دەکرێ لە پەکەکە بپرسرێت کە چیتان دەوێت و داواکارییان بۆ کورد و کوردستان چییە؟ بەڵام هیچ وەڵامێکیان لی نابیسترێت.
✍️ بووبێ ئەسەر
پەکەکە هەر لەو ڕۆژەوە کە دامەزراوە، دەڵێن: “هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان بەربەستن لەبەردەمماندا” و لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر هەموو ئەو ڕێکخراوانەی پێش ئەوان هەبوون. بەمشێوەیە هەر لە دەستپێکەوە هەنگاو بە هەنگاو سەرجەم تاک و کەسایەتی و ڕێکخراوە نیشتمانپەروەرەکانیان کوشت و لەناویان برد.
پاشان پەکەکە بەمەشەو نەوەستا و وتی: “هەموو فیۆداڵی کورد بەربەستن لەبەردەم شۆڕشدا، پێویستە سەرەتا ئەوان لەناو ببەین” و دەستیان بە بە کوشتنی ئاغاکانی کوردستان کرد. بیریان نەدەکردەوە، نەیاندەگوت؛ “ئەوە نیشتمانپەروەرە و ساڵانێکە بۆ دۆزی گەلەکەی خەباتی کردووە و هتد…”.
ئەوان لەژێر ناوی داواکاری بۆ کوردستانێکی ئازاد و سۆسیالیستی و سەربەخۆدا، دەستیان بە خەباتێکی بەناو چەکداری کرد. دەرگای هەموو ئەو شوین و جێگایانەی بەڕووی چەکدارانی دەوڵەتی تورکدا کردەوە کە ئەرتەشی تورک نەیانتوانیبوو دەستیان پێ ڕابگات. ئاغا و دەرەبەگەکانی کورد کە هەرگیز ملکەچی حکومەت نەبوون، کران بە پاسەوان.
لەبەر ئەوەی کە ئاغا و دەرەبەگە نیشتمانپەروەرەکانی کورد، وایاندەیانزانی کە ئەم پەکەکەیەی سەرهەڵداوە، لە پێناو گەلەکەیدا خەبات دەکات. بۆیە لەناو خۆیاندا جێگایان پێدان. کاتێک کە پەکەکە جێی پێی خۆی مەحکەم کرد، ئەوسا لە نێو عەشیرەت و خێڵە کوردییەکاندا دەستی بە خیانەت و فەسادی کرد. هەندێک گوندنشینیان کوشت و خستیانە ئەستۆی هەندێکی دیکەیان و ماڵ و موڵکی هەندێکیشان سووتاند و خستیانە ئەستۆی هەندێکی تر. بەمەش ناکۆکییەکی گەورەیان لە نێوان ئەو عەشیرەتانە پێکهێنا کە جێگایان پێدابوون.
کاتێک پێگەی خۆیان پتەو کرد و خۆیان بەهێز کرد، بەشێک لە هۆز و خێڵەکانیان دایە ژێر باڵی خۆیان و ئەوجا گوتیان: “پێویستە فیۆدالیزم و عەشیرەتگەرایی نەهێڵین، ئەمانە بۆ دۆزی کورد مەترسیدارن”. دەستیان بە کوشتنی تاک و کەسایەتیی ناو هۆز و عەشیرەتەکان کرد. ئەو چەکدارانەی کە ساڵانێک بوو نەیانتوانیبوو بچنە ناویانەوە، لە سایەی پەکەکەوە ڕێگایان بۆ کرایەوە و ڕخنەیان تێکردن، چوونە ناویانەوە، شوێنەکانیان ناسی. بەمشیوەیە لە لایەک دەوڵەتی تورک و لە لایەکی دیکەشەوە پەکەکە بوون بە ئاگر و بەربوونە ژیان و ماڵیان. ئەمجارە دەوڵەت پێی گوتن: “یان دەبێت ببنە پاسەوان [چەکی دەوڵەت هەڵبگرن] یان ئەوەیە کە ئێوە بوونەتە پەکەکە، تەنها ئەم دوو بژاردەتان هەیە”. هۆز و عەشیرەتەکان پێکەوە کۆ بوونەوە و ڕاوێژیان کرد بۆ ئەوەی کە چی بکەن؟
بۆ ئەوەی کە ماڵیان کاول نەکرێت و ژن ومنداڵەکانیان زیانیان پێ نەگات و پەرێشان نەبن. گوتیان باشە، ئێمە دەبینە پاسەوان. دەوڵەت و پەکەکە خۆشحاڵ بوون کە ئەو عەشیرەت و هۆزانەی کە دەیان ساڵە هیچکات ملکەچی دەولەت نەببوون و تەنانەت ئامادە نەبوون سەربازییەکی سادە بۆ دەوڵەتیش بکەن، لە سایەی پەکەکەدا ناچار بوون ببنە پاسەوان واتە “خۆرۆجی”.
