لەلایەن پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدەوە، مانیپۆلاسیۆنێکی ئابووری، سیاسی، ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لەسەر خەڵکی شنگال بەڕێوەدەچێت.
ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئێزدییەکانی بەدرێژایی سەدەکان تووشی بوون و ئێزدییەکان بۆخۆیان پێی دەڵێن “فەرمان”، هەتا ئێستاش هەر بەردەوامن. بەڵام ئەمجارەیان ئەم کۆمەڵکوژییانە خوێناوی نین، بەڵکو وەکوو قڕکردنی سپی و جینۆسایدێکی سپی ئەنجام دەدرێن. ئێزدییەکان لەلایەن پەکەکەوە لە بنەچەی خۆیان و لە گەل و کولتوورەکەیان دوور دەخرێنەوە. وەک بەشێک لە ستراتیژی ئێران لە ناوچەکەدا، ئێزیدییەکان بە دەستی پەکەکە لە کورد و کوردستان دادەبڕێن و بەرەو عێراقیبوون و شیعەبوون دەبرێن.
ڕژێمی سەددام لە عێراق هەوڵیدا کوردانی ئێزیدی بکات بە دوژمنی کوردە موسڵمانەکان و ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت – وێنەکانی سەددام و سیمبۆلەکانی ڕێژیمی بەعس لە هەموو شوێنێک هەڵواسرابوو. ئێستاش لەسەر شەقامەکانی شنگال، هێمای شیعە و وێنەکانی حەزرەتی عەلی نمایش دەکرێن. لە شنگال کە ئاڵای کوردستان و هێماکانی قەدەغەیە، ئاڵای عێراق لەو سەنتەرانە هەڵدەکرێت کە خەڵک ڕۆژانە بەکاریان دەهێنن. مانیپۆلاسیۆنێکی ئابووری، سیاسی، ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لەسەر خەڵکی شنگال بەڕێوەدەچێت.
ناسەقامگیری شنگال بە ئەنقەست درێژەی پێدەدرێت تا دەسەڵاتداریی “پەکەکە ـ شیعە”ی تێدا دابمەرزێت
ماوەی 9 ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال بە پێشەنگایەتی سەرۆک بارزانی تێپەڕی. سەرۆک بارزانی لە کاتی جینۆسایدی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزیدی کە لە 3ی ئاب دەستی پێکردبوو، بەڵێنی ڕزگارکردنی شنگالی دابوو و ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالیش لە ماوەی 15 مانگدا ئەنجامدرا. پەکەکە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکرد و تەنانەت پێش بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەش، ئاستەنگ و بەربەستی بۆ ڕزگارکردنی شنگال دروستکردبوو. دواتریش پەکەکە لەگەڵ عێراق و میلیشیاکانی حەشد لە پرۆژەیەکدا هەماهەنگییان کرد بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی لە کوردستان داببڕن. لە ئێستادا کوردەکان لەلایەن پەکەکەوە بە شیعە دەکرێن. بەهۆی ئەم سیاسەتانەی پەکەکەوە، ئەگەرچی 9 ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگالدا تێپەڕ بووە، بەڵام هێشتا شنگال نەبووەتە شوێنێکی ئارام و ژیانی ئاسایی بۆ نەگەڕاوەتەوە. لە لایەن “پەکەکە و ڕێژیمی شیعەی عێراق”ـەوە بە ئەنقەست سیاسەتێکی “ئاژاوەگێڕانە – برسیەتی و هەژارانە ـ کۆمەڵگەی تراڤماتیک” لە شنگال جێبەجێ دەکرێت.
شنگال کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ئێزدییەکان، بە ئەنقەست ئاوەدان ناکرێتەوە و لە هەژاریدا دەهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لەو تەڵە ئابووریدا گیر بخۆن کە ڕێژیمی شیعە و پەکەکە دایانناوەتەوە. ئاوەدانکردنەوەی شاری شنگال و کێشە بنەڕەتییەکانی پشتگوێ دەخرێن و چارەسەر نەکرێن، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی لەدۆخی ئاژاوە و بشێویدا پێویستیان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە هەبێت. لەلایەن پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدەوە هەوڵ دەدرێت کە خەڵکی شنگال لە بنەچە و ڕەچەڵەکی خۆیان داببڕێن.
هەڵمەتی چۆڵکردنی کەمپی ئێزیدییەکان لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی بە حەشدی شەعبیکردنی ئێزیدییەکان
بەمەبەستی دابڕینی ئێزیدییەکان لە کوردستان، حکومەتی عێراق لە دوو بواردا بڕیاریداوە.
یەکەم: لابردنی کەمپەکان و بڕیاری گەڕانەوەی زۆرەملێی خەڵک بۆ شنگال بوو، هەرچەندە بارودۆخی ژیانی لە شنگال گونجاو نییە.
