شکستی پرۆژەی “هیلالی شیعی”، شکستی ڕێککەوتنی 12 ساڵەی نێوان پەکەکە و ئێرانە.
ڕژێمی ئەسەد دوای 61 ساڵ لە 8ی دیسەمبەری 2024دا، کۆتایی پێهات. ئەم ڕێکەوتی کۆتایپێهاتنە گرنگە، چونکە چارەنووسی بەلادی شام وەک فەلەستین، لوبنان، سووریا و ناوچەکانی دیکەش دەگۆڕێت. تەنانەت چارەنووسی تورکیا و ئێرانیش دەگۆڕدرێت؛ ئامانجی هەردوو وڵات بۆ دەربازکردنی سیستەمەکانیان لە بشێوی و ئاڵۆزی و هەروەها خەونی ئیمپراتۆریەت و ڕکابەرییە مێژووییەکان لەگەڵ گۆڕانی ڕژێمی ئەسەد، گۆڕانی بەسەردا دێت.
هێشتا زووە بڵێین تورکیا چی دەستکەوتووە یان چیی لەدەستداوە. هەرکاتێک پێڤاژۆ و مژارەکانی سوریا ڕوون ببنەوە، دەتوانین پێگەی تورکیا دەستنیشان بکەین.
بەڵام شتێکی ڕوون هەیە: پڕۆژەی “هیلالی شیعە”ی ئێران کە لە ساڵی 2011 و لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا دەیهەویست دایبمەرزینێت، تووشی دارمانێکی گەورە هاتووە. ئێران نە تەنها بۆ ئیمپراتۆریەت، تەنانەت بۆ مانەوەی خۆی وەکوو دەوڵەتێک، لە 20 ساڵی ڕابردوودا هەموو هێزە هاوپەیمانە گەورە و بچووکەکانی خۆی لە شەڕی بە وەکالەتدا کردە قوربانی.
فەلەستین و غەززە لەلایەن ئێرانەوە ئیستغلال کران و کرانە قوربانی. کوشتنی هەنییە لە ئێران و هەڵوێستی لاوازی ئێران، نهێنیەکانی کوژرانی نەسروڵڵا و ڕووداوی مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران دەبێ وەکوو کەوتنە سەرەولێژایی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا شرۆڤە بکرێت. ئایا ئێران بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی دوژمنەکانی، هەموو هاوپەیمانەکانی خۆی فرۆشتووە؟ ئەمە زۆر گرنگە. ئێران بەردەوام لە نێو کورددا بەڵێندەری خۆی هەبووە و گەورەترین بەڵیندەری ئێران لە ناو کورددا پەکەکە بووە.
بە تایبەت لەگەڵ بەهاری عەرەبی، ئێران دەیهەویست هەموو کورد بکاتە بەشێک لە پرۆژەکەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هیچکەس ناتوانێ بە بیانووی “پەکەکە سیاسەتی کردووە و سەرکەوتنی دیپلۆماسیی پیشانداوە”، ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە پەکەکە وەکوو یەکێک لە بەڵێندەرەکانی ئێران لە پرۆژەی “هیلالی شیعە”دا جێگەی گرتووە.
دەتوانین بە ئاسانی ئەم دوو سەلماندنە بکەین:
یەکەم؛ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەعس و کۆتایی هاتنی هاوپەیمانەتی 40 ساڵەی پەکەکە لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد و تێکچوونی حزووری پەکەکە لە ڕۆژئاڤا، بە خێری ڕێژیمی ئەسەدە.
دووەم؛ شکستی پرۆژەی “هیلالی شیعی”، شکستی ڕێککەوتنی 12 ساڵەی نێوان پەکەکە و ئێرانە.
پەکەکە ماوەی 13 ساڵە بۆ ڕێگریکرن لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ببووە قەڵخان
پەکەکە لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و شکستی پرۆژەی “هیلالی شیعە”، لەرادەبەدەر قەڵس و نیگەرانە. چونکە پەکەکە لە ساڵی 1980 بەملاوە، هەم لە ڕێژیمی ئێران و هەمیش لە ڕێژیمی ئەسەد، سوودمەند بووە.
پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە هاوپەیمانی ڕژێمی ئەسەد بووە. هەموو جۆرە هاوکارییەکی لە سوریاوە وەرگرتووە بەو مەرجەی کە کوردەکانی ڕۆژئاڤا لە گرووپی کوردانی ڕادیکاڵ دووربخاتەوە و لە دژی ئیخوان موسلیمین ڕێکیان بخات. پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەرگیز دژی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد نەجووڵایەوە.
تا ئەم دواییانە وێنەی ئۆجەلان و حافز ئەسەد، لە تەنیشت یەک لە ماڵی لایەنگرانی پەکەکەدا هەڵواسرابوون. چونکە پەکەکە ڕژێمی ئەسەد وەک ڕژێمێکی داگیرکەر و کۆلۆنیالیست نەدەبینی. ئەگەر پێش دەستێوەردانی هەیئەی تەحریر ئەلشام لە سوریا هەڵبژاردن بکرابا، ئەسەد لە شارێکی وەک قامیشلۆدا زۆرترین دەنگی بەدەست دەهێنا.
بەهاری عەرەبی دەرگای گەورەی بەڕووی گەلی کورد و بەتایبەت بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا کردەوە. دەکرا ڕژێمی ئەسەد هەر لەو کاتەدا ڕووخابایە، بەڵام پەکەکە بۆ ئەوەی کە ڕژێمی ئەسەد نەرووخێت خۆی کرد بە قەڵخان و ڕێژیمی سووریای لەسەر پێ ڕاگرت. سەرکردەکانی پەکەکە وەکوو باهۆز ئەرداڵ و جەمیل بایک و مستەفا قەرەسو، بە ئاشکرا دەیانگوت “ئەگەر ڕژێمی ئەسەد هەتا ئێستا نەڕووخاوە، ئەوە لەبەر پشتیوانیی ئێمەیە”. بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی سووریا، ناوی “ڕۆژئاڤا”یان گۆڕی بۆ “باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا” و ناسنامە کوردییەکەیان شاردەوە.
