کۆبوونەوەکانی ئیمرالی، کۆبوونەوەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نین، بەڵکو کۆبوونەوەی ئیدارەکردنی پرسی کوردن، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.
کۆبوونەوەی نێوان دەم پارتی و ئۆجەلان کە بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕوان دەکرا، بەڕێوەچوو. بڕیار بوو یەکسەر دوای کۆبوونەوەکە، “پارتی دەم” (DEM) ڕاگەیاندراوێک بدات، بەڵام 24 کاتژمێر دوای کۆبوونەوەکە ئەوسا ڕاگەیاندراوەکەیان بڵاو کردەوە. چونکە شاندەکەیی دەم پارتی سەرەتا لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە لە تورکیا و دامودەزگاکانی پەکەکە لە بەلجیکا کۆبووەوە و پاشان ئەو قسانەیان بەناوی ئۆجەلانەوە ڕاگەیاند. دواتر بە ئەگەرێکی زۆر ئەو شتانەی کە کەجەکە پێیوابووە نابێ “بگوترێن”یش لابران و سانسۆر کران. هەروەها دەوڵەتی تورکیش بەر لە کەجەکە بە شاندەکەی گوتووە کە دەبێ چ ڕابگەیەنرێت و چ شتێکیش نابێ ڕابگەیەنرێت.
ئەگەر لەبیرتان بێت، عومەر ئۆجەلان خوارزای ئۆجەلانیش لە 23ی ئۆکتۆبەردا لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە، بەڵام دوای 45 ڕۆژ تەنها چەند وشەیەکی لەسەر ئەو دیدارە باس کرد. چونکە قەندیل پێی گوتبوو قسە مەکە.
بە واتایەکی تر ئەو لێدوانەی کە بە ناوی بوڵدان و ئۆندەرەوە لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلاندا دراوە، بە سانسۆری دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا تێپەڕبووە. بۆیە ئێمە بە دانوستانی ڕاستەقینە نازانین.
بەڵام لە ئەنجامدا توانای تێگەیشتن لە ڕووداوەکانمان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی گفتوگۆکانی نێوان “ئیمرالی ـ پەکەکە ـ دەوڵەت” کە ماوەی 25 ساڵە بەردەوامە، دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخساوە کە لە لۆژیکی گشتی گفتوگۆکان تێبگەین، تەنانەت ئەگەر وشە بە وشەش نەبێت.
لەسەر مێزی ئیمرالی کێ نوێنەرایەتی کورد دەکات؟
یەکەم؛ گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد دەکرێت، لە باکووری کوردستان 32 ملیۆن کورد دەژین و بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو کەسانە دەدرێت، بەڵام نوێنەری کورد لە کۆبوونەوەکەدا نییە. ئەو شاندەی چوو بۆ لای ئۆجەلان نوێنەری کورد نین. یەکێکیان تورکە و یەکێکیان عەرەبە… هەروەها ئەگەر کوردیش بن، گرنگ ئەوەیە کە دەبێ نوێنەرایەتی کوردستان بکەن. بەڵام ئەم دوو کەسە کورد نین و هەرگیز نوێنەرایەتی کوردانیش ناکەن. جێگای سەرنجە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوکاتەی کە لە ساڵی 1999دا لە کینیاوە دەگەڕایەوە بۆ تورکیا گوتی: “دایکم تورکە”. پاشان وتی “من زۆر بە کورد دانانرێم، من کاتێکیش کە لە دیمەشق بووم قەد بە کوردی قسەم نەدەکرد”. واتە ئۆجەلانیش خۆی بە کورد نازانێ و کورد نیە. باشە دەتوانین بڵێین لە کۆبوونەوەکەی “ئیمرالی”دا، پەروینی عەرەب، سری سوورەیای تورک، ئۆجەلانی تورک و دەوڵەتی تورک پێکەوە دانیشتوون و باسیان لە “پرسی کورد” کردووە.
یەکێک لەو کەسانەی کە ڕۆیشتووە بۆ ئیمرالی، پەرڤین بوڵدان بوو. پەرڤین لە ساڵی 2012دا بە ئۆجەلانی گوتبوو: “ئێمە کورد نین، ئێمە لە عەرەبەکانی سێرتین”. پەرڤین بوڵدان بەشێک بوو لەو شاندەی کە لە پرۆسەی چارەسەریی ساڵی 2013شدا لە ئەندامانی ئەو شاندە بوو کە سەردانی ئیمرالییان کرد. پەرڤین کەسێک بوو کە “دەوڵەت ـ پەکەکە -ئیمرالی” لەسەری ڕێککەوتبوون. لە ساڵی 2007ـەوە، واتە ماوەی 17 ساڵە کە ئەندامی پەرلەمانە و ماوەی 5 ساڵیش هاوسەرۆکی هەدەپە بووە. چونکە کەسێک بوو کە هیچ دیدێکی سیاسی نەبوو و تەنیا لە نێوان “قەندیل ـ ئیمرالی ـ دەوڵەت”دا جانتاهەڵگریی دەکرد، لەلایەن هەر هەر سێ هێزەکەوە پاڵپشتی دەکرا. دوو جار ماددەی هۆشبەر لەناو ئۆتۆمبێلە پارێزراوەکەیدا دۆزراوەتەوە، بەڵام دەوڵەت بێدەنگەی لێکردوە. ئەو کوردانەش کە دەنگیان بە هەدەپە دەدا، دەیانگوت بۆ دەبێ ئێمە دەنگ بەم ژنە بدەین؟
دۆخی سڕی سوورەییا ئۆندەر بە تەواوی گوماناوییە. ئەو تورکە، لە چەپی تورکەوە هاتووە و لە ڕابردووشدا ئەندامی دامەزراوە کەمالیستییەکانی ئەرگەنەکۆن بووە کە دەوڵەتی تورکیان بەڕێوەدەبرد. ئەوە لەلای هەموو لایەکەوە پشتڕاست کراوەتەوە. سڕی سوورەییا ئەسپی ترۆوا بووە کە لە ساڵی 2012دا بۆ لەناوبردنی هێزەکانی کوردی باکوور بەکارهاتووە. ئەو کەسە سەرەکییەیە کە بە وتنی “ناهێڵین ببیتە سەرۆک (ئەردۆغان)” دەمیرتاشی هەناردە ناو کێڵگەی مین. پاشان دەمیرتاش و پەرلەمانتارانی هەدەپەی ئەو سەردەمە یان چوونە زیندان یان هەموویان هەڵهاتن و ناچار بوون بچنە ئەوروپا، بەڵام سڕی سوورەییا ئۆندەر کە سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیەی کرد، جارێکی تر بووەوە بە پەرلەمانتار و تەنانەت وەک پاداشتێک بۆ خزمەتەکانی، بوو بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش.
