ڕێگای خاوەندارێتیکردن لە شێخ سەعید بە ڕەتکردنەوەی کەمالیزم و ئاپۆیزمدا تێدەپەڕێت

ڕێگای خاوەندارێتیکردن لە شێخ سەعید بە ڕەتکردنەوەی کەمالیزم و ئاپۆیزمدا تێدەپەڕێت

مرۆڤ ناتوانێ هەم ئۆجەلانچی بێت و هەمیش کوردستانی بێت، ڕێبازی کوردستانی و ڕێبازی تورکبوون دوو ڕێگان بەقەد زەوی و ئاسمان لەیەکترەوە دوورن.

لە سەد ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانیدا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئێمە ئێمە بە ڕێز و سوپاسەوە یادیان بەرز ڕادەگرین و سەرمان لە ئاست خەبات و تێکۆشانیاندا دادەنوێنین. یادی ئەوان هەمیشە لە گەڕان بەدوای ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەی کورددا، ڕووگە و قیبلەی ئازادیخوازان بووە.

لە سەدەمین ساڵوەگەڕی لەسیدارەدانیدا، پێویستە کە ئێمە خاوەندارێتی لە شۆڕش و بەرخۆدانی شێخ سەعید و هاوڕێکانی و ئەو خەباتە بکەین کە بۆیان بەجێهێشتوین. نەک تەنها بە قسە بەڵکو بە کردار، پێویستە دووبارە لەم خەباتە تێبگەین و لە مێژووی کورددا جێگەی شایستەی خۆی پێبدەین. ئەمە ئەرکێکی زۆر گرنگە بۆ هەموومان.

شۆڕش و سەرهەڵدانی شێخ سەعید و ڕۆڵی مێژوویی تەڤگەری ئازادی کە ڕێکخەری ئەو سەرهەڵدانە بوو، پێویستی بەوە هەیە کە لەلایەن کوردەوە خاوەندارێتیی لێبکرێت. شۆڕشی شێخ سەعید کە ساڵ و نیوێک دوای لۆزان دەستی پێکرد، بەرفراوانترین شۆڕش و سەرهەڵدانی نەتەوەیی بوو کە لە دژی سیستەمی قڕکەری دژە کورد، بەرپا کرابوو. ڕەخنە لە کەموکوڕی تاکتیکی و مەسەلە تەکنیکییە ناوخۆییەکان، لە بایەخ و نرخ و هێزی ئەم سەرهەڵدانە مەزنە لەڕووی ئامانجی نەتەوەیی، دەروونناسی کۆمەڵایەتی و کلتوری بەرخۆدان بۆ کوردان، کەم ناکاتەوە.

بەڵام ئەمڕۆ مانا و ڕۆڵی مێژوویی ڕاپەڕینی شێخ سەعید لەژێر هێرشێکی فرەلایەنەدایە. لە لایەک مێژووی دەوڵەتی کۆلۆنیالیزمی تورکیا کە شێخ سەعید و شۆڕشەکەی وەک سەرهەڵدانێکی کۆنەپەرستانە و ئایینی و دژە ـ سیکۆلاریزم و بە سپۆنسەری ئینگلیز (!) پیشان دەدات. کەمالیستەکان پێشەنگایەتی ئەم شرۆڤە هەڵەیە دەکەن و دەیانهەوێت ڕوانگەیەکی مێژوویی لەمشێوەیە دروست بکەن.

ئۆجەلان و حیزبەکەی (پەکەکە)، سیاسەتی شەڕێکی تایبەتی دوولایەنە لە دژی شێخ سەعید و شۆڕشەکەی پەیڕەو دەکەن.

یەکەم میتۆد لە هێرشی ئۆجەلان و حزبەکەی بۆ سەر شێخ سەعید و سەرهەڵدانەکەی، میتۆدێکە کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی کەمالیستەکان بنیات نراوە. ئۆجەلان، بە شێوازی کەمالیستەکان، شۆڕشی شێخ سەعید بە “گەمەی ئینگلیزەکان” پێناسە دەکات و دەیهەوێ سەرهەڵدانەکە ناشیرین بکات.

ئەم شرۆڤەیەی ئۆجەلان خیانەتێکە بەرامبەر شێخ سەعید و هەڤاڵانی و مێژووی کوردستان. بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەم ڕێبازە خیانەتکارانەیە، ئەمجارەیان شێوازی دووەم بەکاردەهێنن و وەک ئەوەی بەرگری لە شێخ سەعید بکەن، وەکوو ئەسپی تراوا هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ناوەڕۆکی بنەڕەتیی پرەنسیپ و ئامانجەکانی سەرهەڵدانەکە دەدەن. بەم شێوەیەش هەوڵ دەدەن ڕێگری لە کاردانەوەی گشتی بەرامبەر بە پەکەکە بکەن.