جەمیل باییک لە تەباخی 2020دا دژایەتی فرۆشتنی نەوتی ڕۆژئاوای لەلایەن کۆمپانیایەکی ئامریکاییەوە کرد و گوتی: “ڕژێمی سووریا دەوڵەتێکی شەرعییە و کەس ناتوانێت بە بێ ئیزنی ئەو نەوتەکەی بفرۆشێت”.
پەکەکە ئەمڕۆ دەیهەوێت بە دەستەواژەی ئیدئۆلۆژیکی وەک “سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە شکستیهێناوە” لەبیری خەلکی بباتەوە کە ئەوان بۆچی ڕژێمی ئەسەدیان لەسەر پێ هێشتبۆوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو شۆڕشەی کە پێی دەڵێن “شۆڕشی ڕۆژئاڤا”، دوای 12 ساڵ حوکمڕانی، بەڵام هێشتا پەیکەری حافز ئەسەد و ئاڵای سوریا لە قامیشلۆ دەبینران و دەشەکانەوە. پەیکەری ئەسەد لە گۆڕستانەکەی لە لازقیە و لە دیمەشقی پایتەختی سووریا واتە لە قەڵاکانی ڕێژیمی ئەسەد تێکشکێندران، بەڵام دوایین شوێن کە پەیکەری ئەسەدەی لێ لابرا، قامیشلۆ بوو.
ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، هاوپەیمانەتیەکانی ئەسەد تێکچوون و شەریکایەتی بەعس-ئەسەد-پەکەکە هەڵوەشایەوە. هەروەها سیاسەتی 12 ساڵەی پەکەکە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و شکستی هێنا. لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆی سوریا و ڕۆژئاڤادا، پەکەکە شکستی خواردووە. پەکەکە لە گەشەپێدان و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا سەرکەوتوو نیە. ئەم دەستکەوتانە بە پشتیوانی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکاوە بەدەست هاتوون. ئەگەر بەهۆی سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکە نەبا، پەکەکە هەموو ڕۆژئاڤای بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەجێدەهیشت. ئەمریکا دژی دەستگیرکردنی مەزڵوم عەبدی وەستایەوە و بیرە نەوتەکانی ڕادەستی ڕژێمی ئەسەد نەکرد و بە پارە عەرەبەکانی لەناو هەسەدەدا هێشتەوە. ئێستاکەش پەکەکە دەیهەوێت بە پێشهاتەکانی ڕۆژئاڤا ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیکانە بشارێتەوە کە لەگەڵ ئێران واژۆی کردوون و خۆی وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتوو پیشان بدات. بەڵام واقعیەتەکە ئەوەیە کە ئەو میحوەرەی پەکەکەی لەگەڵ بوو، داڕووخا و بەمەش سیاسەتی پەکەکەش هەڵوەشا و داڕما. بە دڕاندنی وێنەکانی ئاپۆ لە رەققا ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی پەکەکەش هەڵپچڕا.
مەیدانی شەڕی سیاسی پارتی ڕاست بوو، ئەوەی پەکەکە هەڵە بوو
سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ملکەچی پرۆژەی “هیلالی شیعە”ی ئێران نەبوون و ئەمە هێڵی ڕاست بوو. سەرۆک بارزانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدی بە داڕمانی یەکێک لە قەڵاکانی کۆلۆنیالیزم زانی و بە پێی ئەو هەڵویستە جووڵایەوە. لە بەر ئەوە هەولێری پایتەخت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مووشەکباران کرا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی داگیرکردنی هەولێریان کرد.
لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، ئێران پەکەکەی وەک ئامرازێک بۆ تەسلیمکردنی دەستکەوتەکانی کوردی باشوور و پارتی دیموکراتی کوردستان بەکارهێنا. پەکەکە لە باشووری کوردستان ببووە بەشێک لە چەکدارەکانی ئێرانیەکانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
ئێران هاوپەیمانەتی “یەنەکە ـ پەکەکە”ی پێکهێنا و پەکەکە وەک لقێکی حەشدی شەعبی لە سلێمانی و گەرمیان و شنگال جێگیر کرد. پەکەکە ئارم و چەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەسەر شانی لاوانی شنگال دانا.
بەڵێ، لە ئەنجامدا ئەسەد لەناوچوو، حەشدی شەعبی لەناوچوو، واتە سیاسەتی بەژرێگیراوانەی پەکەکە بۆ ئێران لە باشووی کورستان شکستی هێنا.
ئەمانەش هەموو پێڤاأۆیەکی تەواو نوێمان دەخاتە بەردەم. داڕمانی سوریا، شکستی سیاسەتی 13 ساڵەی پەکەکە لەگەڵ ئێران و ئەسەدە، هەڵوەشانەوەی سیاسەتی شانبەشانی لەگەل “ئێران ـ ئەسەد”دایە. تێکچوونی سووریا، تێکچوونی سیاسەتی قەندیلە.
پێویستە لە قۆناخەکانی داهاتوودا، هەڵوێستەکانی پەکەکە ببیندرێن و ڕێگە نەدرێت کە پەکەکە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا بۆ خۆی بکات بە دەروازەیەکی ڕانت و بازرگانی سیاسیی پێوە بکات. دەبێ ڕێگە لەم پلان و پڕۆژانەی پەکەکە بگیردرێت.