ئەو 3 دەرفەتەی کە پەکەکە لە 45 ساڵی ڕابردوودا لەکیسی کوردی داون و ڕۆڵی پەکەکە لە سەردەمی نوێی دەرفەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئەو 3 دەرفەتەی کە پەکەکە لە 45 ساڵی ڕابردوودا لەکیسی کوردی داون و ڕۆڵی پەکەکە لە سەردەمی نوێی دەرفەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دوژمنایەتییەی پەکەکە بەرامبەر کورد ئەوەندە مەترسیدارە کە دەتوانێت کوردستان و کورد لە سەدەی 21یشدا تووشی شکست بکات.

لە 7ی جووتمەهی 2024دا، دژی ئۆپەراسیۆنی حەماس بە ناوی “تۆفانی ئەل ـ ئەقسا” بۆ سەر ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنێک لەژێر ناوی “شمشێر”دا وەڵامی دایەوە. لە ڕاستیدا هەنووکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم تۆفانێک هەیە و هەمیش شمشێر ڕادەکێشرێت. لە ململانێ و ئاڵۆزیی تۆفان و شمشیردا، کورد ئەکتەری سەرەکییە. عەرەب، فارس، ئیسرائیل، تورک ـ هەرکەسەو هەوڵدەدات کورد بباتە لای خۆی. لە ڕاستیشدا کورد کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی پەراوێز خراوە، ئێستاکە خاوەن ئەو مەرجانەیە کە دەتوانێ ببێت بە ئەکتەری سەرەکی.

بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە: ئایا کورد بۆ ئەمە ئامادەیە؟ لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، پێویستە کوردەکان هەموو ناکۆکییەکانیان بخەنە لایەک و هەموویان لە دەوری ئازادیی کوردستاندا کۆ ببنەوە، یەکگرتوو بن و هەموو کێبڕکێی ناوخۆیی و جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان وەلا بنێن و سیاسەتێکی کوردانە و کوردستانی بە ئەساس وەربگرن. ئایا ئیمکانی هەیە کە ئەمە ڕوو بدات؟ کاتێک ئاوڕێکی خێرا لە ڕابردوو دەدەینەوە، دەبینین لە ماوەی 45 ساڵی ڕابردوودا بەداخەوە پەکەکە 3 دەرفەتی هەرە گرینگ و زێڕینی لە کیس کوردان داوە.

دەرفەتی یەکەم: لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کە ڕژێمی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، چەند دەوڵەتێکی نوێ لە باڵکان دامەزران. دوای هێرشی ڕژێمی سەدام بۆ سەر کوەیت، پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتانی نوێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتەوە. لەم هەلومەرجە نێودەوڵەتیانەدا دەرفەتی گرینگ بۆ کورد ڕەخسا. هەرچەندە لەسەر باشووری کوردستان بەدیار دەکەوت، بەڵام لە واقیعدا هۆشمەندیی بنیاتنانی کوردستان لە مێشکی هەموو گەلی کورددا زیندوو بوو. کورد بوون بە خاوەن پارلەمانی خۆیان. نۆرماڵ ئەوە بوو کە دوای قۆناخێکی وەک لۆزان، سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکان، سەرجەم گەلی کورد لە دەوری باشووری کوردستان کۆببێتەوە. بەڵام پەکەکە چی کرد؟ لە ساڵی 1991، تەنانەت پێش دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان، ئۆجەلان گوتی “ئەوان دەیانەوێت بە پێدانی ئۆتۆنۆمییەکی بچووک بە باشوور، ئامانجی کوردستانی گەورە بشارنەوە” و بەم شێوەیە نیشانی دا کە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان وەکوو دوژمن سەیر دەکات. پەکەکە لە باکوور لەبری ئەوەی کە خەڵک هان بدات بەرگری لە دەستکەوتەکانی باشوور بکەن، بەرەو قۆناخێکی سەرهەلدانی بێ ئامانج پاڵی پێوەنان و باکووری کوردستانی چەقاند.

