با دەوڵەتی تورکیا هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان و کەسایەتییە جێ متمانەکانی کۆمەڵگەی کورد بە موخاتەب وەربگرێت و با ڕێگا بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە هەموار بکەین.
ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا لە ڕێکەوتی 29ی ئۆکتۆبەری 2024دا گوتبووی: “کورد و تورک بران” و لە درێژەی وتارەکەیشیدا دەڵێت: “کۆماری تورکیا هەم کۆماری تورکانە و هەمیش کۆماری کوردانە”. ئەگەر هەموو تێڕوانین ئایدیۆلۆژی و پێشداوەریەکانمان بخەینە لایەکەوە، دەبینین کە ماوەی 101 ساڵەی کۆماری تورکیا بە ڕوونی نیشانی داوە کە ڕاستی مەسەلەکە بەداخەوە ئەوە نییە کە سەرۆککۆمار ئەردۆغان باسی دەکات.
بۆ ئەوەی کورد و تورک دەوڵەتێک بە دەوڵەتی هاوبەشی خۆیان بزانن و قبووڵی بکەن؛ سەرەتا پێویستە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان قبووڵ بکرێت و شەراکەتێک بێت کە بنەماکەی لەسەر یەکسانی دانرابێت. واتە دەوڵەتێکی فیدراڵی کە لەسەر بنەمای هاوبەشی نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورک و لەسەر بنەمای هاوبەشی کوردستان و تورکیا، بنیات نرابێت. بێگومان دەوڵەتێکی لەو جۆرە دەتوانێت دەوڵەتێکی هاوبەشی کورد و تورک بێت. لەخۆیدا پێویستە دەوڵەتێکی هاوبەشی لەو شێوەیە بە ناوێکی نوێ پێناسە بکرێت، ناوێک کە لە لایەن هەردوو لایەنەوە قبووڵ کرابێت و گوزارشت لە هاوبەشیی کۆماری تورکیا و کۆماری کوردستان بکات.
باشە ئایا لە ماوەی 101 ساڵەی کۆماری تورکیادا، هیچ کاتێک سیستەمێکی وەها کە شەراکەتێکی فیدراڵی هاوبەش یان قەوارەیەکی نەتەوەیی، جوگرافی، سیاسی بۆ خەڵکی کوردستان، پێکهاتووە؟ بێگومان نەخێر!
دەمەوێت لە بەڕێز ئەردۆغان بپرسم: با بڵێین ئێستا شەراکەتی فیدراڵی یان قەوارەیەکی نیشتمانی، جوگرافی، سیاسیمان وەلا دەنێین، هەروەک جەنابت ئاماژەت پێدا ئەگەر “کورد و تورک برا بن” و “کۆماری تورکیا، هەم کۆماری تورک و هەم کۆماری کورد بێت”؛ تورک چ مافێکی بەکۆمەڵ، چ دەسەڵات و ماف و ئازادییەکی هەبێت لە هەموو بەشەکانی ژیاندا، نابێت کوردیش هەمان ماف و دەسەڵاتی بەکۆمەڵ و ماف و ئازادیەکانی هەبێت؟ ئایا ئەمە سەرەتای یاسای برایەتی و یەکسانی نییە؟
جارێکی تر دەمهەوێت لە بەڕێز ئەردۆغان بپرسم: لە ماوەی 101 ساڵی کۆماری تورکیادا، ئێوە دەتوانن نموونەیەک نیشان بدەن کە کوردیش هەمان مافی کۆلەکتیف و دامەزراوە و ئازادییەکانی تورکی هەبووە؟
مێژووی 101 ساڵەی کۆماری تورکیا پڕە لە سەدان کردار کە پەراوێزخستن و لەناوبردنی کورد نیشان دەدەن. بەڵام ئەوەی ڕوون و لە بەرچاواندایە، ئەوەیە کە لە ئاکامی ئەو کردەوانەدا نە نەتەوەی کورد لەناوچووە و نە دۆزی کورد بۆ ئازادی کۆتایی پێهاتووە. مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد، مافێکی ڕەوایە؛ مافێکی نەتەوەیی و سروشتییە. ئەم مافە دەتوانرێت لەڕێگای دەوڵەتێکی فیدراڵی، کۆنفیدڕاڵی یان سەربەخۆوە دەستەبەر بکرێت.
