بایک هیچ ئاماژەیەکی بە لێدوانەکانی ئەم دواییانەی باخچەلی نەدا کە گوتبووی “با ئۆجالان بێتە پارلمان و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە”.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەجەکە و یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە، چاوپێکەوتنێکی لە کەناڵی ستێرک تی ڤی پەکەکە لە بەلجیکا ئەنجامداوە و ستێرک تی ڤی هەڤپەیڤینەکەی بڵاو کردەوە. لە چاوپێکەوتنەکەی 8ی ئەم مانگەدا جەمیل بایک باسی لە پرسە سەرەکییەکانی ڕۆژەڤ، وەک گفتوگۆی چارەسەری لە تورکیا کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.
شرۆڤەی بایک لەسەر قۆناخی نوێ: ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێ هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکات
بایک لە وتارەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە لیدوانەکانی ئەم دواییانەی باخچەلی نەدا کە گوتبووی “با ئۆجالان بێتە پارلمان و قسە بکات، با سوود لە مافی هیوا وەربگرێت” و سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان “پەکەکە ـ ئاکەپە “ـ ئیمرالی”یش هیچ زانیارییەکی نەدرکاند. بایک تەنها وتی “ئێمە لە پشت سەرۆکی خۆمانەوەین، موخاتەبی کێشەکە سەرۆک ئاپۆیە” و لە سیاسەتی گشتی پەکەکە زیاتر، هیچ شرۆڤەیەکی نەکرد. بایک لە دیمانەکەیدا ڕایگەیاند، “سەرۆک ئاپۆ نەک هەر دەتوانێت کێشەکانی کورد چارەسەر بکات، بەڵکو دەتوانێ کێشەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش چارەسەر بکات”.
وەک دەزانرێت لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆبوونەوە و دیدارەکانی نێوان “دەوڵەتی تورک ـ ئیمرالی ـ پەکەکە” زیادی کردووە و هەم ڕێکخستنەکانی ئەوروپای پەکەکە و هەمیش ناوەندی پەکەکە لە قەندیل، بەشێک لەو کۆبوونەوانە بوون. بەڵام بایک قەد باسی ئەو کۆبوونەوانەی نەکرد. دەرکەوت کە جەمیل بایک دەیهەوێت وا نیشان بدات کە ئەو بەشێک نییە لەو کۆبوونەوانەی کە لە پێش چاوی ڕای گشتیدایە. بەڵام جەمیل بایک لە وتارەکەیدا وەک هەمیشە زیاتر حکومەتی هەولێر و پەدەکە و تەڤگەری بارزانیی کردە ئامانج. جەمیل بایک هەوڵیدا ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ بخات کە لە هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستاندا دەرکەوت و شرۆڤەی بێ حورمەتانەی دژ بە ئیرادەی دەنگدەرانی کوردستان خستەڕوو. جگە لەوەش، بایک هەرگیز باسی لە دۆڕانەکەی یەنەکە و سەرۆکەکەی بافڵ تاڵەبانی، لە هەڵبژاردندا نەکرد کە پەکەکە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بە پانەوە پشتیوانیی لێکردبوو.
لە ھەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەری پارلمانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بوو بە پارتی یەکەم و زۆرینەی دەنگەکانی لە گەورەترین شارەکانی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەولێرـ دهۆک بەدەست ھێنا. بەڵام جەمیل بایک گوتی “بارزانی بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا هەڵبژاردنەکەی بردۆتەوە”. لەکاتێکدا کە پەدەکە لە هەڵبژاردنی پارلمانی کوردستاندا زیاتر لە 810 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم ڕستەیەی باییک کە “پەدەکە بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە”، بە مانای بێڕێزییەکی گەورە بە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان دێت. بایک هەروەها هەوڵیدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنکە بە قسەهایەکی وەکوو “گەل بەهۆی ئەوەی کە لە سیاسەتی پەدەکە ناڕازییە، دەنگی نەدا”، چەواشە بکات، ئەمە ئیدیعایەی پەکەکە لە کاتێکدایە کە پەدەکە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو نزیکەی 200 هەزار دەنگی زیادی کردبوو.
