بۆچی دەوڵەتی تورک و پەکەکە دەیانهەوێت پێگەی “دارکا مازی” بێدەنگ بکەن؟!

بۆچی دەوڵەتی تورک و پەکەکە دەیانهەوێت پێگەی"دارکا مازی" بێدەنگ بکەن؟!

با دەوڵەتی تورک و پەکەکە پێکەوە هێرش بکەنە سەرمان، ئەوان ڕەنگە بتوانن پەیجەکەمان قەدەغە بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانن ئیرادەمان تەسلیم بکەن.

ماوەی 6 ساڵە کە پێگەی “دارکا مازی” دەستی بە وەشان کردووە. لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا هەزاران هێرش لە ماڵپەڕەکەمان کراوە. ئەم هێرشانە هەم لە لایەن دوژمنانەوە و هەمیش لەلایەن ئەو کوردانەوە ئەنجامدران کە خۆیان وەک نیشتمانپەروەر پیشان دەدەن. بەڵام ئامانجی هەردووکیان یەکە، ئامانجیان بێدەنگکردن و ڕێگریکردن لە “دارکا مازی”یە. چەندین جار ئەکاونتەکانی ئێمە لە سۆشیال میدیا داخران، ئەکاونتەکانی فەیسبووکمان ڕاگیران، هەروەها ماڵپەڕەکەمان لە تورکیا بە بڕیاری دادگا قەدەغە کرا، بەڵام ئێمە تەسلیم نەبووین، بەرەنگاری ئاستەنگەکان بووینەوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامین.

بە گشتی ناوەندەکانی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیامەی کە دەکرێنە سەر ماڵپەڕەکەمان، لە ئێران، تورکیا، بەلجیکا و فەرەنسادان. ئێمە لە ئێران و تورکیا تێدەگەین، بەڵام فەرەنسا و بەلجیکا بۆچی؟ ئێمە بە زمانی ئەوان نانووسین، دژایەتی ئەوان ناکەین، بە هیچ شێوەیەک باسیان ناکەین، بۆیە لەوە دڵنیاین کە ئەو هێرشانەی لە فەرەنسا و بەلجیکاوە دەکرێنە سەر “دارکا مازی”، لە لایەن پەکەکەوە ئەنجام دەدرێن.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پەیجەکەمان لە تورکیا بە بڕیاری دادگای دەوڵەتی تورک قەدەغە کراوە. قەدەغەکردنی پێگەی “دارکا مازی” لە تورکیا لە کاتێکدایە کە دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی پەکەکە ئازادانە و بەبێ ئاستەنگ، وەشان دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کە پێگەی “دارکا مازی” لە تورکیا قەدەغە کراوە، کەچی لەو ڕۆژەوە دەستمان بە وەشان کردووە، هەتا ئێستا پەکەکەییەکان پێمان دەڵێن: “ئێوە میتن، ئێوە ئاژانن، میت پارەتان پێدەدات و هتد…؟!” ئایا ئەمە شتێکی لۆژیکییە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لە لایەک میت پارەمان پێبدات و لە لایەکی دیکەشەوە دادگای تورکیا بڕیاری قەدەغەکردنمان دەربکات؟ ناااا، هەمووان هۆکارەکەی دەزانن، بەڵام ئاپۆچیەکان نایانهەوێت ئەم ڕاستییە قبووڵ بکەن. لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە ڕێگەی هەواڵ و بابەتەکانمانەوە ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە کە پارتێکی وڵاتفرۆشە، ئاشکرا دەکەین، بۆیە بەم شێوەیە پەکەکییەکان و دەوڵەتی تورک دژایەتی پەیجەکەمان دەکەن.

شتە باشەکە ئەوەیە ئێمە لە تورکیا پەخش ناکەین، بەڵکو لە ئەوروپا پەخش دەکەین. ئەگەر ئێمە لە تورکیا بوینایە، ئەوکات هەموو ئیدیتۆرەکانمان لەلایەن میتەوە دەستبەسەر دەکران.  دەوڵەتی تورک ئەو ئازادییەی کە بە میدیای پەکەکە دەیدات، هەرگیز بە پەیجەکەی ئێمە و چالاکەکانمانی نادات. تەنها ئەمە بەسە بۆ ئەوەی کە خەڵک بزانێت کێ بۆ کورد و کوردستان کاردەکات و کێ بۆ دەوڵەتی تورک و داگیرکەرانی دیکە دەنووسێت و خزمەتیان دەکات.

