پاشناوی تورک، پڕ بە پێستی “ئەحمەد تورک”ـە

پاشناوی تورک، پڕ بە پێستی"ئەحمەد تورک"ـە

ئەحمەد تورک یاریزانێکە لە پشتەوەی ئەو ئۆجەلان و پەکەکە هەن. ئەوان کوردیان بێ ئامانج کرد و گەیاندوویانن بە خاڵێک کە ئیدی “هیچ شتێکیان بۆ خۆیان نەوێت”.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی نەتەوەپەرستترین و تورکپەرستترین حزبی تورکیا لەگەڵ شاندێکی “پارتی دەم”دا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد تورک، پەروین بۆڵدان و سری سوررەییا ئۆندەر وەکوو شاندی “پارتی دەم” (DEM) ئامادە بوون. میدیای تورکیا کۆبوونەوەکەیان بە “دیدارێکی مێژوویی” وەسف کرد. لە ڕاستیدا ئەم دیدارە بۆ کوردانیش مێژوویی بوو. چونکە ئەم کۆبوونەوەیە بوو بە کۆبوونەوەیەک کە هەموو دەمامکەکان لە سەر دەموچاوەکان کەوتوونەتە خوارەوە. دیارە بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن.

دوای کۆبوونەوەکە، ئەحمەد تورک لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا بۆ ئیسماعیل سەیماز لە کەناڵی هالک تیڤی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ 50 ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، هەموویان چاویان لە تورکیایە و خۆیان بە بەشێک لە تورکیا دەزانن”. هەروەها گوتی: “تەنها خەمی ئێمە دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی برایەتی ‘کورد ـ تورک’ـە”.

ئێستا با هەموو کورد دەست بخەنە سەر ویژدانی خۆیان و وەڵام بدەنەوە:

– ئایا تاکە خەمی کورد ئەوەیە کە لەگەڵ تورکدا بژی؟ لە لۆزانەوە تا ئێستا بە هەزاران کەس لە چوار پارچەی کوردستاندا لەپیناوی ئەوەی کە لە وڵاتێکی ئازاددا بژین و خاوەن کولتوور و زمان و خاکی خۆیان بن، شەهید بوون، یان وەکوو ئەوەی کە ئەحمەد تورک دەڵێ لە پێناوی برایەتی لەگەڵ تورکەکاندا خۆیان بە کوشتن داوە؟

– ئایا لە ئێستادا گەلی کورد لە سنە و سەقز و مەهاباد و سلێمانی و کەرکووک و هەروەها کوردەکانی قامیشلۆ و هەولێر، چاویان لە تورکیایە؟ ئایا دوو سال لەوەپێش و لە شۆڕشی ژینادا کە نزیکەی 100 کورد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی ئێران لە شەقامەکاندا شەهید بوون، لە پێناو تورکیادا گیانیان لەدەستدا؟

بە گوتەی ئەحمەد تورک، نەک ئازادی و ژیان لەسەر خاکەکەیان، تاکە کێشە بۆ هەموو کورد برایەتییە لەگەڵ تورکدا. ئەم لێدوانەی ئەحمەد تورک بەڕاستی سوکایەتییە بە کورد، سوکایەتییە بەو لاوانەی کورد کە لەپێناو ئازادیدا خوێنیان لەسەر ئەم خاکدا ڕژاوە. نووسەری ئەم دێڕانە وەکوو کوردێک بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ئەحمەد تورک خاوەن ئیرادەی من نییە، ئەو نوێنەرایەتی من ناکات. من تەنانەت ئەو دامەزراوانەش کە ئەم قسە خیانەتکارانەی ئەحمەد تورک وەک پارادایمێکی نوێ و نەتەوەی دیموکراتیک و هتد… پەردەپۆش دەکەن، بە نوێنەری خۆم نازانم. پێویستە هەموو کوردێکی بەشەرەف بە ئەحمەد تورک بڵێ تۆ ئیرادەی کورد نیت. قسەکانی ئەحمەد تورک لێدوانێکە لە بەرژەوەندیی تورکەکاندا، لێدوانێکە کەوا نوێنەرایەتی ئیرادەی تورک دەکات. ئەحمەد تورک بەڕاستی مافی پاشناوەکەی خۆی داوە و وەکوو تورکێک بیردەکاتەوە، دەژیت و قسە دەکات.

