جەمیل بایک لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە قەڵسە و بە دوودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەم پەیامە ڤیدیۆییە دەستی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک لە دژی پەکەکە بەهێزتر دەکرێت.
دوێنێ گرتەیەکی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە بڵاوکرایەوە. هەرچەندە سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە ستایشی گرتە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان دەکەن و بە “ڤیدیۆیەکی مێژوویی بۆ قۆناغێکی مێژوویی” ناوی دەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نوێ لەو وتارەدا نەبوو. ئەم نامەیە، بڵاوکراوەی کەمێک فراوانکراوی، بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلانە کە تێیدا داوای “هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە”ی کردبوو. گرتە ڤیدیۆییەکە جگە لە ئامانجەکەی، واتە “هاندانی کادیرانی پەکەکە و لایەنگرەکانی و هەروەها بەهێزکردنی دەستی دەوڵەتی تورک و بەهێزکردنی ئەو میتەی کە لە دەوری ئۆجەلان دروستکراوە”، لە ناوەڕۆکدا بێ واتایە و هیچ مانایەکی نیە.
ڕوونە کە دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ ئەوەی ڤیدیۆکە سەرنجڕاکێش بێت، تەنانەت پرۆمپێتەرێکیش بۆ ئۆجەلان دابین کرابوو تا بتوانێ بە ئاسانی نامەکە بخوێنێتەوە. هەروەها ئامێری ڕووناکیی بۆ دابین کرابوو. بێگومان لە هەرکوێ قاز بێت، مریشک دەکرێتە قوربانی.
لە دوو مانیفێستی پەکەکە کامیان سەرکەوتن؟
لێدوانەکانی ئۆجەلان دوای ڕۆیشتنی بۆ ئیمرالی و “تەسلیمبوونی”، سەرلەنوێ دووبارە دەبنەوە و وەکوو کەسەیاتیی دەیە دەخرێنەڕوو. ئۆجەلان لە قسەکانیدا لەکاتی دیدار لەگەڵ پارێزەرەکانیدا، لە بەرگریکردنەکەی و مانیفێستەکەی و نەخشەڕێگەکەی و نامە و بانگەوازەکەی وهتد…دا، بەردەوام بە پێداگرییەوە نکۆڵی لە هەبوونی نەتەوەی کورد دەکات، ئەمجارەیان ئێمە ئەو نکۆڵی کردنەمان بە شێوازی ڤیدیۆیی بینی.
هەندێک جار، ئێمە نامانەوێت چیتر ڕەخنە لە هەمان شت بگرین، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەکانی ئۆجەلان بەردەوام بۆمان دەخرێتەڕوو، وامان لێدەکات کە ئێمەش ڕەخنەکانمان دووبارە بکەینەوە.
ئێستا هەندێک کەس لێمان دەپرسن “پەکەکە چەک دادەنێت، ئێوە بۆچی دژایەتیی دەکەن؟” ئێمە دژی ئەوە نین پەکەکە چەک دابنێت. بە پێچەوانەوە، هەمیشە لە ساڵانی 1990 و بە تایبەتی لە ساڵانی 2000 بەملاوە و کاتێک کە بینیمان ئەم شەڕە بێمانایە و پەکەکە ڕێکخراوێکی دارەدەستی دەوڵەتی تورکە و تورکیا بەهێزتر دەکات، بەردەوام گوتوومانە: “پەکەکە دەبێت چەک دابنێت”. ئێمە ئێستاش لەسەر هەمان ڕوانگە و ڕێباز دەمێنینەوە. ئەوەی ئێمە دژایەتیی دەکەین ئەوەیە کە پەکەکە وەک ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنابێت دێتەپێش و دەڵێت: “ئێمە ئامانجەکانی خۆمان بەدەستهێناوە” و ئێستا “وەرن با دەست بە پرۆسەیەکی نوێ بکەین و ئێوەش بەدواماندا وەرن”.
لە نامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: “تەڤگەری پەکەکە و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کە لەسەری بنیات نرابوو، کۆتایی پێهاتووە، هەبوونی کورد دانیپێدانراوە، بۆیە ئامانجەی سەرەکییەکەی دەستەبەر بووە”. ئەرێ بەڕاستی پەکەکە چ ئامانجێکی بەدەستهێناوە؟ ئەگەر سەیری ئامانجە دیاریکراو و نووسراوەکانی پەکەکە بکەین، بە ڕوونی دەبینین کە پەکەکە بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.
پەکەکە لە ساڵانی 1970دا، مانیفێستێکی بە ناوی “رێبازی شۆڕشی کوردستان” نووسی و خواستی خۆی بۆ “کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو و دیموکراتیک” ڕاگەیاند. ئایا پەکەکە ئەم ئامانجانەی دەستەبەر کردووە؟ نەخێر!!!.
