ئیدی نابێ گەنجانی کورد و جیلەکانی داهاتووی کورد لە شانۆگەریی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا ببنە قوربانی.
لە 11ی تەمموزدا گروپێکی پێکهاتوو لە 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان سووتاند و کاتی چەک سووتاندنەکە تا ئێستاش بابەتێکی سەرەکییە. ئەو وێنەیەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت، گەریلایەکی گەنجە کە بە دڵی پڕ و چاوی فرمێسکاوییەوە کە کزە لە جەرگ هەڵدەستێنێ، چەکەکەی دەسووتێنێت. هەموو کوردێک چ پەکەکەیی بێت و چ پەکەکەیی نەبێت، هەستی بە دڵتەنگی ئەو ژنە گەنجە کرد. ڕەنگە تەنانەت ئەو ژنە گەنجەش لە نێوان پڕوپاگەندە ئایدیۆلۆژییە چڕەکاندا، بە تەواوی نەیزانیبێت کە ئەو مەراسیمە لەسەر چییە. ڕەنگە تەنها کردەی دانانی چەکەکان بووبێت کە وای لێکرد ئیحساسی بێت، یانیش ڕەنگە بۆ هاوڕێیە گیانبەختکردووەکانی و ئەو ساڵانەی تەمەنی خەمبار بووبێت کە لەدەستی داوە.
لەبەر ئەوەی کە ئێمە نازانین ئەو ژنە گەنجە بۆچی خەمبار بووە؟ ڕەنگە دوای ئەوەی وێنەکە ئەوەندە بڵاوکرایەوە، پەکەکە بیکاتە مژارێکی پڕوپاگەندەیی و ناچاری بکات سوێند بخوات و “دڵسۆزی و ئیرادەی خۆی بۆ ڕێبەر ئاپۆ” دووپات بکاتەوە.
ئێمە نازانین ئەو کچە هەست بە چی دەکات، چۆن خۆی ڕاڤە دەکات، بەڵام دەزانین خۆمان هەست بە چی دەکەین: پرسە و مەراسیمەکانی ناشتنی تەرمی چوار نەوەی گەنجی کورد کە لە ماوەی شەڕی 50 ساڵەدا هاڕدراون و ماندوو کراون، هەزاران گوند سووتێنران و وێران کران و خەڵکێک زۆر کە نەفی کران، بە ملیۆنانیان مرۆڤ کە لە خاکی خۆیان وەدەرنران و ئازاری ئەو کەسانە هەست پێدەکەین کە تەمەنی گەنجی خۆیان لە زیندانەکاندا بەسەر برد.
هەرکەس بەڕاستی دەپرسێ: پەکەکە چی بەدەست هێنا و بۆ کێ بەدەستیهێنا؟
نەوەکانی کوردستان لە ساڵانی 1970، 1980 و 1990دا ئەوانە بوون کە پەکەکەیان کردە پەکەکە. دوو ستوون هەبوون کە پەکەکەیان لەسەر بنیات نراوە. یەکەمیان بەرخۆدان بوو لە زیندانەکاندا، کە ئەو بەرخۆدانە هیچ پەیوەندییەکی بە ئۆجەلانەوە نەبوو. پەکەکە و ئۆجەلان نەبوون کە “مەزڵووم دۆغان و خەیری دورموش”یان دروست کرد، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوە ئەوان بوون کە پەکەکە و ئۆجەلانیان ئافراند. دووهەم ستوون کە پەکەکەی کردە پەکەکە، لێشاوی هێزی نەتەوەپەرستی کورد بوو لە ناوچەکانی وەک بۆتان، ماردین و ئامەد کە لە ساڵانی 1980 و 1990دا ڕوویان لە پەکەکە کرد.
لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خەڵکی باکووری کوردستان، کاریگەرییەکی زۆری لە شۆڕش ـ ڕاپەڕینی باشووری کوردستان وەرگرت، بە هەستی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەییەوە، ڕوویان لە پەکەکە کرد. دیارترین ڕێکخراو لە باکوور پەکەکە بوو. ئەو نەوەیە بوون کە پەکەکەیان لەسەر پشت هەڵگرت و باری شەڕ و خەباتیان لە ئەستۆ بوو. چەپەکان و پیاوانی ئایینی و خوێندکار و کوردە نەخوێندەوارەکان لە هەموو چین و توێژەکاندا یان بوون بە گەریلا و میلیتان و خۆپیشاندەرانی هێڵی پێشەوە، یانیش لە زیندانەکاندا بەرەنگاری ئەشکەنجەدانی فاشیزمی تورک بوونەوە. بە هەزاران خوێندکاری زانکۆ و سەدان هەزار نەتەوەپەرستی کورد وەک “وەدات ئایدن” بارگرانی خەباتیان لە ئەستۆ گرت. کوردانی باکوور تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی سەدسالەی کۆچگیری، زیلان، ساسۆن، دێرسیم و هتد…، هاواری خۆیان لە دژی فاشیزمی 12ی ئەیلول، ڕوویان کردە ناو ڕیزەکانی پەکەکە. لە ڕاستیدا هەموو شتێک لەپێناو خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد بوو.
