“نێڵەکانی کۆیلایەتی” تەنیا بە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی داگیرکەران دەتوانرێت بشکێندرێن”.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
شیکارییەک بۆ ستراتیژییەکانی ڕزگاریخوازی بە پرسپێکتیڤی کوردی
داگیرکاری یەکێکە لە دیاردە وێرانکەرەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە نەتەوە بندەستەکانی ناچار بە قبووڵکردنی سیستەمی بێگانە کردووە.
هەبوونی داگیرکەران لەسەر خاکی داگیرکراو، جا چ لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە بێت یان دامەزراوەی پەروەردەیی، ئایینی، یاسایی و پەرلەمانی، ئامانجی ئەوەیە کە خاوەنە ڕەسەن و ڕاستەقینەکانی ئەو سەرزەمینە داگیرکراوە، تێکەڵ بە دەوڵەتەکەی خۆی بکات، ئاسمیلەیان بکات و کۆتایی بە شوناس ناسنامە نەتەوەییەکەیان بهێنێت.
من لەم نووسینەدا بە تایبەتی تیشک دەخەمە سەر خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی هەبوونی داگیرکەران و ڕاوەستەیەک لەسەر چوارچێوەی خەبات و تێکۆشانی کورد و کوردستان دەکەم.
بە شیکردنەوەی پرنسیپەکانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە، بە نموونەی مێژوویی، لێکۆڵینەوەکەم دەوڵەمەندتر دەکەم؛ کەوا ڕەتکردنەوەی سیستەمی داگیرکەران چۆناوچۆن دەبێتە هەوێنی سەرکەوتنی کوردستان و نەتەوەی کورد!
ڕەتکردنەوەی داگیرکاری:
یەکەم هەنگاوی ڕزگاریی نەتەوەیی؛
بەپێی بنەماکانی خەباتی نەتەوەیی، قبوڵکردنی هەبوونی داگیرکەران لەسەر خاکی داگیرکراو، ئەگەرچی بە ناوی “گۆڕانکاری و پێکەوەژیان”یش بێت (وەک ئەوەی ئەوەی کە لە ئێستادا عەبدوڵڵا ئۆجەلان/پارتی دەم و پەکەکە بەڕێوەی دەبەن)، خۆی لە خۆیدا قبووڵکردنی سیستەمی ئاسمیلاسیۆن و ئەنتەگراسیۆنە.
داگیرکەران، لە ڕێگەی سوپا، پۆلیس، هێزی نیمچە سەربازی، سیستەمی پەروەردەیی، دامودەزگا ئایینی و یاساییەکانەوە هەوڵدەدەن کە گەلی ژێردەستەی کورد و کوردستانی داگیرکراو، لەناو سیستمەکەی خۆیاندا بتوێننەوە.
ئەمەش زەمینە بۆ نەمانی کولتوور و زمان و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و کوردستان خۆش دەکات. ڕەتکردنەوەی ئەو دامەزراوانە، وەک هەنگاوی یەکەمی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی، بۆ پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیەک و بنیاتنانی ژیانێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی پێویستە.
ئەم ڕەتکردنەوەیە نەک تەنها دژی دەسەڵاتی سەربازی، بەڵکوو دژی هەموو ئەو سیستەمە داگیرکەرانەیە کە “نێڵەی کۆیلایەتی” بەسەر گەلی کورد و کوردستاندا دەسەپێنن.
ئەم پرەنسیپە بە تایبەتی لە چوارچێوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستاندا گرنگە. کورد، لە چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ سیستەمی داگیرکەرانەی “تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا”دا بەرەوڕوویە کە هەڕەشە لە زمان و کولتوور و ناسنامەکەی دەکەن.
بۆ نموونە لە تورکیا سیاسەتی ئاسمیلەکردنی دەوڵەت وەک قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی، یەکێکە لەو ئامرازانەیە کە شەرعیەت بە بوونی داگیرکەران دەدات و ناسنامەی کورد دەخاتە مەترسییەوە.
