هیچ یادەوەرییەک لەسەر مێزی دانوستان نافرۆشرێت

هیچ یادەوەرییەک لەسەر مێزی دانوستان نافرۆشرێت

وادیارە ئۆجەلان لەبیری کردووە کە یادگەی کۆمەڵگەی کوردی و ئەو خوێنانەی ڕژاون، زۆر لە وتارەکانی ئەو گەورەتر و بەنرخترن.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

بە بۆنەی سەد ساڵەی شەهیدبوونی شێخ سەعیدەوە، ئۆجەلان نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی 100 ساڵەی ڕاپەڕینی شێخ سەعید نووسی. کاتێک مرۆڤ بەشێوەیەکی ساکار لەو نامەیە دەڕوانێت، وادەردەکەوێت کە ئەم نامەیە پڕە لە دڵسۆزی بۆ سیمبولە مێژووییەکانی گەلی کورد، بەڵام کاتێک کە مرۆڤ بە ئاگاهی و تێڕامانەوە لەو نامەیە دەڕوانێت، بۆی ڕوون دەکەوێتەوە کە ئەو نامەیە پڕە لە دوروویی هزری، چونکە جارێکی تر هەوڵیداوە کە یادەوەرییەکی نەتەوەیی سەراوژێر بکات و ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ بکاتەوە و وەکوو سووتەمەنییەک بۆ درێژکردنەوەی پڕۆژەکەی خۆی بەکاری دەهێنێت کە نەبوونی ئاخێکی جێگیرە بۆ کورد کە بتوانن لەسەری ڕاوستن.

لەو کاتەوەی ئۆجەلان لە هزری مارکسیستی نەتەوەییەوە گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی کە یادەوەریی سیمبولە نەتەوەییەکانی کورد هەڵبوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ دایبنێتەوە و بۆ پڕۆژەیەکی بێمانا و بێ بنەما بەکاریان بهێنێت.

شێخ سەعید پیران گیانی خۆی لەپێناوی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بەخت کرد و ئایینەکەی لە دژی مەکینەی تورکسالاری بەکار هێنا، بەڵام لە نامەکەی ئۆجەلاندا کە بۆ کۆنفرانسی 100 ساڵەی شۆڕشی شێخ سەعیددا ناردوویەتی، ئۆجەلان هەوڵیداوە کە شۆڕشی شێخ سەعید و هزری شێخ سەعید بکەت بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ گۆڕینی شۆڕشی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.

ئایا ناکۆکییەکی لەوە گەورەتر هەیە؟

ئەرێ ئۆجەلان چۆن دەتوانێت ڕێبەری شۆڕشێکی خێڵەکی و ئایینی بگۆڕێت بۆ تیۆریسیەنێکی لیبراڵ دیموکراسیی پۆست نەتەوەییبوون؟ ئەم یارییە کە ئۆجەلان دەیکات یارییەکی زۆر مەترسیدارە کە دەوترێت ئەوە یاری “بیردانی قوودیکراوە” کە فەیلەسوفی بەناوبانگ “بۆل ڕیکۆرد” باسی لێوە دەکات.

بیردانکی قوودیکرا، ئەو زیهنییەتەیە کە وەک یادەوەری مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، نەک وەک ئەمانەتێکی نەتەوەیەک بۆ پاراستنی خاک و زمان و خەباتەکەی، بەڵکوو وەک ئامرازێکی سیاسی کە هەرکات پێویست بکات بۆ ئەوەی خۆی بکاتە بەدیلی لێڤەگەری ڕۆحی، بەکاردێت.

ئەوەی ئەمڕۆ ئۆجەلان لەگەڵ شێخ سەعید دەیکات، پێشتر هەمان ڕەفتاری لەگەڵ سەلاحەدین ئەیوبی و سمکۆی شکاک کردووە.

پەکەکە و ئۆجەلان زۆر لێزانانە ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و وڵاتەکەیان خەباتیان کردووە و گیانی خۆیان لەو ڕێگایەدا بەخت کردووە و دروشمە هەڵیتوپەڵیتەکانی خۆیان وەک “ئیکۆلۆجێن جڤاکی، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و هتد…”، دەدەنە پاڵ ئەوان. لە کاتێکدا کە ئەم شەهیدانە، بە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بەم دروشمە هەڵە و پووچانەوە نیە. ئەم بیرۆکانە کە ئۆجەلان لە فەیلەسوفی ئەمریکی مۆرای بۆکچین دزیونی، هیچ پەیوەندییەکیان بە کورد و ناسنامە و جوگرافیەکەیانەوە نییە.

فەلسەفەی ڕاستەقینە ئەو فەلسەفەیە کە ڕێز لە بنەما ئەخلاقییە جێگیرەکان دەگرێت، سۆقرات ژیانی خۆشی لەدەستدا بەڵام دەستبەرداری بیرۆکەکانی نەبوو. گاندی گوللـەی هەڵبژارد، بەڵام خەونی سەربەخۆیی وڵاتەکەی نەفرۆشت. بەڵام ئۆجەلان هەرجارەو قسەیەک دەکات و قسەکانی وەک گیاندێک بەناوی “حدباء”، ڕەنگاوڕەنگن. ئۆجەلان لە مارکسیستێکی ڕادیکاڵەوە بوو بە شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی و لەوێشەوە بەرەو پێشەنگایەتی “دیموکراتیزەکردنی گەلان” ڕۆیشت. ئەو گۆڕانکارییە هزرییانەی ئۆجەلان هەموویان لەپێناو یەک ئامانجدا بوون کە ئەویش تەنها ئەوەیە کە وەک ڕێبەر بمێنێتەوە.