ئۆجەلان لە ساڵانی 2000دا یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی “لە دەوڵەتی ڕاهیبەکانی سۆمەرییەوە هەتا کۆماری دیموکراتیک” بڵاوکردەوە و هەموو ئەمانەی وەک مانیفێستێکی نوێی خەبات پێشکەش کرد. لەم مانیفێستەدا ئامانجی “تورکیا دەبی دیموکراتیک بێت و کورد بە خۆسەری دیموکراتیک دەگات”، دەستنیشان کرا. لە ئەنجامدا دوای 25 ساڵ نە تورکیا بووەتە دیموکراتیک و نە کوردیش ستاتۆیەکی بەدەستهێناوە.
بە واتایەکی تر هەردووی ئەو مانیفێستانەی کە پەکەکە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ئامادەی کردوون، شکستیان هێناوە و نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “هەبوونی کورد دانیپێدانراوە”، با پەکەکە بۆمان ڕوون بکاتەوە، “کورد لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکدا چی دەستکەوتووە؟” ئایا کورد مافە دەستوورییەکانی بەدەست هێناوە؟ نەخێر، ئایا مافی خۆبەڕێوەبەریی بەدەست هێناوە؟ نەخێر، کوردانی باکووری کوردستان لە ساڵانی 1950دا دەیانگوت: “ئێمە کوردین”. لە ساڵانی 1980دا دەیانگوت “ئێمە کوردین”. ئەم هەبوونی کوردە ئۆجەلان دروستی نەکردووە.
لە ماوەی 50 ساڵ هەبوونی پەکەکە و 41 ساڵ شەڕی چەکداریدا، کورد لە باکووری کوردستان جگە لە “ئاسمیلەبوونی زیاتر، لەبەریەک هەڵوەشانی زیاتری کولتووری، گەندەڵی زیاتر بەهۆی شەڕەوە و چوار بۆ پێنج نەوەی قوربانیی شەڕ”، هیچی دەسکەوتێکی نەبووە. ئەم دۆخە وێرانکەرانەیە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە.
ئۆجەلان پێناسەیەکی نوێ بۆ پەکەکە دەدات
ئۆجەلان لە سەرەتای نامەکەیدا پێناسەیەکی نوێ بۆ پەکەکە و ئەندامەکانی دەخاتەڕوو. پەکەکە بە “تەڤگەری دۆستایەتی کۆمونالیست” ناودەبات. ئایا خەڵکی بۆتان کە لە ساڵانی 1980 بەملاوە پەکەکەیان لەسەر شانی خۆیان داناوە و دەیگێڕن، ئایا لەبەر ئەوە پشتیوانییان لە پەکەکە کردووە، چونکە بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستییە؟ نەخێر، گەلی کورد لەپێناو گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆدا، پشتیوانیی لە پەکەکە کرد. خەڵکی کوردستان بە دروشمی “بژی کوردستان، بمرێ کۆیلایەتی” پشتیوانییان لە پەکەکە کرد. لە پێناو ئەم ئامانجەشدا بوو کە هەزاران گوند چۆڵکران، دەیان ملیۆن کەس ئاوارە بوون، خەڵکێکی زۆر لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، بە هەزاران گەنجی کورد قوتابخانەکانیان و خێزانەکانیان بەجێهێشت و ڕوویان لە شاخ کرد. کاتێک کە کورد ئەم خەباتەی دەکرد، وەک “رزگارکەری نەتەوەیی” مامەڵەیان دەکرد. ئیتر ئۆجەلان و پارتەکەی لە ئێستادا تەنانەت کورد وەک “نەتەوەی کورد” پێناسە ناکەن. هەنووکە ئەوانەی کە ئەو وەک گەلی کورد ناو دەبەن، وەکوو “گەلی کۆموونالیست” ناو دەبەن. ئایا ئەم چەمک-ڕوانگەیە فریودانی گەلی کورد نییە؟ ئایا خیانەتکردن لە گەلی کورد نییە؟
ئۆجەلان چ پەیامێکی بۆ پەکەکە نارد؟
نامەکەی ئۆجەلان لە دوو بەش پێکهاتبوو. لە بەشی یەکەمدا ئاپۆ وەڵامی شەش خاڵی سەبارەت بە گفتوگۆکانی ناو پەکەکە دایەوە. بەم پێیە ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە کرد: “هەموو ئەم پێشهاتانە دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەن کە لە ئیمرالی ئەنجامم داون”. پێدەچێت کە ئاپۆ کۆتایی بەو مشتومڕە بەردەوامەی ناو پەکەکە هێنابێت سەبارەت بەوەی کە ئایا ئۆجەلان تاکتیک بەکاردەهێنێت یان لەژێر فشاری دەوڵەتدا ئەم بڕیارە دەدات و وتی: “هەموو شتێک لەژێر دەسەڵاتی مندایە” و بە ئیرادەی خۆی ئەو بڕیارەی داوە. هەروەها داوای لە ڕێکخراوەکە کرد کە نەکەوێتە ناو “گفتوگۆی بێ کەڵک”. واتە ئاپۆ لە پەیامەکەیدا فەرمانی داوە کە دژی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک نەجووڵێنەوە و بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕێخۆشکەر بن.