بۆ نموونە لەم ڕۆژانەدا لە برۆکێسل کۆنفرانسێک ڕێکخرا. کۆنفرانسەکە بەناونیشانی “سەدەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی شێخ سەعید، تەڤگەری ئازادی، شێخ سەعید و هاوڕێکانی، بیر و دژایەتیی بەکۆمەڵ”، لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)ی سەر بە پەکەکە، جڤاتا ئیسلامیی کوردستان (CİK) و ئەنیستیتوە کوردییەکانی ئەڵمانیا و بەلجیکا ڕێکخرابوو. هەروەها ئیدیعای ئەوە کرا کە ئۆجەلانیش پەیامێکی بۆ کۆنفرانسەکە ناردووە. ئۆجەلان لە پەیامەکەدا گوتوویەتی: “ڕێگاکەی شێخ سەعید بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بە واتای خۆی دەگات”.

ئەم کۆنفرانسە تەنها نمایشێکە کە بۆ شاردنەوەی تەسلیمبوون و خیانەتەکەی ئۆجەلان، بەڕێوچوو. ئۆجەلان هیچ ڕێزێکی بۆ شێخ سەعید و هیچ کام لە ڕێکخەرانی مێژووی کوردستان نییە. لە لێکدانەوەی ئۆجەلان بۆ مێژووی کوردستان، هەموو سەرکردە و ڕێبەرەکانی کورد بە هەژار و بێ هزر و خائین لەقەلەم دراون. بە پێی لێکدانەوەی ئۆجەلان بۆ مێژووی کوردستان، مێژووی کوردستان لە پەکەکەوە دەستی پێکردووە و بەدەر لە ئەو هیچ بزووتنەوەیەکی مانادار و سەرکردەیەکی ڕێزدار بوونی نییە. پەکەکە لە ساڵانی 1990 بەملاوە، ئەم تێڕوانینەی لە ئەدەبیاتی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە و هەموو بزووتنەوەکانی  مێژووی کورد بە بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی دواکەوتوو پێناسە دەکات. هەروەها ئۆجەلان لە دیالۆگەکانی لەگەڵ یاڵچین کوچووک لە ساڵی 1994دا بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە شێخ سەعید “لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەکارهێنراوە”.

بەڵام ئۆجەلان دوای ڕۆیشتی بۆ ئیمرالی، لە شرۆڤەکانیدا بێ ترس کاری کردووە و بە ئاشکرا و بە فەرمی هێرشی کردۆتە سەر شێخ سەعید. بزانە ئۆجەلان لە 13ی شوباتی 2002دا چی دەڵێت: “خودای مستەفا کەمال لە خودای شێخ سەعید بەهێزترە، بۆچوونە ئایینیەکانی مستەفا کەمالیش لە هی شێخ سەعید پێشکەوتووترن. شێخ سەعید تا ساڵی 1925 لە کوێ بوو؟ کاتێک بەرژەوەندییەکانی زیانیان بەرکەوت، هاتە مەیدان و هتد…”. بەڵام شێخ سەعید و تەڤگەری ئازادی بە توندی دژی پەیمانی لۆزان وەستانەوە، کەچی ئۆجەلان بەم شێوەیە دەڵێت شێخ سەعید تەنها بۆ پاراستنی داهات و سەروەت و سامانی خۆی شۆڕشی کردووە.

هەر ئەم ئۆجەلانە لە دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانیدا لە ڕێکەوتی 14ی حوزەیرانی 2000دا بۆ بێواتاکردنی شێخ سەعید گوتوویەتی: “لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، سەرجەم ئازادییەکانی کورد بە فەرمی دەناسران. ئاتاتورک لە ڕووی ستراتژیکەوە لە کێشەکە نزیک دەبوویەوە، کورد بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە شەڕی ئیستیقلالدا بەشدار بوون، تەنانەت عەشایرەکانی ئێمەش بەشدارییان کرد. بریتانیا، مژارەکانی نەوتی مووسڵ ـ کەرکووک و هتد.. هەبوون. سەرهەڵدانی شێخ سەعید بە ئامانجی وەرگرتنی قەرەبوو لە ئاتاتورک پلانی بۆ دانرا و کوردی فڕێدایە ناو ئاگرەوە. ئەم ڕاپەڕینە بۆ کورد کارەساتێکی گەورە بوو”.

