کاتێک دەستوور دەبێتە تاپۆ: پیرۆزکردنی دەق و ئینکاری مرۆڤایەتی
ماددەی 4 لە دەستووری بنەرەتیی تورکیادا دەڵێت: “ناتوانرێت مادەکانی 1 و 2 و 3ی ئەم دەستوورە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، تەنانەت ناتوانرێت هیچ پێشنیارێک بۆ گۆڕینیشیان بکرێت”.
بەم پەیڤانە، دەستووری تورکیا نەک هەر پارێزگاری لە نەتەوەپەرستی و زمان و ئاڵا و یەک دەوڵەت ناکات، بەڵکو تەنانەت بیرکردنەوە لە ئەگەری گۆڕانکاریش قەدەغە دەکات.
ئەمە بڕگەیەکی یاسایی نییە… بەڵکو قەدەغەکردنێکی فەلسەفییە، کە ئەوەی پێی دەگوترێت “عەقڵی داخراوی دەوڵەت”، لەخۆدەگرێت و تێیدا هەندێک بنەما دەبنە “هیپۆستاسی پیرۆز” لەسەر ئیرادەی خەڵک و هەروەها لەسەر کات و لەسەر مێژووش.
1ـ بەهێزکردنی ڕەها: لە دەستوورەوە هەتا عەقیدە
لە فەلسەفەی سیاسیدا حوکمی بنەڕەتی هەر سیستەمێکی دەستووریی دروست ئەوەیە کە:
“لە سیاسەتدا هیچ شتێکی پیرۆز نییە و هیچ دەقێکیش لەسەرەوی دانوستاندا نییە”.
بەڵام مادەی چوارەمی دەستووری تورکیا ئەم بنەمایە هەلدەوەشێنێتەوە و نوێنەرایەتی لۆژیکی “دەوڵەتی پیرۆز” دەکات. لۆژیکێک کە پێی وایە یەکانەبوونی نەتەوەکەی و زمان و هێماکانی، جێی مشتومڕ و دانوستان نین.
ئەم جۆرە بەهێزکردنە یاسایی نییە، بەڵکوو لاهووتگەراییەکی سیاسییە، بە لاساییکردنەوەی ئەوەی کە یاساناسەکانی سەدەی ناوەڕاست دەیانگوت: “دەقەکە مشتومڕی لەسەر ناکرێت، بەڵام دەخوێندرێتەوە”.
2ـ کورد لە هەمبەر مادەی چوارەم: لە نێوان لاوازی یاسایی و خنکاندنی وجودی
ئەگەر کوردێک بیەوێت داوای مافەکانی بکات، مادەی یەکەم (یەکێتی نەتەوەیی) لەبەردەم خۆیدا دەبینێتەوە.
ئەگەر داوای هەمەجۆریی کولتووری بکات، ئەوا لەگەڵ مادەی دووەم (پرنسیپەکانی ئەتاتورک)دا ناکۆکی دەبێت.
ئەگەر داوای زمان و ناسنامەی خۆی بکات، ئەوا لەگەڵ مادەی سێ (یەک زمان و یەک ئاڵا)دا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
ئەگەر بیر لە گۆڕینی هەریەکێک لەوانە بکاتەوە، ئەوا لەگەڵ مادەی چوارەمدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
“بیر مەکەرەوە… پێشنیار مەکە… خەیاڵ مەکە.”
دەوڵەت بەم کارە دەرگا بەڕووی هەر پرۆسەیەکی گۆڕانکاری دیموکراتیکدا دادەخات و گەلانی غەیرە تورک ناچار دەکات لە وڵاتێکدا بژین کە مافەکانیانی تێدا زەوت دەکرێت و مافی دوبارە خۆپێناسەکردنەوەشیان نییە.
3ـ لە نێوان شمیت (Schmitt) و لاک (Locke): لە سەروەرییەوە بۆ ستەمکاری دەستوری
فەیلەسوف کارل شمیت، سەروەری بە “دەسەڵاتی ڕاگرتنی یاسا” پێناسە دەکات.
بەڵام ئەوەی لێرەدا دەیبینین پێچەوانەکەیەتی: دەقێک کە بۆخۆی سەروەریی نەتەوەیی ڕادەگرێت.
لەبەرامبەردا جان لاک دامەزرێنەری لیبرالیزمی سیاسی پێی وابوو هەر دەقێک ڕێگری لە گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی نەتەوەیەک بکات، خۆی لە خۆیدا دەقێکی ستەمکارانەیە.