پێویستە و دەکرێت لە ئەمڕۆوە هەندێک هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد هەموارتر بکرێت. داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، مافی خوێندن بە زمانی کوردی، بە فەرمیکردنی زمانی کوردی، لابردنی کۆت و بەندەکان لەسەر ناوی کوردستان، قبوڵکردنی ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستن، باوەڕ و خۆدەربڕین دەبێت لە یاسای بنەڕەتی دەوڵەتی تورکیادا گەرەنتی بکرێت. ئەمەش دەتوانێت سەرەتا و بنەمای پرۆسەیەکی چارەسەری بێت.
بەڵێ، بۆ چارەسەری ڕاستەقینە، وەک هەنگاوی یەکەم، بەبێ بەڵێ و نەخێر، پێویستە کورد هەموو ئەو مافانەی هەبێت کە تورک هەیەتی؛ لە کەش و هەوایەکدا کە دەنگی هەموو چەکەکان ڕاگیرابن، بە شێوەیەکی شەفاف و کراوە، با دەوڵەتی تورک هەموو ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و هەموو کەسایەتییە قبوڵکراوەکانی کورد وەکوو موخاتەبی خۆی قبووڵ بکات. وەرن با پێکەوە هەنگاوێک بنێین بۆ چارەسەرێکی ڕاستەقینە.
لەو نادادپەروەرییانەی کە 101 ساڵە بەرامبەر کورد دەکرێن، کامیان بەرامبەر تورک کراوە؟
کاتێک سەرنجمان لەسەر واقیعی کۆماری تورکیا دەبێت، بێگومان دەبێ ئاماژە بە جیاوازی نێوان کۆماری تورکیا و ڕژێمی بەعسی سەدام حوسێن، ڕژێمی بەعسی ئەسەد و ڕژیمی ئیسلامی ئێرانیش بکەین.
کاتێک کۆماری تورکیا و ئەم سێ دەوڵەتەی دیکە بەراورد دەکەین؛ دەبینین سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سنووردارکردنەکانیش سەبارەت بە دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە پیشەیی و مەدەنی و دیموکراتییەکان، چالاکییە سیاسییەکان، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، خەبات و چالاکییە جەماوەرییەکاندا، هەروەها لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا، کوردانی دانیشتووی باکووری کوردستان و تورکیا، بەراورد بەو کوردانەی لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا لە عێراق و باشووری کوردستان ژیاون و بەراورد بەو کوردانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، دەژین، دەرفەت و دەستکەوتی باشیان زۆرە.
جگە لەوەش ناتوانین پشتگوێ بخەین یان نکۆڵی لەوە بکەین، لە هەموو مێژویی 101 ساڵەی کۆماری تورکیادا، 3 هەنگاوی بەرچاو بۆ کورد نراوە؛ کە ئەویش لە سەردەمی سەرۆکوەزیر بوونی بەڕێز ئەردۆغاندا بوون. ئەو هەنگاوانە بەم شێوەیەن: مافی وانەی کوردی ئیختیاری بۆ پۆلەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم، کرانەوەی بەشی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لە 5 زانکۆ و دامەزراندنی تەلەفزیۆنی TRT-KURDİ.
ئەگەر نییەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕاستی باس لە برایەتی کورد و تورک و یەکسانی هەردوو نەتەوە دەکرێت، من داوا لە بەڕێز ئەردۆغان و بە ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی تورکیا دەکەم کە بە شێوەیەکی ئۆبجێکتیف، ویژدانی و ئینسانی، بە هاوسۆزییەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە.