لە ڕاستیدا ئەم نامەیە بۆ ئەو کەسانەی ناو پەکەکەیە کە بە گومانەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن تا بیانکێشێتە سەر خەتێکی نوێ.
ئۆجەلان چیی بۆ خۆی دەوێت؟
هەروەها ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا خاڵێکی تایبەتی سەبارەت بە بارودۆخی خۆی خستۆتەڕوو. لەسەر ئەم مژارە دەڵێ: “لهم نێوهدا سهبارهت بهدۆخی ئازادبوونی من كه وهكو مهرجێكی سهرهكی له سهرجهم نوسراو و بڕیارهكاندا هاتووه: خۆشتان دهزانن كه ههرگیز ئازادی خۆمم به كێشهیهكی تاكه كهسی دانهناوه. له رووی فهلسهفیشهوه ئازادی تاك؛ دوور له كۆمهڵگه نابێت. تاچهند (تاك) ئازاد ببێت (كۆمهڵگه) و تاچهند (كۆمهڵگه) ئازاد ببێت (تاك)یش ئازاد دهبێت. بێگومان ئەم پرەنسیپە دەبێت بە ئەساس وەربگیرێت”.
ئەگەرچی لە سەرەتای پاراگرافەکەدا وادەردەکەوێت کە ئۆجەلان دۆخی خۆی پشتگوێ دەخات، بەڵام لە ڕاستیدا لە کۆتایی پاراگرافەکەدا، ڕستەیەکی شاراوەی تێدایە کە دەڵێت “ئازادی من ئەساسە”. ئۆجەلان وەک هەمیشە هەبوونی خۆی خستۆتە چەقی وتارەکەی خۆیەوە.
بۆچی ئەو ڤیدیۆیە، لەم کاتەدا بڵاوکرایەوە؟
بەرواری ئەم ڤیدیۆیە 19ی حوزەیرانە، ئەمەش مانای وایە کە لە ڕاستیدا ڤیدیۆکە 20 ڕۆژ پێش ئێستا تۆمار کراوە. ڕەنگە دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە میت و ئەردۆغان درابێتە پەکەکە، یان لە دەستی ئەواندا بووبێت و تازە ڕازی بوون کە بڵاوی بکەنەوە.
کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە، پێش ئەوەی کە گرووپێک لە پەکەکە چەک دابنێن، بێگومان بەپێی پلانی دەوڵەتی تورکە.
لەناو پەکەکەدا جەمیل بایک زۆر بەگومانە لەو پرۆسەیەی کە ئۆجەلان ئەنجامی دەدات. پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە، جەمیل بایک کە مانگانە جارێک لە تیڤی قسەی دەکرد و نەخشەڕێگایەکی دەخستەڕوو، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا تەنیا دوو لێدوانی داوە. دواهەمینیشیان هەڤپەیڤینێکی گرووپی بوو کە لە کۆنگرەی پەکەکەدا کرابوو. جگە لەوەش جەمیل بایک هەرگیز باوەڕبوونی خۆی بەو پرۆسە دەرنەبڕیوە. تەنیا بەڵێنی “دڵسۆزی بۆ ئۆجەلان”ی داوە. پڕ ڕوونە کە بایک لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە قەڵسە و بە دوودڵیەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە دەکات.
لەڕاستیدا هەر خاڵێکی ناو نامەکە ئەوە هەڵدەگرێت کە لە ڕوووی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵناسیەوە وەڵام بدرێتەوە. بەڵام بەبێ ئەوەی زۆر بچینە ناو وردەکارییەوە، دەکرێت مانای گرتە ڤیدیۆییەکە بەم شێوەیە کورت و پوخت بکرێت:
بەم پەیامە ڤیدیۆییە دەستی ئۆجەلان لەدژی پەکەکە بەهێزتر دەبێت و دەستی دەوڵەتیش لە دژی پەکەکە بەهێز دەکرێت. لەم نێوانەدا، دوای 27 ساڵ، کورد بە ڤیدیۆی “ڕێبەری مەزن (!)”، کە وەک “سەرکردە و پێغەمبەرێکی مەزن” پێشکەش دەکرێت، بە شیوازی هۆققەبازانە، فریو دەدرێت.
بێگومان ئێمە زۆر شتی دیکەش دەبینین، بەڵام لە ئێستادا “پرۆسەیەک کە سوودی بۆ ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک هەیە، بەڵام هەمان پرۆسە هۆکاری شکستی گەلی کوردە”، وەکوو شانۆیەک لەبەر چاوماندا یاریی پێدەکرێت.