پەکەکە بۆچی ئەو کادیرانەی خۆی دەکوژێت کە لەو حیزبە جیابوونەتەوە؟

پەکەکە بۆچی ئەو کادیرانەی خۆی دەکوژێت کە لەو حیزبە جیابوونەتەوە؟

تاوانی کوشتنی جوان و لەیلا، یەکەم تاوانی پەکەکە نییە و پەکەکە بۆ لاوانی کورد، شوێنی ژیان نییە، بەڵکو تەنیا شوێنی مردنە.

لە ڕێکەوتی 7ی نۆڤەمبەردا لە دهۆک دوو گەنج بە ناوەکانی “جوان ڕزگار”ی تەمەن 35 ساڵان و “لەیلا محەمەدی” تەمەن 30 ساڵ، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە پەکەکە جیاببوونەوە، کوژران. ئەم خێزانە کە ساڵێک بوو هاوسەرگیریان کردبوو و منداڵێکی تەمەن 50 ڕۆژەیان هەبوو، لەبەر چاوی منداڵەکەیاندا تەقەیان لێکرا و دەرکەوتووە کە بکوژەکە ئەندامی پەکەکە بووە.

“جوان ڕزگار” کوڕی بنەماڵەیەکی هەژاری خەڵکی عەفرین بوو. دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە ناو پەکەکەدا بوو، بەرگەی ئەو هەلومەرجە دژوارەی نەگرت و وازی هێنا. دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە، ڕزگار بە کرێکاری ڕۆژانە، بژێوی ژیانی خۆی دابین کرد. جوان ساڵێک لەمەوبەر هاوسەرگیریی لەگەڵ لەیلا کردووە. لەیلا کچی بنەماڵەیەکی هەژاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەیلا بە جۆش و خرۆشەوە پەیوەندی بە پەکەکەوە کردبوو. دوای پەیوەست بوونی بە پەکەکەوە، کاتێک کە بینی دۆخەکە وەکوو ئەوە نیە کە باسی لێوە دەکرا، بڕیاریدا کە لە پەکەکە جودا ببێتەوە.

ئەو دوو گەنجە هەژارە پێکەوە هاوسەرگیرییان کرد. ئەوان ئیدی حەزیان لە سیاسەت نەبوو، نە سیخوڕ بوون و نە هیچ شتێکی دیکە. لە ماڵێکدا کە تەنانەت قەنەفەیەکیشیان نەبوو و تەنها بەڕێکی تێدا ڕاخرابوو، لەگەڵ منداڵە 50 ڕۆژەکەیاندا دەژیان.

پەکەکە بۆچی ئەو مرۆڤانە دەکووژێت؟ ئیمکانی نیە سیخوڕێکی وەها گرنگ، ناچار بێت کە ڕۆژانە تەنها بۆ 20 دۆلار کرێکاری بکات. ئەوان ناتوانن زانیارییە گرنگەکانی پەکەکە ئاشکرا بکەن، هەردووکیان گەریلای پەکەکە بوون و کوشتنەکەیان هیچ هۆکارێکی نەبووە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. لە ڕاستیدا ئەوان نەیاندەزانی بۆچی چوونەتە ناو پەکەکە و جیابوونەوەکەشیان بەهۆکاری سیاسییەوە نەبووە، تەنها ئەوە بوو کە ژیانی پەکەکە بۆ ئەوان دژوار بوو. ئەوان دوژمنی پەکەکە نەبوون، هێشتا لە ماڵەوە هەر سەیری کەناڵەکانی پەکەکەیان دەکرد و گوێیان لە کلیپی میوزیکی پەکەکە دەگرت. تەنانەت لەگەڵ هاوڕێکانی پێشووی پەکەکەشیان لە پەیوەندیدا بوون. ئەو کەسەی کە ئەوانی کوشتووە وەک میوان هاتبوونە ماڵەکەیان. بەڵام ئەو “هەڤاڵانەی پەکەکە (!)” لە بەردەم منداڵە 50 ڕۆژەکەیاندا ئەو دوو کەسەیان گوللـەباران کرد.