ستراتیژییەکانی خەبات و تێکۆشان:
ڕەتکردنەوە یان گۆڕین؟
لە نێوان دوو ڕێبازی سەرەکی بۆ خەباتی نەتەوەییدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە:
“گۆڕانکاری و پێکەوەژیان” لەگەڵ داگیرکەران، بە گشتی ڕێگە لەبەردەم قبووڵکردنی سیستەمی داگیرکەردا هەموار دەکات، لەگەڵ “ڕەتکردنەوەی تەواو”ی حزووری داگیرکەران، کە ئامانجی ئەوەیە سیستەمی داگیرکاری لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵتەکێنێت.
یەکەم: بە قبووڵکردنی دامودەزگاکانی داگیرکەران، نەتەوەی بندەست دەخرێتە ناو پڕۆسەیەکی ئەنتەگراسیۆنەوە، کە کۆتایی بە ڕاپەڕینە نەتەوەییەکان دەهێنێت.
دووەم: بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە حزوور و هەبوونێکی داگیرکاران، بناغەی سەروەری نەتەوەیی و ژیانێکی سەربەست و سەربەخۆ دادەنێت.
نموونەیەکی مێژوویی ئەمەش خەباتی ڤێتنامەکانە لە دژی داگیرکاریی سەرەتا فەرەنسا و دواتریش ئەمریکا. ڤێتنامییەکان بە ڕەتکردنەوەی سیستەمی کۆلۆنیالیزم و لە ڕێگەی یەکێتی نەتەوەییەوە توانیان داگیرکەران تێکبشکێنن. ستراتیژەکەیان کە خەباتی چەکدارانە و بەرخۆدانی مەدەنی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتیی لەخۆگرتبوو، نیشانی دا کە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی داگیرکەران دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.
ئەم نموونەیە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستان، وانەی گرینگی تێدایە:
یەکیەتی نەتەوەیی، بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی ئاسمیلاسیۆن و دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤی سەربەخۆ (بۆ نموونە سیستەمی پەروەردەیی کوردی) دەتوانێت بنەمای خەباتێکی سەرکەوتوو بێت.
بەڵام ڕەتکردنەوەی داگیرکەران هەمیشە بە مانای خەباتی چەکدارانە نییە. بۆ نموونە خەباتی ئەفریقای باشوور لە دژی ئاپارتاید نیشان دەدات کە بەرخۆدانی مەدەنی و بایکۆتی ئابووری و پشتیوانی نێودەوڵەتیش دەتوانن بۆ ڕەتکردنەوەی سیستەمە داگیرکەرەکان، ڕێگە و میتۆدێکی کاریگەر بن.
لەم خەباتەدا، یەکیەتی نەتەوەیی و ستراتیژییە جۆراوجۆرەکانی بەرخۆدان (لە مانگرتنی کرێکارانەوە تا هەڵمەت و کەمپەینە دیپلۆماتیکەکان) ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو.
ئەمە بۆ کورد دەتوانێت بە مانای دروستکردنی دامەزراوەی فەرهەنگی و پەروەردەیی سەربەخۆ و پتەوکردنی یەکیەتی و یەکڕیزی نێوان پارچەکانی کوردستان و بەکارهێنانی پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بێت.
خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستان: ڕەتکردنەوەی ئاسمیلاسیۆن و بنیاتنانی ژیانێکی سەربەخۆ!
لە چوارچێوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و کوردستاندا، ڕەتکردنەوەی سیستەمی داگیرکەر بە مانای پاراستنی زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئاسمیلاسیۆندا دێت. بۆ نموونە لە تورکیا قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا، یەکێک لە سەرەکیترین ئامرازەکانی ئاسمیلاسیۆنە.
لە ئێراندا سیستمی مەزهەبیی لە ڕێگەی دامودەزگا ئایینییەکانەوە هەوڵی لاوازکردنی ناسنامەی کورد دەدات.
لە باشووری کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی هەیە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر کولتوور و زمان و مێژووی گەلی کورد و کوردستان لە قوتابخانە و ناوەندە ئاکادمیکەکانی کوردستاندا، دەتوانێت بۆ پەروەردە بە زمان و هۆشمەندیی کوردانە، کاریگەری ئەرێنیی لەسەر بەشەکانی دیکە هەبێت.
