ئەندامان، لایەنگران و سەرکردایەتی پارتە سیاسیەکانی باکوری کوردستان

ئەندامان، لایەنگران و سەرکردایەتی پارتە سیاسیەکانی باکوری کوردستان

“ئێمەی بەساڵاچوو، وەک سەردەمی ئەمڕۆ ناجووڵینەوە، چونکە لەگەڵ سروشتی ئێمەدا ناگونجێ و لە پێشهاتە مۆدێرنەکان تێناگەین”.

✍️ بووبێ ئەسەر

وەک چۆن دارستانەکان تاڵان دەکرێن کە تەنانەت دارێکیشیان نەهیشتۆتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی لە سێبەرەکەیدا فێنک بکاتەوە، ئەمڕۆکە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ئێمەش کەسانی زانا، ژیر، لێهاتوو و کارامەیان نەهێشتووە.

جوامێرێک بۆ ئەوەی کە خۆی فێنک بکاتەوە، سەیوانی خۆی بە چڵە دارێکی وشک و ڕەقەوە بەستۆتەوە و چۆتە ژێر سێبەرکەی. ئەگەر دارەکان نەبڕدرابان و وشک نەکرابان، ئەو جوامێرە پێویستی بە سەیوان نەدەبوو.

ئەمڕۆ دەزانین کە زۆرێک لەو جانک و جوامێرانە کە لە ژوورەوە باسم کرد، لە ناو ڕێکخراوەکاندا زۆر پەیدا دەبن. زۆربەیان بەهۆی ئاڵۆزی ناو ڕێکخراوەکەی خۆیانەوە و زۆرێکیش لەبەر ژیری و لێهاتوویی خۆیانەوە لەلایەن حیزبەکەیەوە دوورخراونەتەوە.

بۆیە بارودۆخی حیزبەکانیشمان وەک ئەو جوامێرانەیان لێهاتووە کە سەیوانی خۆی بە سەر دارێکی وشکەوە بەستۆتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە سێبەرەکەیدا فینک بکاتەوە. پارتەکانیش زانا و ژیریان لەناو خۆیاندا نەهیشتووە، بۆیە ئەمڕۆکە لە سایەی کەسانی نەزان، بەرژەوەندیخواز و ناکارامەوە دەیانهەوێ حیزبەکانیان بەڕێوەببەن.

بەڵام دەبینین حزب بەو جۆرە کەسانە بەڕێوەناچێت و گەشە ناکات و لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. چونکە ئەو کەسە نەزان و بێ کەڵک و خۆپەرستانەی کە سەرکردایەتی ڕێکخراوەکەیان پێدەدرێت، ڕێگە نادەن کەسانی زیرەک و بیرمەند و تێگەیشتوو ببنە ئەندام یان سەرکردەی حزبەکانیان.

من بەم قسانە نامهەوێ نادادپەروەری بەرامبەر هیچ کەس و لایەنێک بکەم. ئەوانەی باوەڕیان بەم قسانەی من نییە با پێنووس و تێنووسێک هەڵبگرن و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لەسەر یەک بە یەک ئەندام و سەرکردەی هەموو حزبەکانی باکووری کوردستان بکەن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی وەهادا دەردەکەوێت کە لە بەڕێوەبەریی زۆربەی حزبەکانمان لە کوردستاندا، کەسانی وەها هەن کە من باسم کردوون. چوونکە ئەگەر کەسێکی نەزان لە بەڕێوەبەریی حزبێکدا جێی گرتبێت، لۆژیکی نیە کە هیچکات بیهەوێت کەسێکی لەو زاناتر ببێتە ڕێبەر.

من زۆر جار وتوومە کە هۆکاری شکستی حیزبەکانی باکووری کوردستان بۆ ئەمە دەگەڕیتەوە. لە ناو سەرۆک و سەرۆکایەتیی زۆرێک لە حیزبەکانیشدا، کەسانی مۆدێلی ساڵانی 1970-1980 بوونیان هەیە.

بیر لەوە بکەرەوە کە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێلی 1970-1980 چەندە توانای ڕۆیشتنی هەیە، لە مۆدێرنیزاسیۆنی ئەمڕۆدا، بەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەوە، ڕێکخراو و لایەنەکانمان هێشتا دەیانەوێت وەکوو ڕابردوو، بە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی 1970-1980ـەوە بگەنە ئەو شوێنەی کە دەیانهەوێت.