بۆچی؟

لە مێژووی کورددا، پەکەکە یەکەم بزووتنەوەیە، ئەو ئەندامانەی دەکووژێت کە لێی جیا دەبنەوە

دوای کوشتنی حەقی قەرار بە دەستی پەکەکە، هەموو ئەو کەسانەی کە پەکەکە وەکوو بزووتنەوەیەکی تاریک ببینن، یەک بە یەک لەلایەن ئەو حیزبەوە دەکوژرێن. دیارترینیان جەلال ئایدن بوو. جەلال کە ئەندامێکی گرنگی پەکەکە بوو، تەنها لەسەر ئەوەی کە لە پەکەکە جیا ببووەوە، لەلایەن “هەڤاڵەکانی” پێشوویەوە، بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک دەکرێت، بە دەستی خۆی گۆڕەکەی خۆی پێ هەڵدەکەنن و گوللـەیەک دەنێن بە تەپڵی سەریەوە. ڕووداوی کوژرانی جەلال ئایدین لە ڕاستیدا خاڵێکی مێژوویی گرنگ بوو. جەلال سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا نەبوو، تەنیا دەیهەویست لە پەکەکە جیا ببێتەوە. لە ڕوانگەی پەکەکەوە، دابڕان لەو حیزبە بە خیانەت دادەنرێت.

لە مێژووی بزاڤی کوردستاندا، هیچ حیزب و لایەنێک ئەو کەسانەی نەکوشتوون کە لە حیزبەکە جودا بوونەتەوە. ئیبراهیم ئەحمەد وازی لە “پەدەکە” هێنا و “یەنەکە”ی دامەزراند. بەڵام پەکەکە نەیکوشت. نەوشیروان مستەفا یەنەکەی بەجێهێشت، بەڵام دۆستایەتییەکەی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوام بوو. هەروەها دەیان کەس کە لە خەباتی حیزبەکاندا بەشدار بوون دواتر گوتوویانە کە پێیان ناکرێت و یان دەیانهەوێت پەروەردە بکرێن و ئیدی واز دەهێنن و حیزبەکە بەجێدەهێڵین، بەڵام کەس نەکوژرا. مرۆڤەکان لە تەمەنی گەنجیەتیدا دەچنە ناو بزووتنەوە سیاسییەکان، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا یان بزاڤەکە یان ڕەفتار و ڕامانی ئەو کەسانە دەگۆڕدرێن، یانیش بیرکردنەوەکانیان ناگۆڕێت بەڵام حەز دەکەن ژیانێکی دیکە بنیات بنێن و بۆیە بزوتنەوەکە بەجێدەهێڵن.

لە جەلال ئایدینەوە تا جوان ڕزگار و لەیلا محەممەدی، قەتڵە بەردەوامەکانی پەکەکە و کوژرانی هەڤاڵێک بەدەستی هەڤاڵێکی دیکە

پەکەکە جیابوونەوە وەکوو هۆکارێک بۆ کوشتن دەزانێت. ئەو سیستەمە کە بووە بە بەڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرچاوەی هەمووی دواکەوتووییە، نکۆڵیکردنە لە ئیرادەی تاک، سوێندی بەیعەت بەسەر هەموو کەسێکدا دەسەپێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش توندوتیژی بەکاردەهێنێت، هەرگیز لە بەکارهێنانی مەرگ و کوشتن ناترسێت. بەهەمان ئەو شێوەیەی کە داعش شمشێر لە سەر قورگی مرۆڤەکان دادەنێت و ناچاریان دەکات کە شەهادەتی ئیمان بهێنن و سەریان لێدەکاتەوە، پەکەکەش بەهەمان بیرۆکەی کۆنەپەرستانە، پەکەکایەتی بەسەر هەموو لایەکدا دەسەپێنێت.