ئەو تورکە میسیۆنەرانەی کە کوردەکان بە حەماڵ دەزانن، بە ناسنامەی پەکەکەوە پەلاماری بەها نەتەوەییەکانی کورد دەدەن
ئۆجەلان دەتوانێت چی بڵێ؟
ئەوەی جێگای سەرنجە، لە میدیاکاندا، هەم میدیاکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک و هەم میدیاکانی پەکەکەش، دەگوترا کە قسەکانی ئۆجەلان زۆر گرنگ دەبێت. وە هەمووان پرسیاریان کرد: “ئۆجەلان چی دەڵێت؟”. بەڵام پرسیارەکە هەڵەیە، پێویستە پرسیارەکە ئەوە بێت کە “دەوڵەت دەستوور بە ئۆجەلان دەدات چی بڵێت؟”
بەڵێ لە ساڵی 1999ـەوە ئۆجەلان هیچ شتێکی نەگوتووە کە دەوڵەتی تورکیا نەیویستبێت و زیانی بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورک گەیاندبێت. لێم ببورن، ڕەنگە هەندێکتان ئۆجەلانتان خۆش بوێت و وا بیر بکەنەوە کە خزمەتێکی گەورەی کردووە. بەڵام چیرۆکەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە دەیزانن.
دەوڵەت هەرچییەکی ویستبێت، ئۆجەلان ئەوەی گوتووە. دەوڵەتی تورک وتی گەریلا بکشێنەوە، کشاندیەوە. دەوڵەت وتی با پەکەکە دەست بە شەڕ بکاتەوە، دەستیپێکردەوە؛ وتی کۆتایی بە ئاگربەستەکە بهێنن، ئەویش کردی؛ پێی گوت بۆ هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ دەنگمان بۆ وەربگرە، داوای دەنگی بۆ کردن. ئەمڕۆش وەفدی پارتی دەم ئاشکرای کرد، ئۆجەلان پێی ڕاگەیاندن، “هاوکاری پێویست بۆ پێشنیازی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان دەکەم” و ئەوەش ڕێک ئەو شتەیە کە دەوڵەت لە ئۆجەلانی دەوێت. پاشان بۆ نامەی نەورۆزی 2013 وتی؛ “ئەم نامەیە دەوڵەت پێی نوسیووم، ئەوان وشەی دەوڵەتیان لێ زیاد کردووە”. با ئەوەش لە لایەک دابنێین، بۆ کۆبانێ کە سەدان کورد خوێنیان لەپێناویدا ڕشت، ئۆجەلان گوتی: “من و هاکان فیدان (سەرۆکی میت) کۆبانیمان ڕزگارکرد”. ئۆجەلان تەنانەت ئێستاش ناتوانێت – نایهەوێت بە پێچەوانەی ویستی دەوڵەت تاقە یەک هەنگاویش هەڵبگرێتەوە. بۆیە کۆبوونەوەکانی ئێستای ئیمرالی پڕۆژەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی تورکیا لە سوریا دەخەنە ڕوو. بەڵێ، ئۆجەلان دیسان بۆچوونێکی ڕاگەیاندووە کە پرۆسەکە بۆ کورد ئاڵۆزتر دەکات، لەوانە ئیفادەی وەک “نوێکردنەوەی ڕۆحی ئەشمە، ئاشتی تورک -کورد، هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا و هتد…”ی لەخۆگرتبوو.
ئۆجەلان لەبەر ئەم واقعیەتەی خۆی، شتێکی نوێی نەگوت و ئەوەش بە ئێمە گوترا ئەوە بوو کە دەوڵەت دەیهەوێ.
لەخۆیدا پیرۆزکردنی قسەکانی ئۆجەلان هەڵەیە، بەڵام هەوڵدان بۆ هەڵێنجانی مانای قووڵ بە قازانجی کورد لەناو قسەکانیدا، هەڵەیەکی گەورەترە. کۆبوونەوەکانی ئیمرالی، کۆبوونەوەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نین، بەڵکو کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی پرسی کوردن، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.