تا ئێستا پەکەکە گیانلەدەستدانی نزیکەی 3 هەزار و 500 گەریلای ڕانەگەیاندووە…
لە ساڵانی 1970دا پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە و لە ساڵانی 1980 بەملاوە، هەمیشە لە ڕیزی کادیرە پێشەنگەکانی پەکەکەدا بووە. لە ئێستادا چارەنووسی ڕەزا ئاڵتون بووەتە بابەتی گفتوگۆی جەماوەر و ئەندامانی پەکەکە و سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە دەپرسن: ڕەزا ئاڵتون لە کوێیە؟
سەرچاوەکانی پەکەکە لە سلێمانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕەزا ئاڵتون بەهۆی نەخۆشیەوە گیانی لەدەستداوە و لە گۆڕستانی سەیوان لە سلێمانی بەخاک سپێردراوە. پێگەی “دارکا مازی” بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە.
لە مانگی گوڵانی 2019 بەملاوە، ڕەزا ئاڵتون نەبینراوە
ڕەزا ئاڵتون، کە بە تایبەتی لە بوارەکانی دیپلۆماسی و ئابووری پەکەکەدا ناوێکی دیارە، لە 20ی ئازار و لە کاتێکدا لە قەندیلەوە بەرەو شارۆچکەی سەنگەسەر دەچوو، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆمباران کرا. لەو هێرشەدا “میکایل ئۆزدەمیر” ناسراو بە “ناڤدار ئامەد” ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی پەکەکە و بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کەجەکە، “ئەمروڵڵا دورسون” ناسراو بە “سەرهات ڤارتۆ” وتەبێژی کەجەکە، و “عەلی ئاکتاش” ناسراو بە “سینانێ سۆر” کارگێڕی هەرێمی قەندیل گیانیان لەدەستدا. دەوڵەتی تورک ئیدیعای ئەوەی کرد کە لەو هێرشەدا ڕەزا ئاڵتونیش گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە ڕەزا ئاڵتون لەو ئۆتۆمبێلەدا بووە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەوە بە سەختی بریندار بووە. ڕەزا ئاڵتون لە 11ی ئایاری 2019دا بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کرد و گوتی کە ئەو لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە. لەو بەرنامەیەی کە بەشداریی تێدا کرد، بەڕوونی دەرکەوت کە دۆخی تەندروستیی باش نییە، دوای ئەو ڕۆژە، ڕەزا ئاڵتون هەرگیز بەشداریی لە هیچ بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا نەکردووە و هیچ بابەتێکی نووسراوی نەداوە”.
سەرچاوەکانی پەکەکە لە سلێمانی باس لەوە دەکەن کە دوای برینداربوونی ڕەزا ئاڵتون سەرەتا لە سلێمانی، پاشان لە دیمەشق و تاران چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری تەندروستیی زیاتر تێکچووە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، ڕەزا ئاڵتون بەهۆی کێشەی تەندروستیەوە چووەتە فەرەنسا و پزیشکەکان جگە لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی هیچی تریان نەکردووە. دواتر ڕەزا ئاڵتون لە فەرەنساوە گەراوەتەوە بۆ سلێمانی و بە نهێنی لە نەخۆشخانەیەک ڕاگیراوە پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا هەبووە، ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی 2024دا کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە بارودۆخی ڕەزا ئاڵتون بە خوشکەکەی نورحەیات ئاڵتوون و خوارزاکانی کە ئەندامی پەکەکەن ڕاگەیەندراوە و سەرەخۆشییان لێکردوون. بەڵام پەکەکە پێی گوتوون: “ئەگەر ئێستا ئەم شتە ئاشکرا بکەین، دەوڵەت ئەمە لە دژی ئێمە بەکاردەهێنێت، بۆیە ئێمە هەواڵی مردنەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ناکەین و با بنەماڵەکەشی بە نهێنی بیهێڵینەوە”.
پەردەپۆشکردنی مردنی ڕەزا ئاڵتون، مردنی عەلی حەیدەر قەیتانمان بیردەخاتەوە. عەلی حەیدەر قەیتان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لە ساڵی 2019 دوای کێشەی تەندروستی لەلایەن پەکەکەوە لە دەڤەری گارە لە سێدارە درا و بە بنەماڵەکەی گوترا کە: “ئێمە ئاشکرای ناکەین، بەڵەم ئەگەر ئێوە بتانهەوێ دەتوانن ئاشکرای بکەن، بەڵام ڕووداوەکە لە ڕای گشتی شاردراوەتەوە”.