بە گوتەی دەوڵەتی تورکان شێخ سەعید کەسێکی نەزان و دواکەوتوو و ئاینیی بووە. تەنانەت نەشیدەزانی قسە بکات. ئۆجەلانیش هەمان شت دەڵێت و لە دیدارەکەیدا لەگەڵ پارێزەرەکانی لە 23ی ئایاری 2001دا، خۆی بە شێخ سەعید بەراورد دەکات و دەڵێت: “شێخ سەعید کاتێک دەچووە پای داری سیدارە، دوو وشەی لەبارەی پێڤاژۆ نەگوت، حیکمەتی من لێرەدایە”.

بە واتایەکی تر، بە گوتەی ئۆجەلان، شێخ سەعید تەنانەت کاتێک دەچووە سەر سێدارەش ئەوەندە نەزان بوو، نەیدەزانی هیچ بڵێت. بەڵام وا نییە. ئۆجەلان لە دادگاکانی تورکیا “داوای لێبوردنی لە دایکی ئەو سەربازە تورکانەی کرد کە لە شەڕەکەدا کوژرابوون”، کەچی شێخ سەعید داوای لێبوردنی لە کەس نەکرد و تەسلیم نەبوو، بەڵام ئۆجەلان تەسلیم بوو. ئۆجەلان دەیتوانی زۆر قسە بکات، بەڵام هەوڵیدا بە وتنی “دایکم تورکە” خۆی لە سیدارە ڕزگار بکات. شێخ سەعید لە کاتی لەسێدارەدانیدا هاوار دەکات و دەڵێت: “کۆتایی تەمەنم لەسەر زەوی هاتووە، لە پێناو میللەتەکەمدا خۆم فیدا دەکەم، بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نیم، ڕۆژێک دادێت کە نەوەکانم تۆڵە لە دوژمنەکانمان دەکەنەوە، هەر ئەوە بۆ من بەسە”.

کاتێک سەیری ژیانی ئەوان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە مردن دەکەین، بە ڕوونی دەتوانین ئەمە بڵێین: ئۆجەلان هەرگیز وەک شێخ سەعید و هاوڕێکانی نەیوێراوە کە نەترسانە بەرەو پیری مەرگ بڕوات. ئۆجەلان نەک هەر بە تەواوی دژی ڕێبازی شێخ سەعیدە، بەڵکوو تەنانەت دوژمنی ئەو ڕێبازەشە”.

ئەگەر حیسابێکی سەرپێی بکەین. شێخ سەعید ئەو کەسەیە کە ئەرکی سەرکردایەتی کردنی ڕاپەڕینەکانی کوردی گرتەئەستۆ و قبووڵی کرد. مستەفا کەمال ئەو کەسەیە کە شێخ سەعیدی لەسیدارە داوە و کوردی کۆمەڵکوژ کرد. ئۆجەلانیش ئەو کەسەیە کە مستەفا کەمال بە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز وەسفی دەکات. ئێستا دەپرسم ئایا ئۆجەلان لە شێخ سەعید نزیکە یان لە مستەفا کەمال نزیکە؟ بێگومان ئۆجەلان کەمالیستێکی 24 عەیارە. ئایا مرۆڤ دەتوانێت هەم کەمالیست بێت و هەم هاوسۆزی شێخ سەعید بێت؟ بێگومان نەخێر…

ئایا مرۆڤ دەتوانێت هەم حەز لە ئۆجەلان و بۆچوونەکانی بکات و هەمیش ئەویندار و ئۆگری شێخ سەعید بێت؟ نەخێر، نەخێر

سەرکردە مێژووییەکانی کورد وەک “قازی محەممەد، شێخ سەعید، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، نوری دێرسیمی، نورەدین زازا، خالید بەگی جبری” و ئەو کەسایەتیانەی هاوشیوەیان کە لێرەدا ناتوانین ئاماژە بە هەموویان بکەین، لە یەک بەرەدان و ڕێگای ئەوان ڕێگای پیرۆزی کوردستانە. هاوکات ئۆجەلان لەگەڵ مستەفا کەمال و ماهیر چایان و دەنیز گزمیش و تورکەکانی تر بە ئامانجی چەپگەرایانەوە لە یەک بەرەدان. ڕێگای ئۆجەلان ڕێگای تورکیایە. ململانێی خوێناوی لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا هەیە.

کەواتە کوردانی هێژا؛ئێوە ناتوانن هەم ئۆجەلانچی بن و هەمیش شێخ سەعیدیست بن. ئێوە ناتوانن هەم ئۆجەلانچی بن و هەمیش کوردستانی بن. ڕێبازی کوردستان و ڕێبازی تورکبوون دوو ڕێگان بەقەد زەوی و ئاسمان لەیەکترەوە دوورن.

پوستێن ھەمان بەش