وەک دەزانرێت بەڕێز ئەردۆغان، کاتێک سەرۆک وەزیران بووە، لە وتارێکی لە 23/11/2011دا، گوتبووی کە “لە بەڵگەنامەیەکدا کە لە ئەرشیفی دەوڵەتدایە و لە ڕێکەوتی 9ی ئابی 1939دا بڵاوکراوەتەوە، نووسراوە کە ، لە دێرسیم 13 هەزار و 806 کەس کوژراون. ئەگەر پێویست بێت بە ناوی دەوڵەتەوە داوای لێبوردن بکرێت، من ئەم داوای لێبوردنە دەکەم”.
ئێستا دەمهەوێت بپرسم: لە ساڵانی 1921، 1925، 1930-32، 1938دا سەدان هەزار کورد لە کۆچگری، ئامەد، بینگۆڵ، ئاگری، دۆڵی زیلان و دێرسیم و لە هەر بستێکی خاکی کوردستاندا، بە سەدان هەزار کورد بە دەستی کۆماری تورکیا کوژراون. ئایا هیچکات منداڵ و ژن و بەساڵاچووانی گەلی تورک خۆیان لە ئەشکەوتەکاندا شاردۆتەوە بۆئەوەی خۆیان لە کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری تورکیا بپارێزن؟ ئایا کۆماری تورکیا هیچکات ژن و منداڵ و بەساڵاچووەکانی تورکی لەناو ئەشکەوتەکاندا کوشتووە و سەرکوتی کردوون و دەستدرێژی کردوونەتەسەر و ژەهرخواردی کردوون و ئاگری تێبەرداون؟
لە “دۆڵی زیلان”دا بە هەزاران ژن و منداڵ و بەساڵاچووی کورد، کوژران و “گەلیی زیلان” بوو بە گۆلی خوێن. ئایا هیچکات دۆڵەکانی ئارتڤین، موگلا، نەڤشەهیر، ئافیۆن، کوتاهیای بە خوێنی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانی گەلی تورک بە هۆی کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری تورکیاوە بوونەتە دەریاچەی خوێن؟
ئەو کۆماری تورکیایەی کە لە کۆچگری، ئامەد، بینگۆڵ، ئاگری، زیلان و دێرسیم ، بە خۆشحاڵییەوە ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی کوردی کوشتووە؛ ئایا لە ئەدیرنە و قەیسەری و مانیسا، بۆ ئەوەی فیشەکێکی زۆری چەکدارەکان سەرف نەکرێت، بۆ ئەوەی سەردار و ژێرداری چەکەکانیان نەشکێت و زیانیان پێ نەگات، هیچکات ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی گەلی تورک بە لێدانیان بە دار کوژراون؟
کۆماری تورکیا هەتا ئێستا بە هەزاران گوندی کوردستانی سووتاندووە و کاولی کردوون. ئایا کۆماری تورکیا لە ماوەی 101 ساڵی تەمەنی خۆیدا، چەند گوندی تورکی سەر بە شارەکانی ڕیزە، ترابزۆن، گیرەسوون و بۆلووی تورکەکانی سووتاندووە و وێرانی کردووە؟
لە ساڵی 1930دا، کاتێک کە مەڕێک بە 25 قورش دەفرۆشرا، کۆماری تورکیا، لەسەر دەربڕینی هەر وشەیەک بە زمانی کوردی، کوردەکانی بە 5 قورش غەرامە دەکرد. ئایا کۆماری تورکیا هەتا ئێستا، هیچکات تورکێکی لە سەر قسەکردن بە زمانی تورکی غەرامە کردووە؟
دوای کودیتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلوولی 1980، لە زیندانی 5ی نۆلوویا لە ئامەددا، ئەم دەقە لەسەر دیواری زیندانەکە نووسرابوو: “بە تورکی قسە بکە، زیاتر قسە بکە”. جگە لەوەش کۆماری تورکیا ڕێگەی نەدەدا دایکان لە زینداندا بە زمانی کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن. ئایا کۆماری تورکیا تا ئێستا لە هیچ شوێنێکدا ڕستەی “بە کوردی قسە بکە، زیاتر قسە بکە”ی لەسەر دیوارەکان نووسیوە؟ ئایا تا ئێستا لە هیچ زیندانێکدا لە دایکەکانی قەدەغە کردووە کە بە زمانی تورکی لەگەڵ منداڵەکانیان قسە بکەن؟
