کێ شنگالی ڕزگار کرد؟

کێ شنگالی ڕزگار کرد؟

پەکەکە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا نەکرد و تەنیا بە هەڵواسینی وێنە و سیمبۆلەکانی خۆی هەلپەرستانە مامەڵەی کرد.

دوای 15 مانگ لەو کۆمەڵکوژیەی کە تیرۆریستەکانی داعش لە 3ی ئابی 2014 لە دژی کوردانی ئێزیدی بەڕێوەیان برد، بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال، شاری شنگال لە تیرۆریستانی داعش پاککرایەوە.

ئۆپەراسیۆنی ڕزگاری شنگال، یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی کوردە لە سەدەی 21دا

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال دوو گرنگیی هەبوو:

یەکەم: لەو 74 فەرمانە (کۆمەڵکوژییە)ی کە لە دژی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچووە، بۆ یەکەمجار کورد هاودەنگییەکی گەورەی لە دژی جینۆسایدکاران پێکهێنا، واتە تیرۆریستە دڕندە و وەحشییەکانی داعش بە دەستی کورد لەناو بران.

دووەم: ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال سەرەتای کۆتایی هینان و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش بوو. وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش لە شنگال، کە لەسەر ڕێگای 47 ـە کە ڕەققا و مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد و ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕەققا و مووسڵ خۆشکرد.

ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال یەکێک بوو لە سەرکەوتنە ستراتیژی و نەتەوەییەکان کە کورد لە سەدەی 21دا تۆماری کرد. کۆمەڵێک هێز و لایەن هەن کە ئەمڕۆکە دەیانهەوێت ئەو هەنگاوە گرنگە، چەواشە بکەن و دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بدزن. لە نێو ئەو هێزانەدا پەکەکە لە پلەی یەکەمدایە.

پەکەکە هەوڵیدەدا ڕێگری لە “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال” بکات

پەکەکە هەم لە ڕێگەی ئەمەریکا و هەم لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراق و هەمیش لە ڕێگەی هێزەکانی ڕۆژئاڤاوە، ویستی کە ڕێگری لەم ئۆپەراسیۆنە بکات. پەکەکە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا نەکردووە. کاتێک پەکەکە بینی کە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە و لە میدیاکانی جیهاندا ڕوماڵ دەکرێت، لە کۆتا ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا واتە لە 13ی نۆڤەمبەردا و دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، لای پاش نیوەڕۆ پەکەکە چەند یەکەیەکی خۆی ڕەوانەی سەنتەری شارەکە کرد، هێماکانی خۆی لە شوێنگەلێکی وەک سایلۆی دانەوێڵە، فەرمانگە فەرمییەکان و هتد… کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە ڕزگارکرابوون، هەڵواسی. پەکەکە دەیهەویست لە میدیاکاندا ئەو وێنایە دروست بکات کە گۆیا گەریلاکانی ئەوان ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە.

بەڵام ئەو هێزانەی پەکەکە کە لە ڕۆژئاواوە پەڕیبوونەوە بۆ چیای شنگال، بۆ شکستپێهێنانی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لەسەر شنگال کاریان دەکرد. ئەگەر پەکەکە ڕێگریی لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال نەکردایە، ئەوا ئۆپەراسیۆنەکە هەر لە سەرەتای مانگی نیساندا ئەنجام دەدرا.

پەکەکە هەوڵی دەدا لەگەڵ هێزە شیعەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات نەک لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان. بەمشێوەیە ویستی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی مووسلدا بکات و لەو رێگایەوە بناخەیەک بۆخۆی ئامادە بکات کە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە قبووڵ بکرێت و ببێتە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. هێزەکانی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، نەیاندەویست هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات و لەگەڵ پەکەکە پیلانی هاوبەشیان دادەڕشت.

