بەداخەوە حیزب و ڕێکخراوەکانمان لە باکوری کوردستان، لە بەرامبەر هەموو پیلان و پڕۆژەکانی دەوڵەت و پەکەکەدا، بێدەنگن.
بووبێ ئەسەر
ئێمە وەک سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانی گەلی کورد دەزانین و خوێندوومانەتەوە کە لۆزان چۆن دروست بووە. ئێمە زۆر باش دەزانین لەو ڕۆژەوە تا ئێستا گەلی کورد چۆناوچۆن لە هەمبەر هەموو فشار و سەختییەکاندا بەرخۆدانی کردووە و دەیکات و لەناونەچووە.
ئامانجی لۆزانی یەکەم ئەوە بوو کە لە ماوەی سەد ساڵدا کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەناو ببات. ئەوان لە ناو خۆیاندا ئاسمیلە بکەن (بیانتوێننەوە) بۆ ئەوەی کورد بوونی نەمێنێتەوە. چونکە دەزانرا کە ئەگەر هەتا سەد ساڵ کورد لەناو نەچێت، ئیدی نۆرەی پیدانی مافەکانیان دێت.
هەر بۆیە داگیرکەرانی ئێمە هەموو شێوازێکی دڕندانەیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی کورد بەتەواوی لەناوببەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید ئەنجامدرا، ئەنفال و بەکارهێنانی بۆمبی ژەهراوی دژی کورد بەکارهێنرا، بەڵام دیسانیش نەیانتوانی کورد لەناوببەن.
میللەتی کورد بە هەموو هێزی خۆیەوە خۆڕاگری کرد. کۆچ و جینۆساید و وێرانکاری و کوشتار نەیانتوانی کورد لەناو ببەن. هەر بۆیە کورد هەر لەسەر پێی خۆی ڕاوەستا و بەرخۆدانی کرد.
زیندانی ئامەد بە ناوی 5 نۆلی کرایەوە. ڕێبەر و سەرۆک و کادیرانی ڕێکخراوەکان دەستگیرکران و هەندێکیان کوژران و هەندێکیشیان بە برینداری زیندانی کران. ئەوەی لەو زیندانەدا بەسەر زیندانیانی سیاسی کورددا هات، هەرگیز بەسەر هیچ میللەتێکی ئەم دونیایەدا نەهاتووە.
هەر بۆیە کردنەوەی ئەو زیندانە بوو بە هۆکاری بێدەنگکردن و ملکەچکردنی هێندێک لە کادیرانی حیزبە سیاسییەکان و ڕۆحیەی دابەزاندن. هەر بۆیە ئەو عەگیدانەی کە شمشێر سمێڵیانی نەدەبڕی، زۆربەیان دوای دەرچوونیان لە زیندان بێدەنگ بوون یان خۆیان کڕ کرد.
ئەو زمانەی کە لە زینداندا بە زۆر فێری کرابوون و ناچار دەکران پێی بدوێن، دوای ئازادبوونیان لە زیندانیش، ئەو زمانە بوو بە زمانی ماڵی زۆرێک لە قارەمانەکانی ئەو زیندانە.
پرۆژەی هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان کە خەریک بوو کورد لەناو ببات، بە فیشەکی شۆڕشی ئەیلولی 1961 کە بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر دەستی پێکرد، کوردی لە مردن ڕزگار کرد. بەرخۆدان و سەرهەڵدان سەرلەنوێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەستیپێکردەوە.
شۆڕشی ئەیلول کوردی لە مەرگ و ماڵوێرانی ڕزگار کرد. هەروەها باشووری کوردستانی گەیاندە ئازادی خۆی. هەر بۆیە داگیرکەران دوای ئەو ئازادییە ڕەنگ و دەنگ و هەڵوێست و بۆچوونەکانیان گۆڕی و درکیان بەوە کرد کە ناتوانن بە شەڕ کورد لەناو ببەن.
هەر بۆیە ئەو حیزبەی کە بۆخۆیان بە ناوی “پەکەکە”وە دایانمەرزاندبوو، سەرلەنوێ بە شێواز و ڕێبازێکی دیکە خستە جووڵە و چالاکی. گوایە لەسەر دەستی ئەوان شۆڕشێکیان لە باکوری کوردستان بەرپاکرد. بەڵام ئەو شۆڕشە(!) ئامانج و خواستی داگیرکەرانی تورکیای بەدیهێنا. هەوڵیاندا کە لە پارچەکانی تری کوردستانیش هاوشیوەی باکوری کوردستان لەسەر دەستی پەکەکە بەڵام بەناوێکی دیکەوە، کورد لەناو ببەن. تا ڕادەیەک سەرکەوتن و ئێستا ئەو موسیبەتە بۆتە بەڵای سەری کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان. بۆیە ناتوانن یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبهێنن. لەسەر داوایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەگەڵ حکومەتی نوێ دابنیشن تا بتوانن هەندێک لە مافەکانی کورد دەستەبەر بکەن.
ئێستا سەرنجیان لەسەر باکووری کوردستانە. لەوێ لەگەڵ حیزبە لەگەڵەکەی پەکەکە واتە ئاشکرا، دەیانەوێت کارێکی وەک لۆزانی یەکەم بکەن و ئێستا ئەو پڕۆژەیە هێدی هێدی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام بەداخەوە حیزبەکانی کوردستان لەم بارەیەوە بێدەنگن. مەترسییەکانی ئەو کۆبوونەوانەی کە بەڕێوەدەچن بۆ خەڵک ئاشکرا ناکرێن.
