جەمیل بایک: ئێمە دژی دەستێوەردانین لەسەر ئێران

جەمیل بایک: ئێمە دژی دەستێوەردانین لەسەر ئێران

لە قسەکانی بایکدا هیچ ئارمانجێکی پەیوەندیدار بە ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد بوونی نیە.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی گشتی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ANFی پەکەکەدا کە لە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە، نیشانەکانی سیاسەتی داهاتووی پەکەکەی دیاریکرد. بایک جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند کە دژی دابەشکردنی عێراق و دەستێوەردانن لە ئێراندا. هەروەها پەدەکەی لە سەرجەم شکستە سەربازییەکانی پەکەکەدا بە بەرپرسیار زانی.

بایک هەروەها بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە دژی دەوڵەتبوونی کوردە و ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری لە ڕۆژئاڤا دەرئەنجامی پارادایمی بێدەوڵەتی ئۆجەلانە. ناوبراو بە وەسف کردنی ئۆجەلان، دەستەواژەی زۆر سەرنجڕاکێشی سەبارەت بە تورکیا بەکارهێنا. هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیای بە هۆکاری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی.

لە ساڵی  2013 بەملاوە پەکەکە بە کۆئۆحردیناتۆریی جەمیل بایک، وەکوو بەشێک لە میحوەری مقاومەی ئێران دەجووڵایەوە. سەرکردەکانی پەکەکە زۆرجار لێدوانی وەک “ئێمە ڕێگریمان لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد کرد” و “ئێمە ڕێگری لە دەستوەردان لەسەر ئێران دەکەین”یان بەکارهێناوە. جەمیل بایک لە 02.04.2019ڕێکەوتی 2ی چلەی 2019دا گوتبووی: “پەکەکە بەربەستە و بەربەستێکی زۆر گەورەشە  لەبەردەم هەر هاوپەیمانەتیەک دژ بە ئێران پێکبێت”.

لەم هەڤپەیڤینەشیدا جەمیل بایک زۆرجار پەیامی بۆ ڕێژیمی ئێران ناردووە و دەڵێ: “ئێمە لە ئێران دەستوەردانمان ناوێ. لەوباوەڕەداین کە کێشەکان بە دینامیکی ناوخۆی و دیموکراتیکبوون چارەسەر بکرێن و وەک تەڤگەرمان بۆ ئەمە تێدەکۆشێن”.

 ئایا جەمیل بایک شکستهێنانی خۆی قبووڵ دەکات؟

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پەکەکە هەرگیز باسی لە تێکشکانی ئەو میحوەرە نەکردووە کە بۆخۆی بەشێک لەو میحوەرە بوو. بەڵام لە لایەکی ترەوە دەیەوێت لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە سەرلەنوێ خۆی بنیات بنێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا نەرم بکاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپاشدا پەرەپێبدات. بەڵام پەکەکە دەزانێت کە ڕێژیمی ئێران و میحوەری شیعە کە لەژێر هێرش و فشارێکی گەورەدایە، پێویستییان بە کورد هەیە. پەکەکە دەزانێت ئەم پێداویستییە لەلایەن پەدەکە و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ شیعەکان دابین ناکرێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ شیعەکاندا تێکنادات.

لە ڕاستیدا ئەو چاوەڕوانیەش لە پەکەکە ناکرێت کە ئەم کارە بکا، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە هەموو سەنگەرەکانی 40 ساڵەی خۆی لە باکوور و باشووری کوردستان لەدەستداوە. تەنها لە سلێمانی و شنگال کە ئێران و شیعەکانی عێراق تێیاندا بڕیاردەرن، بارەگای چیایی و سەربازییان هەیە.

پەکەکە لە سەنتەری شاری سلێمانیدا وەبەرهێنانی گەورەی کردووە. بۆ نمونە ناوەندێکی گەورەی بۆ ڕاگەیاندنەکانی لەسەر ڕووبەرێکی فراوان دروست کردووە. هەروەها لە سەنتەری شاردا چەندین خانوویان کڕیوە و نەخۆشخانەیەکیان کردۆتەوە و تونێلێکی زۆریان لە دەوروبەری شارەکەدا دروست کردووە. مەحاڵە پەکەکە لە یەک ڕۆژدا دەستبەرداری ئەو هەموو وەبەرهێنانە بێت. پەکەکە بۆ ئەوەی خۆی بخاتە بەرەیەکی دیکەوە، دەبێ بژاردەیەکی هەبێت کە لە هەموو وەبەرهێنانەکانی ئێستای باشتر بێت.

