ئۆجەلان دەوڵەت وەک قەوارەیەکی یاسایی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەناوی هزری سەرۆکەوە بەرگری لە دەسەڵاتی هۆش دەکات.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی
گواستنەوەی پڕۆژەی سیاسی لە ئامانجی دەوڵەتبوونەوە بۆ ئامانجی دوای دەوڵەتداری
ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە کاتێک ڕوودەدەن کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناسنامە و دەسەڵاتدا ڕووبدات.
شایانی باسە دەوڵەتی تورک هیچ گۆڕانکارییەکی لە شوناس و دەسەڵاتداریی خۆیدا نەکردووە.
بەڵام کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجەلان کە خۆی وەکوو ڕێبەر و پێغەمبەری کورد ناودەبات، دەستی بە گۆڕینی شوناس و ئامانجەکانی کورد کرد.
ئەو کەسە لە ناوەراستی تێکۆشانی سیاسی خۆیدا، داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی لەسەر بنەمای ڕوانگەی مارکسیزم دەکرد و نەتەوەپەروەریی بە پیرۆز دەزانی و خاکی وەکوو شەرەف و نامووس دێنایەئەژمار. هەر کەسێک یان لایەنێکی سیاسی کە داوای دەوڵەتی کوردیی نەکردبا بە خائین وەسف دەکرا.
ئۆجەلان لە کۆتایی خەباتی سیاسی خۆیدا داوای دیموکراتیزەکردنی گەلانی لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی زانستی کرد و نەتەوەپەروەریی وەک کۆنەپەرستانە قبووڵ کرد و خاکی وەک هاوکێشەیەکی سەمبۆلیکی ناسنامەیی پێناسە کرد.
لەپشت ئەو گۆڕانکاریەی عەبدوڵڵاوە چەند تۆڕێکی ناکۆکییەکانی ڕۆشنبیریی پێکناکۆک و هەڵوێستی ناڕوون هەن کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی هەیە.
ئایا لە نەتەوەپەروەرییەوە بۆ پۆست دەوڵەتبوون، دەبێتە پێشکەوتن یان شکستهێنان؟؟
بەر لە هەر شتێک ئەوە گرینگە کە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەت-نەتەوە وەک ئامرازێکی چەوساندنەوە و ئاسمیلاسیۆن و پارچەپارچەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، لێک جودا بکەینەوە.
زانای ئێرلەندی بینێدکت (1936-2015) نەتەوەبوون بەمشێوەیە پێناسە دەکات: نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی ئەندێشە و خەیاڵە کە لەسەر بنەمای خواستی پێکەوە ژیان دامەزراوە.
زانای فەرەنسی ئارنست ڕینان (1823-1892) سەبارەت بە نەتەوەبوون دەڵێت: مەرج نییە نەتەوە لەسەر یەکگرتوویی ئیتنیکی دابمەزرێت، بەڵکو نەتەوە لەسەر ئیرادەی پێکەوە ژیان دامەزراوە.
ئۆجەلان دوای ڕۆیشتنی بۆ ئیمرالی، لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕامانی ئەو فەیلەسوفانە و زۆر کەسی دیکە کرد، لەژێر کاریگەریی ئەو فەیلسووفانەدا ماوەتەوە و لەسەر بنەمای ڕامان و ئەندێشەی ئەو فەیلەسووفانەدا لێکۆڵینەوەی لە نەتەوەی کورد و دەوڵەتی کوردی کردووە و شرۆڤەکانی خۆی لە ژێر ناوی “مانیفێستی شارستانییەت”دا بڵاو کردۆتەوە. ئۆجەلان نەک تەنها ڕەخنەی لە نەتەوە ـ دەوڵەت گرتووە، بەلکوو زۆر زیاترش ڕۆیشتووە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەڵێت: بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی پیاو لە ناو کورداندا، تاکی کوردی کردووە بە کەسێکی ستەمکار. واتە دەوڵەتەکانی عەرەب، فارس و عوسمانی، هیچ زوڵم و ستەمێکیان لە کورد نەکردووە، بەڵکوو ئەو زوڵمەی کە لە کورد کراوە، دەرئەنجامی پیاوسالاری کوردە، کە وایکردووە کورد بۆخۆی زوڵم لە خۆی بکات.
بە واتایەکی دیکە هەروەک ئەوەی کە ئەو دەولەتاە سیستەمەکەیان پیاوسالارانە نەبێت و هیچ تاوانێکیان لە ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورددا نەبووبێت.
عەبدوڵڵا بەوەشە ناوەستێت و لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت: داخوازی “نەتەوە ـ دەوڵەت”، فانتازیایەکی دەوڵەتە کاپتالیستەکانە، واتە بەرژەوەندی و ئامانجی کوردان نییە.
لێرەدا قەیرانی هۆشمەندیی پێکدێت.
ئایا گوتاری نەتەوەیی کورد گوتارێکی ڕزگاریخوازانە، یان گوتارێکی دژە کۆلۆنیاڵە؟
ئایا ئەگەر نەتەوەیەک خۆی دەوڵەتی نەتەوەیی نەبێت، ئایا دەکرێت وەک دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەخنەی لێ بگرێت؟
ئۆجەلان بیرۆکەی دەوڵەتداریی خۆی لەسەر تێڕوانینی بوکچین دادەنێت و دەڵێت: دەوڵەت هەرەمێکە و دامەزراوەیەکی توندە کە هەرگیز چارەسەر نابێت.