بەڵێ ڕەنگە زۆرێک لە جانک و جوامێران بڵێن: تۆ ڕاست دەکەیت. بەڵام پێشنیارەکانت چین؟

باوەڕ بکەن من چەندین جار پێشنیارەکانم وتووە و نووسیومە. ئەگەر خەڵک بەدواداچوونیان بۆ من و نووسینەکانم کردبێت یان بیکەن، دەتوانن ئەمڕۆ لە تۆڕەکانی ڕاگەیاندندا قسە و نووسینەکانم ببینن. بەڵام ئیدی نووسین و قسەکردنیش کافی نیە. چونکە کەسانی نەزان کە خۆیان بە زانا دەزانن و خۆپەرستن، زەحمەتە کە گوێ لە من و تۆ بگرن. دیارە ڕەنگە گوێ بگرن، بەڵام هەر ئەوە دەکەن کە خۆیان دەیانهەوێ.

بۆ پێشکەوتنی ڕێکخراوەکانمان دەبێت سەرکردایەتییان لە کەسانی لاوی شایستە و زیرەک و هاوچەرخ پێکبێت. چونکە لاوەکان لە بەساڵاچووان زیاتر دەتوانن پێکەوە دانوستان بکەن، بەڵام لای بەساڵاچووانی ئێمە ئەمە نیە.

ساڵانێکە کە ئێمە لەیەکتر تووڕەین و وادیارە کە هەتا مردنیش لە سەر ئەم ڕەواڵە بەردەوام دەبین. ئەگەر ئێمە بمانتوانیبا کە ئەو بەساڵاچووانەش کۆبکەینەوە کە ڕقیان لە یەکتری هەڵگرتووە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لەسەر رەوشی وڵات گفتوگۆیان کردبا و ئەزموونەکانی دەیان ساڵەی خۆیانیان بدابایە بە لاوەکان و ڕێبەرایەتیی حیزبەکانیان بدابا بە دەستی ئەوان، بڕوا بکەن بە ئاسانی لەم لاوازییە ڕزگارمان دەبوو.

ئێمەی بەساڵاچوو، وەک سەردەمی ئەمڕۆ ناجووڵینەوە، چونکە بۆمان ناکرێ و لەگەڵ سروشتی ئێمەدا ناگونجێ، هەر بۆیە ئێمە لەم پێشهاتە مۆدێرنە تێناگەین. ئێمە هەر قەوانەکەی خۆمان دەیپێوین، گوێ لە پێشنیارەکان دەگرین بەڵام دیسانیش هەر وەک خۆمان دەجووڵینەوە.

لەم ئاستە مۆدێرنەدا، هەرکام لە جوانەکانمان بە چەند زمانێکی بیانی قسە دەکەن و هەریەکەیان لە چەند زانکۆ خوێندنیان تەواو کردووە، بەڵام چەندیان لە سەرکردایەتی پارتە سیاسییەکاندا جێگەیان گرتووە؟ من بۆخۆم کەسیانم نەبینیوە، لەبەر چی؟

ئەگەر ئەوان بگەن بە دەسەڵات، ترسی ئەوەی کە ئەمن جێگاکەی خۆم لەدەست بدەم، دەست پێدەکات. بۆیە من هەتا پێم بکرێت، ڕێگا نادەم لاوەکان سەرکردایەتی حزبەکانی کوردستان وەربگرن. ئەگەر هەندێک بیانهەوێ کە مندالەکانی خۆشیان بکەن بە ئەندامی ڕێبەری، بەساڵاچووەکان سەرچاوەی کانییەکەیان گرتووە و ڕێگا نادەن و نایانهەوێ.

پێویستە بە ڕوونی تێبگەین کە تا ئێمە و ئێمە هەبین، دە کەس دەبین، ئەوا ئێمە هەموومان بە دەیان کەس دەبین. مرۆڤ دەبێ بپرسێت. چەند منداڵی سەرکردەکانی حیزبەکەمان لە باکووری کوردستان ئەندامی پارتەکەی باوکیانن؟ من ئەوەشم نەبینیوە. چونکە ئێمە بۆخۆمان بەربەست و ئاستەنگین.

بەڵام سەیری بزووتنەوەی بارزانیەکان بکەن، لەو ڕۆژەوە کە دەستیان بە شۆڕشی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کردووە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، منداڵەکانیان لەگەڵیان بوون. بۆیە ئەو منداڵانەی لە شۆڕشدا گەورە بوون، ئەمڕۆکە وڵاتی خۆیان بەڕێوەدەبەن.

پوستێن ھەمان بەش