گرنگ نییە دەبێت بە چی، بەڵام هێڵی بیرکردنەوەی ئەو زۆر مەترسیدارە و ئێمە وەک کورد دەبێت لەو ڕووەوە زۆر وریا بین. چونکە ئەو هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد دەست لە بەرگریی نەتەوەیی بەربدات و بێهیوا بێت و بەرەو برەڵاییان ببات. ئەم فەلسەفەی بێ بەرگری و بێ مێژوو بێ سنوورە، هیچ شێوەیەکی نابێت. ناوەڕۆکی فەلسەفە پەیوەندی بە خاک و شوناس و سەروەرییەوە هەیە. واتە کاتێک ئەم سێ پرەنسیپە لە فەلسەفەی کوردیدا ئامادە نەبوون، ئەو فەلسەفەیە خزمەت بە گەل ناکات.

شێخ سەعید تەناف سێدارەی بۆ یۆتۆپیایەکی بێسنوور هەڵنەبژاردبوو، بەڵکوو تەنافی سێدارەی وەک وەڵامێک بۆ تورکسالاری هەڵبژارد تا دوژمن ناچار بکات دان بە هەبوونی نەتەوەی کورددا بنێت. بەڵێ، ئۆجەلان لە نامەکەیدا هەوڵیداوە کە ئامانجی هەڵبژاردنی پەتی سیدارە لەلایەن شێخ سەعیدەوە بگۆڕێت و بیکات بە بەڵگەیەک کە گۆیا شێخ سەعید لە پێناو “دیموکراتیزەکردنی گەلان”دا پەتی سێدارەی هەڵبژاردووە. لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئۆجەلان دەیکات گەورەترین فرت و فێڵ و فریودانە کە دەرحەق بە شەهیدێکی گەورەی نەتەوەی کورد ئەنجامی دەدات. بە واتایەکی دیکە ئەوەی ئێستا ئۆجەلان بانگەشە بۆ دەکات، دەکرێت بە کوشتنێکی نەرمی کۆمەڵایەتی وەسف بکرێت.

پرۆژەی بەناو “کۆمەڵگەی دیموکراتیک” پرۆژەیەکە کەوا هیچ مافێکی نەتەوەیی کوردی تیدا بەدی ناکرێت و تاقە شت کە لەو پرۆژەیەدا پارچە پارچە دەکرێت، ئامانجەکانی نەتەوەی کوردە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەکجاری.

هەر پرۆژەیەک لەسەر بنەمای دەوڵەتی کوردی و سنوور و سەروەری و جوگرافیای کورد وکوردستان نەبێت، جگە لە دروشمێکی پووچ و بەتاڵ، هیچیتر نییە. ئەو پڕۆژەیەی ئۆجەلان هیچکات ڕێگری لە داگیرکەرانی کوردستان ناکات کە چیدی بە تانک و تۆپ و فڕۆکەکانیان کوردستان نەکەنە ئامانج، یان زیندانەکانی تورکیا لە شۆڕشگێڕان بەتاڵ ناکات.

بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی ئۆجەلان لە باکووری کوردستان، بەرخۆدان دەگۆڕدرێت بۆ شانۆگەرییەک کە بە دەستی تورکەکان نمایش دەکرێت.

ئەگەر بە وردی پڕۆژەکەی ئۆجەلان بخوێنینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئۆجەلان دەیەوێت گەلی کورد لە باکوری کوردستان بگۆڕێت بۆ گەلێکی گیرخواردوو لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا. لە ناوچە خۆڵەمێشییەکاندا مرۆڤ مافی ئەوەی نییە کە وەک نەتەوەیەکی سروشتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، مافی ئەوەی نییە بڵێسەی سەربەخۆیی لە مێشکیدا بە داگیرساوی بهێڵێتەوە.

کاتێک مێژوو لە چەند وشەیەکی بێمانادا کورت دەکرێتەوە، ئەوکات خوێنی شەهیدەکان دەبێتە جوانکارییەک بۆ نووسینی دەقەکانی دانوستان، نەک بۆ پەیمانی ئازادی.

حەقیقەتی فەلسەفی ئەوەیە کە نەتەوەیەک ئەگەر یادەوەرییەکی ڕاستەقینەی نەبێت، دەبێتە میللەتێکی بێ بەرگری.

ئەگەر ئۆجەلان پێی وابێت بە ناردنی پەیامێکی نووسراو بۆ کۆنفرانسی سەد ساڵەی شۆڕشی شێخ سەعید، دەتوانێت خوێنی شێخ سەعید بکاتە ئامرازێک بۆ نووسینی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی بێ ناسنامە، وادیارە لەبیری چۆتەوە کە یادگەی کۆمەڵگەی کوردی و ئەو خوێنانەی کە ڕژاون، زۆر لە وتارەکانی ئەو گەورەتر و بەنرخترن.

مێژوو تەنها لە زیندانەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکوو لە شاخ و مەیدانەکان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا دەنووسرێتەوە. کاتێک دەمامکی خاوەن قسەکانی تەیسۆک دەکەوێتە سەر زەوی، ڕاستییەکان بە ڕوونی ئاشکرا دەبن. ڕاستیی ئاشکرا ئەوەیە کە بەبێ سنوور هیچ کەرامەتێک بوونی نییە و بەبێ دەوڵەت و سەربەخۆیی، هیچ ئازادییەک بوونی نییە و هەروەها هیچ یادەوەرییەک لەسەر مێزی دانوستان نافرۆشرێت.

پوستێن ھەمان بەش