ئۆجەلان بە تورکیایەکی نوێ ئاوسە..

ئۆجەلان بە تورکیایەکی نوێ ئاوسە..

وادیارە دەوڵەتی تورک ڕۆڵی سوارەی حەمیدیەی بە پەکەکە داوە و دەیهەوێت لە ڕێگەی ئۆجەلان و پەکەکەوە سنوورەکانی تورکیا بەرفراوانتر بکات.

لە ڕێکەوتی 9ی تەمموزدا پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” و چەکداماڵینی چاوەڕوانکراوی پەکەکە بڵاوکرایەوە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئۆجەلان جارێکی دیکە جەختی لە چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە کردۆتەوە. هەرچەندە سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە ستایشی گرتە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلانیان کرد و بە “ڤیدیۆیەکی مێژوویی بۆ سەردەمێکی مێژوویی” ناوی دەبەن، بەڵام هیچ شتێکی نوێ لە وتارەکەی ئۆجەلاندا نەبوو. تاکە شتێکی نوێ لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئەوە بوو کە زۆرێک لە درۆکانی پەکەکە ئاشکرا بوون و ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە بابەتی گفتوگۆ و نیقاشی لەسەر دەکرێت.

لە یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەی ئۆجالان بۆ تورکیا لە 15ی شوباتی 1999دا، پەکەکە بە هەموو هێز و توانای میدیایی خۆیەوە هەوڵیدا ئۆجەلان وەک ماندێلای کورد بەرجەستە بکات. پەکەکە هەموو ڕۆژێک هەواڵی ساختەی لە میدیاکانیدا بڵاو دەکردەوە و ڕایدەگەیاند، “ئۆجەلان لە ژێر ئەشکەنجە و گۆشەگیردایە”، یان دەیگوت “ئۆجەلان ژەهرخوارد کراوە” و هتد.. بەم شێوەیە دەیانویست ئەو ڕاستیی گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا و کارکردنی وەک “ڕاوێژکاری دەوڵەتی تورک” پەردەپۆش بکەن. بەڵام دوای 26 ساڵ و بە یەک گرتەی ڤیدیۆیی، هەموو درۆ و پڕوپاگەندەکانی پەکەکە بوون بە بڵقی سەر ئاو و هەموو شتێک ئاشکرا بوو.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان بەڕوونی دەردەکەوێت کە هەموو ئەو هەواڵانەی پەکەکە کە تێیدا دەیانگوت ئۆجەلان ئەشکەنجە دەکرێت و لە گۆشەگیری (تەجرید)دایە، تەنیا درۆیەک بووە کە بە ڕای گشتی وتراوە و ئۆجەلان هەرگیز لە ژێر ئەشکەنجە و گۆشەگیریدا نەبووە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بە ڕوونی دەرکەوت کە ئۆجەلان دیل و زیندانیی دەوڵەتی تورک نییە و لە زینداندا نییە، بەڵکو لە ساڵی 1999 بەملاوە، ڕاوێژکاری بۆ دەوڵەتی تورک دەکات. لە هەموو کۆبەندی نووسراوی کۆبوونەوەکانی ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە کە ئێمە دەتوانین دەستمان پێیان ڕابگات، ئۆجەلان لە سەر زۆر بابەتی وەک “دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان دەیانهەوێت دەوڵەتێکی ناوەندی کوردی لە هەولێر دابمەزرێنن، ئەورووپا دەیهەوێت کورد بەهێز ببێت، ئێوە (تورک) کورد بگرن و ببنە فەرمانڕەوای جیهان، نەتەوەپەروەریی کورد مەترسیدارە ئەوان دەیانەوێت تورکیا بچوک بکەنەوە و سنوورەکانی بگۆڕن، ئەگەر دەوڵەت من ئەرکدار بکات، ڕێگریی لێدەکەم” دەوڵەتی تورکیای ئاگادار کردۆتەوە و هۆشداریی پێداوە. پرسی گۆشەگیریی ئۆجەلان تەنیا هەنگاوێک بوو بۆ شاردنەوەی ڕاوێژ و هاوکارییەکانی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورک، بۆ ئەوەی هەرکاتێک کە پێویست بوو وەک ڕێبەرێکی مەخدوور و سەربەرز پێشکەش بە کوردی بکەن.

هەر ئەوەش کرا، تورکیا و پەکەکە بە پلانێکی هاوبەش توانیان ئۆجەلان وەک کەسێکی مەخدوور و سەربەرز پێشکەش بە گەلی کورد بکەن و هەموو ئەو شتانەی کە تورک دەیانویست لە ڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ بکەن.

پەکەکە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە توانیویەتی چاوی لایەنگرانی خۆی لە ئاست بینی ڕاستییەکان کوێر بکات و ڕۆژانە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و درۆیین، گەلی کوردستان بە گشتی و لایەنگرانی خۆی بەتایبەتی چەواشە دەکات. پەکەکە لەم ڕووەوە زیرەکانە، توانیویەتی هەموو لێدوان و هەڵوێست و ڕوانگەکانی ڕێبەرەکەی لە دژی کوردستان و لە بەرژەوەندی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەبیر خەڵک بباتەوە و وایان لێبکات باوەڕیان بەوە هەبێت کە “ئۆجالان” بە وتارەکانی سیاسەت دەکات و کورد دەپارێزێت، بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەکەیەتی، ئۆجەلان نەک هەر بەرگری لە کورد ناکات، بەڵکوو نەتەوەی کورد لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی ئێستای تورکیادا، فیدا دەکات.

وادیارە دەوڵەتی تورک ڕۆڵی سوارەی حەمیدیەی بە پەکەکە داوە و دەیهەوێت لە ڕێگەی ئۆجەلان و پەکەکەوە سنوورەکانی تورکیا بەرفراوانتر بکات، وەک چۆن لە میساقی میللی تورکیادا ئەو سنوورانە دەستنیشان کراون.

ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە، وەک لە ڤیدیۆکەدا بە ڕوونی دیارە، لە خودی ئۆجەلاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە هەرگیز تووشی ئەشکەنجە و گۆشەگیری نەبووە، بەڵکوو هەمیشە وەک میوانێکی ڕێزدار لە ئیمرالی بەخێو کراوە و لە هەمبەر ئەو خزمەتانەی کە وەک ڕاوێژکار پێشکەش بە دەوڵەتی تورکی کردووە، ڕێزی لێگیراوە و بە باشی خزمەت کراوە، هەر بۆیە ورگی بەوشێوەیە ئاوساوە و زل بووە و ڕووخساری دەگەشیتەوە. ئەگەر وا نەبێت، بۆچی ئەوەندە قەڵەو بووە؟ بۆچی هیچکام لە زیندانییەکانی زیندانی ئامەد وەک ئۆجەلان قەڵەو نەبوون؟!!

هەروەها لە سۆشیال میدیادا بابەتی هەڵئاوسان و زلبوونی ورگی ئۆجالان بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوە دەکرێت و زۆر کەس گاڵتەی پێدەکەن. بەڵام ئەم ورگە زلەی ئۆجەلان تەنها بەهۆی ئەو خزمەتە باسەوە نییە کە دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی پێیدەکات، بەڵکو ئۆجالان ئێستا بە تورکیایەکی نوێ ئاوسە و دووگیان بووە کە هەموو سنوورەکانی میساقی میللی لەخۆ دەگرێت!.

پوستێن ھەمان بەش