لە تورکیا و باکوری کوردستان، 209 زانکۆ، 18 هەزار و 866 باخچەی ساوایان، 25 هەزار و 245 قوتابخانەی سەرەتایی، 18 هەزار و 850 قوتابخانەی ناوەندی، 12 هەزار و 506 قوتابخانەی ئامادەیی هەن و سەرجەمیان بە زمانی تورکی وانە دەڵێنەوە. ئایا لە کۆماری تورکیادا هیچ باخچەیەکی ساوایان، قوتابخانەیەکی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی و هیچ زانکۆیەک هەیە کە بە هەر دوو زمانی کوردی و تورکی وانە بڵێنەوە؟
لە قوتابخانەکانی کۆماری تورکیا یەک ملیۆن و 168 هەزار و 866 مامۆستا بە زمانی تورکی وانە دەڵێنەوە. لە هەموو قوتابخانەکانی ئێستا چەند مامۆستا هەیە کە بە کوردی وانە دەڵێنەوە؟
لە قوتابخانەکانی کۆماری تورکیا 18 ملیۆن و 710 هەزار و 165 قوتابی (خویندکار) هەن، لە هەموو ئەو قوتابخانانەی کە هەن چەند قوتابی بە زمانی کوردی پەروەردە وەردەگرن؟
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری تورکیا، نزیکەی 178 ملیۆن کتێبی بە زمانی تورکی، بێ بەرامبەر، بەسەر قوتابیانی قوتابخانەکاندا بۆ ماوەی ساڵانی 2024-2025 دابەشکراوە، ئایا وەزارەتی پەروەردەی کۆماری تورکیا، لە ماوەی 101 ساڵی تەمەنی خۆیدا، چەند کتێبی بە زمانی کوردی بەسەر قوتابیان لە قوتابخانەکاندا دابەش کردووە؟
بەشی شانۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2024دا 622 نمایشی مۆسیقی و شانۆیی ئەنجام دەدەن. ئایا بەشی شانۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لە ماوەی 101 ساڵی تەمەنی خۆیدا، چەند شانۆی بە زمانی کوردی ڕێکخستووە؟
لە مەحکەمەکانی کۆماری تورکیادا، بە هەزاران دادوەر (حاکم) و داواکاری گشتی بە زمانی تورکی دۆسیەکان بەڕێوە دەبەن، ئایا چەند دادوەر و داواکاری گشتی لە دادگاکانی کۆماری تورکیادا هەن کە بە زمانی کوردی و تورکی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکان دەکەن؟
بەگوێرەی ئەو زانیارییە فەرمیانەی کە سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی کۆماری تورکیا ڕایدەگەیەنن، لە 89 هەزار و 817 مزگەوتدا، ئەو بانگخوازانە ئەرکدار کراون کە بە زمانی تورکی بانگەواز دەکەن. لە چەند مزگەوتدا، بانگخوازەکان بە زمانی کوردی بانگەواز دەکەن؟
لە ماوەی 101 ساڵی کۆماری تورکیادا ناوی هەموو شار و قەزا و شارۆچکە و گوند و ناوچەکان گۆڕدراون بۆ تورکی، ئایا کۆماری تورکیا ناوی کوردیی هیچ شارێک، قەزایەک، شارۆچکەیەک، گوندێک یان هەرێمێکی بەفەرمی قبووڵ کردووە؟
لە کۆماری تورکیا بە سەدان کورد حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، تەنها لەبەر ئەوەی کە گوتوویانە “ناوی وڵاتەکەمان کوردستانە، من خەڵکی کوردستانم”. ئایا هەتا ئێستا کەسێکی تورک سزا دراوە تەنها لەبەر ئەوەی کە گوتبێتی “ناوی وڵاتەکەمان تورکیایە، من خەڵکی تورکیام”؟