ئەگەر هەرێمێکی ئازاد و فیدراڵی لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێت، کاریگەرییەکانی لە سەرتاسەری کوردستاندا، ڕۆڵی ئەرێنییان دەبێت.
بۆ پاراستنی زمان و کولتوری کوردی، هەنگاوە کردارییەکانی وەک دامەزراندنی قوتابخانەی کوردی، بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار بە زمانی کوردی، سازدانی فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری، بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵ بۆ بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی، گرنگن. بۆ نموونە لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستاندا، سیستەمی پەروەردەیی بە زمانی کوردی، ئەگەرچی لە بارودۆخێکی دژواریشدا بێت، بەڵام دەیسەلمێنن کە دەکرێ ئاڵترناتیڤی سەربەخۆ دابمەرزێت.
لە لایەکی دیکەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، خەبات بۆ مافە زمانەوانیەکان دەبێ لە ڕێگەی هەڵمەتی بەهێز و کاریگەرەوە بەڕێوە بچێت. ڕێگا یاساییەکان و چالاکییە مەدەنییەکان دەبێت بەردەوام بن.
یەکێتی نەتەوەیی و ستراتیژییە مۆدێرنەکان:
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم خەباتی کورد، نەبوونی یەکیەتی و یەکڕیزییەکی نەتەوەیی تەواو، لە نێوان چوار پارچەی کوردستاندایە. یەکێتی نەتەوەیی، وەک لە نموونەکانی ڤێتنام و باشووری ئەفریقادا دەبینرێت، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنی خەباتی نەتەوەیی. بۆ بنیاتنانی یەکێتی نەتەوەیی لە نێو کورداندا، پێویستە دامەزراوەی هاوبەشی سیاسی و کولتووری و ئابووری دابمەزرێنن.
بۆ نموونە؛ سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان، دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت. هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی ڕەوەندی کوردیش دەتوانێ پاڵپشتی ئەم یەکیەتی و یەکڕیزییە بکات.
لە دونیای ئەمڕۆدا کە بەجەهانیبوون و کاریگەریی دەوڵەتە زلهێزەکان، زۆر بەرچاون، دەکرێت کە لە ڕێگەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و خەباتی یاسایی و بەرخۆدانی کولتووریشەوە، داگیرکاری ڕەت بکرێتەوە. گەلی کورد دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی، لە پلاتفۆرمەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کەڵک وەربگرێت. جگە لەوەش دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ئامرازێکی بەهێز بن بۆ بڵاوکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی کورد لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕەتکردنەوەی نێڵەکانی کۆیلایەتی:
خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بە ڕەتکردنەوەی هەبوونی داگیرکەران دەست پێدەکات. ئەم ڕەتکردنەوە نەک تەنها دژی دەسەڵاتی سەربازی، بەڵکو دژی هەموو ئەو سیستەمە داگیرکەرانەیە بەڕێوە دەچێت کە هەڕەشە لە ناسنامەی نەتەوەیی دەکەن. لە چوارچێوەی خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستاندا، ئەمە بە واتای پاراستنی زمان و کولتوور و سەروەری کوردە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئاسمیلاسیۆندا.
نموونە مێژووییەکانی وەک ڤێتنام و باشووری ئەفریقا نیشان دەدەن کە یەکێتی نەتەوەیی و ستراتیژییەتی بەرخۆدانی جۆراوجۆر و پشتیوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت خەباتێک بە سەرکەوتن بگەیەنێت.
بۆ نەتەوەی کورد، بنیاتنانی ژیانێکی سەربەست و سەربەخۆ لەسەر خاکی کوردستان بە کولتوور و زمان و سەروەری خۆیەوە، بە ڕەتکردنەوەی سیستەمی داگیرکەر و بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤی سەربەخۆ مومکینە. ئەم ڕێگایە هەرچەندە سەختیش بێت، بەڵام تاکە ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەییە و جێگەی موناقشە نیە.
وەک لە سەرەوە وتم: “نێڵەکانی کۆیلایەتی” تەنیا بە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی داگیرکەران دەتوانرێت بشکێندرێن”.