لێدوانەکەی دەمیرتاش ڕاگەیاندنی ئامادەیی بوو بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەی “ئەردۆغان-باخچەلی-ئۆجەلان”دا.
پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و لقوپۆپەکانی کەوا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر دژایەتی و دوژمنایەتی “ئاکەپە و مەهەپە”یان دەکرد، بەخێرایی ڕەنگیان گۆڕی و لەگەڵ چەکدانانی پەکەکە، یان وەک ئەوی تورکیا ناوی دەبات پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر”، هەردوولا بەیاننامەکانی خۆیان دژ بە یەکتری ڕاگرتووە و بەیاننامەی هاوڕاستا و تەواوکەری یەکتر بڵاو دەکەنەوە. لێدوانی دوبارەی باخچەلی سەبارەت بە ئۆجەلان وەک “ڕێبەری دامەزرێنەر” و دەستەواژەکانی “بەڕێز ـ ڕێزدار”ی ئۆجەلان بۆ ڕێزگرتن لە باخچەلی و ئەردۆغان لە ئاستی تەواوی ڕێکخراوەکەدا تا دێت زیاتر بەرجەستە دەکرێن. لە کۆتاییدا، پێشکەشکردنی ڕێز و سڵاوی ئەمڕۆی باخچەلی بۆ دەمیرتاش، نیشانەیەکی دیکەی ئەمە هاوئاهەنگیەیە.
سوپاسنامەی تایبەتی باخچەلی بۆ دەمیرتاش هەروەها نیشان دەدات کە نامەکەی دەمیرتاش لە بەرواری 17ی حوزەیراندا کە ڕەخنەی لە دەوڵەت و ئەردۆغان گرتبوو، لەلایەن دەوڵەتەوە قبووڵ کراوە و پەیامەکەی دەمیرتاش گەیشتووەتە لایەنی پەیوەندیدار.
ڕێز و سڵاوی گەرم پێشکەشی یەکتر دەکەن
بەپێی هەواڵی میدیاکان، دوای مەراسیمی چەکداماڵینی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە ڕێگای تەلەفەنۆوە پەیوەندیی بە پارێزەرەکەی دەمیرتاش لە ئەدیرنە کردووە. باخچەلی پەیامێکی بۆ دەمیرتاش ناردووە و گوتی: “بەشداری ئێوە بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە زۆر بەنرخ و کاریگەر بوو، من سوپاسگوزار دەبم ئەگەر ئێوە ئەم پەیامەی من بە بەڕێز دەمیرتاش بگەیەنن”. دواتر پارێزەرەکەی دەمیرتاش پەیامەکەی باخچەلیی گەیاندۆتە دەمیرتاش.
سەڵاحەدین دەمیرتاشیش لە وەڵامدا پەیامێکی دەستنووسی بۆ باخچەلی نارد و سوپاس و سڵاو و ڕێزی خۆی پێشکەش کردووە.
هەرچەندە ڕەنگە ئەمە وەک ئاماژەیەکی سادەی ڕێز و سوپاسگوزاری دەرکەوێت، بەڵام ئەم سۆز و خۆشەویستییە زۆر لەوە گەورەترە.
نامەی خۆڕەخنەگرتنی دەمیرتاش لە بەرواری 17ی حوزەیراندا
لێدوانەکەی دەمیرتاش لە 17ی حوزەیراندا، بە ناونیشانی “کاتی ئازایەتییە، نەک کاتی حەماسەت”، ناڕەزایەتییەکی زۆری لای ڕای گشتیی کورد لێکەوتەوە. لەو لێدوانەدا دەمیرتاش دەستەواژەی وەک “پاشناوی بنەماڵەیی من تورکیاییە”ی بەکارهێناوە و گوتی: “بەو پێیەی کە پاشناوی بنەماڵەیی ئێمە تورکیاییە، بانگهێشتی هەموو لایەک دەکەم لە دەوری پاشناوی ئێمە یەکبگرن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ”.
