پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و یەنەکە، پەیوەندیی نێوان کورد ـ کورد نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە بۆ هاوپەیمانێتیە لەگەڵ ئێراندا.
هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە ڕێکەوتی 31ی دیسەمبەردا، هێرشیان کردە سەر ڕێکخراوی گەشەپێدانی هونەرە نوێیەکان، ڕێکخراوی مەرزییە، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (RJAK) و کۆمپانیای بەرهەمی گزینگی بەربەیان و چالاکییەکانی ڕاگرت. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەرگاکانی ئەو دامەزراوانەیان داخستووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.
دوای داخستنی ئەو چوار ڕێکخراوە کە بەشێکن لە ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە سلێمانی، هەندێک دامەزراوە و ڕێکخستنی دیکەی نزیک لە پەکەکە، بەیاننامەی ڕۆژنامەوانییان بڵاوکردەوە و ئەم دۆخەیان شەرمەزار کرد. بەگشتی کەسانی سڤیل و خەڵکی ناوچەکە لەپشت ئەو ڕێکخراوانەوە نین، بەڵکو لەلایەن کادیرانی پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێن.
تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە داخستنی دامەزراوە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان، گرووپەکانی مۆسیقا، ناوەندەکانی بزووتنەوەی ژنان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان کە بەرنامە بۆ تەلەفزیۆنی ژنان دروست دەکەن، نەکراوە. تا ئێستا نازانرێت ئایا داخستنی ئەو دامەزراوانە لە ڕاستیدا داخستنە یان شەڕێکی هاوبەش و هاوئاهەنگە. پەکەکە لە میدیایەکی خۆیدا بەناوی “ڕۆژ نیوز” کە لە سلێمانی بڵاو دەکرێتەوە، کۆمەڵیک هەواڵ و وتاری هەڕەشەئامێزی دژ بە یەنەکە بڵاوکردەوە. بەڵام ئەو وتارەی کە هەڕەشەی لە یەنەکە کرد، تەنیا بە زمانی تورکی بڵاوکرایەوە و بە سۆرانی بڵاو نەکرایەوە. بەکارهێنانی زمانی نەرم لە هەواڵە سۆرانییەکانی پەکەکە وەک هەڵوێستێکی سیاسی سەیر دەکرێت، چونکە پەکەکە لەلایەک کۆبوونەوە لەگەڵ یەنەکە ئەنجام دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە نایهەوێت ئەو کەسانەی ناوچەکەس بترسێنێت کە لە دامودەزگاکانی ئەودا کار دەکەن.
یەکێک لە میدیاکانی پەکەکە بوناوی “ڕۆژنیوز”، بابەتێکی بە زمانی تورکی بەناونیشانی “یەنەکە، کەوتە ناو هاوکاری نێوان تورکیا-عێراق و پەدەکە”ی بڵاوکردۆتەوە و بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە یەنەکە کردووە.
لە وتارەکەی پەکەکەدا بانگەشەی ئەوە کرا کە یەنەکە بە دوو ئاراستەدا دەجووڵێتەوە. لەلایەک کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی کەنەکە و پارتی دەم دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە بە داخستنی دامەزراوەکانی پەکەکە چرای سەوز بۆ تورکیا هەڵدەکات. لە وتارەکەدا هاتووە: “ڕوونە کە یەنەکە لە ئێستادا سیاسەتێکی دوولایەنە پەیڕەو دەکات”. لە دەقی وتارەکەدا هاتووە: “هەموو کەس دەزانێت کە ئەوەی لەم دۆخەدا زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، یەنەکەیە. چوونکە بڕیار دراوە ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گشتیی پارێزگاکان و پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت. بێگومان ئەگەر شتێکی لەم شێوەیە ڕووبدات، دەنگدەران بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن و سزای ئەو لایەنانە دەدەن”. پەکەکە بەمشێوەیە هەڕەشەی لە یەنەکە کردووە کە پشتیوانیەکانی خۆیان لەو حیزبە ڕادەگرن.
لە وتارەکەدا ئاماژە بە قسەی بەشێک لە کەسانی نزیک لە یەنەکەیش کراوە کە دەڵێن “ئەوە ڕاست نیە کە دەگوترێ ئەو دامەزراوانە لەسەر ویست و داوای پەدەکە و حکومەتی عێراق داخراون” و بە گوتنی “داخستنی ئەو ناوەندانە لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە لەم قۆناخەدا بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، زەنگی یەکەمی ئاڵۆزییەکانە”، سەرنجی خستۆتە سەر کەلێنی نێوان یەنەکە و پەکەکە.