دووەم: تێکەڵ کردنی دوو هەزار کەسی دیکە بە میلیشیاکانی حەشد لە شنگال، لە ڕێگای تەرخانکردنی بودجەی زیادە بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. بەم شێوەیە ئەو خەڵکەی لە کەمپی ئاوارە ئێزدییەکاندا نیشتەجێن، بە زۆر دەگەڕێندرێنەوە بۆ شنگال و دەکرێن بە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
پەکەکەش پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیەی ڕژێمی شیعەی عێراق دەکات و بەرپرسیارێتی شاردنەوەی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە و لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە – یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە بە ناوی خۆیەوە دایمەزراندووە، بە حەشدی شەعبیکردنی کوردانی ئێزدی لە بەرچاوی گەلی کورد شیرین دەکات. بەڵام لە واقیعدا سیستەمێک بە ناوی یەبەشە، هەر بوونی نیە. تەنها سیستەمێک هەیە کە چەک و مووچەی خۆی لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەردەگرێت. لە ڕاستیدا یەبەشە هێزی میلیشیایی حەشدی شەعبی شیعەیە و پەکەکەش هێزی بزوێنەری ئەو سیستەمەیە.
پەکەکە ڕێبازی مێژوویی ئەرمینیا، بەغدا و لوبنان لە سیاسەتی بەدوژمنکردنی ئێزدییەکان و کورد، پەیڕەو دەکات
هەموو ئێزدییەکانی باشووری کوردستان لە نزیک ئەو ناوچانە دەژین کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) تێیدا باڵادەستە. لە ڕووی مێژووییەوە جگە لە هەندێک دوژمنایەتی بچووکی تاکەکەسی لە نێوان کوردانی موسڵمان و کوردانی ئێزیدیدا، هیچ دوژمنایەتی و ڕەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوونی نییە. بەتایبەتی بەهۆی باوەڕی تەڤگەری بارزانی بەوەی کە “ئێزیدییەکان کوردی ڕەسەنن”، کوردانی موسڵمان، ئێزدییەکان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی دەبینن و لێیان نزیک دەبنەوە.
لە سەدەی ڕابردوودا سیاسەتێک لە ئەرمینیا و لوبنان جێبەجێ کرا بۆ ئەوەی کە ئێزدییەکان لە کوردستان داببڕن. ئەرمینیا هەوڵیدا داتای ساختەی مێژوویی دروست بکات کە دەڵێت ئێزدییەکان کورد نین. ئەم ڕێکخراوە کە بنکەکەی لە ئەرمینیایە، هەوڵیدا ئێزدییەکان قەناعەت پێبکات کە ئەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن زمانی “ئێزدیکی”یە.
بەغدا سیاسەتێکی جیاوازی پەیڕەو کرد. سیاسەتی ترس و ملکەچبوونی پەیڕەو دەکرد. ئێزدییەکانی شنگال لە زەوییە بەپیتەکانیان دوور خرانەوە و لە بەرهەمهێنان دایبڕین و ناچار کران کە پشت بەو هاوکارییە خۆراکییانە ببەستن کە لە سەردەمی سەددامدا بەسەر خەڵکدا دابەش دەکران. عێراق هەوڵیدا ئێزدییەکان بە برسێتی و هەژاری ڕابهێنێت و سیاسەتی ترس و تۆقاندن و برسیکردنی بەسەر کوردانی ئێزدیدا سەپاند.
ئەمڕۆکە هەمان ئەو سیاسەتەی سەددام لە لایەن پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدەوە بەڕێوە دەبرێت. خەڵکی هەژار دەهێنرێنە شنگالی وێرانکراو و ساڵانێکە بە دروستکردنی خانوو و هتد… هەر “ئەمڕۆ-سبەی”یان پێدەکەن و بە یەک یان دوو جار یارمەتی بچووک هەوڵ دەدەن خەڵکەکە بە ویستی ڕابهێنن و وایان لێبکەن کە ملکەچ و تەسلیمی ڕێژیمی شیعە بن. لە شنگال مۆدێلی کۆیلایەتییەکی دێرین نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدرێت لە ڕیگای زەحمەتکردنی باری گوزەران و ژیانی خەڵکەوە، کوردانی ئێزدی بکەن بە موڵکی پەکەکە.
پەکەکە دەیهەوێت ئێزدییەکان بکاتە دوژمنی بارزانیەکان، ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی سەددام و ڕژێمی شیعە بۆ جیاکردنەوە و دابڕینی ئێزدییەکان لە کورد و کوردستان. پەکەکە وەک خەنجەرێکی ژەهراوی وایە کە لە پشتی کۆمەڵگەی ئێزدی درابێت، هەموو ڕۆژێک برینێکی قووڵتر لە جەستەی ئێزدییەکان دەکاتەوە و بووەتە بەشێک لە سیاسەتی جیاکردنەوەی ئێزدییەکان لە کوردایەتی و کوردستانیبوون و دەیانهەوێت باشووری کوردستان بەبێ ئێزدی بێ شنگال، بهێڵنەوە. ئەگەر ڕۆڵی وێرانکەری پەکەکە نەبوایە، ئێزدییەکان لە ماوەی ئەم 9 ساڵەی دوای ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شەنگالدا، دەیانتوانی هەنگاوی گەورەیان بەرەوپێشەوە هەڵگرتبا و کارەساتی کۆمەڵایەتیی لە شنگال کۆتایی پێدەهات و گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە پێکدەهات. پەکەکە بەو درۆیەی کە “ئێمە بە 12 کەسەوە شەنگالمان ڕزگارکرد”، ئەم 9 ساڵەی لە کوردانی ئێزدی دزی و تەنانەت لە ئێستاشدا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئایندەی ئێزدییەکانیش بدزێت، ئێزدییەکان لە ناسنامەی کوردایەتی داببڕن و بیانکەن بە بەشێک لە مەزهەبی شیعە.