سەبری ئۆک و ڕەزا ئاڵتون سەبارەت بە شنگال لەگەڵ شیعەکان لە بەغدا ڕێککەوتن

هاوینی 2015، ڕەزا ئاڵتون و سەبری ئۆک سەرکردەکانی پەکەکە لە بەغدا لەگەڵ عەبادی کۆبوونەوە و چەندین ڕێککەوتنیان واژۆکرد کە ئۆپەراسیۆنی شنگال یەکێک لەو ڕێککەوتنانە بوو. بەپێی ئەم ڕێکەوتنە، هەوڵ دەدرێ شنگال لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە و پەکەکە وەک بەشێک لە هێزە سەربازی و سیاسییەکانی سەر بە عێراق، لە شنگال جێگیر بکرێت. ئەمڕۆکە سەرجەم کردەوەکانی پەکەکە وەکوو هەوڵدان بۆ دابڕانی شنگال لە کوردستان و دامەزراندنی هێزێکی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەژێرناوی “یەبەشە” لە ئەنجامی بڕیاری بەڕێوەبەرەکانی پەکەکەوە دێن کە لەگەڵ ڕێژیمی شیعەی عێراقدا ڕێککەوتنێکیان بە گارەنتیکاریی ئێران پێکهێناوە.

لە ڕیکەوتی 10ی نۆڤەمبەردا، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پەکەکەیان ڕاگەیاند، “ئەگەر ئێوەش ڕازی نەبن، ئێمە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال هەر دەست پێدەکەین”، میدیاکانی پەکەکە ڕایانگەیاند، “پەدەکە ڕێگریمان لێدەکات”. پەکەکە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا لە خەڵک بشارێتەوە، هەواڵی چەواشەکارانە و درۆیینی وەک “پەدەکە ڕێگامان پێنادات ئۆپەراسیۆن بکەین”ی بڵاو دەکردەوە.

بەڵام لە ڕاستیدا هێزەکانی پەکەکە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکرد و تەنیا بە هەڵواسینی وێنە و سیمبۆلەکانی خۆیان لەو شوێنانەی کە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ڕزگار کران، هەلپەرستانە مامەڵەیان کرد. لە کاتێکدا کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە تەڵەکانی داعشدا گیانیان بەختی ڕزگارکردنی کوردستان دەکرد، پەکەکە تەنها بۆ هەڵواسین و نمایشکردنی هێماکانیان، یەکەکانی خۆی ڕەوانەی سەنتەری شارەکە دەکرد.

لەو کاتە بەملاوە، ماوەی 9 ساڵە پەکەکە بە ئیستغلالکردنی ئێزدییەکان سیاسەتی جیاکردنەوەی شنگال لە کوردستان پەیڕەو دەکات.

سەرۆک بارزانی بۆخۆی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی بەڕێوە برد و تەنها هێزی پێشمەرگە تێیدا بەشدار بوو

سەرۆک بارزانی بۆخۆی کۆردیناسیۆنی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد. سەرۆک بارزانی دوای ئۆپەراسیۆنەکە، لە چیای شنگال بۆ ڕۆژنامەنووسانی جیهان قسەی کرد و ئاماژەی بەو ئۆپەراسیۆنە کرد و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەشی پێشکەش بە ژنانی ئێزیدی کرد و گوتی: ڕزگارکردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش، بە دەستی پێشمەرگە قارەمانەکەمان لە بواری سیاسی و سەربازییەوە سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ خەڵکی کوردستان. ئەم سەرکەوتنە بە هەموو لایەکی پیشاندا کە ئەو ڕۆژانە کۆتاییان پێهات کە داگیرکەران و ستەمکاران هەوڵیان دەدا نەتەوەی کورد سەرکوت بکەن، گەلی کوردستان ئێستا ئیدی بۆخۆی بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن تێکدەشکێنن و بەرگری لە بەهاکانی سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەن”.

ئۆپەراسیۆنی شنگال ئۆپەراسیۆنێک بوو کە هەموو جیهان لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرد. دوای ئۆپەراسیۆنەکە عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندیی بە بارزانییەوە کرد و بە شێوەیەکی شەخسی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد. لە هەموو جیهانەوە پەیامی پیرۆزبایی بۆ سەرۆک بارزانی دەهات.

لە لایەکی دیکەوە پەکەکە 9 ساڵە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی ئیستیسمار دەکات و بە چەواشەکردنی ڕاستییە مێژووییەکان هەوڵ دەدات بەرگری لەو بەرژەوەندییانەی بکات کە لە شنگال بەدەستیهێناوە. پەکەکە بە سیاسەتی دوورخستنەوەی ئێزدی لە ناسنامەی کوردایەتی، جینۆسایدی سپی لەسەر شنگال بەڕێوە دەبات.

پوستێن ھەمان بەش