ئەمەش بیانوویەکی باشی بە پەکەکە دا کە لە هەموو شوێنێک بڵێت؛ سەیرکەن ئەم خەڵکە بوونەتە خۆرۆجی، چەکی دەوڵەتیان هەڵگرتووە و دژی ئێمە و دژی کورد دەجەنگن. لەبەرئەوەی کورد ساڵانێک تووشی زوڵم و ئەشکەنجەی دەوڵەت ببوون، ئەوانەی لەم حەقیقەتە تێنەدەگەیشتن، هەموویان دژایەتی ئەو عەشیرەت و هۆزانەیان کرد. بە دەستپێشخەریی پەکەکە ئیدی کورد شەڕی براکوژیشی لە دژی یەکتری دەستپێکرد.
لە سایەی شەڕی پەکەکەوە، ئاگر لە هەموو شوێنێکی باکوری کوردستان بەربوو و تەڕ و وشکی پێکەوە سووتاند. ئاگرەکە لە کوردستان زیاتر بڵێسەی سەند و ماڵوێرانی و کوشتار و ئاوارەیی بۆ کورد هێنا.
لە سایەی ئەم یارییانەی پەکەکەوە نزیکەی چوار هەزار گوند چۆڵکران و نزیکەی شەش ملیۆن کورد بەرەو شارە تورکیەکان کۆچیان کرد و بە ڕەزالەتێکی زۆرەوە نیشتەجێ بوون. لەگەڵ کوژرانی کورداندا، پەکەکەش بەهێزتر بوو، لەگەڵ کۆچکردنی خەڵکی کوردستاندا، پەکەکەش دەوڵەمەندتر بوو. بەم شێوەیەش لە هەر کوێ کەرامەت و حورمەتێکی کوردان هەبایە، بە دەستی پەکەکە دەشکا و لەناو دەبرا.
دوای ڕزگارکردنی باشووری کوردستان لە ساڵی 1991، پەکەکەییەکان گوتیان هەرێمی کوردستان وەک خەنجەرێک وایە لە پشت عەرەبدا و پێویستە ئێمە ئەو خەنجەرە دەربهێنین. بۆیە لە ساڵی 1992دا شەڕێکی بێوچانیان دژی ئازادیی باشووری کوردستان هەڵگیرساند. بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و پاشەکشەیان کرد بۆ شوێنێک کە کەس نەیدەزانی لەلایەن کێیەوە دەپارێزرێت.
ئەمجارەیان زوڵم و زۆر و تەعداییەکی زۆریان بەسەر گوندنشینانی دەوروبەری قەندیلدا هێنا. گوندنشینەکان ناچار بوون گوند و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان هەڵبێن. پەکەکە بەموەشە نەوەستا و بۆ ئەوەی جێپێی خۆی لە باشووری کوردستاندا بەهێزتر بکات، ئەمجارەیان لە قەندیلەوە دەڕۆیشتنە باکووری کوردستان و هێرشیان دەکردە سەر قەرەقۆل و گوندەکانی باکووری کوردستان و پاشان هەڵدەهاتنەوە بۆ باشووری کوردستان تا بیانووی بۆ چەکدارانی دەوڵەتی تورک بخوڵقێنن کە بەردەوام بێنە ناو خاکی باشووری کوردستان و ئاڵۆزی بکەن. هەر وەهاشی لێهات و دەولەتی تورک ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارانی خۆی لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا جێگیر کرد.
زۆر یاری گەورەیان کرد بۆ ئەوەی کە باشووری کوردستان تووشی شکست بکەن و تێکی بدەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نەبوون. هەروەها ئەو ڕووناکی ئازادییەی کە لە باشووری کوردستان هەڵگیرسابوو، بە هەموو کوردستاندا بڵاو بوویەوە و ڕۆحی کوردەواریی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا زیندوو بوویەوە. بەڵام بەداخەوە ئەمە بە دڵی پەکەکە نەبوو، بۆیە سەرلەنوێ لەگەڵ خاوەن فیکرەکانی خۆیدا پیلانیان داڕشت بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن کە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە ئازادی بگەن.