چەند بەرپرسێکی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە باکوری کوردستان بە پاسپۆرتەکانیانەوە سەفەری سلێمانی و قەندیل دەکەن و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ڕاگەیاندنی پەکەکە و کەسانی وەک مستەفا قەرەسوو کۆدەبنەوە، بەڵام کەس پێیان ناڵێت ئەمە چۆن ڕوودەدات؟!! بەڵێ ڕاستە دەوڵەتی تورک هەندێک جار چەند کەسێکی لاواز دەستگیر دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا دۆخەکە بۆ ئەو کەسانە جیاوازە کە سەرپەرشتیی کارەکە دەکەن. کەسانێک هەن 20 ساڵە کارگێڕی میدیای پەکەکەن و تا ئێستاش بە ئازادی لە نێوان دیاربەکر، ئەستەنبوڵ و سلێمانیدا بە ئاسانی هاتوچۆ دەکەن. ئایا ئەمە ئاساییە؟

دەوڵەتی تورک دەیەوێت کورد ببێت بە ئەندام و لایەنگری پەکەکە و پێگەی “دارکا مازی”ش بە بەڵگەنامەی مێژووییەوە ئەمە ئاشکرا دەکات. ئەم ئیفشاکردنە بە دڵی ئەم دوو لایەنە نییە و ئەو دوولایەنە دەیانهەوێت وەکوو جاران گەلی کورد بە گشتی و خەڵکی باکوور بە تایبەتی فریو بدەن، هاوکات ئێمەش دەمانهەوێت بەئاگایان بهێنینەوە، بۆیە لەلایەن هەردووکیانەوە دەکرێینە ئامانج و پەلامار دەدرێین. هیچ کامیان نایانهەوێت دارکا مازی درۆ و نهێنییەکانیان ئاشکرا بکات و ڕووی ڕاستەقینەی ئەوان بۆ گەلی کورد دەربخات.

لەو کاتەوە کە پەکەکە دامەزراوە هەتا ئەمڕۆ، تورکیا و پەکەکە پێکەوە کوردیان ناچار بە مێژوویەکی هەڵە و چەواشە کردووە. دەولەتی تورک بە شێوەیەکی سیستماتیک کوردانی باکووری ناچار کرد تا ببنە ئاپۆچی و لە ڕێگەی سیاسەتەکانییەوە کوردی مەحکووم بە پەکەکەیبوون دەکرد. ئەمەش پێکهات، تورکیا وایکرد پەکەکە و ئۆجەلان لە باکووری کوردستان پیرۆز دەربکەون و کەس نەتوانێ ڕەخنە لە پەکەکە بگرێت. ئەمەش سیاسەت و ستراتیژێکی هاوبەش بوو. بەداخەوە بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکانی دەرەوەی پەکەکە لە باکووری کوردستان، نەگەیشتە جەماوەر و نەیانتوانی ئەم یارییە تێکبدەن. ئێستا لە باکووری کوردستان ئەوانەی دەیانهەوێت خۆیان لە “حەوزی پەکەکە” ڕزگار بکەن، ڕۆشنبیران، نووسەران و کۆمەڵەکان، هەموویان هەم لەلایەن پەکەکە و هەمیش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێنە ئامانج.

بەڵام ئەمە نابێت بە هۆکار بۆ ئەوەی کە ئێمە پاشەکشە بکەین. ئێمە پشتیوانی لە سیاسەتی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەکەین. ئێمە لە بەرامبەر ئەو چەشنە ئایدیۆلۆژییە هەڵە و چەواشەکارانەیەی کە بەسەر کورددا سەپێنراوە، سیاسەتی شەڕی تایبەت و ستراتیژییەکانی کۆلۆنیالیستەکان بۆ دروستکردنی کوردی پارالێل (بێ کوردایەتی) دەوەستینەوە. ئێمە درێژە بە لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ڕووداوە مێژووییە کەم ناسراوەکان و دووبارە شرۆڤەکردنەوەیان و لێکۆڵینەوەکردن لە پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەدەین. ئێمە ئەو شتانە بە گەلەکەمان دەڵێین کە هەوڵی شاردنەوەیان دەدرێت. با دەوڵەتی تورک و پەکەکە پێکەوە هێرش بکەنە سەرمان، ئەوان ڕەنگە بتوانن پەیجەکەمان قەدەغە بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانن ئیرادەمان تەسلیم بکەن و ئێمە لەم ڕێبازە پیرۆزە دوور بخەنەوە. ئێمە وەکوو پێشتر و بگرە زیاتریش، لە داهاتوودا لە دژی داگیرکەرانی کوردستان دەنووسین و ڕوخساری بەکرێگیراوەکانیان بۆ گەلەکەمان ئاشکرا دەکەین. ئەم کارە تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا دەبین بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر پەیجەکەش بە هەر هۆکارێک دابخرێت، ئێمە دیسانەوە هەر بەردەوام دەبین.

پوستێن ھەمان بەش