لێردا عەبدوڵڵا چ ئاگاهانە بێت یان نائاگاهانە، شتێک پشتگوێ دەخات، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی نەتەوەیی گەلانی ستەملێکراو ئیمتیازێک نییە، بەڵکوو خەونێکە کە لە ئێش و ئازاری گەلانی چەوساوە سەریهەڵداوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیسان دژایەتی بیرۆکەی دەوڵەتبوون دەکات، بەڵام دەستبەرداری نەتەوەپەروەری نابێت. بەڵام نە ئەو نەتەوەپەروەرییەی کە لە هزر و مێشکی هەر کوردێکدا هەیە. ئۆجەلان نەتەوەپەروەری بەرەو جوگرافیا دەبات و لە قسەکانیدا ئەم نموونانە دەخاتەڕوو:
چیاکان دەگۆڕێت بۆ دایک.
وڵات دەگۆڕێت بۆ ئۆرگانیکبوون.
شوناس دەگۆڕێت بۆ ڕێساکانی هەبوون و بێ سنووری ڕامانە هەستەکییەکان.
ئەمەش ئەو شیعرانە وەبیر دەهێننەوە کە کوردستان سەمبۆلیک دەکەن، بە واتایەکی دیکە ڕوانگەی ئیلیادایی بۆ شوێنە پیرۆزەکان کە دەبن بە ناوەندی گەردوونی بۆ سەرجەم مرۆڤەکان.
بۆ نموونە شرۆڤەکردنی مرۆڤی سەمبۆلیکی کاسیری کە دەڵێت شتە پیرۆزەکان لە زمان و ئەفسانەدا دەردەکەون.
ڕوونە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خویندنەوەیەکی نوێی بۆ پرسی نەتەوایەتی کردووە و لە ئاستی جوگرافیای سیاسییەوە پەڕیوەتەوە بۆ هەبوونی سەمبۆلیک.
پێویستە خوێنەران بپرسن ئایا ئەوە باش نیە کە عەبدوڵڵا دەستبەرداری نەتەوەپەروەری نەبووە؟ نەخێر، باش نییە. لەبەر ئەوەی کە عەبدوڵڵا هاتووە و هەوڵی داوە بیرۆکەی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی لە ژیانی کوردان دوور بخاتەوە. ئەو بە بێ پرس و پرسیار، بە پرۆژەیەک وەک پرۆژەی ئیبراهیمی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، شوێنی خاکی پیرۆزی گرتۆتەوە. ئەمە دزییەکی فیکرییە. لە لایەک دژی ئیسرائیل قسە دەکات و لە لایەکی ترەوە بیرۆکەی فەلسەفی ئیسرائیل دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی جلوبەرگی سیاسی لە بەر پرسی کورد دابماڵێت کە لە ئەساسدا پرسێکی سیاسییە و بیکاتە پرسێکی نوێی عیرفانیی نەتەوەیی.
ئۆجەلان دەوڵەت وەک قەوارەیەکی یاسایی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دەسەڵاتی هۆش بە ناوی هزری سەرۆک دەپارێزێت.
ئەمەش فیکری “میشێل فۆکۆ”یە کاتێک کە دەڵێت: “دەسەڵات نەک تەنها لەڕێگەی هێزەوە، بەڵکوو تەنانەت لەڕێگەی قسەکردنیشەوە ستەم دەکات.
هێگڵ دەوڵەت بە گوتاری عەقڵی مێژووییەوە دەبەستێتەوە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبەر ئەوەی کە بیرکردنەوەی ئەو لەسەر بنەمای عەقڵ نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای پیرۆزی کۆمەڵایەتییە، دژایەتی ئەو ڕوانگەیە دەکات.
کاتێک ویستی عەبدوڵڵا لە دەوڵەتێکی سەربەخۆوە دەگوڕدرێت بۆ دیموکراتیزەکردنی گەلان، ئەمە بەو مانایە نییە کە دەستبەرداری دەسەڵات بووە، بەڵکوو ئەوە مانای ئەوەیە کە لە دەسەڵاتداریی ئاشکراوە بۆ دەسەڵاتداریی شاراوە ڕۆیشتووە.
پارادۆکسی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەمەیە:
– دەسەڵاتی دەوڵەت ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هێزی قسەکردن دادەمەرزێنێت.
– دژی نەتەوەییبوونە، بەڵام ئەو نەتەوەیە جارێکی تر لە جوگرافیایەکدا پیرۆز پیشان دەدات.
بە کورتی:
ـ عەبدوڵڵا دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتکردەوە، بەڵام مۆدێلێکی ڕاستەقینەی نوێی دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی پێشنیار نەکرد.
ـ سەروەریی ڕەتکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارییەکی تاکلایەنەی زیندووی ناسی و بە ئیلهامبەخشی ناساند.
ـ بەناوی خاکەوە قسەی دەکرد، بەڵام حقۆق و مافەکان بێدەنگ کران.
تەنها پەراوێز خستن و وەلانانی نەتەوە ـ دەوڵەت بەس نییە؛ بەڵکوو دەبێ لەبری ئەو دەرفەتێکی بەدیل بۆ ئازادی دروست بکرێت. ئەمە پێویستە و سەرەڕای ئەوەش نابێ مرۆڤ بە سیمبۆل و ئەفسانەیبوونەوە ببەسترێتەوە.