پەکەکە ڕێگای نەدەدا کە خۆراک و یارمەتی دیکە بگاتە خەڵکی باشوور کە دوای ئەنفال لە هەژاری و برسێتیدا بوون و بۆ ئەوەی ئاستەنگ دروست بکات، داوای باجی گومرگیی کرد. ڕێگای نەدەدا کە خەڵکی گوندەکان بگەڕینەوە سەر زێدی خۆیان و سەرئەنجام لە ساڵی 1992دا پێکدادان و پێکهەڵپرژانەکان دەستیان پێکرد. پەکەکە، بۆ ئەوەی خۆی لە باشووردا بکاتە شەریکەبەش، هێرشی کردە سەر شارەکان، بەتایبەتی شوێنەکانی وەک ئامێدی، سیدەکان، بامەڕنی و هتد… و بە دەیان گوند چۆڵ کران. پەکەکە لە نێوان ساڵانی 1992-1999 هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و لە نێوان ساڵانی 1999-2003دا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە). هەڵەمان نەکردووە کە ئەگەر ئەو ساڵانە بە قۆناغێک ناوببەین کە پەکەکە بە دنەدانی لە لایەن ئێران و تەنانەت دەوڵەتی تورکیشەوە، لەسەر ناکۆکیی نێوان کورد یاریی دەکرد و بەو هۆیەوە هەم دەرفەتی لە داگیرکەران بەدەست دەکەوت و هەمیش هەوڵیدەدا خۆی بکات بە شەریکەبەشی دەستکەوتەکانی باشووری نیشتمان.

دەرفەتی دووەم: لە ساڵی 2003دا و لە سەردەمی ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا، بەدەستهێنانی قەوارەیەکی نێودەوڵەتی بوو بۆ باشووری کوردستان. ئەمەش بە شێوەیەکی فەرمی، داڕمانی سیستەمی لۆزان و نیشانەیەکیش بوو بۆ نزیکبوونەوە لە بەهاری بەدەوڵەتبوونی نەتەوەی کورد. جیهان گۆڕانکاریی زۆری بەخۆیەوە دەبینی و گۆڕانکارییەکانی باڵکان زەنگی دروستکردنی دەوڵەتی نوێیان لێدەدا. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەنگی سەرلێشێواوییەکی گەورە دەستی پێکردبوو. بەڵام پەکەکە دیسان ڕۆڵی نەرێنیی گێڕا. پێش هەموو شتێک لە بواری ئایدیۆلۆژیدا، بە گوتنی دەستەواژەکانی وەک “دەوڵەت، کۆنفیدرالیزم، بە خوداوەند کردن، ئافرێنەر، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ئازادیخوازیی سێکسی، پارادایمی نوێ، تورکیایەتی” – کە بە پشتیوانی داگیرکەران ئامادەکرابوون- نەتەوەی کوردی بەرەو هەڵەیەکی هۆشمەندیی برد.

ئەمجارە گوتی “لە باشوور، ئامادەکاریی بۆ دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت، ئێمە خوازیاری ڕێگاچارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکین”. لە ساڵی 1992دا هێرشی کردە سەر حکوومەتی باشوور بە بیانووی ئەوەی کە نایانهەوێت ببنە دەوڵەت، ئەمجارەش بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێت ببنە دەوڵەت، پەلاماری حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەدا. هەلومەرجی ئەم سەردەمە ڕێگەی بە هێرشی فیزیکی نەدەدا، بەڵام ژێربەژێر، هەوم دەیهەویست دەستکەوتەکانی باشووری لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەش بکات و هەمیش هەوڵیدا کە کوردانی باکوور لە دەستکەوتەکانی باشوور دوور بخاتەوە. لەو قۆناخەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان فەرمانی “کوردەکان ڕوو لە هەولێر بکەن مەترسیدارە، دەبێ کوردەکانی باکوور ڕوو بکەن لە ئەنقەرە”ی دەرکرد. لە “نەورۆزی 2005ی ئامەد”دا کۆنفیدڕاڵیزم ڕاگەیەندرا، بەڵام ئێستا کەس لە بیری نەماوە. لەو ڕۆژەوە سیاسەتی لەگال (سیاسەتێک بەپێی دەستووری ڕاست و دروست)ی باکووری کوردستان و گەلی نیشتمانپەروەر، بە دوای بزووتنەوەیەکدا کە میحوەرەکەی لەدەستداوە، بەرەو توانەوەی ناسنامەی کوردستانی ڕاکێش دەکرێن.

دەرفەتی سێهەم: بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی 2009 دەستی پێکرد، بناخەی ململانێکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆ کورد هەم دەرفەتی گەورە و هەمیش هەڕەشەی گەورە سەریان هەڵدا. کورد دەیتوانی لە ڕێگەی یەکگرتوویی ناوخۆییەوە دەسکەوتی گەورە دەستەبەر بکات. پەدەکە ئامادە بوو ئیمکانیاتەکانی خۆی لەم بوارەدا هاوبەش بکات. کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە هەولێر کۆدەبوویەوە. ئەگەر ئەو کۆنگرەیە ببەسترایە و ئەو خاڵانەی کە لە پرەنسیپدا قبوڵکرابوون بخرابانا بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆکە نە عەفرین داگیر دەکرا و نە هەرێمەکانی ڕۆژئاڤاش ئەوەندە خەڵکەی لەدەست دەدا و نە کۆچکردن و ئاوارەبوونیش ڕووی دەدا.

بەڵام پەکەکە لەبری ئەوەی لەگەڵ کوردەکاندا یەکێتی و یەکڕیزی دروست بکات، بڕیاریدا یەکڕیزی لەگەڵ داگیرکەران بکات و گەلی کورد وردوخاش بکات. لە کاتێکدا کورد دەیانتوانی لە بەهاری عەرەبیدا بە خواستی گەورەوە بێنە مەیدان، ئۆجەلان هەستا و لە نەورۆزی ئامەددا پرۆسەی چارەسەری ساختەی ڕاگەیاند و گوتی “کورد و تورک بران”. پەکەکە لەبری ئەوەی لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت، خۆی بەسەر دوو باڵدا دابەشکرد. ئۆجالان لە باوەشی دەوڵەتی تورکدا بوو، جەمیل بایکیش کە ئەوکات هاوسەرۆکی کەجەکە بوو، لە باوەشی ئێراندا جێی گرت.

پەکەکە بەربەستێک بوو لەبەردەم سازدانی “کۆنگرەی نەتەوەیی کورد”دا و بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک بخاتەڕوو، ئەندامانی خۆی لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە کشاندەوە. پەکەکە بۆ ڕۆژئاڤا لەگەڵ هەمووان قسەی کرد، تەنانەت گفتوگۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیش کرد. ئۆجەلان گوتی: “من و هاکان فیدان (سەرۆکی ئەوکاتی میت) شاری “کۆبانێ”مان ڕزگار کرد”. پەکەکە تەنیا لەگەڵ کورددا باسی ڕۆژئاڤای نەکرد. پەکەکە گوتی “من لەبری ئەوەی ببمە هاوبەش و شەریکی کورد، واباشترە ببمە شەریک و هاوبەشی بەشار ئەسەد و ڕێژیمی ئێران”.

ئەگەر پەکەکە لەسەر مەسەلەی ڕۆژئاڤا، ئەوەندە لەگەڵ داگیرکەران تێوەنەگلابا و سیاسەتێکی ئەوەندە خۆپەرستانەی ڕەچاو نەکردبا، ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی زۆر جیاواز و باشتردا دەبوو. لە سەرووی هەمووشیانەوە خەڵکی باکووری کوردستان لە قۆناغێکی تاریکدا کە پێی دەگوترا “شەڕی خەندەقەکان”، وردوخاش و هەلاهەلا کران.

پەکەکە لە باشووری کوردستانیش پەکەکە پەلاماری دەستکەوتەکانی کوردی داوە. پەکەکە هەموو هێزی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ڕق و نەفرەت دژ بە پەدەکە بخوڵقێنێت، لە مەخموور و شنگال لەگەڵ سوپای عێراق ڕێککەوت. پەکەکە بۆ ئەوەی شنگال لە کوردستان داببڕێت و بە عێراقیەوە ببەستێتەوە و لە بەرانبەردا بڕێک کرێ وەربگرێت، شانبەشانی ڕژێمی شیعەی عێراق و ئێران دەجووڵێتەوە، کە هەوڵی لەناوبردنی کوردستان دەدەن.