هەڵەیە ئەگەر مرۆڤ، پەکەکە بە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەکەی و بەیاننامە فەرمییەکانیدا بناسێت، چونکە لەو بەڵگەنامانەدا زۆر باس لە ئازادی، یەکسانی نێوان تاکەکان و دادپەروەری کۆمەڵگە، بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا گەنجان تەنها لەبەر ئەوەی ڕێکخراوەکەیان بەجێهێشتووە دەکوژرێن. پەکەکە نە حیزبێکی مۆدێرن و خاوەن دەستوورە و نە حیزبێکی خاوەن بەڕێوەبەرایەتییەکی دیموکراتیک و شەفافە. پەکەکە وەکوو ئەو تەریقەتانەی کۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە موریدەکانی خۆیانیان تەنها لەبەر ئەوە دەکوشت کە لە تەریقەتەکە جودا دەبوونەوە، حەرەکەیەکی کۆیلایەتییە کە بەشێوەیەکی پەڕگیر و توندوتیژ کاردەکات. تێکەڵبوون بە پەکەکە هەیە، بەڵام وازلێهێنانی نییە. پەکەکە ئەمە بەسەر کادرەکانیدا دەسەپێنێت: یان دوژمن دەیانکوژێت یان بۆخۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن یانیش جیا دەبنەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان بە دەستی هەڤالەکانی خۆیان دەکوژرێن. واتە هەرکەسێک بچێتە ناو پەکەکەوە، سەرئەنجام چارەنووسی مەرگ دەبێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمرێت.

پەکە زنجیرەی کوشتنی هەڤاڵەکانی خۆی کە لە جەلال ئایدینەوە دەستی پێکردووە، ساڵانێکە کەوا لە ئەوروپا و شاخ و باشوور درێژەی پێدەدات. لە ساڵی 1998 لە ئەوروپا تەرمی دوو گەنج کە ژنێک و پیاوێک بوون، بە هەبوونی شوێنی ئەشکەنجە لەسەر جەستەیان دۆزرایەوە. یەکێک لەوانە “شەریف ئاڵپسۆزمان” (تەمەن 24 ساڵ) بوو، کە کادیری پەکەکە بوو و لە شەڕدا گوللـە هاوەنی بەرکەوتبوو وقاچێکی لەدەستدابوو، ئیفلیج ببوو و لەسەر ویلچەر دەڕۆیشت. ئەوی دیکەشیان ژنێک بوو بە ناوی “ئایشە دیزم” (تەمەن 17 ساڵ)، کە بەهۆی سووتانی گوندەکەیانەوە ئاوارەی ئەوروپا ببوو. ئەوان عاشقی یەکتر بوون و هاوسەرگیریان کرد. پەکەکە هەردووکیانی دەستگیرکرد و لە “بونکەر ڤالەنتین” بە ئەشکەنجە کوشتنی. سەری ئایشەیان خستبووە نا قوڕ و خنکاندبوویان. کلیلێکیان لە سەری شەریفی پەککەوتەشدا چەقاندبوو و 3 جار بە ئوتۆمبێل بەسەریدا ڕۆیشتبوون و پانیان کردبۆوە. دادگای فەرمی ئەڵمانیا سەلماندی کە پەکەکە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە. پەکەکە یەکێک لە بریندارەکانی ناو سەنگەری خۆی لەگەڵ هاوسەرە تەمەن 17 ساڵانەکەیدا بەو شێوە دڕندانەیە کوشت.

بێگومان ناوی قوربانیەکان کۆتاییان نایەت، لە “کانی یەڵماز”ـەوە تا “کەمال سۆر”، لە “عوسمان بالیچ” و کیژۆڵە 3 ساڵانەکەیەوە بگرە تا “شاپور بۆدشاڤا”، خەڵکێکی زۆر بوون بە ئامانجی دڕندەیی پەکەکە. “عوسمان بالیچ” کە پێشتر موراد قەرەیلان وەک ڕکابەرێکی خۆی سەیری دەکرد، لەگەڵ کیژۆڵە سێ ساڵانەکەیدا بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی قەرەیلان کوژران. بە واتایەکی تر سیستەمێک دامەزرا کە هەڤالەکان بوون بە بکوژی هەڤالەکانی خۆیان.

