تەمەنی حیزبە مۆدێرنەکانی کوردستان نزیکەی 100 ساڵ دەبێت. لەو حیزبانەی کە هەبوون، هیچ حیزبێک ئەو ئەندامانەیان نەکوشتوون کە وازیان لە ڕێکخراوەکە هێناوە. کەسێک کاتێک دەچێتە ناو حزبێکی دیکەوە کە بیروباوەڕی لەگەڵ ئەو حزبەدا نەگونجێت.
هیچ ڕێکخراوێک ئەندامانی حیزبەکەی خۆی بە “خائین” پێناسە نەکردووە. بەڵام پەکەکە وەک زۆرێک لە نەخۆشییە فیکری و سیاسییەکان، بابەتی خیانەتیشی چەواشە کردەوە.
لە ڕێکەوتی 7ی نۆڤەمبەردا لە ناوچەی فەییدیەی سەر بە دهۆک، ژنێکی تەمەن 30 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 35 ساڵان کوژران. هەردووکیان لە پەکەکە جودا ببوونەوە وبۆخۆیان ژیانێکی نوێیان پێکەوەنابوو. هەژار بوون، جوان ڕزگار کرێکاری بیناسازی بوو. لەیلا محەممەدی تازە ببووە خاوەن منداڵێک و کۆرپەکەکی تەمەنی تەنها 50 ڕۆژ بوو. ئەوان سیخوڕی هیچ هێز و لایەنێک نەبوون، هیچ شتێکی خراپیان لەسەر پەکەکە نەگوتبوو. تەنها گوناحی ئەوان ئەوە بوو کە لە پەکەکە جودا ببوونەوە. ئەوان خائین نەبوون، بەڵام ئەوانەی کە ئەو دوو گەنجەی کوشت و بڕیاری کوشتنی ئەوانی دابوو، خائینن، زاڵمن و وەکوو نەخۆشیی شێرپەنجە بەربوونەتە ناو کوردان.
بە گوێرەی پەکەکە؛ منداڵێک کە لە ماڵی خۆیدا گەورە دەبێت، دایک و بابی بە هەزاران ڕەنج و زەحمەت گەورەی دەکەن و لەکاتێکدا کە هێشتا لە تەمەنی منداڵیدایە تێکەڵ بە پەکەکە دەبێت و پەکەکە ڕێگا نادات بنەماڵەکی بیبینن، ئەوە خیانەت نیە.
بە گوێرەی پەکەکە؛ کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگیرێت و لە خولەکی یەکەمدا دەڵێت ‘من دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورک بکەم’، ئەمەش خیانەت نییە.
“بەڵام لاوێک کە نازانێت پەکەکە چییە، لە تەمەنی 15-16ساڵیدا پەیوەندی بە پەکەکەەوە دەکات و کاتێک کە بۆی دەردەکەوێت ناتوانێت لە ڕیزەکانی ئەواندا بەردەوام بێت و واز دەهێنێت، بەوان دەڵێت “ئەوە خیانەتە”.
کەسێک کە 10 یان 20 ساڵ لە ناو پەکەکەدا دەمێنێتەوە، شەڕ دەکات، بریندار دەبێت، برسیەتی و تینوویەتی دەکێشێت، کەس کەس بە قارەمان ناوی نابات. بەڵام کاتێک دەڵێت “من بڕیومە، ئیتر ناتوانم بیکەم، دەمەوێت دابنیشم”، یەکسەر پێی دەڵێن “تۆ خیانەتکاریت”. یان دوای ماوەیەک دەبینین ڕێکخراوەکە بیروڕای خۆی گۆڕیوە و دەڵێت “چیتر نامەوێت بۆ ئەم فکرە شەڕبکەم و بمرم”، یەکسەر پێی دەڵێن: “تۆ خائینی”.
نەخێر ئەو کەسانە خیانەتیان نەکردووە، بەڵام پەکەکە خیانەتی لەو کەسانە کردووە.
هەرکاتێک پەکەکە زیاتر باسی خیانەتکارانی کرد، بزانن کە لەو کاتەدا پەکەکە خیانەتێکی گەورەی کردووە. بەتایبەت هەرکات کە ئەندامانی پێشووی خۆی دەکوژێت، ئاشکرایە کە پەکەکە لەو کاتەدا پەکەکە دەیهەوێت خیانەتێکی گەورەی خۆی بشارێتەوە.
وەرن با بە چەند نموونەیەک ئەمە بخەینە بەرچاو:
نموونەی یەکەم
جەلال ئایدن یەکەم کادیر بوو کە بەهۆی ئەوەی وازی لە پەکەکە هێنابوو، کوژرا. لە ساڵی 1977دا جەلال بۆی دەرکەوت کە باقی قەرار لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە و گومانی لەسەر ئۆجەلان لەلا دروست بوو. بۆیە وازی لە پەکەکە هێنا. بەو بیانوویەی کە “دەمانهەوێ گفتوگۆ بکەین”، هێنایانە لای خۆیان و کوشتیان. ئۆجەلان وتی: “ئەو کەسە خیانەتی بە دۆزەکە کردبوو”. نا، جەلال ئایدین خائین نەبوو. ئەو پەیی بە ڕاستیی خیانەتەکە بردبوو، بۆیە کوژرا.
