هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرێت.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
هۆشیاری نەتەوەیی و ئایینی و نەتەوەیی ژیانێکی فرەلایەن لە هەرێمی کوردستان:
کوردستان، وەک ناوچەیەکی مێژوویی و کلتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندە، کە بە هەمەجۆریی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی ناسراوە. ئەم فرەییە کە سەدان ساڵە بە ئاشتیانە لە نێو گەلی کورددا بەردەوامە، بووەتە هەوێنی وشیارییەکی نەتەوەیی یەکگرتوو کە ڕێز لە فرەچەشنی دەگرێت و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە باشووری کوردستان دەپارێزێت. ڕۆژی نزای نیشتمانی کە ئەمساڵ بە بەشداری 600 سەرکردە و کەسایەتی ئایینی و نەتەوەیی و ڕۆحانی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هێمایەکی گرنگی ئەم هۆشیارییە و ئامانجەکەیەتی کە یەکڕیزی و تلۆرانس و ئازادی ئایینییە.
هۆشیاری نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە:
ڕۆژی نزای نیشتمانی کە بە دروشمی “خوای گەورە کوردستان بپارێزە” پیرۆز دەکرێت، نەک هەر ڕووداوێکی ڕۆحانییە، بەڵکو نیشانەی هۆشیارییەکی نەتەوەییە کە ناسنامەی کورد لەسەر بنەمای یەکگرتوویی لە هەمەڕەنگیدا بنیات دەنێت. لەم ڕۆژەدا بە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانوەک موسڵمان، کریستیان، ئێزدی، کاکەیی و زەردەشتی و هەروەها پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و هتد… بە واتای رێزگرتن لە فرەچەشن بوونی هەرێمی کوردستان دێت. بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە لە ژێر سەرپەرشتیی دامودەزگا کوردی و کوردستانییەکاندا، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراسی و ئاشتیانە فرەچەشنی خۆی بەڕێوە ببات.
هۆشیاری نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان لە مێژوویەکی دوور و درێژی پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم هۆشیارییە کە لەلایەن دامەزراوە فەرمی و کۆمەڵایەتیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئامانجی دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی هاوبەشە، بەبێ ئەوەی ئایینێک، مەزهەبێک، یان نەتەوەیەک بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بێت. کۆنفرانسی ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە هەولێر بە بەشداری میوانە نێودەوڵەتییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکاوە، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێک بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرێت.
فرەیی ئایینی و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکان:
هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە تێیدا ئایینە جیاوازەکان بە ئاشتی و ئارامی لە تەنیشت یەکتر ژیاون. موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، زەردەشتی و ئایینەکانی تر هەموویان بە ئازادانە بیروباوەڕەکانیان دەپارێزن و جێگەی خۆیان لە کۆمەڵگادا دەگرن. ڕۆژی نزای نیشتمانی، بە تایبەتی ئەم فرەییە ئایینییە بەرز ڕادەگرێت و وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ تیشک دەخاتە سەر ئازادی ئایینی و ڕوونی دەکاتەوە. لەم ڕۆژەدا لە ڕێگەی ڕێوڕەسمی هاوبەش و وتارەکانی سەرکردە ئاینییەکانەوە، پەیامێک دەگەیەنێت کە باوەڕە جیاوازەکان نەک تەنها دەتوانن پێکەوە بژین، بەڵکو دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئامانجێکی هاوبەش، کە ئەویش پاراستنی ئارامی و یەکێتی نەتەوەییە.
ئەم هۆشیارییە ئایینییە کە لەسەر بناغەی تلۆرانس و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی جیاواز بنیات نراوە، لەلایەن دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بۆ نمونە دەستووری هەرێمی کوردستان مافی هەموو ئایین و مەزهەبەکان دەپارێزێت و فرەچەشنی ئایینی وەک بەشێک لە ناسنامەی کوردستان دەناسێت. کۆنفرانسی هەولێر دەریدەخات کە ئەمە تەنها پرەنسیپێکی نووسراو نییە، بەڵکو بە کردەوە جێبەجێ دەکرێت.
هەمەجۆریی نەتەوەیی و کولتووری هاوبەش:
هەرێمی کوردستان جگە لە فرەیی ئایینی، خاوەن کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەشە. کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، کلدان و چەندین پێکهاتەی دیکە، وێکڕا لەسەر خاکی کوردستان لە پێکەوە ژیان بەردەوامن. ئەم فرەچەشنییە نەتەوەییە کە بە کولتوور و زمان و نەریتە جیاوازەکان دەوڵەمەند کراوە و بنەمای ژیانێکی فرەلایەنە پێکدەهێنێت. ڕۆژی نزای نیشتمانی، بە کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە، نیشان دەدات کە فرەچەشنی نەتەوەیی نەک هەر بەربەست نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هێزێکە کە کۆمەڵگا بەتواناتر دەکات.
هۆشیاری نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکان بنیات نراوە. ئەم هۆشیارییە لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی وەک پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بۆ نموونە نوێرەانی سەرجەم پێکهاتە ئەتنیکییەکان لە دامەزراوە ئیدارییەکاندا جێدەگرن و زمانی جودای وەک کوردی، عەرەبی، ئاشووری، تورکمانی لە پەروەردە و ڕاگەیاندندا بەکار دەهیندرێت.
ئامانج و کاریگەری ڕۆژی نزای نیشتمانی:
ڕۆژی نزای نیشتمانی، جگە لە پیرۆزکردنی فرەچەشنی، ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی هاوبەشە لەناو کۆمەڵگەدا، کە تیایدا هەمووان بەبێ گوێدانە جیاوازیی ئایینی، نەتەوەیی و تائیفی، هەست بە بەشێک لە ناسنامەی کوردستانی دەکەن. ئەم ڕۆژە لە ڕێگەی نزای هاوبەش و گفتوگۆی هاوبەشی نێوان سەرکردە ئایینی و نەتەوەییەکان پەیامی یەکڕیزی و ئاشتی بڵاودەکاتەوە. جگە لەوەش ئەم ڕووداوە نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر دەکرێت.
کاریگەری ئەم ڕۆژە نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەستی پێدەکرێت. بەشداری میوانانی ئەوروپا و ئەمریکا نیشان دەدات کە ئەم دەستپێشخەرییە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەمەش هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی دیموکراسی و تلۆرانس لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.
ڕۆژی نزای نیشتمانی؛ وەک ڕەمزی وشیاری نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکیی ژیانێکی فرەیی، نیشانەی ڕۆحی هەرێمی کوردستانە، کە لەسەر بناغەی یەکڕیزی و لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی بنیات نراوە. ئەم ڕۆژە، بە کۆکردنەوەی ڕێبەرانی ئایینی و نەتەوەیی، پەیامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
لەکاتێکدا کە ململانێ و ناکۆکییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تەنیوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم ڕووداوەوە نیشانی دەدات کە نەک هەر دەتوانرێت فرەلایەنی بپارێزرێت، بەڵکوو هاوکات دەتوانێ ببێتە سەرچاوەی هێز و ئاشتی. بە پاڵپشتی دامودەزگا کوردی و کوردستانییەکان، ئەم هۆشیارییە لە داهاتووشدا دەبێتە بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکگرتوو.