ئایندەی ڕۆژئاڤا: لە هەڵەی کانتۆنەکانەوە بەرەو هەقێقەتی فیدرالیزم

ئایندەی ڕۆژئاڤا: لە هەڵەی کانتۆنەکانەوە بەرەو هەقێقەتی فیدرالیزم

دڵی هەموو کورد بە شنەبای ئازادیی ڕۆژئاڤا فێنک دەبێتەوە.

لە ساڵانی 1990ـەوە هەتا ئێستا، پڕۆسەی وێرانکاری و بنیاتنانی تێکەڵاو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. ئەم قەیرانە هەم دەرفەت و هەمیش مەترسیی بۆ کورد دروستکردووە. ئەم قۆناغەی قەیرانەکە کە ناوەندەکەی عێراق بوو، ڕێگەی بە باشووری کوردستان دا کە پێکهاتەیەکی فیدراڵی پێکبهێنێت. قۆناغی دووەم کە سەنتەرەکەی سوریا بوو، لە ساڵی 2012دا دەستی پێکرد و ئێستا، چەقی نیقاشەکە ئەوەیە کە قۆناغی دووەم چی بۆ کورد دەهێنێت.

کۆنفرانسی کوردانی ڕۆژئاڤا و چاوەڕوانییە واقعییەکان

کاتێک ئەم ڕستانە دەنووسران، کۆنفرانسی یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاڤا هێشتا دەستی پێنەکردبوو و ئەم کۆنفرانسە نەک تەنیا بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا بەڵکوو بۆ هەموو کورد دەبێتە کۆنفرانسێکی دیاریکەر. هەرچەندە ڕەنگە چاوەڕوانییەکانمان لە ڕووی تیۆریەوە زۆر بن، بەڵام لە ڕووی چاوەڕوانییە ڕاستەقینەکانەوە ناتوانین داواکاریی پۆپیولەر و پڕوپاگەندەیی بخەینە بەردەممان. ئامانج و بڕیارەکە دەبێت لەسەر ئەساسی واقعیەتەوە بێت. ئەم کۆنفرانسە دەتوانێ سەکۆیەک بێت بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان ببەسترێت، بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە کە بۆ گەڕانەکانی یەکێتی ئەنەکەسە و پەیەدە، ڕێڕەوێک دروست بکات. ئەو دوو بزوتنەوەیە لەڕووی ڕێکخستن و ستراتیژی و ئایدۆلۆژییەوە زۆر جیاوازن و ئێستاکەش بەهۆی نەبوونی پرەنسیپی هاوبەشەوە لەیەکتر جیابوونەتەوە.

ئەنەکەسە لە سەرەتای پرۆسەی سوریاوە لە شوێنێکی دروست وەستاوە. پاڵپشتی ڕژێمی ئەسەدی نەکرد، ئەنەکەسە هێزێکی سەربازیی هەیە، بەڵام ڕێکخستن و ئینزیباتە حزبییەکەی لاوازە و بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی، بەمشێوەیەی ئێستا توانیویەتی خۆی لەسەر پێی ڕابگرێت. تۆمەتی بێ بنەمای پەکەکە کەوا ئەنەکەسە بە خیانەتکردن تاوانبار دەکات، فڕیان بە ڕاستییەوە نیە و بە تەواوی بێ بنەمایە.

هەروەها پەیەدە پێکهاتەیەکی جیابۆوەی پەکەکە بوو کە لە ساڵی 2013دا دامەزراوە. پەکەکە لە سەرەتای پڕۆسەی سوریادا لەگەڵ ئەسەد و ئێران هاوتەریب بوو، بە شێوەیەکی سروشتی پەیەدەش لەگەڵ پەکەکە هاوتەریب بوو. بەڵام کاتێک ئەمریکا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان تێکەڵ بە پرۆسەکە بوون، بەرە بەرە جلیی ڕژێمی سوریایان لەبەر خۆیاندا دڕاند. بە واتایەکی تر، ئەم پەیەدەیە ئێستا ئەگەرچی لەلایەن پەکەکەوە دامەزرا، بەڵام لە سەردەستی ئەمریکا و هەلومەرجی هەنووکەیی گۆڕانکاری بەسەردا هات. بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە 100 شوێنەوە بە پەکەکەوە گرێدراوە. هەڵبەت ناکرێ کە هێزو سەربازی و دیسیپلینیە تەشکیلاتییەکەی پشتگوێ بخرێت.

وەک دەبینین ئەنەکەسە لە شوێنە دروستەکە ڕاوەستاوە، بەڵام نیزامەکەی لاوازە و کەموکووڕیی هەیە، لە کاتێکدا پەیەدە لە شوێنی هەڵەدا ڕاوەستاوە، بەڵام نەزم و دیسیپلینێکی بەهێزی هەیە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، سەرۆک بارزانی و هێزە ڕۆژئاواییەکان قۆڵیان لێهەڵماڵیوە بۆ ئەوەی ئەم دوو هێزە لەسەر خاڵێکی هاوبەش کۆبکەنەوە، واتە لە کۆنفرانسەکەدا، زیاتر لە ئیرادەی هەردوولا، ئیرادەی دەرەکی بوو کە فشاری زیاتری لەسەر ئەوان دروستکردووە. ئەگەر بە دەست کادیرانی پەکەکە وەک ئاڵدار خەلیل بوایە کە لەناو پەیەدەدان، کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە قەد پێکنەدەهات و لە باسەکانی کۆنفرانسەکەشدا ڕووخسارێکی لەو جۆرە بەرفراوان دیار نەدەبوو، بەو مانایەی کە ئەم کۆنفرانسە نەک هەر دژی داگیرکەران، بەڵکو لە دژی هەندێک بازنەی مارژیناڵ و بەرچاوتەنگ لە نێو کوردیشدا بەڕێوەچوو. پێویستە ئەم هەقێقەتە ببینین و چاوەڕێی ئەوە نەکەین ئەم کۆنفرانسە کۆتایی ململانێکانی نێوان ئەم دوو لایەنە بێت، بۆیە دەبێت چاوەڕوانییەکانمان لەسەر سێ خاڵ بنیات بنێین:

1ـ پێویستە ڕۆژئاڤا لە بێ ناسنامەیی و بێ ناونیشانبوون ڕزگاری بێت.

دەبێت ڕۆژئاڤا ناوی دروستی خۆی بەکاربهێنێتو لە باتی ڕوانگەی هەڵە و بێناسنامەی وەک باکوری ڕۆژئاوای سووریا، بە ئاشکرا هەقێقەتی کورد و کوردستانیبوونی بخرێتەڕوو. لە ڕابردوودا بەهۆی لێدوانە ئایدیۆلۆژییە گوماناوییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەجێندای تاریکی پەکەکە ناوی ڕۆژئاڤا بەکارنەدەهێنرا و تەنانەت گەیشتە دۆخیکی وەها کە لە ساڵی 2017دا ئەحمەد یەڵدرم سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، لە وەڵامی ئە ڕۆژنامەنووسانەدا کە لە پرسیارەکەیاندا دەستەواژەی ڕۆژئاڤایان بەکارهێنابوو، گوتی: “نابێ ئیدی ناوی ڕۆژئاڤا بەکاربهێنن، ئەو شوێنە باکووری سووریایە”. ئەم کۆنفرانسە ئێستا دەبێت خۆی لەم بێ ناونیشانییە ڕزگار بکات. هەرکاتێک ناوەکەی خۆتت بە دروستی دەربڕی، ئەوکاتە دەتوانی داخوازییەکانیشت بە دروستی دەرببڕیت.

2ـ مۆدێلی کانتۆن سەرقاڵکردن بوو، ئیدی پێویستە داوای فیدرالیزم بکرێت

هەندێک بازنە دەیانهەوێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا وەک دەستکەوتی پەکەکە بخەنە ڕوو. ئەم ڕوانگەیە ڕاست نیە، ئەگەرچی لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئڤادا، ڕەنج و ماندوبوونی شەڕڤانانی پەکەکەش هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا دۆخی ڕۆژئاوا بە هەلومەرجی نێودەوڵەتییەوە گرێدراوە. پەکەکە لە ساڵی 2011ـەوە هەوڵی پاراستنی حکوومەتی سووریای داوە و بەو هۆیەشەوە بە دەیان شێوە هەوڵیداوە تا پێش بە داخوازییەکانی کورد و کوردستان بگرێت. هەموو کەس باش دەزانێت کە دوران کاڵکان لە کاتی خۆیدا دەیگوت: “کاتێک باس لە کورد دەکرێت، لە دونیادا هەمووان بیر لە بارزانی دەکەنەوە، بۆیە نابێ لە ڕۆژئاڤادا وشەی کورد زۆر بەکاربهێنین”.

لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا سیستەمی خۆسەری دیموکراتیک و کانتۆنەکان لە ڕۆژئاڤا بەکار دەهێندرێن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی پەکەکە بە ڕۆژئاڤا بەبێ ستراتیژی. ئەم مۆدێلە نەیتوانیوە لە درێژخایەندا وەک دامەزراوەیەک ئامانجەکانی کورد بەدی بهێنێت. ئێستا ئیدی بەڕێوەبەرایەتیی پەیەدەش بەئاشکرا دەڵێ داوای فیدرالیزم دەکەین، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت ئەم 13 ساڵە بۆ کورد کات بەفیڕۆدان بووە. واقیعیترین ڕێگاچارە بۆ ئایندەی ڕۆژئاڤا، ئەوەیە کە داخوازیی فیدرالیزم بەرجەستە بکرێت. فیدراڵیزم هەم ئاسایشی دەستووری و هەم موخاتەبییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاڤا دروست دەکات. پێکهاتە فیدراڵیەکان ڕێگە بە کورد دەدەن لە ناو پڕۆسەی ئاژاوەگێڕیدا خۆی بپارێزێت و خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بکات.

3ـ لەجیاتی ململانێ با هاوکاری بکرێت، لەبری ڕەشکردن با متمانە دروست بکرێت.

سیاسەتی پەکەکە بۆ ڕەشکردنەوەی بزووتنەوەی بارزانی بەردەوامە و یەکڕیزی بەدی نایەت تا شەراکەتی ڕاستەقینە لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسەدا دروست نەکرێت. هیچ لایەنێک ناتوانێت بڵێت من خاوەنی هەموو شتێکم، لەبری ئەوە دەبێت هاوکاری و متمانە دروست بکرێت. کێبڕکێی سیاسی شتێکی جیاوازە و هەنگاوەکانی گۆڕینی چارەنووسی کوردیش شتێکی جیاوازە. ئەم کۆنفرانسە دەبوو پێش ساڵی 2013 ڕێکبخرایە، ئەگەر ڕێککەوتنەکانی هەولێر و دهۆک لە ساڵی 2013دا جێبەجێ بکرابان، دەرئەنجامەکەی ئێستا جیاواز دەبوو، بەداخەوە پەکەکە هەموو لایەکی چەواشە کرد و ڕێگەی یەکگرتوویی داخست.

لەمەودوا کاری دروست ئەوەیە کە ڕۆژئاڤا بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. نابێ ڕۆژئاڤا لە پێناو بەشێکی دیکە کوردستان یان لە پێناوی حیزبێکدا، بکرێتە قوربانی. پێویستە پەکەکە بەر لە هەر شت دەست لە ئیدیعاکانی بۆ خاوەندارێتی ڕۆژئاڤا بەربدات. بزووتنەوەی سیاسی بارزانی لە نەزمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیدا نەریتێکی کۆنی هەیە. پێشتر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕێگاچارەیەکی فیدرتیڤی خستۆتە مەیدان کە مودیلێکە وەهایە لەگەڵ هەموو کەموکوڕییەکانیدا، هەمووان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. بۆیە دەبێ ئەوە ببینین کە هاوکاری بەدرێژایی هێڵەکانی ڕۆژئاڤا و هەولێر ئازادی بۆ کورد دەهێنێت و لە هەمان کاتدا دەتوانێت هیوا بۆ دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.

دەرەنجام: دەبێت هەڵەکانی ڕابردوو بە شێوەیەکی دروست شیبکرێنەوە و داهاتوویەکی هاوبەش بنیات بنرێت. ئەم کۆنفرانسە دەبوو 13 ساڵ لەمەوبەر ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا دەتوانین قەرەبووی ئەو قۆناخە بکەینەوە. ڕوونە کە ئەکتەرە سیاسییەکانی ڕۆژئاڤا لەسەر چارەسەرێکی هاوبەشی فیدراڵیدا کۆکن. هەنگاوێکی درەنگ بەڵام زۆر ئەرزشمەندە. ئەم هەولانە و ئەم کۆنفرانسە با لە هەموو نەتەوەی کورد و بەتایبەتی لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، کە باجێکی گەورەی داوە، پیرۆز بێت. دڵی هەموو کورد بە شنەبای ئازادیی ڕۆژئاڤا فێنک دەبێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش