چەکدانانی پەکەکە و چیرۆکی گوندنشینێک

چەکدانانی پەکەکە و چیرۆکی گوندنشینێک

“دەوڵەتی تورک و پەکەکە ویستیان لە سایەی چەکدانانی گەریلاوە ئەشکەوتی جاسەنە سووک و بێحورمەت بکەن”.

✍️ بووبێ ئەسەر

دەوترێت لە ڕابردوودا لە گوندێکدا کەسێک هەبووە کە بە کارە خراپەکانی و تەعدا و ستەمکارییەکانی خۆی، هەموو دانیشتووانی گوندەکەی ناڕەحەت کردووە. بە جووڵە و کردار و هەستان و دانیشتنەکانیدا، زوڵمێکی گەورەی لە خەڵکی گوندەکە دەکرد، بۆیە خەڵکی گوندەکەش بەدوای ڕێگاچارەیەکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی لەو کەسە ڕزگاریان بێت.

هەموو دانیشتووانی گوندەکە ڕق و قینیان لە دڵدا دروست ببوو. نەک هەر تەنها ئەوان بەڵکوو زۆرێک لە گوندنشینانی ناوچەکانی دەوروبەریش بە کار و کردەوەکانی ئەو کابرایە قەڵس ببوون.

چونکە گوندنشینەکە دزی لە خەڵکی گوندەکەی دەکرد. ئاژاوەی ساز دەکرد و خەڵکی گوندەکەی لەگەڵ یەکتردا بەشەڕ دەدا. واتە نزیکەی هەموو ڕۆژێک بەهۆی ئەوەوە شەڕ و پێکهەڵپرژانێک لە گوندەکەدا ڕووی دەدا. خەڵکی گوندەکە چاوەڕێی ئەوە بوون کە ئەو کابرایە ڕۆژێک بمرێت تاوەکوو بە دەستیەوە ڕزگاریان بێت.

وەلحاسڵ، ئەو ڕۆژە دێت. واتە گوندنشینە ستەمکارەکەمان دەکەوێتە سەرەمەرگەوە. ئیدی خۆی و خێزانەکەشی دەزانن کە هیچ هیوایەک نەماوە و کۆتایی ژیانیەتی، بۆیە کابرا بە کوڕەکەی دەڵێت:

ـ کوڕەکەم، من دەمرم، بڕۆ بانگ لە مەلا و هەموو گوندنشینەکان بکە و بڵێ: “باوکم لە سەرەمەرگە و دەیهەوێت پێش مردنەکەی وەسیەتێکتان بۆ بکات”.

هەموو گوندنشین و مەلای گوندەکە دێنە ماڵی کابرا و لە تەنیشت جێگای نوستنی ئەو کابرا ستەمکارە کە لە سەرەمەرگدایە، دادەنیشن و چاوەڕێ دەکەن بزانن چییان پێدەڵێت. کابرا ستەمکارەکە دەست بە قسە دەکات و دەڵێت:

ـ خەڵکی گوند!!! من لە ژیانمدا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆرم بە هەمووتان گەیاندووە. من دزیم لە ماڵی هەمووتان کردووە. هەموو ئەو ئاژاوە و خراپیەی ناو گوندەکە، بەهۆی منەوە بوون. من هۆکاری شەڕی نێوان لاوانی گوندەکە بووم. هەمووتان دەبینن کە من ئێستا لە سەرەمەرگدام و خەریکە دەمرم. دەمهەوێت وەسیەتێکتان بۆ بکەم. مەلای گوندەکەش لێرەیە، کاتێک کە مردم ڕووتم بکەنەوە، بە دارێکەوە هەڵمواسن و با هەموو گوندنشینەکان بە دار لێم بدەن. ئەوکات ئەگەر بە مردوویەتیش بووبێت، ئێوە تۆڵەی خۆتان لە من بکەنەوە، من نامهەوێت بەو زوڵم و ستەمەی کە لە ئێوەم کردووە، بڕۆمە بەر دەرگای خوداوەند. ڕنگە ئەو لێدانەی ئێوە لە من، بەشێک لە گوناهەکانم سووک بکات.

خەڵکی گوندەکەش بەم لێدوانە دڵخۆشن و چاوەڕێی ڕۆژی مردنەکەی دەکەن. کاتێک کە کابرا دەمرێت، مەلا و خەڵکی گوندەکە دێنە سەر تەرمەکەی و مەلاکە دەڵێت:

– خەڵکی گوند! وەک دەزانن پێش ئەوەی بمرێت وەسیەتنامەیەکی بۆ کردین و پێویستە ئێمە ئەو وەسیەتەی جێبەجێ بکەین.

خەڵکی تەرمی کابرا ڕووت دەکەنەوە و بە دارێکی گوندەکەوەی هەڵدەواسن. مەلا فەرمان دەکات کە دەبێ هەر گوندنشینێک چەند دارێک لە تەرمی مردووەکە بدات. خەڵکی گوندەکە بەهۆی ئەوەی کە ئازارێکی زۆریان بە دەستی کابراوە چێشتبوو. ڕیز دەبن و بە دار لە تەرمی هەڵواسراوی کابرا دەدەن.

ڕێک لە کاتی لێدانەکەدا دوو سەرباز دەگەنە گوندەکە و دەبینن خەڵکی گوندەکە پیاوێکی ڕووتیان بە دارێکەوە هەڵواسیوە و بە دار لێی دەدەن.

سەربازەکە ڕاپۆرت دەداتە بنکەی پۆلیس، جەیشێکی سەربازی دەگەن، هەموو گوندنشینەکان بەو تاوانەی کە کەسێکیان ڕووت کردۆتەوە و هەڵیانواسیوە و بە دار لێیدەدەن، دەستبەسەر دەکەن و هەموویان دەخەنە زیندانەوە.

لەو کاتەدا مەلای گوندەکە بە هۆش خۆی دێتەوە و بە خەڵکی گوندەکە دەڵێت:

– گوندنشینان، ئەم ناجوامێرە نەک هەر لە ژیانیدا هیچ ئاسوودەیییەکی پێ نەداین، بەڵکوو لە مردنیشدا کاری خۆی کرد و ئێستا هەموومان بەهۆی ئەو وەسیەتەی ئەوەوە لێرە زیندانی کراوین. نە لە ژیانیدا و نە لە مردنیدا هیچ ئاسوودەیی و دڵخۆشییەکمان لەو کابرا نەدیت.

هەروەها پەکەکەش لەو ڕۆژەوە کە دەستی بە شەڕی چەکدارانە کردووە، موڵک و ماڵ و ژیانی کورد لەناو دەبات. لەژێر ناوی ڕزگارکردنی کوردستاندا، کوردانی تاڵان و ماڵوێران کردووە. گەلی کورد ماڵ و موڵک و دارایی و ڕۆڵەکانی خۆیانیان لەدەستدا. سووکایەتییان بە زۆر کەسی هێژا و بەنرخ کرد. ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەدا هیچ جێگە و پێگەیەکیان نەبوو، هێنایانن و کردیانن بە بەرپرسی کوردان. لە سایەی ئەم کەسە بێ کەسایەتیانەدا خراپەکارییەکی زۆر دەرحەق بە گەلی کورد کرا.

گوندەکانیان تێکدا کرد، هەزاران گوندیان کاول کران، بە ملیۆنان کورد بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاریان بێت، بە ناچار ئاوارەی شارەکانی تورکان بوون. ڕێگرییان لە بەهێزبوونی سیاسەتی مەدەنی لە باکوری کوردستان کرد، بەوەشەوە  نەوەستاون، بەڵکوو پێشمەرگە قارەمانی شەهید کرد، شەڕیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی کرد، کە زیاتر لە سەد ساڵە خەبات بۆ ئازادی کوردستان دەکەن. ڕۆژئاوای کوردستانیان وێران کرد. هەتا توانیان و بۆیان کرا بە کار و کردەوەکانیان زیانیانیش بە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان گەیاند.

داب و نەریتی کوردیان نەهێشت. زمانی کوردییان لە ناو برد. زۆر کەسی شایستە کە باوەڕیان بە ئازادی کوردستان هەبوو، هەموویان لەناو پەکەکەدا کوژران. ئەوانەشیان کە ڕزگاریان بوو، بێ شەخسییەت کران و زۆر شتی دیکەس… بە واتایەکی تر پەکەکەش هاوشێوەی ئەو گوندییە ستەمکارە، ئەوەی خراپە هەبوو بەسەر کوردی هەر چوارپارچەی کوردستانیدا هێناوە.

تەنانەت لە دۆخی تەسلیمبوون و چەکدانانەکەشیدا، ئەو ئەشکەوتەی کە شوێنی شۆڕش و سەرهەڵدان و بەرخۆدان و شوێنی پاراستنی کوردان بوو، چەکی تەسلیمبوونیان دانا و ویستیان بە کورد بڵێن: “ئێمە لێرە مابووینەوە و ئەویشمان بە چەکدانان و تەسلیمبوونی خۆمان بێحورمەت کرد”.

بە بڕوای من ئەمەش پیلانێکی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و خودی پەکەکە بوو کە لە سایەی چەکدانانی پەکەکەوە ئەو ئەشکەوتەش سووک و بێحورمەت بکەن و کردیشیان، بەڵام کەس باسی ئەم بابەتە ناکات.

ئەوان دەیانتوانی چەکەکانیان لە شوێنێکی دیکە ڕادەست بکەن. بەڵام بۆچی لەو ئەشکەوتەکەدا کە لە ساڵی 1806دا پەناگە و شوێنی بەرخۆدانی میرە کوێرە بوو؟

یەکێک لە خاڵەکانی کارە بێشەرمانە و بێشەرەفەکانی پەکەکە ئەوە بوو کە چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە سووتاند. ئەم ئەشکەوتە لە ناحیەی سوورداش سەر بە پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان هەڵکەوتووە. ئەو ئەشکەوتە، بە شوێنێکی ڕەمزی خۆپاراستنی بەرزنجیەکان لە بەرانبەر بوردومانی ئینگلیزەکان لە ساڵی 1923دا بەئەژمار دێت. بەرزنجیەکان بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی بەریتانیا، هەڵهاتن و لەوێ خۆیان پاراست. هەروەها ڕۆژنامەیەکی کوردی بە ناوی “بەنگی حەق” لەوێ چاپ کراوە. بۆیە بەڕای من تەسلیمکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە لەو ئەشکەوتە، سوکایەتیکردنە بەو شوێنە و بە کوردانی بەشەرەف.

چونکە تا ئێستا ئەو ئەشکەوتە لە ڕوانگە و بیردانی کورداندا شوێنێکی پیرۆز بووە و بەم دوایین هەوڵە ویستیان بێ نرخ و بێحورمەتی بکەن. پێویستە کورد بیری لێبکاتەوە…

پوستێن ھەمان بەش