بەڵام شتێک لە هەموو ئەمانە گرنگتر هەیە، ئەویش دۆخی پەکەکەی جەمیل بایکە. ئێمە پێشتریش گوتبوومان کە بایک پەکەکەیەکی دامەزراندووە کەوا لەو پەکەکەیدا ئۆجەلان لە پێگەیەکی مەعنەویدایە و بایک بۆخۆی ڕێبەرە پراکتیکیەکەیەتی. لەگەڵ کشانەوەی پەکەکە لە بەرەی ئێران، ئەو پێگەیەی بایکیش دەگۆڕێت. بۆیە جەمیل بایک بۆ پاراستنی پێگەی خۆی زیاتر وابەستەی بەرەی ئێران دەمێنێتەوە. بۆیە بایک لە هەموو وتارەکانیدا دوو پەیامی ئاراستەی دوو زلهێزی ئێستای میحوەری شیعە، واتە ئێران و عێراق کرد.

بایک بە وتنی “کورد یەکبخەن” ئاماژەی بە پژاک کرد و ئەو پەیامەی گەیاند کە دەتوانن پژاک بکەنە قەڵخانی ئێران

لەلایەکی دیکەشەوە باسی لەوە کرد کە ئەو دژی گۆڕینی سنوورەکانە، بەڵام گوتیشی: “مەترسی ئەوە هەیە کە عێراق دابەش ببێت”. هەروەها بە گوتنی “سەرۆکوەزیر سوودانی گوێ بە شیعەکان نادات”، بانگەوازێکی ئاراستەی شیعە توندئاژۆکان کرد. لە ڕاستیدا بایک لەو ڕستەیەدا دەستی دۆستایەتی بۆ شیعە توندڕەوەکان درێژ کرد و پەدەکەی بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا و ئیمپریالیستەکان تۆمەتبار کرد. لە ڕاستیدا بایک ئەم پەیامەی بۆ ئێران و عێراق هەنارد: “ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانهەوێت ئێوە دابەش بکەن، هەر بۆیە ئێوە پێویستیتان بە کورد هەیە، پەدەکە لەگەڵ ئەو هێزانەدا دەجووڵێتەوە، بەڵام ئێمە دژی هەڵوێستی ئەو وڵاتانەین”.

بەڵام بایک بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشەکەی ئۆجەلان ڕزگار بکات، گوتی “پارادایمی سەرۆک ئاپۆ دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات” و بەم شێوەیە نیشانی دا کە ئەویش بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیادا، کراوەیە. تەنانەت پێشنیاری کرد کە تورکیا کارتی کوردان بەکاربهێنێت و وتی: “تورکیا لە هاوکێشە سیاسییەکان دوور خراوەتەوە”.

بەڵام سەیر کەن، ئێمە باسمان لە جەوهەری بابەتەکە کرد و لە هیچکامیاندا هیچ ئارمانجێکی پەیوەندیدار بە ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد بوونی نیە، بەڵکوو تەنها و تەنها ئارمانج لە دەبینرێت، بەهێزکردنی پەکەکە و بەجێگەیاندنی ئەرکە پێئەسپێردراوەکانیەتی. هەر بۆیە دەڵێین پەکەکە بەربەستە لەبەردەم ئازادیی نەتەوەی کورددا. پەکەکە لە مێژووی 40 ساڵەی خۆیدا هەتا ئێستا هەر بە پشتیوانی هێزە داگیرکەرەکان ژیاوە. پەکەکە لە مێژووی خۆیدا لە پایتەختەکانی داگیرکەران ژیاوە و هەنووکەش هەر چاوی لە دیمەشق، ئەنقەرە، تاران و بەغدایە. ئێستاش کە مرۆڤ لە قسەکانیان ورد دەبێتەوە، ئامانجیان ڕزگارکردنی ئامەد و مەهاباد نییە، بەڵکوو ئامانجیان خۆخستنە خزمەتی  ئەنقەرە و تارانە. هەربۆیە دژی دەستێوەردانن لە ناوچەکەدا. جەمیل بایک میسیۆنی 40 ساڵەی پەکەکەی جاریکی دیکە دووپاتکردەوە.

پوستێن ھەمان بەش