جەمیل بایک ڕایگەیاند، ئەوان نایانهەوێت لە کوردستان حکوومەت پێکبێت
وەک دەزانرێت، پەکەکە لەم ساڵانەی دواییدا هێرش و پیلان و چالاکی جۆراوجۆری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدات. لە داهاتووشدا هەوڵدەدات لەگەڵ یەنەکەی هاوپەیمانیدا ئاژاوە و بشێوکە لە باشووری کوردستان دروست بکات و بەوشیوەیە ڕێگری لە دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات. جەمیل بایک لە وتارەکەی 8ی ئەم مانگەدا ئەم پلانەی ئاشکرا کرد. بایک ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت سێ مەرج بۆ دامەزراندنی حکومەت لە کوردستان دابنرێت. بە وتەی ناوبراو، “ئەوانەی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، سەرەتا دەبێت دژایەتی هاوکارییەکان لەگەڵ داگیرکەران بکەن، لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە و داوای وەدەرنانی دەوڵەتی تورک بکرێت، سێیەمیش، لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەبات بۆ یەکڕیزی و یەکیەتیی کوردان بکرێت”.
کاتێک بە گشتی سەیری وتارەکەی جەمیل بایک دەکەین، پێدەچێت کە ڕاست بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی پەکەکە، پڕ ڕوونە کە قسەکانی بایک تەنها بۆ شاردنەوەی ئەو سیاسەتە وتراوە کە بۆخۆی پەیڕەوی لێدەکات. جەمیل بایک باس لە پیشاندانی هەڵوێست لە دژی دوژمن و ڕەتکردنەوەی خیانەت دەکات، بەڵام جەمیل بۆخۆی “ئەم قسانە لە باوەشی دەوڵەتی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ڕێژیمی شیعەی عێراقدا دەڵێت”. پەکەکەیەک کە هاوکاری ئێران و شیعەکان دەکات و لەگەڵ ئەواندا پەلاماری “هەولێر”ی پایتەخت دەدات، بۆخۆی خیانەت لە دەستکەوتەکانی گەلی باشووری کوردستان دەکات. ئەوە خودی پەکەکەیە کە زەمینەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات و ئەوانەی دەیانگوت پێویستە شنگال بە عێراقەوە ببەسترێتەوە و دەبێ ئاڵای عێراق لە شنگال هەڵبکرێت، هەموویان پەکەکەیین.
جەمیل بایک دەڵێ “مەرجی دامەزراندنی حکومەتی کوردستان، دامەزراندنی یەکیەتیی کوردە”، بەڵام گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکڕیزی و یەکیەتیی کورد و گەورەترین بەکرێگیراو کە داگیرکەران لە دژی کورد و کوردستان بەکاریدەهێنن خودی پەکەکەیە. پەکەکە گوللـەی یەکەمی خەباتەکەی دژ بە کورد تەقاند و هەموو بزووتنەوە کوردستانییەکانی باکووری کوردستانی لەناوبرد و دەستی بەسەر دەستکەوتەکانیاندا گرت. پەکەکە دوژمنی هەموو حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە باشووری کوردستانیشدا هاوڕێ و هاوکار و هاوپەیمانی عێراق و ئێرانە. ڕۆژئاڤا دیارترین شوێنە کە فاشیزمی پەکەکەی تێیدا پراکتیزە دەکرێت. پەکەکە، ڕۆژئاوای کوردستانی ئیستیسمار کردووە و هەموو حزبە کوردییەکان ڕەتدەکاتەوە، نووسینگەکانیان دەسوتێنێت و ئەندامەکانیان دەڕفێنێت و دەیانکوژێت، تەنها بۆ ئەوەی خۆی حاکم بێت.
هەرچەندە قسەکانی جەمیل بایک بە مەعقول دەردەکەون، بەڵام لەبەر ئەوەی کە بایک و حزبەکەی لە چەقی خیانەتێکی گەورەدان، ئەو قسانەی هیچ مانایەکیان نییە. ئاخاوتنەکەی جەمیل بایک نیشانەیەکی گرنگە کە دەیسەلمێنێت پەکەکە لە ئاڵۆزیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاژاوە و دژایەتی و دووبەرەکێ لە نێو کورددا بڵاودەکاتەوە، ڕێگری لە یەکڕیزی و یەکیەتیی کورد دەکات و پەیوەندییە قێزەونەکانی لەگەڵ داگیرکەراندا بۆ بەرژەوەندی حزبەکەی قووڵتر و بەرفراوانتر دەکات.