بۆچی پاشناوی ئەحمەد تورک “تورک”ـە؟ ئەوە نیە کە بە زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە دانرابێت. پاشناوی “تورک” لە فەوجەکانی حەمیدییەوە ماوەتەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا دژی کورد پێکهاتبوون. چیرۆکێکی دوورودرێژی هەیە. قەنجۆ حوسێن، سەرۆکی عەشیرەتی قەنجۆ، کە لە نێو فەوجەکانی حەمیدییەدا جێگەی گرتبوو، دەبێت بە تورک و ناوی کچەکەی خۆشی دەنێت تورکیە. دواتر سەرۆکی عەشیرەتەکە تەها بەو مەرجەی کە هاوسەرگیریی لەگەڵ کچەکەیدا بکات، سەرکردایەتی عەشیرەتی قەنجۆ و کۆشکەکەشی بۆ “سینان”ی باوکی ئەحمەد تورک، بەجێهێشت. کاتێک دەوڵەتی نوێی کەمالیستی تورک دامەزرا، باوکی ئەحمەد تورک بە دڵخوازی خۆی و وەکوو پیشاندانی دڵسۆزیی خۆی بۆ دەولەتی تورک، پاشناوی خۆی گۆڕی بۆ “تورک”.

با بڵێین باوکی ئەحمەد لەو سەردەمەدا نەزان بوو کە وەهاش نەبوو ـ چوونکە لەو سەردەمەدا ماردین ناوەندی کوردایەتی بوو – بەڵام ئەحمەد تورک کە بانگەشەی نوێنەرایەتی کورد دەکات، هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە کە پاشناوی  خۆی بگۆڕێت. بۆچی؟ چونکە ئەم کەسانە لە کۆتاییدا بە ڕۆح و بە گیان دڵسۆزی دەوڵەتی تورکن. ئەحمەد تورک سەدا سەد مافی ئەو پاشناوە بەجێ دەهێنێ کە کۆماری تورکیا پێی داوە، بەڵام هەرگیز شایەنی ئەوە نییە کە نوێنەرایەتی کورد بکات.

پێشتریش گوتبوومان، لەو مێزەی لە ئیمرالی دانراوە، تاقە یەک کوردی تێدا نیە کە نوێنەرایەتی کوردان بکات

عەرەبێک و تورکێک لە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان کێشەی کوردیان تاوتوێ کرد. ئۆجەلان دەتوانێت چی بڵێ؟

ئەو مێزەی کە  لە ئیمرالی دانراوە، کوردی نییە. لەو شاندەش کە لەگەڵ باخچەلی کۆبوەتەوە، تاقە یەک کوردیشی تێدا نەبوو. شاندەکە پ لە پەروین بوڵدانی عەرەب، سڕی سووریا تورک و ئەحمەد تورک ێکهاتبوو.

سەیر بکەن بزانن پەکەکە گەیشتۆتە چ دۆخێک، ماوەی 40-50 ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە پەکەکە نەبوو، کوردان دروشمی “ئازادی بۆ کورد”یان بەرز دەکردەوە و داوای دەوڵەتی سەربەخۆیان دەکرد. پەکەکە لەماوەی 40 ساڵدا کوردەکانی گەیاندۆتە ئەو ئاستە کە ئەحمەد تورک بە ڕووهەڵماڵراویەوە دەڵێت “کورد چاوی لە تورکیایە و خیان بە بەشێک لە تورکیا دەزانن”.

ئەحمەد تورک یاریزانێکە لە پشتەوەی ئەو ئۆجەلان و پەکەکە هەن. ئەوان کوردیان بێ ئامانج کرد، بەرەو ئەملا و ئەولایان بردن و ئەوەند لە شەڕدا وەستاندیانن و گەیاندیان بە ئاستێک کە دەڵێن “تەنها با شەڕ و پێکدادانەکان نەمێنن، ئیدی هەرچی دەبێت با ببێت”. واتە گەیاندوویانن بە خاڵێک کە ئیدی “هیچ شتێکیان بۆ خۆیان نەوێت”.

لە 25 ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک هەوڵیداوە کورد بکاتە پاشکۆی ئیمرالی ـ ئاپۆ، چونکە لە کۆتاییدا وەکوو کورد دەڵێ “رێیا کوورکڤان دچە دکانا کوورکانە”. پەکەکە – ئۆجەلان دەیهەوێ کورد بکاتە پاشکۆ و شوێنکەوتەی خۆی و بیانکات بە تورکیەیی. کۆماری تورکیا نەیتوانیبوو تا ئەو ڕادەیە کورد بکات بە تورک. ئەم هەوڵانە بۆ کورد دەدرێن و ئەحمەد تورکیش بەشێکە لەم تەڵە و داوە. هەر بۆیە هەڵوێستی “ئەحمەد تورک نوێنەرایەتی ئێمە ناکات”، بەڵکوو کورد لە دژی ئەو تەڵە و داوە دەوەستێتەوە کە بۆ ڕاوکردنی کوردان دانراوەتەوە. ئەحمەد تورک نە نوێنەری منە و نە نوێنەری کوردانیشە.

پوستێن ھەمان بەش