کۆماری تورکیا، ئەو 4 حیزبەی کە لەژێر ناوی “کوردستان” دامەزراون و بەرنامەکەیان مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لەخۆدەگرێت، بەوە تۆمەتبار دەکات کە “ناو و بەرنامەیان لە دژی یاسای بنەڕەتی و یاسای حیزبەکانی کۆماری تورکیایە و دەیانهەوێت تورکیا دابەش بکەن”، دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە بۆ ئەوەی دایانبخەن. ئایا تا ئێستا هیچ حیزب و ڕێکخراوێک بەهۆی ئەوەی بەناوی “تورکیا”وە دامەزراون و لە بەرنامەکەیاندا باسیان لە مافی چارەنووسی نەتەوەی تورک کردووە، دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە تا دابخرێن؟
ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا، کاتێک ئەندام پەرلەمانتارێک بە زمانی کوردی قسە دەکات، وتارەکەی لە تۆمارە فەرمییەکانی پەرلەماندا بەم شێوەیە دەنووسرێت: “فڵانە ئەندام پەرلەمان بە زمانێکی نەناسراو قسەی کردووە”. لە پەرلەمانی تورکیا، ئایا قسەی ئەندام پەرلەمانێک بە زمانی تورکی، بەمشێوەیە دەچێتە ناو تۆمارە فەرمییەکانی پەرلەمانی تورکیا و دەنووسرێت “فڵانە ئەندام پەرلەمان، بە زمانێکی نەناسراو قسەی کردووە”؟
داننان بەو زوڵم و ستەم و ناحەقیانەی کە بەرامبەر بە کورد کراون، بە موخاتەب وەرگرتنی هەموو لایەنەکانی کورد، بە نیشانەی نییەتی دیالۆگ و چارەسەرییەکی ڕاستەقینە دەبێت. بەڵێ، بەڕێز ئەردۆغآن، ئەم پرسیارانە کە لە سەرەوە باسمان کرد و زۆر پرسیاری هاوشێوەیان، لە بنەڕەتدا، ئەوە دەردەخەن کە لە 101 ساڵی کۆماری تورکیادا، کورد وەک برایەک مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە. جگە لەوەش ئەم پرسیارانە بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کۆماری تورکیا لە ماوەی 101 ساڵی تەمەنیدا هەرگیز کۆماری کوردان نەبووە.
بە هۆی ئەم ڕاستییەوە، بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە باس لە “قۆناخێکی نوێ” دەکرێت، ئێمە داوا لە بەڕێز ئەردۆغان دەکەین، داوا لە هەموو لایەنەکان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکانی کوردستان و تورکیا دەکەین تا ئێمە پێکەوە بتوانین کەشێکی وەها بخوڵقێنین کە هەموو شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک و چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکە ڕاگیرابن.
وەرن، لە دۆخێکدا کە شەڕ وەستابێت، بۆ ئەوەی ئەو زوڵم و ستەم و نادادپەروەرییانەی کە 101 ساڵە بەرامبەر کورد کراوە، ببینرێت و دانی پێدا بنرێت؛ با بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوازی سیاسی، مەدەنی، دیموکراتیک و ئاشتیخوازانە لە ڕێگای دیالۆگەوە، هەنگاو هەڵبگرین.
با دەوڵەتی تورکیا هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان و کەسایەتییە جێ متمانەکانی کۆمەڵگەی کورد بە موخاتەب وەربگرێت و با ڕێگا بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە هەموار بکەین.
04/11/2024
مستەفا ئوزچەلیک