پەکەکە بۆچی ئەندامانی پێشووی خۆی دەکوژێت؟

هەرچەندە زۆر هۆکار دێنە پێشەوە، بەڵام دەتوانین لە چەند خاڵێکدا بەشێک لەو هۆکارە سەرەکییانە ڕیز بکەین کە بۆچی پەکەکە ئەو هەڤاڵانەی خۆی دەکوژێت کەوا لەو حیزبە جودا بوونەتەوە:

1- پەکەکە نەک لەسەر بنەمای ڕامان، بەڵکو لەسەر بنەمای توندوتیژی دامەزراوە. ئامانجی ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور، هەموو کەس ناچار بە پاشەکشە بکات. وتەیەک هەیە کە پەکەکەییەکان زۆر بەکاری دەهێنن: “پەکەکە هەڵیدەگرێت بۆ سبەی، بەڵام هەر تۆڵەی لێدەکاتەوە”. دیارە تا ئێستا ئەوانەی بە ناوی تۆڵەکردنەوە کوژراون، تەنها کورد بوون. تا ئێستا یەک پارێزگار و ژەنەراڵی تورک بە دەستی پەکەکە نەکوژراوە. بۆ نموونە ئەو فەرماندە تورکەی کە کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆبۆسکیی ئەنجامداوە، ناکوژرێت، بەڵام کوڕێکی هەژاری کورد بە ناوی جوان ڕزگار لە بەردەم منداڵە 50 ڕۆژەکەیدا دەکوژرێت. پەکەکە بە گشتی چەک دژی کورد بەکاردەهێنێت و گەورەترین هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوەیە کە خۆی بکات بە تاقانە. پەکەکە توندوتیژی بۆ سەپاندنی بەیعەت بەکاردەهێنێت. واتا چەک بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی بەکاردەهێنێت.

2- پەکەکە دەیهەوێت لە ڕێگەی تۆقاندنەوە ڕێگری لە جیابوونەوەی کادیرەکانی بگرێت. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا هەزاران کادیر و ئەندامی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و باشوور جیابوونەتەوە و جیابوونەوەش بەردەوامە. بەشێک لەوانەی جیابوونەتەوە لە ڕۆژئاڤاوە دەچنە تورکیا و هەندێکیشیان دەڕۆنە هەرێمی کوردستان و لەوێ ژیانی خۆیان بنیات دەنێن. پەکەکە بە تایبەتی ترسی ئەوەی هەیە ئەو پەکەکەییانەی لە دهۆک ژیانیان بنیات ناوە، ببنە نموونە بۆ ئەوانی دیکە. لە لایەکی دیکەوە بە زانیاری ناڕاست و درۆیینی وەک “پەدەکە ناچاریان دەکات لەشفرۆشی بکەن، بە هەژاری دەمرن، پەدەکە بە زۆر ڕادەستی تورکیایان دەکاتەوە، پەدەکە ناچاریان دەکات لەگەڵ میت کاربکەن و هتد…” هەوڵدەدات بەو درۆیانە کادیر و ئەندامەکانی خۆی ڕابگرێت. بەڵام ئەمە بەس نییە و ئەمجارەیان پەکەکە لەڕێگەی کوشتنەوە پەیامی “ئەگەر بڕۆن ئێمەش دەتانکوژین” دەنێرێت.

3- بێگومان پەیامێکیش دەنێرێت بۆ ئەو کەسانەی تر کە وازیان لە پەکەکە هێناوە. پەکەکە بەم شێوەیە پەیامی “ئەگەر خزمەتم نەکەیت دەتکوژم” بۆ ئەندامە جیابووەکانی دەنێرێت. واتە دیسان لە ڕێگای توندوتیژیەوە هەوڵدەدات خەڵک ناچار بکات کە ملکەچی بن.

تاوانی کوشتنی جوان و لەیلا، یەکەم تاوانی پەکەکە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی سیستمی بێویژدان و دواکەوتووانەی ئەو حیزبەیە. پەکەکە بۆ لاوانی کورد، شوێنی ژیان نییە، بەڵکو تەنیا شوێنی مردنە.

پوستێن ھەمان بەش