوەی سەرنجڕاکێش بەکار دەهێنێت و پرسی ژنان دەخاتە پێش پرسی کورد و کوردستانەوە و گەلی کورد لە ئامانجە نەتەوەییەکانی دوور دەخاتەوە.
2ـ شاردنەوەی هەموو سیاسەتە دواکەوتووانە و خراپ و توندوتیژەکانی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بە پیرۆز پیشاندانی پەکەکە و توندڕەوییەکانی پەکەکە.
جەماوەری بزووتنەوەکانی ژنانی پەکەکە دەبێ بەڕاستی کوردپەروەر و کوردستانی بن و لە دژی ئەو نادادپەروەرییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بوەستنەوە. بەڵام سەرکردایەتییەکەی ئەوان لەو سیفەتانە دوورکەوتووەتەوە کە ژیانی ژنان باشتر دەکەن و بوونەتە نێر؛ زیاتر لە پیاوان بوونەتە سەنگەری شەڕی پیشەیی و پلە و پۆست و مەقام. کادیرە ژنەکانی پەکەکە بوونەتە سێبەرێکی بچووکی جەمیل بایک. پەکەکە هەر زوو بۆی دەرکەوت کە ژنان بە تایبەت ژنانی کورد، خاوەن هێزی پێشەنگایەتی و گۆڕانی کۆمەڵایەتین، دەستی بەسەر ئەم هێزەدا گرت و کردیان بە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ حزبەکەیان.
پەکەکە ئەو فشارە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و دەروونییانە دەشارێتەوە کە بۆخۆی بەسەر ژنانیدا دەسەپێنێت. ئەگەر ئێمەی کورد ئاوڕێک لە ڕابردوو و ئەمڕۆی توندوتییژەکان دژ بە ژنان بدەینەوە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ حیزب و بزووتنەوەیەکی سیاسی هێندەی پەکەکە دوژمنایەتی ژنانی نەکردووە و هیچ بزووتنەوەیەک هێندەی پەکەکە ڕەوایەتی و پیرۆزیی بە توندڕەوییەکانی خۆی نەداوە.
لە هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسیدا بەقەد پەکەکە، ژنان ڕووبەڕووی نادادپەروەری و توندوتیژی نەبوونەتەوە. هیچ بزووتنەوەیەکی ژنان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا ژنێکی لەبەردەم منداڵە ساواکەیدا نەکوژێت. هیچ بزووتنەوەیەک ئەو ژنانەی کە لە حیزبەکە جیا بوونەتەوە، لەبەر چاوی کۆرپە شیرەخۆرەکەیەوە نەکوشتووە. هیچ بزاڤ و جەریانێک ژنانیان تەنها لەبەر ئەوەی کە پێوەندیی سێکسییان لەگەڵ ڕێبەری جەریانەکە ڕەد کردبێتەوە، تۆمەتی سیخوڕییان نەداوەتە پاڵ و نەیانکوشتووە.
لە مێژووی پەکەکەدا هەر لە ساڵانی 1980ـەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، بە سەدان کادری ژن لەلایەن پەکەکەوە کوژراون. لە “لاما باکسی” هەتا “سامیە ئاشکن”، لە “فلیز یەرلکایا” هەتا “بەتول جیجی”، هەموو ژنە کوژراوەکان، ڕوانگەی ڕاستەقینەی پەکەکە سەبارەت بە ژنان پیشان دەدەن.
ئەوانەی لەسەر شەقامەکان دروشم بۆ ژنان بەرز دەکەنەوە، پێویستە لەپێشدا خاوەندارێتی لە مافی ئەو ژنانە بکەن کە لەلایەن پەکەکەوە کوژراون.
لەو ژنانەی کە بەهۆی تاوانی شەرەفەوە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، زیاتر ئەو ژنانە کوژراون کە لە پەکەکە جودا بوونەتەوە. ئەو ژنانەی بە دەستی دەستدرێژیکارەکانیان کوژراون و ئەو ژنانەی دەستدرێژی ئۆجالانیان ڕەتکردەوە، خاوەن هەمان دادپەروەرین؛ ئەو ژنانەی بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە کوژراون، بە ڕادەی هەمان ئەو ژنانەن کە بە بڕیاری ئەنجومەنی بنەماڵە کوژراون. ئەو بزووتنەوەیەی ژنان کە نەتوانێت تەحەکوم و ستەمکاریی پەکەکە بۆ سەر ژنان ڕەت بکاتەوە، بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینەی ژنان نییە.