مادەی چوارەمی دەسەڵاتداریی نەتەوە بەسەر دەقدا لەناو دەبات و دەوڵەت لە دژی نەتەوەکە دەپارێزێت.
4ـ ئۆجەلان و “دیموکراسیی نەگۆڕ”: بازدان بەسەر بریندا
ئۆجەلان لەبری ئەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی مادەی چوارەم، یان هەموارکردنەوەی سێ مادەی یەکەم بکات، پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەقە دەستوورییەکان لە ڕێگەی گوتاری “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” و “بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگە لە خوارەوە بۆ سەرەوە” تێپەڕێنرێن.
بەڵام ئایا بەهای دیموکراسی چییە ئەگەر هەموو ئامرازەکانی لە ڕوانگەی دەستوورییەوە ڕەت بکرێنەوە؟
یان “بەڕێوەبەریی جڤاکی” چ مانایەکی دەبێت ئەگەر دەستوور بۆخۆی بیر لەسەر ڕاستکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی سەپێندراویشدا بە بێتاوان ببینێت؟ لەو حاڵەتەدا “بەڕێوەبەریی جڤاکی” دەبێتە چی؟
وتارەکەی ئۆجەلان لێرەدا خۆی لە ململانێی ڕاستەقینە بەدوور دەگرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ڕیتۆریکێکی هەڵهاتن، واتە لە ڕاستیدا ئەو گوتارەی ئۆجەلان ڕووبەڕووی هەڵاواردن نابێتەوە، بەڵکوو لەژێر ناوی پێکەوەژیاندا بەدوریدا دەخولێتەوە.
5ـ بەراوردێکی جیهانی: لە بەهێزکردنەوە هەتا ڕێککەوتن
ـ لە ئەفریقای باشوور، دوای ڕووخانی ڕژێمی “ئاپارتاید” (Apartheid)، بە بەشداری ڕەشپێستەکان و کەمینەنەتەوەکان، هەموو دەستوور سەرلەنوێ نووسرایەوە.
ـ لە ئەڵمانیای دوای نازییەکاندا، بەهێزکردنی نەتەوەیی قەدەغە کرا و فرەچەشنی ناسنامەیی پەسند کرا.
ـ لە عێراقی فیدراڵدا، سەرەڕای پێکهاتە فەوزاییەکەیدا، هیچ ماددەیەک لە دەستوورەکەیدا نییە کە ڕێگری لە گۆڕانکاری لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتدا بکات.
بەڵام لە تورکیادا ئێمە لەگەڵ دەستوورێک بەرەوڕووین کە خۆی وەکو نەگۆڕ پیشان دەدات، بەو بیانوویەی کە ئەو نوێنەرایەتیی هەقیقەتی موتڵەق دەکات.
ئەمەش پێچەوانەی سەرەکیترین بنەماکانی دەستووری مۆدێرنە، کە تێیدا خەڵک سەرچاوەی ڕەوایەتییە نەک دەق.
دەرەنجام: لە ڕەخنەی دەقییەوە بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەوڵەت
مادەی چوارەم پارێزەری دەستوور نییە، بەڵکو زیندانێکە بۆ هۆشمەندیی سیاسی.
هەر گوتارێک کە ئیدیعا بکات دەتوانێ ئەوە بگۆڕێت و بە بێ ئەوەی کە خۆی لەو ماددەیە بدات دەتوانێ لێی تێپەڕ ببێت، لە ڕاستیدا گوتارێکی تەسلیمبوونە کە بە لەفافی فەرهەنگی ئاشتییەوە پێچراوەتەوە.
کورد ناتوانێت هەست بە ژێیاتی خۆی بۆ دەوڵەتێک بکات کە تەنانەت خەیاڵی گۆڕینی چۆنیەتی خۆپێناسەکردنیشی لێ قەدەغە دەکات.
خەبات و دووبارە نووسینەوەی دەستوور، یان لانیکەم کردنەوەی دەرگای هەموارکردنەوەی، دەسپێکی ڕێگایەک بەرەو ڕێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نوێ دەبێت.
ڕێککەوتنێک کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بنیات نرابێت نەک لەسەر پاراستن،
لەسەر بنەمای ئازادی، نەک لەسەر بنەمای بێدەنگی،
لەسەر بنەمای فرەچەشنی، نەک لەسەر “یەکانەبوون هەتا مردن”، بنیات نرابێت.