ئەو ناوچانەی کە پەکەکە بۆخۆی ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر داناون، لەبری ئەوەی ڕادەستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، واتە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان بکات، تەسلیمی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی کردن. لەبیرتان نەچێت لە پشتەوەی هەر پارچە زەوییەکی باسووری کوردستان کە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراوە، ڕێککەوتنێکی پەکەکە بوونی هەیە.

دەرفەتی چوارەم: لەم سەردەمەشدا کە نەخشەی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکە گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەوەی کە پێویستە کورد بیکات یەکیەتی و یەکڕیزییە. بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان کە 3 دەرفەتی زێڕینی لەکیسی کورد داوە، هەڵەیە ئەگەر چاوەڕێی ئەوەی لێبکرێت لە ناکاودا بگۆڕێت و لەمەودوا ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت. چونکە پەکەکە هێشتا لە هەمان ئەو خاڵەدا وەستاوە و هەڵسوکەوت دەکات، کە سێ دەرفەتەکەی پێشووی لەکیشی کوردان دابوو. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هێشتا مێشک و هزری کورد ئاڵۆز دەکات. لە جیاتی یەکڕیزی لە نێو کورددا، بۆ ئەوەی ڕق و قین و دووبەرەکایەتی لە نێو کورددا بڵاو بکاتەوە، میدیاکانی 24 کاتژمێر هەواڵی چەواشەکەرانە و دوژمنکارانە لەسەر بارزانیەکان لە نێو گەلی کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە. پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگە نادات لایەنە کوردییەکانی دیکە لە سنوور نزیک ببنەوە. لە ڕۆژئاڤا هەروەک سیستمی کۆریای باکور هیچ پارتێک ناتوانێ لەوێ سیاسەت بکات. شنگال لە کوردستان دادەبڕێت. لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گڕکانی ئاگرە و دەبێ نەتەوەی کورد بڕژێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگێکی دلێر بڵێن ئێمە سەربەخۆیی و ئازادیمان دەوێت، ئەوان بە هاوارکردنی دروشمی “ئازادی بۆ ئۆجەلان”ـەوە سەرقاڵ دەکرێن و وزەی کورد بە فیڕۆ دەدرێت. ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و باییکیش لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە ژوورە تاریک و داخراوەکاندا دیدار و گفتوگۆ دەکەن و پەیمانی هاوبەش لە دژی سەربەخۆیی کوردستان و بەدەوڵەتبوونی کوردان واژۆ دەکەن.

پەکەکە هیچ نیازێکی بۆ یەکیەتی و یەکگرتوویی لەگەڵ کورد نییە و لە مێژووی خۆیدا هەرگیز ئەمەی نەکردووە. پەکەکە دەتوانێت ڕاگەیاندراو بدات کە ئێمە ئامادەین لەگەڵ تورکیا قسە بکەین. پەکەکە دەتوانێت بەیاننامە دەربکات و بڵێ کە ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەسەد گفتوگۆ بکەین. تەنانەت دەتوانێت ڕاگەیاندراوێک بدات و بڵێ لەگەڵ “دەوڵەت باخچەلی” (ڕەگەزپەرستی تورک-فاشیست) گفتوگۆ بکەن. بەڵام قەد ئامادە نیە ڕایبگەیەنێت کە ئامادەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) گفتوگۆ بکات، ڕاگەیاندراوێک نادات کە ئێمە ئامادەین لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی پەکەکە، دیدار و گفتوگۆ بکەین.

ئەوانەی دەیانەوێت ڕێگری لە لەدەستدانی دەرفەتی چوارەمی کورد و کوردستان بکەن، سەرەتا دەبێت بە پەکەکە بڵێن: “واز لە دژایەتیکردنی کورد بهێنن”. چونکە ئەم دوژمنایەتییەی پەکەکە بەرامبەر کورد ئەوەندە مەترسیدارە کە دەتوانێت کوردستان و کورد لە سەدەی 21یشدا تووشی شکست بکات.

پوستێن ھەمان بەش