بڕگە جیاوازەکانی مێژووی پەیوەندیی نێوان یەنەکە و پەکەکە
مێژووی پێوەندییەکانی نێوان یەنەکە و پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1990. ئەو دوو هێزە کە لەو کاتەوە لەژێر چاودێری دەوڵەتی ئێراندا ڕێککەوتن، لە ساڵی 1993دا بەرەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا و هێرشیان کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بەپێی ئەجیندای ئێران لە ناوچەکەدا دەجووڵانەوە. بەڵام ئەو هاوپەیمانەتیە سیاسی، سەربازی و ئابووریە، لە ساڵی 1999دا و کاتێک کە ئۆحجەلان گەڕایەوە بۆ تورکیا، تێکچوو. یەنەکە سەرجەم دامودەزگاکانی پەکەکەی لە سلێمانی داخست و زۆرێک لە کادیرەکانی دەستگیرکرد. لە ئەیلولی ساڵی 2000دا پەکەکە هێرشی کردە سەر یەنەکە و سەدان کەسی لە هەردوولا گیانیان لەدەستدا.
دوای ئەم پێکدادانانە، ساڵانێک پەیوەندی یەنەکە و پەکەکە بە گرژی مایەوە. ئەگەرچی پەکەکەش هەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕابردووە بدات، بەڵام لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2013، یەنەکە ڕێگای بە پەکەکە نەدەدا کە لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئەودا چالاکیی بکات.
لە ساڵی 2013دا ئێران جارێکی تر ئەو دوو هێزەی کۆکردەوە. لەو کاتەوە پەکەکە بە پاڵپشتی ئێران ڕێکخستنەکانی خۆی لە ناوەندی شاری سلێمانی و هەموو ناوچە و گوندەکانی سنوورەکەدا دامەزراندووە. ئەم هاوپەیمانییەی کە شیعەکان بۆ گەمارۆدانی هەولێر دروستیان کردبوو، لە زۆر بابەتدا پێکەوە کاریان کردووە و هەنووکەش دەیکەن.
بەڵام لەگەڵ تێکشکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەو هێزە بنەڕەتیەی کە هەردووکی ئەم هێزانەی پێکەوە ڕێکخستبوو، لەرزۆک بوو. لە هەمان کاتدا ئێران ئەو دەسەڵاتە سەرەکییەیە کە بەو قسانەی ئۆجەلان کە دەڵێ: “من ئامادەم پشتیوانی لە پارادایمی بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی بکەم”، قەڵس و تووڕەیە. پێشبینی دەکرێت ئێران کە ڕێگاکانی سلێمانی و گەرمیان و کەرکووک و بەغدای بەڕووی پەکەکەدا کردبۆوە، لە ڕوەشێکی وەهادا ڕێگری لە مانەوەی پەکەکە لەو ناوچانەدا بکات. نازانرێت داخستنی دامودەزگاکانی پەکەکە لەلایەن یەنەکەوە چەندە پەیوەندیی بەم پێڤاژۆیەوە هەیە، بەڵام ئەوە دەزانرێت کە یەنەکە کە لە هەڵبژاردنی 20ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستاندا سەرەڕای هەموو پاڵپشتییەکانی پەکەکە و حکوومەتی عێراق، نەیتوانی ئەو دەسکەوتانە بەدەست بهێنێت کە هیوای بۆ دەخواستن، لە گەڕاندایە و بەدوای شوێن و لایەنێکدا دەگەڕێت کە خۆی پێ بسپێرێت. وادیارە یەنەکە حەز دەکات کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیادا نەرم و ئاسایی بکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە کاردانەوەی ئێران دەترسێ، هەوڵەکانی خۆی لەو بوارەدا دەشارێتەوە.
ئەوەی بە ڕوونی دەتوانرێت بگوترێ ئەمەیە؛ پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و یەنەکە، پەیوەندیی نێوان کورد و کورد نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە زیاتر بۆ هاوپەیمانێتیە لەگەڵ ئێراندا. چارەنووسی ئەم پەیوەندیانە کە لە سەردەمی بەهێزبوونی ئێرانەوە دەستی پێکردووە، دیسان بە چارەنووسی ئێرانەوە گرێدراوە. داخستنی دامودەزگاکانی پەکەکە لە سلێمانی، وەک سەرەتای کەلێن و ململانێی نێوان ئەو دوو لایەنە سەیر دەکرێت