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان چی بەسەر هات؟ ئێستا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە کۆبانی و زۆرێک لە شارەکانی کوردستان لەو بەشەی نیشتمانیان خستۆتە چ بارودۆخێکەوە. ئەوان دەیانویست کورد وڵاتەکەی خۆی بەجێبهێڵێت، بۆیە زوڵم و تەعەدایان لەوانیش کرد. بۆیە زۆرێک لەو ئاوارانەی کە ماونەتەوە ئیتر ناتوانن خۆیان دەرباز بکەن و ئەوانیش لەژێر زوڵمی پەکەکە یان پەیەدەدا گیریان خواردووە.
دوای تێکدانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەیانویست ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێران بکەن بۆ ئەوەی چیتر کورد نەتوانێت لەوێ خەبات بۆ ئازادی گەلەکەی بکات. کاتێک بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری لەلایەن پەدەکە ـ ئێرانەوە درا، پەکەکە دەستبەجێ بەرەیەکیان لەدژیان کردەوە و چەند پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتیان شەهید کرد. بەڵام لە سایەی حیکمەت و زیرەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، شەڕەکە پەرەی نەسەند و پەکەکە نەیتوانی موداخیلەی کاروبارەکانیان بکات.
کاتێک کە پەکەکە دەستی لەوێ شۆرد، ئەمجارە گەڕانەوە بۆ باکوری کوردستان و گوتیان: “مەسەلەی کورد لە باکوور تەنها بە وێرانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی گوندنشینان چارەسەر نابێت، کاتێک کە ڕۆژی خۆی بێت، کورد دەتوانێت دۆزی گەلەکەی وەربگرێتەوە”. ئەمجارەیان دەستیان بە چالاکییەکانی وێرانکردنی شار و شارۆچکەکانیش کردووە.
لە شەقامی ئەو شار و شارۆچکانەی کە دۆزی کورد تێیدا بەهێز بوو، خەندەق یان کاناڵ و چالیان هەڵکەندا و شەڕێکیان دەستپێکرد کە بە هیچ شێوەیەک لە قازانج و بەرژەوەندیی کورداندا نەبوو. کورد ناچار کران کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و هەڵبێن. هەڵهاتنی خەڵک و چۆڵکرانی ئەو شار و شارۆچکانە بە دڵی پەکەکە و دەوڵەتی تورک بوو.
ئێستاکەش بەهۆی هەڵکەندنی ئەو خەندەق و چاڵانەوە، یەک بە یەک ئەو شار و شارۆچکانەی باکووری کوردستان وێران دەکرێن دۆزی کورد تێیاندا بەهێز ببوو.
ئێستا مرۆڤ دەتوانێت لە پەکەکە بپرسێ کە چیتان دەوێت؟ داواکاریی ئێوە بۆ کورد و کوردستان چییە؟ بەڵام هیچ وەڵامێکیان نییە. دیارە کە وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم پرسیارانە چۆڵکردنی کوردستان و لەناوبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە.
چی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە پەکەکە؟ ئێستا زۆر زەحمەتە، چونکە ئێستا هێزێکی زۆر بەهێز لەپشت پەکەکەوەیە کە ڕێگە نادات و نایەوێت دۆزی گەلی کوردستان بەرەوپێش بچێت.
چارەسەر چییە؟ پەیوەندی بە یەکخستنی هێزە نیشتمانپەروەرەکانی باکووری کوردستانەوە هەیە. بەڵام تەنانەت پەکەکە کار بۆ ئەوە دەکات کە شتێکی لەم شێوەیە ڕوونەدات.
بەڵام تا ئەوکاتەی حیزب و ڕێکخراو و کۆمەڵە و خەڵک و تاک و کەسایەتییەکانی کورد بە ئاشکرا و چاونەترسانە قسە لەسەر ئەو کردەو ڕووداوانە نەکەن کە پەکەکە ئەنجامیان دەدات و نەڵێن هیچیان لە بەرژەوەندیی دۆزی ڕەوای کورد و کوردستاندا نین، ئەم کاولکارییە بەردەوام دەبێت. با ڕێکخراوە لاواز و کەم دەسەڵاتەکانمان، خۆبەزلزان نەبن.
ئێستاکە ڕۆژی ئەوەیە کە هەموو حیزب و دامەزراوە و کۆمەڵە کوردستانیەکان یەکبگرن، واتە لە ژێر یەک چەتردا کار و خەبات بکەن. ئەگەر ئەم کارە نەکەن، وڵاتی کوردان بە دەستی پەکەکە تێکدەچێت. ڕێکخراوەکانی ئێمە کە ژمارەیان بەقەد پەنجەکانی دەست دەبێت، با واز لە خۆبەزلزانی بهێنن و پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەزووترین کات هێزەکانیان یەکبخەن. ئەگەر نەبن بە یەک، “لەناو دەچن یەک بە یەک”.