ڕەزا ئاڵتون کێیە؟
ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی 1956 لە قەیسەری لەدایک بووە و لە بنەماڵەیەکی بەڕەچەڵەک خەڵکی دێرسیمە. خێزانەکەی ڕوویان لە ئەنقەرە کردووە و ڕەزا ئاڵتونیش لە گەڕەکی توزڵوچایر گەورە بووە. پێش ئەوەی بچێتە ناو پەکەکەوە، بەشێک بووە لە باندێک و لەو ماوەیەدا “بڕینی بانکەکان، وەرگرتنی پارە و شتی لەو جۆرە”ی ئەنجامداوە. ساڵانێکی زۆر لەناو پەکەکەدا بە کۆدناوی “شیرکەت” دەناسرا.
لە ساڵی 1978دا دەستبەسەر و زیندانی کرا. ساڵی 1991 لە زیندان ئازاد دەبێت و دەچێتە دیمەشق، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بکات. بەڵام بەهۆی پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ ژناندا، ڕەزا ئاڵتونیش لێی دوورکەوتەوە و بوو بە لایەنگری جەمیل بایک.
لە نێوان ساڵانی 1993 بۆ 2000 لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و کەمپی مەخموور ژیاوە. لەو ناوچانەدا بە تایبەتی پەیوەندییەکانی پەکەکەی لەگەڵ سەدام حوسێن و دەوڵەتی ئێران ڕێکخستووە و هەروەها بەرپرسی قاچاخی چەک و مادەی هۆشبەر بووە.
ساڵی 2000 چووەتە ئەوروپا و دواتر لەلایەن ئۆجەلانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ناوبراو ڕەتیدەکاتەوە بچێتە شاخ و لەلایەن ڕێکخراوەکەوە پێیان وتووە: “ئەگەر نەچێتە شاخ ئەوا بە خیانەتکار دەناسێنرێت”. ئەوەی جێگای سەرنجە، هەر لەم ساتەدا بوو کە دەوڵەتی فەرەنسا دەستگیری کرد و نەیهێشت بچێتە شاخ. لە ساڵی 2007دا چووەتە قەندیل و بە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەندا تێپەڕ بووە. لەگەڵ موراد قەرەیلان شەڕێکی گەورەی کرد. لە ژێر سەرکردایەتی جەمیل بایک، لە ساڵی 2013دا ڕەزا جارێکی دیکە وەک هاوسەرۆکی کەجەکە گەڕایەوە سەر ئەرکە باڵاکانی سەرکردایەتی. ڕەزا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و دەوڵەتی ئێران و عێراق بە تایبەت لە سلێمانی بەڕێوە دەبرد.
ڕەزا ئاڵتون لەناو پەکەکەدا بە پیلانگێڕ و بێ پرەنسیپ و پراگماتیک ناسراوە. یەکێکە لە نزیکترین هاوکارەکانی جەمیل بایک و دەوترێت لە ڕووی کردارییەوە لە قەرەسو و دوران کاڵکان بەهێزترە.
تا ئێستا پەکەکە گیانلەدەستدانی نزیکەی 3 هەزار و 500 گەریلای ڕانەگەیاندووە…
بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا کە تێیدا داوای هیچ مافێکی بۆ کورد نەکردبوو، کاردانەوەی گەورەی کوردەکانی لێکەوتەوە. زۆر کەس دەپرسن “ئایا ئەو منداڵانەی ئێمە کە لە شەڕدا گیانیان بەخت کردووە، خوێنیان بە فیڕۆ دەچێت؟” مەزەندە دەکرێت تا ئێستا نزیکەی 40 هەزار کەس لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەستدابێت.
دەوترێت پەکەکە لە ڕابردوودا و بەتایبەتی لە ساڵی 2011 بەملاوە، ناوی 3 هەزار و 500 کەسی شاردۆتەوە کە گیانیان لەدەستداوە. لە شەڕەکانی شەمزینان، شەڕی خەندەقەکان، شکستەکانی لە ڕۆژئاڤا و جگە لەوانەش، لەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورک لە ژێر ناوی “پەنجە ـ کلیل”دا بەڕێوەیان دەبات، ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کورد گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە. جگە لە شەڕڤان و گەریلاکان، زۆرێک لە فەرماندە پلە مامناوەند و پلە باڵاکانی وەک “سۆفی نورەدین و سەبری باشکالە و ئەمینە تورک”یش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی ڕانەگەیاندووە.