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای باکوری کوردستان بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە خەریکە لۆزانی دووەم لەسەر داوای باخچەلی خاوەنی کۆماری تورکیا، جێبەجێ دەکرێت. ئەو باخچەلیەی کە جاران بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردەوە شێت و هار دەبوو، ئەمڕۆکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەو لەگەڵ عەبدوڵڵادا، لۆزانی دووەم پێکدێت.
سەرنج بەو دەنگۆیە بدەن کە “دەم پارتی” حزبێکی کوردانە. بەڵام لەم پڕۆسەیەدا کە باخچەلی دەستی پێکردووە، پارتی دەم بە پێی خواستی ئەو دەجووڵێتەوە. عەرەبێک و تورکێکی کەمالیست لەگەڵ عەبدوڵڵا کۆبوونەوە. پارتی دەم دەیەوێت جگە لە کوردان و حزبەکانیان، سەردانی هەموو حزبەکانی داگیرکەرەکان بکات و بۆچوون و تێڕوانینەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی خواستی ئەوان بە ئاگاییەوە خۆیان ئامادە بکەن، تا بتوانن ئەوان بە قەندیل و بەشی ئەوروپاش بدەنە قبووڵکردن. دیارە لەخۆیدا دوای قبووڵکردنی عەبدوڵڵا، هیچکەسێک نامێنێت کە دژایەتی بکات. (بەداخەوە کورد هێشتا نازانن کە عەبدوڵڵا زیندووە یان مردووە، بەڵام هەموو شتێک بە ناوی ئەوەوە دەکرێت).
بەم شێوەیە لۆزان دووەم پێکدێنن بۆ ئەوەی هەتا سەد ساڵی دیکە ئیدی باکووری کوردستان، کوردی تێدا نەمێنێ. هەر لەو ڕۆژەوە کە پەکەکە دامەزرا، ئەساس و بنەمای ئەمەیان ئامادە کردبوو. ئیدی زۆربەی ئەو نەوە نوێیانەی کە لەگەڵ پەکەکەی گەورە بوون، زمانی کوردی نازانن و خۆیان بە فێربوونی زمانەوە سەرقاڵ ناکەن. کاتێک میللەتێک زمانی خۆی لەبیر دەکات، ئەو نەتەوەیە لەناو دەچێت.
لە بەرامبەر هەموو پلان و پڕۆژەکانی دەوڵەت و پەکەکەدا، بەداخەوە حیزب و ڕێکخراوەکانمان لە باکوری کوردستان بێدەنگن. هەر دەڵێی لە وڵاتێکی تردا دەژین و ئاگاداری ئەو پلان و تاوانانە نین کە دژی میللەتەکەمان دەکرێت.
هەروەک چۆن لە سەردەمی لۆزانی یەکەمدا زۆربەی هۆز و ئاغا و خێڵە کوردەکان بێدەنگ بوون، کە ژانەکەی هێشتا گەلی کورد ئازار دەدات، ئێستاکەش هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی ئێمە، لەگەڵ زۆرینەی ڕۆشنبیران، لە بەرامبەر ئەم پرۆژەیەی لۆزانی دووەمدا بێدەنگن.
هەم بێدەنگن و هەمیش ناتوانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلەکەیان پێکەوە بەرەیەکی نەتەوەیی دابمەزرێنن و بەو ناوەوە، چالاکیی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن. دەست بە چالاکیی ناتوندوتیژ بکەن. بەم شێوەیە دەنگی گەلەکەمان و پڕۆژەی لۆزانی دووەم بگەیەننە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا تا بڵێن ئێمەش لێرەین.
بەدەنگێکی بەرز بڵێن پرسی گەلی کورد لە باکوری کوردستان، هی پەکەکە و لقوپۆپە ئاشکراکانی نییە. بڵێن ئێمەش لێرەین و هەین. بەڵام بەداخەوە بێدەنگن…
دەبێ دەنگ بەرز بکەنەوە و بڵێن: ئێمە دەمانەوێت بەناوی گەلەکەمانەوە دەست بە خەبات و دیپلۆماسی بکەین. تێناگەن کە بەم بێدەنگییە ناتوانن ببنە دەنگی گەلەکەیان. وادیارە کە گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە سەر دەستی پەکەکەوە مافێکی پێ دەدرێت، ئەوانیش بە پێی بەرژەوەندی خۆیان و بەرژەوەندی تورکیا چارەسەری دەکەن.
سیاسەتمەداران و حزبەکانی کوردستان هەموویان بانگەواز و هاوار دەکەن کە یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدی بهێنرێت. بەڵام بەداخەوە ئەوان بۆخۆیان یەکگرتوو نین. بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکەن، سەرەتا دەبێت بۆخۆیان یەکگرتوو بن…
وشیار بەگەلی کورد! بزووتنەوەی حیزبەکانی کوردستان، ئێوە سەد ساڵی تر کۆتاییتان پێدێت. تۆزێک بەخۆتاندا بچنەوە و ڕۆژێک زووتر لە ڕۆژێک یەکیەتیی خۆتان پێکبهێنن تا ئیدی دۆست و دوژمن حیسابتان بۆ بکەن…