ناوەڕۆکی نامەکەی دەمیرتاش، بە جۆرێک “خۆڕەخنەکردن بوو لە هەمبەری دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت عەبدوڵڵا ئۆجەلان”. لە دوای ساڵی 2012، دەمیرتاش ـ بە هاندانی هەندێک هێز ـ خۆی وەک ڕێبەرێک جێگیر کرد. دەکرێ بڵێین دەمیرتاش سیاسەتێکی گرتەبەر کە بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش بوو، کە زیاتر لە ئامانجێکی سیاسیی تایبەتی، بەمەبەستی کۆکردنەوەی لایەنگر پەیڕەو دەکرا. کەسایەتی کاریزماتیک و ڕیتۆریکی دەمیرتاش باش لە نێو خەڵکدا دەنگی داوەتەوە. زۆرێک لە دەوروبەرییەکەی و بە تایبەت ئەوانەی لە دژی دەسەڵاتی تاکەکەسیی ئۆجەلان بوون، پشتگیرییان لە هێڵی دەمیرتاش کرد. دەمیرتاش وەک ئەستێرەیەک سەرلەنوێ درەوشایەوە.
بەرجەستەبوونی دەمیرتاش زۆر کەسی توڕە کرد. هەرچەندە دیار بوو کە ئەو بە گوتنی “ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک”، لە هەمووان زیاتر ئەردۆغانی تووڕە کردبێت، بەڵام لە واقیعدا ئەوانەی زۆرتر توڕە ببوون، قەندیل و ئۆجەلان بوون.
ئۆجەلان بە ئاشکرا هەڕەشەی لە دەمیرتاش کرد. تەنانەت هەوڵیدا دەمیرتاش لە هاوسەرۆکایەتی هەدەپە دووربخاتەوە. لە ئەنجامدا دەمیرتاش کە توڕەیی سێگۆشەی “ئیمرالی ـ قەندیل ـ ئەردۆغان”ی بەرکەوتبوو، بەتەنیا مایەوە و هەربۆیەش دەستگیرکرا.
بە ڕەزامەندی ئەو سێ هاوپەیمانە، دەمیرتاش لە 4ی مژداری 2016دا، دەستبەسەرکرا و ئەوە ماوەی نۆ ساڵە لە زینداندایە و بازنەکانی پەکەکەش بەم دەستبەسەرکردنە زۆر دڵخۆش بوون.
زیندانی بوون خێرێکی ئەوتۆی بە دەمیرتاش نەگەیاند. دەمیرتاش هەوڵیدا چەپگەراکانی تورک ڕازی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. هەوڵیدا پەکەکە ڕازی بکات، بەڵام لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوو. هەوڵیدا ئۆجەلان ڕازی بکات، بەڵام لەویش سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا.
لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان، ئێستا دەمیرتاش دەیەوێت شتێک بۆ ئازادی خۆی بکات و لەڕاستیدا نامەی خۆڕەخنەکردنەکەی لە 17ی حوزەیراندا هەر بەو هۆیەوە نووسیبوو.
لێدوانەکەی دەمیرتاش ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئەو بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەی “ئەردۆغان-باخچەلی-ئۆجەلان”دا بوو. دەمیرتاش لە نامەکەیدا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە: “ئێمە وەک کۆمەڵگەی تورکیا، لەم قۆناغەدا یەکگرتوو دەبین؛ لە کاتی پێویستدا لە ئەدێرنەوە هەتا جوولەمێرگ، لە بەرامبەر هەموو مەترسی و هێرش و ئاژاوەگێرییەکدا، کۆدەبینەوە و دەگۆڕدرین بۆ ئەرتەشێکی گەلی 86 ملیۆنی و بە دڵ و بە گیان بەرگری لە وڵاتی هاوبەشی خۆمان (تورکیا) دەکەین”.
واتە دەمیرتاش ڕازی بووە کە بەشێک لە پەیمانی میساقی میللی تورکیا بێت. ئەو ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرت، بەڵام دواتر لەو قسەیەی کە گوتبووی “ناهێڵین تۆ ببیت بە سەرۆک”، پاشەکشەی کرد و ئەردۆغانی بە “جەنابی سەرۆککۆمار” ناوبرد.
نامەکەی دەمیرتاش ئەمڕۆ بە پەیامێک کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە بۆی نێردراوە، وەرگیرا.
ئەمە مانای چییە؟ واتە ڕێگە بۆ ئازادکرانی دەمیرتاش لە چەند مانگی داهاتوودا کراوەتەوە.