نموونەی دووەم
د. سلێمان (سەعید چوروککایا) بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ پەیوەندی بە پەکەکەوە کرد. لە ناو شارەکانی تورکیادا چالاکیی کردبوو، فەرماندەی گەریلا و بەرپرسی ئەیالەتی ئامەد بوو. دوای ئەوەی کە ئۆجەلان وتی، “دەمەوێت خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم” و دواتر ئیدی ئامانج و ستراتیژی پەکەکەشی گۆڕی. دژایەتیکردنی بەدەوڵەتبوونی کورد و نەگۆڕینی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون بە ئامانجی سەرەکیی پەکەکە، دوکتور سلێمان لە کۆنگرەی 7دا گوتی: “من ئەم بیرۆکەیە قبووڵ ناکەم و نامهەوێ خۆم بۆ ئەم ئامانجە بەکوشتن بدەم” و لە پەکەکە جودا بوویەوە. پەکەکە وتی “دکتۆر سلێمان خائینە”. بەڵام خیانەتکارە ڕاستەقینەکان ئەوانە بوون کە دەیانگوت “دوکتور سلێمان خائینە”، ئەوان بۆخۆیان خیانەتکارن. دوکتور سلێمان لەسەر ئامانجەکەی خۆی بەردەوام بوو. پەکەکە ساڵانێک دەیهەویست سەعید چروککایا (دوکتور سلێمان) بکوژێت. تەنانەت ئەو کاتەی کە هاتە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی لە دژی داعش بجەنگێت، پەکەکە ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئەوەی بیکووژێت.
ئەم دوو نموونەیە بەسن بۆ ئەوەی ببینین کە کوشتنی ئەو کەسانەی واز لە پەکەکە دەهێنن، بەهۆی “خیانەت”ـەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەت و خیانەتکاربوونی خودی پەکەکەوەیە.
پەکەکە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئیرادەی کورداندا بگرێت، توندوتیژی و زۆرداریی بەکارهێناوە. دەیهەوێت بە داری زۆر، خەڵک بترسێنێت تا لەهەمبەر ئەواندا سەر نەوی بکەن. هۆکارێکی تری کوشتنی ئەو کەسانەی کە جیابوونەتەوە ئەوەیە کە پەکەکە دەیهەوێت وابکات کە ئیدی هیچکەسێک نەوێرێ جودا ببێتەوە. لە یەک دێڕدا دەیهەوێت ئەو کەسانە چاوترسێن بکات کە وازیان لە پەکەکە هێناوە.
پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئازاد دەکات و دیموکراسی بنیات دەنێت، بەڵام هەمان پەکەکە ئەو کەسانە دەکوژێت کە ساڵانێک خزمەتیان پێکردووە. حیزبێک کە وەفای بۆ خزمەتکاران و هەڤاڵانی خۆی نەبێت بیانکوژێت، ئەگەر دەسەڵات بەدەست بهێنێ، سیستەمێکی سەرکوتکەر و دیکتاتۆری دادەمەزرێنێت. پەکەکە بە کوشتنی ئەندامەکانی خۆی نیشان دەدات کە “کەسێک چەندە خزمەتیش بکات، بەڵام لە ئەنجامدا پەکەکە دەبێتە قاتڵ و بکوژی هەڤاڵەکانی خۆی”.
شەریف ئالپسۆزمەن کەسێکی ئیفلیج بووە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا “عایشە دیزم”، بەهۆی خۆشەویستییەکەیانەوە لە ئەڵمانیا، لەژێر ئەشکەنجەدا کوژران. ئایەشە لەناو قوڕدا خنکا. شەریفیشیان خستە ژێر سەیارە و چەندین جار بەسەر جەستەیدا ڕۆیشتن تا کوشتیان. عوسمان بالیچ (شۆڕش) لە ناو پەکەکەدا فەرماندەیەکی جەنگ بوو. لە ساڵانی 1980 و 1990دا سەدان جار لە مردن گەڕاوەتەوە. ساڵی 2004 وازی لە پەکەکە هێنا و لەگەڵ منداڵەکەیدا (ڕەوشەن) لەسەر مێزی نانخواردن بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پەکەکەوە کوژران. کانی یەڵماز، محەممەد شەنەر و حیکمەت فیدان ساڵانێکی زۆر لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەردا ئەشکەنجە درابوون، لە ئەندامی پێشەنگی پەکەکە بوون و لە ئۆجەلان زیاتر و باشتر خزمەتیان کردبوو و ئێش و ئازاری زۆریان کێشابوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕەخنەیان لە پەکەکە هەبوو، کوژران. ئەو کەسانە خیانەتکار نەبوون. بەڵام ئەوانەی وەکوو جەمیل بایک و موراد قەرەیلان و بەسی هۆزات کە فەرمانی کوشتنی ئەو کەسانەیان دابوو، بۆخۆیان خیانەتکارن. ئەوانەی کە ئەو کەسانەشیان کوشتووە قارەمان نین، خۆفرۆشن.
بزووتنەوەی پەکەکە هەڤاڵ دەکاتە بکوژی هەڤاڵەکەی و تەنها مەرگ بە هەڤالەکانی ئخۆی ڕەوا دەبینێ.