پەکەکە نەوەی ساڵانی 1990ی دروست نەکرد. ئەو نەوەیە وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە قووڵایی ناخی نەتەوەی کوردەوە سەریهەڵدا. وەدات ئایدن ئەندامی پەکەکە نەبوو. تەنها نەتەوەپەروەرێکی ڕاستەقینەی کورد بوو. خەڵکی بۆتان ـ زاگرۆس لە مێژە پەیڕەوی میتۆدی تێکۆشانی پەدەکە بوون و ئەوانیش بە هەستی نەتەوەپەروەریی خۆیان بەرەو پەکەکە ڕاکێشران. پەکەکە ئەو جەماوەرە و ئەو هێزەی نەخوڵقاند؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە پەیوەست بوونی ئەم نەسڵە نەتەوەپەروەرە بوو کە پەکەکەی دروستکرد. لە کاتێکدا ئەم نەوە نەتەوەپەروەرەی کورد کە ئێمە باسی دەکەین، گیانی خۆیان بۆ پەکەکە فیدا کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیمەشق لەگەڵ یەڵچین کوچوک باسی “پەیمانی میساقی میللی”یان دەکرد.
ئەم نەوە نەتەوەپەروەرەی کوردی ساڵەکانی 1970، 1980 و 1990 لەناوچوون. ئەم سێ نەوەیە کە توانیبوویان کورد بەرەو ئازادیی نەتەوەیی ببەن، بە ئەنقەست لە ناو ددانەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، هاڕدران. پەکەکە هێزی نەتەوەیی، نەتەوەپەروەرانی کوردی هەڵلووشی و لەناوی برد. ئێستا، لەو نەوەیەوە تەنها کۆمەڵێک هاووڵاتی مەدەنی ماون کە ئەگەرچی دەزانن پەکەکە چییە و ڕەخنەی لێدەگرن بەڵام ناتوانن دەنگی خۆیان بە گوێی خەڵک بگەیەنن و چەند کادرێکی ناو پەکەکەش کە چیتر نازانن ڕێگاکەیان بەرەو کوێ دەڕوات.
دوای ساڵانی 2000 دوو نەوەی جیاواز ڕوویان لە پەکەکە کرد. لە ساڵانی 2000دا خەڵک لە هەمبەر بردنی ئۆجەلان بۆ ئیمرالی، کاردانەوەیان پیشاندا و ڕوویان لە پەکەکە کرد. لەوکاتەی کە ئەوان تێکەڵ بە پەکەکە دەبوون، ئۆجەلان بە ئەفسەرێکی تورکی دەگوت: “تەنانەت شوانێکی هەکاریش فێری زمانی تورکی دەکەم”. دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2012 و لە سەردەمی ڕۆژئاڤادا، کورد جارێکی دیکە پشتیوانی پەکەکەی کرد و بە هەزاران کەس لە هەموو کوردستانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاڤا کرد…
واتە پێنج نەوەی گەنجی کورد تێکەڵ بە شەڕی پەکەکە بوون. گەلی کورد هەرچی هەیبوو تەرخانی کرد. پەکەکە بۆ شکستی هێنا؟ بێگومان، تۆڕێکی سیاسی لە دەوری پرسی کورد دروستکراوە. ڕەنگە هێشتا هێزی خەبات و تێکۆشان بەس نەبێت بۆ ئەوەی ئەو تۆڕە تێکبشکێنێت. بەڵام هۆکاری ئەوەی کە ناسنامەی نەتەوەیی گەل دوای 41 ساڵ خەباتی سیاسی لە باکوور، بەراورد بە 40 ساڵ لەوەپێش کەمتر بووەتەوە و ئاسمیلەکردن تا ئەو ڕادەیە قووڵ بووەتەوە و هەڵوێستی کۆلۆنیالیست قبووڵ دەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆکاری گریمانەیی. بەڵێ، ئێوە ڕەنگە نەتوانن کۆماری تورکیا لەناو بەرن، ڕەنگە سیستەمی جیهانی بەربەست بێت. بەڵام ئەوەی کە ناسنامەی کورد ئەوەندە بەتەواوەتی لە تورکایەتیدا هەڵکێشراوە، کە 40 بۆ 50 هەزار گەنج لە شەڕدا گیانیان بەخت کردووە و شەهید بوون، ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕێگایەی کە ئێوە لەسەری بوون، هەڵەیە. هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا ئەوەیە کە پەکەکە هەر لەسەرەتاوە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی ڕاستەقینە نەبووە. ڕزگاریخوازانی نەتەوەیی سواری ئۆتۆمبێلی هەڵە بوون و بەرەو شوێنی هەڵە دەچوون.
کوردەکانی باکوور لەبەر ئەوە نەیاندۆڕاند کە بە ڕادەی پێویست هەوڵیان نەدا یان بە باشی خەبات و تێکۆشان و شەڕیان نەکرد، کوردانی باکوور لەبەر ئەوە نەیاندۆڕاند، کە غیرەت و جەسارەتیان نەبوو. بەڵکوو کورد دۆڕاندی چونکە ڕێگای هەڵەی گرتەبەر. ئەم دڵتەنگ و خەمگینیەی ئێمەش لە مەراسیمی چەکدانانی پەکەکە هەر لەم هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر بۆیەش ئێمە هەرگیز ناپرسین کە پەکەکە بۆچی چەک دادەنێت؟ بەپێچەوانەوە ئێمە پشتیوانی لە چەکدانانی پەکەکە دەکەین. چونکە ئەگەر ئەو کەسانەی کە چەک هەڵدەگرن کەسانی ڕاستیش بن، بەڵام ئەگەر ڕێبەر و ڕێکخراوەکە هەڵە بن، ئەنجامەکەی کارەساتبار دەبێت. بۆیە ئیدی پێویست ناکات گەنجانی کورد و جیلەکانی داهاتووی کورد لە شانۆگەریی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا ببنە قوربانی.